بیرەوەرییە بریندارەکان و کاتی نابەجێ بۆ پەخشکردنیان:
4/17/2025 1:14:00 PM
د. مەجید ساڵح
ڕەخنەیەک لەو بەرنامانەی بەناوی شاهیدحاڵەوە لە میدیای کوردی پەخش دەکرێن
لە میدیای کوردیدا، بوونی بەرنامەیەک کە بیرەوەری و شایەتی شایەتحاڵەکان سەبارەت بە ڕووداوە چارەنووسسازە مێژووییەکانی گەلی کورد پەخش دەکرێن بووەتە باو. ئەم بەرنامانە زۆر گرنگن بۆ دیۆکۆمینت کردنی یادەوەریی بەکۆمەڵ وروخاندنی دیواری بێدەنگی پەردەلادان لەسەر زۆر رووداوە کە زانینی بۆ رای گشتی پێویستن. بەڵام، ئەم بەرنامانە خالی نین لە کێشە، بەتایبەتی ئە دەمەی لە کاتێکی نەگونجاو و لە دۆخێکی کۆمەڵایەتی و دەروونی نالەباری گشتیدا پەخش دەکرێن.
لە یەکێک لەم بەرنامانەدا، ژنێکی تێکۆشەر لە بنەماڵەیەکی خەباتکار لەگێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی بەشێوەیەکی تایبەت لەسەر رووداوە تاڵەکانی سەردەمی شەڕەناوخۆییەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو وەستا، ئەو ڕۆژانەی گیانی ئایدیۆلۆژی زاڵ و ملمڵانێی خوێناوی نێوان حیزبە کوردییەکان کۆمەڵگای کوردی لەتوپەت کردبوو. کێشەکە لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا نەبوو، چونکە رووداوی زۆر کارەساتبارتر لەوانەی ئەوی گێڕانیەوە روویدابوو، بەڵکو کێشەکە لە کاتی پەخشکردنەکەدا بوو: ئەم شایەتییە تاڵ و جەرگبڕە، لە سەروبەندی ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆزدا پەخش کرا، واتە رێک لەو کاتەدا کە کۆمەڵگای کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ یەکەمجار بەهەموو پێکهاتە و ناوچەکانییەوە، بە یەکگرتوویی جەژنیان دەگێڕا هەستێکی یەکگرتوویی و پڕ لە هیوای دەبەخشییە هەموو کوردێک.
بەداخەوە لەو کاتەدا کە پێویستیمان بە بنیاتنانی گێڕانەوەیەک بوو کە گیانی یەکگرتوویی لە ناوماندا بەهێز بکات، ڕۆحی ئاشتەوایی و پێکەوەبوون بەهێز بکات، میدیای کوردی لەو بۆنەیەدا بە پەخش کردنی ئەو شایەتییە برینی شەڕی ناوخۆیی کولاندەوە و فووی لە پشکۆی کزی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی کرد، هەیە نەک جیاکەرەوە.
پەخشکردنی ئەو شایەتییانە بەبێ سیاقێکی ڕەخنەیی یان چوارچێوەیەکی زەمەنیی گونجاو، دەبنە ئامڕازێک دوژمنانی دۆزی کوردی بە ئاسانی دەتوانن وەبەرهێنانی تێدا بکەن. بەدڵنیاییەوە ئەوان ئەوە جۆرە رووداوانە کە لە زمانی خودی کوردەوە و لە میدیای کوردییەوە پەخش دەکرێن دەکەنە بیانوویەک بۆ زیاتر "دابەشبوونی کورد" و "شکستی کورد لە بنیاتنانی پڕۆژەیەکی یەکگرتوو"، وەک کەرەستەی بانگەشە بەکاری دەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی گومان لە نێوان کورد خۆیدا، بۆ لاوازکردنی متمانە بە مێژوو و خەبات و کەمکردنەوەی ڕەوایەتی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانیان سودی لێ دەبینن.
لە سایەی ئەم ڕاستییەدا، میدیا وەک چۆن بەرپرسیارە بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، بەهەمان شێوەش بەرپرسیارە لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی بەشێوەیەکی هۆشیاریانە و ئەخلاقیانە کە ببێتە بەهێزکردنی یەکێتی کۆمەڵگا و دورکەوتنەوە لە چاندنی توی دووبەرەکی و ناکۆکی. من دژی سڕینەوە یان نکۆڵیکردنم لە کارەساتە نەتەوەییەکان، بەڵام جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان گێڕانەوەی یادەوەری بۆ وەرگرتنی پەند، و گێڕانەوە بە شێوەیەک کە بێ مەبەست بچێتە خزمەتکردنی گوتاری دوژمنان.
ئەو بیرەوەریانەی برینەکانیان خوێنی لە دەچۆڕێ، پێویستە بە وریاییەوە باس بکرێین، دەبێ لە کاتێکی گوناجاودا پەخش بکرێن تێدا ڕەچاوی هەستی گشتی بکرێت نەبنە هۆی پارچەپارچەبوونی زیاتر. چونکە جەنگی ڕاستەقینە ئەمڕۆ تەنها لەسەر زەوی نییە، بەڵکو لە مێشک و ویژدان و هۆشیاریی بەکۆمەڵدایە.