گۆڕان و یەکێتی: ئایا قۆناغی تازە بەڕێوەیە؟؟
5/1/2020 3:35:00 PM
بابەكر دڕەیی
سەردانی وەفدی باڵای گۆڕان بۆ پیرۆزبایی هەڵبژاردنی هاوسەرۆکان و ڕێبەری نوێی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، هەرچەند بە هۆی پەتای کۆڕۆناوە کەمێک دواکەوت بەڵام هەندێ مانای لەخۆیدا هەڵگرتون کە شایستەی لەسەروەستان و بایەخپێدانە، بە تایبەت کە ئەم سەردانە، سەرباری بایەخی جدی، وەک زۆر ڕوداوی تری گرنگ، خەریکە دەکەوێتە بەر سێبەری لێکدانەوەی هەڵەو لافاوی فەیکنیوز و تا ئەندازەیەکیش ونکردن لە ناو گرفتەگ گەورەکانی وەک کۆرۆناو قەیرانی ئابوری کوردستاندا.
ڕاستە پەتای کۆڤید ۱۹ و قەیرانی موچە کێشەی گەورەو بێئامانن، بەڵام هەردوکیان، هەریەک لە شوێنی خۆیاندا قەیران و تەگەرەی جیهانین: کۆرۆنا جیهانگیرەو یەخەی بە کۆی حکومەت و گەلانی دنیا گرتوە، داشکانی ئابوریش، سەرباری کەمتەرخەمی و ناشەفافی دەسەڵاتی هەرێم، هاوشانە لەگەڵ کاریگەریە دارایی و ئابوریەکانی کۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت.. بۆیە لێرەدا و بە حوکمی ئەوەی کۆبونەوەی هەڵبژاردە و نوخبەی دو حزبی سیاسی لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان تەعبیر لە یەکێتی ئیرادە یان لانیکەم ساغکردنەوەی نیەت و خواستەکانە دەهێنێ بە چەن خاڵێک لێی بدوێین:
یەکەم: بزوتنەوەی گۆڕان ڕێز لە ئیرادەی کادرو ئەندامانی یەکێتی نیشتیمانی دەگرێ و بە ڕەسمی مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان دەکات.. ڕەنگە ئەم قسەیە پێویستی بە وتن نەبێ چونکە پێشتریش لە نێوان هەردولادا پەیوەندی ڕەسمی و هاوبەش هەبوە، بەڵام کێشەو گرفتی هیچکام لە حزبەکانی کوردستان لە کەس شاراوە نین و لەم دۆخە ئەلکترۆنێەی جیهاندا زیاتر لەجاران شەفاف و ڕونن، بۆیە مامەڵەی گۆڕان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا لەمەودواش لەسەر ئەو بنەمایانە دەبێت کە دۆخی ڕەسمی ئەو حزبە بڕیاری لێدەدات.. ئەمەش بێگومان بەرچاوڕونی باشتر ئەدات بە هەردولا بۆ مامەڵەیەکی ڕون و هاوسەنگ و دور لە تاریکی.
دوەم: یەکێتی و گۆڕان قۆناغی زۆر ئاڵۆزیان تێپەڕاند. گۆڕان، سەرباری جیاوازی بەرنامەیی و ڕێکخراوەیی و سیاسی لەگەڵ یەکێتیدا، بە قوڵی لە مامەڵەی سیاسی ساڵانی ڕابوردوی یەکێتی نیگەرانەو ئەم نیگەرانیەی نەشاردۆتەوە... یەکێتی، سەرباری ئەوەی کە نەیتوانی پابەندی ڕێکەوتنەکان بێت و هەوڵی جێبەجێکردنیان بدات، لە ئاستی تەبلیغیدا هاتەوە سەر بڕوا بنچینەییەکانی گۆڕان و دوای وێرانبونی باخەکە ئنجا دەستی کرد بە کاڵەک شکاندن بە ئەژنۆو کەشفکردنی ئەو ڕاستیانەی کە ساڵەهاو ساڵەهایە کەشفکراون و پێویستیان بە سەرلەنوێ دۆزینەوە نیە لە ئاست کاری پەرلەمانی هاوبەش و حکومەتی هاوبەش و التزامانی دیموکراتی و پرەنسیپ لە کاتی گرفت و تەنگوچەڵەمە نیشتیمانیەکاندا.
یەکێتی، بە پێی پرەنسیپەکانی خۆی. لە چەن قۆناغێکدا دەبوا پشتی گۆڕان بگرێت بەڵام نەیگرت.بەمەش زۆنی نیلی و سەوز خراپتر لە جاران بەرەو لاوازی و ناتەبایی ڕۆیشت و سەرەنجام هەمو کوردی هەرێم زیانیان بەرکەوت و پارتیش زیاتر بەرەو هەڵە پاڵنراو سەرەنجام ڕیفڕاندۆم و پارچەکردنەوەی کوردستانی بە دوادا هات..
یەکێتی لە ڕێکەوتنی دەباشان ی نێوان مام جەلال و کاک نەوشیروان و بیستوپێنج خاڵی پاشەکشەی کرد، بەوەش دۆخی کوردستان هیچ گۆڕانکاری بەسەرا نەهات و هەروەک ئەو کاتە ئیدارەکەی بەڕێوەبرا کە لە دوای ڕاپەڕینەوە بەڕێوە دەبرێ وتا ئێستە نەیتوانیوە ڕەزامەندیەکی نیوەناچڵی هاوڵاتیەکانیشی بەدەسبێنێ و لەو چەقبەستوییە ڕزگاری نابێ کە تیایا گیریخواردوە ... لە کاتێکا ــ بە دڵنیاییەوە دەتوانین جەخت لەمە بکەینەوە ـــ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ۲٥ خاڵی کوردستانی بەرەو شەفافیەت و عەدالەت و چەسپاویەکی بێوێنە ئەبردو گەر هەردو حزب لەسەری یەکدەنگبونەیە، پارتیش دەهاتە پاڵیان و لانیکەم سەدا هەشتای بەرنامەکە جێبەجێدەکرا...
سێهەم : گۆڕان و یەکێتی دو حزبی سیاسین کە زۆرینەیان لە یەک ناوچەدا هەیە... دۆخ و فشاری سیاسی وڵات وناوچەکەو جیهان و کەڵەکەبونی ئەزمون وایکردوە کە حزبی بەهێزو زۆرینەی پەرلەمانی بەرامبەر ( واتە پارتی دیموکراتی کوردستان) بە شەفافی و ڕوونی باس لە چاکسازی و دەسکاریکردنی بناخەکانی ئیدارەی وڵات بکات، ئەمەش فرسەتێکی ئاڵتونی ئەڕەخسێنێ بۆ گۆڕان و یەکێتی کە لە ساتەوەختێکی مێژوویی وادا، سەرجەم هەوڵ و تواناو پرۆژەو بیرۆکەکانیان بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری لەگەڵ پارتی یەکبخەن و تەکانێک بە دۆخی چەقبەستوی سێ دەیەی وڵات بدەن.. ئەگەر یەکێتی نیەتی لە چاکسازی و گۆڕانکاری بێت، هەم لە تەنیشتیەوە حزبێکی قایم و بەهێز ڕاوەستاوەو هەم لە بەرامبەریش پدک بە ئاشکرا و بە کردەوەش هەنگاوی بۆ چاکسازی و چەسپاندنی جۆرێک لە عەدالەت و یەکسانی هەڵگرتوە... ئەگەر یەکێتی نەیەوێ لەو هێڵەدا خۆی بدۆزێتەوە و تەنها لە فکری پاراستنی ئەو دۆخە پڕ لە ناعەدالەتی و ناشەفافییەدا بێ کە ۳۰ ساڵە لە هەمو کوردستاندا بەڕێوەدەچێ، ئەوا بێگومان لە بری ئامرازی تەبایی و برایەتی و حزبی " سۆسیال دیموکرات" ، دەبێتە حزبێک بۆ ناسەقامکیری و ناعەدالەتی و ناکۆک لەگەڵ پرەنسیپەکانی سۆسیال دیموکراتی جیهانی و کوانویەک بۆ فەوزاو پشێوی لە کوردستاندا...
چوارەم: دەکرێ سەردانی نێوان ڕێبەری دو حزب وایلێبخوێندرێتەوە کە سەردانێکی ڕۆتینیەو " هیچ" ناگۆڕێ،... دەشکرێ چاوەڕێبین ئەم دیدارانە جۆرێک لە ئیرادەی یەکگرتو بۆ پەیوەندی هاوبەش، جۆرێک لە تەبایی کە پێشتر وێنەی نەبوە، شێوازێک لە کارکرن بێنیتە ئاراوە کە هاوپەیمانەکەی هەردولا لە حکومەت( پدک) و دەنگدەرانی هەردولا لە بازاڕو کۆی میللەتی کورد لە هەمو کوردستانا دڵخۆش بکات...
دەکرێ یەکێتی بەرژەوەندی کۆی خەڵک بکاتە پێوەر بۆ سەرکەوتنی خۆی لە سیاسەتدا نەک بەرژەوەندی کۆمەڵێ تاقم و گروپی باڵادەستی ئابوری،.. دەشێ یەکێتی دەسپێشخەربێت بۆ دورخستنەوەی دەستی بنەماڵە لە ژیانی ئابوری وڵاتدا و لە ڕێگای یاساو ڕێسای پەرلەمانیەوە لە هەردو بنەماڵەی تاڵەبانی و بەرزانی قەدەغە بکەن کە بەدەر لە یاساو ڕێساکان دەسبخەنە ژیانی ئابوری وڵات و فرۆشی نەوت و کەرەستە سەرەکیەکانی ژیانی خەڵکەوە..،
چاوەڕێ دەکرێ دیدارەکانی داهاتو باس لە پرۆژەی سێقۆڵی ینک گۆڕان و پارتی بکرێ بۆ ڕاگەیاندنی هەڵمەتێکی ڕیشەکێشکردن دژی هەمو ئەو خانەنشینە ناڕەواو ناهەقانەی کە بێ هیچ ماندوبون و عارەقڕشتنێک بە ئەندازەی سەد کەمئەندام موچەی ئەم وڵاتە لرف ئەدەن ..
دەشێ چاوەڕێبین هەڵمەتی پاکسازی و چاکسازیەکانی حکومەت دژ بە ناعەدالەتی و گەندەڵی بە پێی ڕێکەوتنی ۲٥ خاڵی یان هەر ڕێکەوتنێکی تر بەڕێوەبچن و وڵات لە شێرپەنجەی خزمخزمێنە و واستەکاری و مافیاگەری ڕزگاری ببێ..
چاوەڕوان دەکرێ شەڕی فیسبوک و میدیای سێبەر وفەیکنیوز لە لایەن پەرلەمانتارانی یەکێتیەوە پڕۆژە یاسای بۆ ئامادەبکرێ و ئەو دۆخەی ئێستا کە حزبەکان لە ناو وەزارەت و کۆبونەوەکان کێشەیان نیەو هاوڕێن و لە ناوبازاڕیش میدیای سێبەریان خەریکی ڕیسواکردنی یەکبەیەکی ئەندامان و کاربەدەستانی یەکدین کۆتایی بێت...
بەڵێ..
کۆبونەوەی ڕێبەری دو حزب دەشێ ڕۆتین بێت و هیچ گۆمێک نەشڵەقێنێ..،لە هەمان کاتا لە باریا هەیە هەنگاوی مێژویی بنێت و دنیایەک گۆڕانکاری ڕیشەیی بەدوادا بێت..
بۆیە هەمومان چاوەڕێین بزانین ئایا ژیانی سیاسی ئەم وڵاتە هەر وەکو جاران دەبێ یاخود ڕێبەری یەکێتی هەنگاوی تازە دەنێت و لەپاڵ هێزو ڕێکخراوە ڕادیکال و عەدالەتخوازەکاندا پرۆژەو پراتیکی نوێ دەخاتە گۆڕەپانی سیاسەتەوەو مێژویەک بۆخۆی تۆماردەکات کە لە توانایدایە یان نا.. ؟؟
زەمان و ئایندە پێوەری هەمو ڕاستی و وتەکانن و وەک لە ناو خەڵکدا بۆتە پەند و دەوترێ: کردار مەرجە...