یەكەكانی 70 و 80 مانگی سێ دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە
04:15 - 30/01/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: مانگی سێی داهاتوو، یەكەكانی حەفتا و هەشتای پێشمەرگە یەكدەخرێن و دەبن بە فەرماندەیی دەڤەر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، پڕۆسەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بە خێرایی بەڕێوەدەچێت، تا مانگی سێی ئەمساڵ ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و تاکوو ئێستاش شەش فرقە ڕێکخراونەتەوە.
ناوبراو ڕەتی دەكاتەوە كە پلان هەبێت هەردوو فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دەڵێ هەر لە وەزارەتی ناوخۆ دەمێننەوە و تاکو ئێستا ھیچ بڕیارێک نییە کە بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە کاری ئەوان جیاوازە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆن.
بریکارەکەی وەزیری پێشمەرگە وتیشی: بە گوێرەی نەخشەی ھاوپەیمانان تا ساڵی ٢٠٢٦ پێویستە ھێزی پێشمەرگە یەک بخرێنەوە، پێشبینی دەکەین لەو وادەیە زووتر پڕۆسەکە تەواو بێت.
هاوکات، ئەوەشی ئاشکراکرد، کە ھاوکاری ھاوپەیمانان بەردەوامە و تا ئێستە ھیچ بڕیارێکمان دەربارەی ڕاگرتنی ھاوکاریی ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەدەست نەگەیشتووە.