11وتار

ماڵی شیعی لە بەردەم هەڵبژاردن و بارگۆڕانە هەرێمایەتییەكاندا

4/23/2025 1:30:00 PM
د.یاسین تەها

دەسپێك

بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری 2025، هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق بەڕێوە بچێت؛ ئەم وێستگە گرنگەیش كە هۆكارێكە بۆ داڕشتنەوەی هاوكێشەی سیاسی، لە كاتێكدایە كە تارماییی دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران و هەڕەشەكانی ئیسرائیل لە لایەك، مشتومڕی چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ سووریای نوێش لە لاكەی دی؛ باڵی بەسەر عێراقدا كێشاوە. ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات لە گۆشەنیگای ماڵی شیعەوە لەبارەی هەڵبژاردن و بارگۆڕانە هەرێمایەتییەكان هەندێك پێدراو و گریمانە بخاتە ڕوو؛ ئەوەیش لێكەوتەی لەسەر هەردوو گۆڕەپانەكەی دیكە هەیە: كورد و پارێزگا سوننەكان.

یەكەم: بارودۆخە نێوخۆیییەكانی شیعەی عێراق

هەموو هەڵبژاردنەكان لە عێراقدا تا ڕاددەیەكی زۆر هەستیار و جومگەیین؛ بەو پێیەی هۆكارێكن بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی لەنێو جەنجاڵی و فرەییی جەمسەرەكانی هێزدا. بەڵام دەشێت هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی 11/11/2025، كە بە سیسته‌می ڕێژەییی تاكەكەسی بەڕێوە دەچێت و، لە پرۆسەكەدا 28 ملیۆن دەنگدەر لە كۆی 46 ملیۆن دانیشتووان، 329 پەرلەمانتار هەڵدەبژێرن، هەندێك لە هەڵبژاردنەكانی دیكەی پێش خۆی جیاوازتر و تایبەتمەندتر بێت، چونكە لەگەڵ كۆمەڵێك دۆخدا یەكانگیرە؛ گرنگترینیشیان ئەمانەن:

1 _ بایكۆتی سەدر:

تا ئێستا بڕیاری كۆتاییی سەدر و ڕەوتەكەی، بایكۆتكردنی هەڵبژاردنە؛ پاساوەكەیش بەشدارینەكردنە لەگەڵ “خەڵكانی گەندەڵ “[1]. نەك هەر ئەوە بەڵكوو سەدرییەكان بەنیازن كاری جددی بۆ زیاتركردنی ڕێژەی بایكۆت بكەن؛ ئەمەیش لە ڕێگەی وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتری و پاشان بایكۆتكردنی پرۆسەكە بۆ ئەوەی بەشدارینەكردنەكە هەژمار بكرێت[2].

ئەم دوو هەنگاوەی سەدریش، لە لایەك دەبێتە لاسەنگبوونی تەرازووی هێز لەنێو شیعە و لاوازبوونی شەرعییەتی نوێنەرەكانیان، لە لایەكی دی، مەترسی لەسەر ڕێژەی بەشداریكردن دروست دەكات، بەتایبەت ڕێژەكە خۆی هەر لە بنەڕەتدا سست و لاوازە؛ بۆ نموونە لە كۆتا هەڵبژاردنی گشتیی پێشوودا (2021)، بەفەرمی ڕێژەی بەشداریكردن 41% بووە بۆ ئەوانەی تۆماری خۆیان نوێ كردووەتەوە؛ ئەمەیش دەكاتە بایكۆتكردنی 59%[3]ی دەنگدەران. ئەگەر ڕێژەی ئەو هاووڵاتیانەیش ئەژمار بكرێت كە مافی دەنگدانیان هەیە، ئەوە بەپێی خەمڵاندنەكان ڕێژەی بەشداریكردنی گشتی كەمترە لە 30%؛ ئەمەیش دەكاتە 70% بایكۆت و بەشدارینەكردن[4]. بەهۆی ئەوەیشی سەدرییەكان گرووپێك دەنگدەری گەورە و عەقیدەیی و چالاكن، مەترسیی ئەوە هەیە بەهۆی بایكۆتكردنی ئەوانەوە ڕێژەی بەشداریكردن زۆر زیاتر لە جاران دابەزێت؛ ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت نوێنەرایەتیی داهاتوو گوزارشتێكی ڕاستەقینە نابێت لە شەقامی شیعی، هاوشێوەی ئەم خولەی ئێستا كە پاش هەڵبژاردن كشانەوە[5]. هەروەها ئەگەر بەشداریكردنی جەماوەری لە هەڵبژاردندا کەم بێت و ڕێژەی بایکۆت بەرز بێتەوە، ئەوە ئەگەری هەیە لیستە براوەكان، كە زۆر و پەرتەوازەن، نەتوانن هاوپەیمانییەکی یەکگرتوو پێک بهێنن. ئەمەیش لە هەندێك سیناریۆی گریمانكراودا، عێراق دەگێڕێتەوە بۆ ئەو چەقبەستنە سیاسییەی کە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک دوای هەڵبژاردنەکانی 2021 ڕێگریی لە پێکهێنانی حکوومەت کرد.

لە سایەی ئەم سیناریۆ گریمانكراوەیشدا دامەزراوەکانی دەوڵەت لاواز دەبن و ئەگەری دەستوەردانی دەرەکی زیاتر دەبێت؛ هەروەها ئەگەری پشێویی ئەمنی یان ناڕەزایەتیی جەماوەرییش زیاتر دەبێت، بەتایبەت لەلایەن ئەوانەی لە پرۆسەكە بەشدار نەبوون[6]. سەبارەت بە بایكۆتی سەدریش ڕاستە لە بەرژەوەندیی هەندێك لە هێزە شیعەكانە و كورسییەكانیان زیاتر دەبێت و، بەهۆی ئەم بڕیارەیشەوە دەشێت زۆرترین كورسیی شیعەكان بچننەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەدر خۆی وەك بەدیل و جێگرەوەی سیسته‌می سیاسی دەبینێت و كار بۆ ئەوە دەكات لە ڕێگه‌ی دووركەوتنەوەوە پێگە  جەماوەرییەكەی هەڵكشێت، ئەوە مایەی نیگەرانییە بۆ ڕكابەرە شیعەكانی كە بەهۆی بەشدارییان لە دەسەڵاتدا متمانەی جەماوەرییان لاوازترە؛ ئەمە جگە لەوەی سەدر لە كاتێكدا هێزە شیعەكان بەتەنیا جێ دەهێڵێت، كە ئەوان دەربارەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمریكا و سووریای نوێ، دەبێت بچنە ژێرباری بەرپرسیارێتیی هەندێك بڕیار كە دەشێت بەئازار بێت بۆ جەماوەری شیعە و بەدڵیان نەبێت، یان دواتر سەدر بیقۆزێتەوە بۆ سەركۆنەكردن و ڕەخنەلێگرتنیان.

2_ لیستەكەی سوودانی و خۆپاڵاوتنی:

  سەرۆكوەزیرانی ئێستا “محەمەد شیاع سوودانی” لە “دیداری سلێمانی”یەوە بەفەرمی ئەوەی یەكلایی كردەوە كە لە هەڵبژاردندا بەشداری دەكات و خۆیشی بۆ پۆستەكەی كاندید دەكاتەوە[7]. ئەم پێشهاتە كۆتاییی بە مشتومڕێكی نێوخۆییی شیعیی درێژخایەن هێنا لەبارەی ڕەوایەتیی كەڵكوەرگرتنی ناوبراو لە پۆست و پێگەكەی بۆ هەڵبژاردن، هەروەها هەوڵی ڕێگەلێگرتنی لەلایەن هەندێك هێزی ڕكابەرەوە لەناو برد، لەوانەیش نووری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووتر، كە جەختی لەوە دەكردەوە ئەگەر سوودانی نیازی خۆپاڵاوتنی هەیە، دەبێت دەست لەكار بكێشێتەوە، بۆ ئەوەی وەك پارێزگارەكان پۆستەكەی بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بەكار نەهێنێت[8].

 خۆپاڵاوتنی سوودانی لە كاتێكدا كە بوودجە، دەسەڵات، بڕیار و میدیای لەبەردەستە، دەشێت گۆڕانكاری لە هاوكێشەی نێوخۆییی شیعەدا دروست بكات و، سیناریۆی پارێزگارەكانی بەسرە و كەربەلا و واست لە دوا هەڵبژاردن، دووبارە بكاتەوە. ئەم سێ پارێزگارە بەهۆی پۆستەكانیانەوە لە كۆتاییی 2023 پێشڕەویی زۆریان لە هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا كرد و لیستەكانیان یەكەمی ئاستی بازنەكانی خۆیان بوون.  هەروەها ئەگەرێكی كراوەیش هەیە “سوودانی” جگە لە كۆمەڵێك پەرلەمانتار و وردە هێزی سیاسی و مەدەنی، لەگەڵ پارێزگارە براوەكاندا هاوپەیمانێتی بكات (سێ بەهێزەكە). ئەوەیشی ئەم ئەگەر زیاتر دەكات، دەركەوتنی سوودانی و پارێزگارەكانی نسەیف خەتابی (كەربەلا)، ئەسعەد عیدانی (بەسرە)، جەمیل مەیاحی (واست) بوو پێكەوە لە فۆتۆیەكدا (ئابی 2024)؛ ئەمەیش بە ئامادەكاریی ئەو هاوپەیمانییەی سەرۆكوەزیران لێك درایەوە كە كاری بۆ دەكات و مایەی نیگەرانیی هێزە شیعە ڕكابەرەكانە، چونكە كۆی كورسییەكانی ئەو سێ پارێزگایە، بە نموونە لە ئەنجومەنی نوێنەران، نزیكەی 50 كورسییه‌؛ ئەم پارێزگارانەیش نیوەی دەنگەكانیان بەدەست هێناوە[9]. كورسییەكانیش ژمارەیەكی گەورەن لە كۆی كورسییەكانی پارێزگا شیعەنشینەكان كە دەوروبەری 180 كورسین. چوارچێوەی شیعی لە بەدواداچوونێكدا بۆی دەركەوتووە، سوودانی خۆی بەتەنیا چانسی هەیە 10 كورسی ببات؛ لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەكانیشی دەشێت بگاتە 60 كورسی، كە دەكاتە سێیەك (1/3)ی كورسییەكانی شیعە[10].

جگە لە پارێزگارە بەهێزە براوەكانی شیعە، ئەو هێزانەیشی تا ئێستا لە سوودانییەوە نزیكن، بەپێی ئاماژە و دزەپێكردنەكان بریتین لە: ڕەوتی حیكمەی حەكیم، حەیدەر عەبادی، فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەحمەد ئەلئەسەدی وەزیری كار، ئەمە جگە لە ڕێكخراو و هێزی دیكەی تازە دامەزراو[11]. هەندێك هەواڵ و دزەپێكردنیش هادی عامری و ڕێكخراوی بەدر لە ڕیزی هاوپەیمانەكانی داهاتووی سوودانیدا ئەژمار دەكەن و هەندێك ئاماژە لەو بارەیەوە هەن.

3_ پەرتەوازەبوونی لیستە شیعەكان:

_ لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، چوارچێوەی شیعی دابەش دەبن بەسەر 5_6 لیستی جیاجیای سەربەخۆدا و بە یەك لیست بەشدار نابن. لەم به‌ینه‌یشدا لە دەرەوەی لیستەكەی سوودانی، ئەوانەی سەرقاڵی كاری پێكەوەیین، حەیدەر عەبادی و عەممار حەكیمن؛ قەیس خەزعەلی و حزبەكەی (بزووتنەوەی عەسائیب) بەتەنیا بەشدار دەبن، دەوڵەتی یاسای مالیكی بەتەنیایە، هێزە چەكدارەكانی شیعەیش لەنێو حەشد جەمسەرێكن و نزیك لە هێزە سیاسییەكانی هاوشێوەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و، دەشێت ئەوانیش یەك یان دوو هاوپەیمانی پێك بهێنن[12].

هەرچەندە پەرتەوازەبوونی هێزە شیعەكان لە هەڵبژاردندا، بە ئەگەری زۆر، كاتییە و پاش هەڵبژاردن بەنیازن هاوپەیمانی هاوشێوەی “چوارچێوەی شیعی” پێك بهێنن، بەڵام دابەشبوونەكەیان بۆ هەڵبژاردن لە كاتێكی هەستیاردایە كە شیعەكان ڕووبەڕووی پێشهاتە هەرێمایەتییەكان بوونەتەوە و بارودۆخیان بۆ ململانێ و كێبڕكێی نێوخۆییی هەڵبژاردن، ساز و ئامادە نییە.

4_ بەشداریكردنی گرووپە چەكدارەكان:

_ هێزە چەكدارە شیعەكانی ئەندام لە “بەرەی موقاوەمە” لە شێوەی “كەتیبەكانی حزبوڵڵا”، بانگەشە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن و “جیهادی سیاسەت” دەكەن[13]. ئەمەیش وەك بەرەنجامی تێكشكانە سەربازییەكانی میحوەرە ئێرانییەكە لێك دەدرێتەوە؛ هەروەها ئاماژەیەكیشە لەسەر پاڵپاڵێنی باڵە چەكدارەكانی هاوپەیمان و تەواوكەری ئێران لەسەر بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی 2025.

5_ پاشەكشه‌ی گوتاری سیاسی

_ لە پاش ڕووخانی ئەسەد و سەركەوتنی گرووپە چەكدارە سوننەكان، لە هەموو كات زیاتر لە عێراق دروشمی پێكهێنانی هەرێمی سوننە بەرز دەكرێتەوە؛ خاوەنەكانی ئەم دروشمانەیش چاویان لە دووبارەكردنەوەی ئەزموونی سووریایە. ئەمەیش سەرچاوەی بێزاری و تووڕەیییە بۆ شیعەكان و لە پەرچەكرداری ئەمەیشدا هەندێك لە هێزە شیعەكان باس لە “دەوڵەتی شیعە” و دروشمی “نەوتی شیعە بۆ شیعە”، دەكەن[14]. ئەم گوتارەیش سەرەڕای ئەوەی گەڕانەوەیە بۆ كەشی تائیفی، ئاماژەیەكیشە بۆ لاوازیی دۆخی سیاسیی شیعە، چونكە لە گوتاری یەكپارچەییی عێراق و پاراستنی یەكێتیی خاكەكەیەوە، دابەزیون بۆ گوتاری دابەشكردن و قبووڵكردنی “شیعستان”، كە بەشێكی بچووكترە لە عێراق و ناوچە سوننەكان و، هەرێمی كوردستانی لەسەر نابێت و زیاتریش لە 9 پارێزگای شیعی پێك دێت.

دووەم: بارودۆخە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان:

1_ دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا:

دەستپێكردنی دانوستانی ڕاستەوخۆی ئەمریكا و ئێران، پرسیارێكی گەورەی بە دوای خۆیدا هێناوە، ئەویش چارەنووسی هێزە شیعەكانی تەواوكەری ئێرانە لە عێراق لەو دانوستانانە و، پاش كۆتاییهاتنیشی. بۆچوونێك هەیە پێی وایە عێراق، بەتایبەت هێزە شیعەكان و لەوانەیش حەشدی شەعبی، لە لێكەوتە و كاریگەرییەكانی دانوستانی ئەمریكا و ئێران بەدەر نابن. ئەم بۆچوونە ئەوە دەكاتە بەڵگە، كە لەوەتەی ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ كۆشكی سپی، لە هەموو ئاماژەكاندا لە چوارچێوەی پاكێجی ئێراندا مامەڵەی لەگەڵ عێراقدا كردووە؛ ئەمە جگە لەوەی نوێنەرەكانی ترەمپ بۆ ناوچەكە بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە، چی دیكە زەمینە بۆ هێزە ئێرانییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبار نییە، كه‌ وەك جاران دەرفەتی جموجۆڵ و كاركردنی ئازادیان هەبێت[15].

هەر لەم نێوه‌یشدا دەگوترێت: ئەوەی ئێستا لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا ڕوو دەدات، تەنیا گفتوگۆی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆم نییە، بەڵکوو بەشێکە لە پلانێکی گشتگیر بۆ دووبارە دیزاینکردنەوەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کە لە غەززە دەست پێ دەکات و، درێژ دەبێتەوە بۆ لوبنان، سووریا، عێراق و یەمەن[16]. لەم ئەگەرەیشدا شیعەی عێراق، بەتایبەت چەكدارەكانیان، بەر ئەو داڕشتنەوە گریمانكراوەی ئەمریكا و ئیسرائیل دەكەون. بەرامبەر بەمەیش هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن ئێران لە دانوستانەكاندا باڵە سەربازییەكانی لە ناوچەكە، كردووە بە كارت بۆ سووككردنی بارگرانییەكانی سەر تاران و گەیشتن بە لێكگەیشتنێكی گشتگیر لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و هەڵمژینی گوشارەكانی ترەمپ لەسەری؛ی یەكێك لەو كارتانەش ڕێكخستنەوەی دۆخی حەشدی شەعبیی عێراقی و باڵە سەربازییەكانی دیكەیە[17]. ئەگەر ئەمانەیش ورد و دروست نەبن و زیاتر جه‌نگی دەروونی بن لەگەڵ هێزە شیعەكان، ئەوە ڕاستییەكی دیكە هەیە كە گۆڕانە جیۆسیاسییەكانی ناوچەكە لە باڵادەستبوونی ئیسرائیل، كەوتنی ئەسەد لە دیمەشق، دۆخی دژواری حزبوڵڵای لوبنان و تێكشكانی بەرامبەر ئیسرائیل، هێرشی ئەمریكا بۆ سەر حووسییەكانی یەمەن و لاوازبوونی پشتێنەی ئێران لە ڕۆژهەڵانی ناوەڕاست، شیعەی عێراقی خستووەتە دۆخێكی هەستیار و ئەگەری بەئامانجگرتنه‌وه‌، بەتایبەت كە بەشێك لە گرووپە عێراقییەكان فەرمان لە ئێرانەوە وەردەگرن و هەندێكیان لەلایەن ئەمریكاوە سزایان لەسەرە و لە لیستی تیرۆردان، لەوانەیش: “حزبوڵڵا”، “بزووتنەوەی نوجەبا”، “بزووتنەوەی عەسائیب”. لە كۆتاییی ساڵی پاریشدا (2024) ئیسرائیل بەفەرمی لە نامەیەكدا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم گرووپە شیعانەی تۆمەتبار كردووە بە تێوەگلان لە جه‌نگی دژەئیسرائیل و، حكوومەتی ڕاستڕەوی ئەو وڵاتەیش لە سكاڵانامەكەیدا مافی كاردانەوەی بە خۆی داوە بەرامبەریان[18]. ئەمەیش بە واتای بەردەوامیی مەترسییەكان دێت، بەتایبەت ئەگەر دانوستانەكان شكست بهێنن.

بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ئەمنییەكانی سەر عێراق، بە پلەی یەكەم پرسێكی نێوخۆییی شیعییە؛ بەو پێیەی بەوان و هێز و باڵە چەكدارەكانیانەوە پەیوەستە. بەتایبەت لە ئەگەری شكستهێنانی ئەو دانوستانانەدا، دەشێت لێكەوتەی خراپ لەسەر عێراق هەبێت، چونكە لە هێرشی ئەمریكی و ئیسرائیلیی گریمانكراودا بۆ سەر ئێران، ناتوانرێت گه‌رەنتیی دوورخستنەوە و پاراستنی عێراق بكرێت. هەموو ئەم دڵەخورتێ و ئەگەرانەیش لە كاتێكدایە كە شەقامی شیعی سەرقاڵی كێبركێكانی هەڵبژاردنن و بۆ بیركردنەوە و خۆكۆكردنەوەی دۆخێكی هاوشێوە بەباشی ساز و ئامادە نین. 

2_ تارماییی سووریا لەسەر شیعەی عێراق

جگە لە هەڵبژاردن و چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمریكا، تەوەرەیەكی دیكەی ناكۆكیی نێوماڵی شیعی، چۆنێتیی مامەڵەكردنە لەگەڵ سووریای نوێ. سەرجەم هێزە شیعەكان- جگە لە سەدر- دردۆنگ و نیگەران بوون لە سەركەوتنی “دەستەی تەحریری شام” لە سووریا؛ بەو پێیەی ئەم هێزە، دوژمنی جۆریی هێزە سیاسییە شیعەكانە. جگە لە پاڵپشتییە توركییەكەیشی لقێكە لە “سەلەفییەتی جیهادی” كە دژی بیروباوەڕی شیعەن، كەچی سەرۆكوەزیران كە نوێنەرایەتیی  چوارچێوەی شیعی دەكات، بە نێوانگریی قەتەر و بەنهێنی لە دۆحە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ڕاگوزەری سووریا و “ئەبو محەمەد جۆلانی” دیداری هەبووە[19]. هەروەها سوودانی لە سلێمانییەوە جەختی كردەوە: ئەحمەد شەرع بۆ لووتكەی عەرەبیی بەغدا لە مانگی ئایاردا بانگهێشت كراوە[20]، بەڵام لەنێو شەقامی سیاسیی شیعیدا ئەگەری هاتنی شەرع بۆ عێراق، بووەتە هەوێنی دابەشبوونێكی قووڵی نێوخۆیی و، بووەتە بەشێك لە هەڵمەتە پێشوەختەكانی هەڵبژاردن و هەوڵی قۆڵبادانی یەكتری.

دەوڵەتی یاسای مالیكی، حزبی دەعوە، قەیس خەزعەلی و عەسائیب، لەگەڵ كۆمەڵێك پەرلەمانتاری دیكەی ناسراوی شیعە، كەمپینێك بەڕێوە دەبه‌ن بۆ بەرگرتن لە هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ بەغدا، بە پاساوی ئەوەی ئەو كاتەی لە ڕیزی گرووپە جیهادییە سوننەكاندا بووە لە عێراق (2004_2011)، “لە كوشتنی عێراقییەكان تێوە گڵاوە”، هەروەها “لەلایەن سیسته‌می دادوەریی عێراقییەوە داوا كراوە” و لەسەر ئەمەیش فەرمانی دەستگیركردنی هەیە[21]. كەمپینەكەیش بە واژۆی 50 پەرلەمانتار بۆ ڕێگەگرتن لە هاتنی ناوبراو بەڕێوە دەچێت. بەرامبەر بەوانەیش هێزی دیكەی شیعە هەن، پێیان وایە بانگهێشتكردنی شەرع، لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاكانی عێراقدا تەبایە و دەوڵەتداری ئەوە دەخوازێت[22].

لە دەرەوەی ململانێ نێوخۆیییەكانی ماڵی شیعی و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، دەشێت مشتومڕ لەسەر هاتنی شەرع ڕەهەندێكی هەرێمایەتییشی هەبێت؛ بەو پێیەی ناوبراو لەلایەن توركیا و وڵاتانی كەنداوەوە پشتیوانیی تەواوی هەیە. لە بەرامبەریشدا هیچ جۆرە پەیوەندی و كۆنتاكتێكی لەگەڵ ئێراندا نییە. لەو چەند مانگەیشی شەرع لە كۆشكی سەرۆكایەتیی سووریایە، پەیوەندییەكانی دیمەشق و تاران بەتەواوی بچڕاون، لە كاتێكدا پێشتر ئێران یەكێك لە یاریكەره‌ سەرەكییەكانی سووریا بوو. ئەو هێزە عێراقییە شیعانەی بەرژەوەندییان لە كرانەوەی عەرەبی هەیە و ئەو سوننانەیشی پشتیوانیی توركیایان هەیە، لەگەڵ هاتنی ئەحمەد شەرعدان بۆ بەغدا، یان بە كێشەی نابینن و پێشوازی لە بیرۆكەی هاتنی دەكەن یان بێدەنگن. لە بەرامبەریشدا ئەو هێزانەی كە لە بەرەی ئێرانن یان ڕكابەری سوودانین، گوشار دەكەن بۆ ئەوەی شەرع نەیەتە بەغدا و سوودانی لەمەدا بشكێت. دوورخستنەوەی ناوبراویش لە لووتكەی عەرەبی لە بەغدا بە تۆمەتی تێوەگڵان لە كوشتن و كاری تیرۆریستی، بە سەركەوتن دەبینن. ئەمەیش لە ڕۆژانی ئاییندەدا بەڕووی ئاڵۆزبوونی زیاتردا كراوەیە، بەتایبەت كە هەندێك لە شیعەكان لەگەڵ دۆسیەی تر تێكەڵی دەكەن و باس لەوە دەكەن هەواڵگریی توركیا و سامان و پارەی وڵاتانی كەنداو لە هەڵبژاردنی 2025ی عێراقدا ئامادەیییان دەبێت. ئامانجەكەیش دووبارەكردنەوەی ئەزموونی سووریایە لە عێراق بە كەڵكوەرگرتن لە لاوازیی ڕۆڵ و پێگەی ئێران[23]. بۆ سوودانی قورسە ببێتە لەمپەر لە بەردەم میوانێكی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا، لە كاتێكدا پشتیوانیی توركیا و كەنداوی هەیە. لە ئێستایشدا عێراق پێویستیی زۆری بەو وڵاتانە هەیە بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییی ئێرانی و، بەتایبەت سوودانی چاوی لە هاوكاریی توركیا و كەنداوە لە دۆسیەی وزە و بەپایەگەیاندنی “ڕێگەی گەشە”.

 ئەو هێزە شیعانەی كە دژی هاتنی شەرعن، باس لەوە دەكەن ناوبراو لە عێراقدا بە ناوی “ئەمجەد مزەفەر نعێمی” كاری كردووە و لە 2005 لەلایەن ئەمریكییەكانەوە دەستگیر كراوە و تا نیسانی 2010 لە گرتووخانەی بوكا بووە. لەم ڕێكه‌وته‌یشەوە تا ئاداری 2011 لە گرتووخانەكانی عێراقدا ماوەتەوە و داوا كراوە، بەڵام ئەو بەڵگەنامانەی بەردەست، ئەوە دەردەخەن ناوبراو دواتر ئازاد كراوە “چونكە هیچ لایەنێكی عێراقی، بەڵگە و داوای لەسەری نەبووە”. هەروەها شەرعیش جەخت لەوە دەكاتەوە بۆ “جیهادكردن لە دژی ئەمریكا” هاتووەتە عێراق و لە هیچ خوێنێكی عێراقیدا تێوەگڵاو نییە [24]. دەشێت ئەمەیش ببێتە پاساو بۆ هاتنەكەی یان لە كۆتاییدا به‌ناچاری وەك سەرۆكێكی خاوەن پارێزبەندی (الحصانة) بێتە عێراق و، سوودانی دەرچەی یاساییی بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام ئەو باجەی لەسەر ئەمە لە شەقامی شیعیدا دەیدات، جێگەی مشتومڕە، چونكە ئەو سوننانەی هانی دەدەن بۆ ئەم هەنگاوە، بەشێك نین لە بنكە شیعییەكە و نابنە دەنگدەری سوودانی.  

