2049 کوردستان

بەپەلە.. کێشەی نوێ دروست بوو

04:54 - 19/04/2025

زەمەن:-

 

 کێشەیەکى دیکە لە نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوت سەریهەڵداوە، هەرێمى کوردستان داواى بەشێک لەنەوتەکەى دەکات، بۆئەوەى مانگانە بیدات بە گۆمپانیاى دانە غاز، لەبەرامبەر دابینکردن و بەرهەمهێنانى گاز.

 ئەمڕۆ شەممە، ١٩ی نیسانی ٢٠٢٥، ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامى لیژنەى نەوت و گاز لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، رایگەیاند: بەگوێرەى یاساى بودجەى فیدراڵى، پێویستە هەرێمى کوردستان رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکات، بەڵام هەرێمى کوردستان رایگەیاندووە، لە ئێستادا دەتوانێت تەنیا ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت و ناتوانێت هەموو ئەو بڕەش بداتە بەغداد.

ئاماژەی بەوەشداوە، کاتێک هەرێمى کوردستان و بەغداد لەسەر ٤٦ هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆ رێککەوتوون، هەرێمى کوردستان داواى ٦٩ هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەى کردووە بۆئەوەى بیدات بە کۆمپانیاى دانە غاز، ئەمەش لەبەرامبەر بەرهەمھینانى گاز و دابینکردنى بۆ پێداویستییەکانى حکومەت، بەڵام وەزارەتى نەوتى عێراق بەڕوونى گوتوویانە، ئەم بابەتە لە دەسەڵاتى ئەواندا نییە و پەیوەستە بە یاساى بودجە.

ئاسۆ فەرەیدون وتیشى، جگە لەم کێشە نوێیە، کێشەکەى پێشتریش وەکو خۆی ماوەتەوە، ئەویش شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتە، لە رابردوو، هەروەها گرەنتی دابینکردنى خەرجییەکانیان لەداهاتوودا، کە وەزارەتى نەوت گوتوویەتى ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتى ئەواندا نییە و پەیوەستە بە حکومەتى فیدراڵ.

ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە دوو ساڵە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بەبڕیارى دادگاى ناوبژیوانیی پاریس راگیراوە و لە 16ـى ئەم مانگە لە دیدارى سلێمانى، مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، راگرتنى هەناردەى نەوت زیانى 23 ملیار دۆلارى بە هەرێمى کوردستان گەیاندووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن