کۆمسیۆن رێکارەکانى بەستنى "کۆنگرەیەکى بەناوى گۆڕانەوە هەڵوەشاندەوە"
07:43 - 30/01/2025
زەمەن - هەرێمی کوردستان
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رێکارەکانى "بەستنى کۆنگرەیەکی بەناوی بزوتنەوەى گۆڕانەوە هەڵوەشاندەوە"، ئەوەش لەسەر بنەماى تانەیەکى جڤاتى نیشتیمانی هەڵبژێردراوى بزوتنەوەکە.
بڕیارەکە رۆژى چوارشەممە لەلایەن فەرمانگەى پارتە سیاسییەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە دراوە، لەسەر بنەماى تانەى جڤاتى نیشتیمانی هەڵبژێردراوى گۆڕان لەسەر رێکارەکانى بەستنى کۆنگرەى بزوتنەوەکە، لەلایەن ئەو بەشەی بزوتنەوە گۆڕان کە چەند مانگێکە جیابونەتەوەو لە گەڕەکى کوردسات لە سلێمانى بارەگایەکیان داناوە، ئەوەش بەپێی نوسراوێکى فەرمانگەکە کە دەست سبەى کەوتووە.
ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان بە "سبەی" راگەیاند: کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بریاریداوە بە راگرتنى رێکارەکانى ئەنجامدانى کۆنگرەکەی بارەگەکەی گەڕەکی کوردسات".
جەختیشیکردەوە، بەپێی ئەو بڕیارە کۆنگرەکە کە بڕیار بوو لە 2ی 2ی 2025 ئەنجام بدرێ هەڵوەشاوەتەوە.
وتیشى "ئەم بڕیارە لە ئەنجامی تانەی رێپێدراوی شەرعی دەستەی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسیەکانەوە لە 29ی 1ی 2025 دراوە".