كۆبەند

هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2025 یەكێك لە هەستیارترین وێستگە سیاسییەكانی عێراقە كە جارێكی دی لەنێو جەنجاڵی و فرەجەمسەرییەكی قەرەباڵغدا سەرلەنوێ نەخشەی هێز دابەش دەكاتەوە. بەهۆی ئەوەیشی ئەم پرۆسەیە لە دۆخێكی سیاسیی هەرێمایەتیی تایبەتدا بەڕێوە دەچێت كە بارگۆڕانە جیۆسیاسییەكانی ناوچەكەیە لە سووریا و لوبنان و یەمەن، بۆ ماڵی شیعی كەمێك دژوارە، چونكە لە لایەك ڕاگرەكەیان، كە ئێرانه،‌ لاوازە و لە لایەكی دی خۆیشیان پەرتەوازەن. هەروەها ناچارن مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكانی پەیوەندیی ئەمریكا_ ئیسرائیل و ئێران، هەروەها سووریای نوێی سوننیدا بكەن، لە كاتێكدا ئەوان خۆیان لەنێو كەشێكی پڕ لە دروشمبازی و پۆپۆلیزمی سیاسیدان. جەمسەرێكی سەرەكییشیان كە سەدرە، مانی گرتووە و لەگەڵیان بەشدار نییە. ئەم دۆخەیش یارمەتیدەر نییە بۆ ئەوەی بتوانن هاوشێوەی جاران بڕیاری خۆیان یەك بخەن و بەهێز و یەكگرتوو دەركەون. ئەم دۆخەی ماڵی شیعەیش بۆ هێزە سیاسییە ڕكابەرەكانیان لە پێكهاتەكانی سوننە و كورد هەندێك دەرفەت دەڕەخسێنێت، بە مەرجێك ئەوانیش توانای بەڕێوەبردنی ململانێیان هەبێت و گیرۆدەی هەمان پەرتەوازەییی قووڵی گۆڕەپانی شیعی نەبن و؛ ئەوەیش لە بارودۆخی هەڵبژاردندا ئاسان نییە.

سەرچاوە و پەراوێزەكان:

[1]  https://2h.ae/yHjG

[2]  https://2h.ae/cunm

[3]  https://2h.ae/gfur

[4]  https://2h.ae/YOoo

[5]  https://2h.ae/YOoo

[6]  https://2h.ae/uAvW

[7]  https://2h.ae/nfPR

[8]  https://2h.ae/jkLy

[9]  https://2h.ae/XwUf

[10]  https://2h.ae/nFqK

[11]  https://2h.ae/Anir

[12]  https://2h.ae/QilB

[13]  https://2h.ae/aDJD

[14]  https://2h.ae/UbMS

[15]  https://2h.ae/tbNW

[16]  https://2h.ae/vEOk

[17]  https://2h.ae/Tsox

[18]  https://2h.ae/FaiR

[19]  https://2h.ae/LwKW

[20]  https://2h.ae/jXqB

[21]  https://2h.ae/Hysy

[22]  https://2h.ae/jXqB

[23]  https://2h.ae/Gxco

[24]  https://2h.ae/IAAF

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن