بافڵ تاڵەبانى نیگەرانە لە سەردانى بەرهەم ساڵج بۆ سەرى رەش و کۆبوونەوەى لەگەڵ سێ بارزانییەکە
08:14 - 23/04/2025
زەمەن - کوردستانى
ماوەى دوو رۆژە، د. بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى پێشووى عێراق لە هەولێرەوە چالاکیی و جوڵە سیاسییەکانى دەستپێکردووەتەوە و لەگەڵ هەرسێ بارزانییەکە کۆبووەتەوە، ئەوەش بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى نیشتمانى کوردستانى نیگەران کردووە.
دوێنێ بەرهەم ساڵح چووە پیرمام و بەجیا لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە، ئەمڕۆش هەر لەگەڵ ئەوان بەشدارى لە رۆژى نزاى نیشتمانیى کرد کە لە هەولێر بە بەشدارى دەیان بەرپرس و کەسایەتى ئاینی و نوێنەرى وڵاتان بەڕێوەچوو، دواتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.
ئەم سەردان و دەرکەوتنانەى بەرهەم ساڵح لە هەولێر، بافڵ تاڵەبانى نیگەران کردووە، ئەمڕۆ لە دووەمین دیدارى یەکێتى کە لە هۆڵى پێشمەرگە لە سلێمانى بەڕێوەچوو، بافڵ تاڵەبانى گوتى، هەڤاڵى یەکێتى هەیە لەم رۆژانەدا چووەتە سەرى رەش و لەگەڵ مەسعود بارزانى و مەسرور بارزانى کۆبووەتەوە، لەهەمانکاتدا سەرۆککۆمارى عێراق لێرە وەستا و مەدحى مام جەلالى کرد.


