126وتار

سیاسەت بەرە و نزمی

4/21/2025 4:56:00 PM
فارس نەورۆڵی

 نامەوێ لێرەدا بگەڕێمەوە بۆ پێناسە جیاوازەکانی سیاسەت، یاخود ڕەگ و ڕیشەی سیاسەت و ئەو گۆڕانکارییانە بەسەر چەمکی سیاسەتدا هاتووە، ئەوەندەیە چەمکی سیاسەت دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن، بە مانای شارو پاراستنی شار. دەکرێ بە کورتی بڵێین: سیاسەت هونەری بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتدارییە یان شێوازی وەرگرتنی بڕیارە بۆ گروپەکان و فۆرموکانی دیکەی هێز گەلی جیاواز، هەرچەندە سیاسەت پەیوەندی بە دەوڵەتدارییەوە هەیە، بەڵام لە هەموو چالاکیەکانی مرۆڤ لە دامەزراوەکانی دیکەی ئەکادیمی و بازرگانی کولتور حزوری هەیە، سیاسەت کایەیەکی زۆر هەستیارە، بۆیە سەدان فەیلەسوف شارەزای بواری سیاسە قسەیان لەسەر سیاسەت کردووە و نەخشەیان بۆ کێشاوە. سیاسەت لەمێژوودا سەدان پیاوی گەورەی دروستکردووە، کە مێژوویان دروستکردووە و ئێستاش ناو و وتەکانیان کاری پێدەکرێت، لە جیهانی پێشکەوتوو خاوەن شارستانییەتدا کارەکتەرەکانی سیاسەت بۆ بردنەوەی مێژوو دروستکردنی مێژوو سیاسەت دەکەن، بۆیە ناوبانگیان بۆ سەردەمەکانی دوای خۆیان کاریگەری دەمێنێت و سیاسەت وەک چەمکێکی باڵا بە کاریگەری و ئەرکی خۆی دەمێنێتەوە. بە پێچەوانەوە لە جیهانێکی بێ فەرهەنگ و بێ فیکر و ئامانجی باڵا سیاسەت دادەبەزێ بۆ پەیداکردنی پارە، بۆیە سیاسەت بۆ ئاستێکی نزم و زمانی نزم و بێ ئاکاری کۆمەڵایەتی دادەبەزێ بۆ نزمترین ئاستی قێزەون، کە لەبری دروستکردن و ڕەخساندنی ئارامی بەردەوام فەوزا بەرهەم دەهێنێت، لەبری پاراستنی کەرامەتی گشتی و کەرامەتی تاک، ئەرکی دەبێتە سوکایەتی و شکاندنی یەکدی وەک ئێستا لە میدیاو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەیبینین، ئەمە پێیدەڵێن کەوتن، پێیدەڵێن داڕزان، بە کورتی سیاسەت لەبری ئەوەی لە لوتکەدابێت  بەردەوام پاشە کشە دەکات بەرەو نزمی .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن