چەند سەرنجێک سەبارەت بە کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستوور
5/20/2021 8:20:00 PM
بابەكر دڕەیی
یەک: بەستنی کۆنفرانس و سەمینارو کۆبونەوە سەبارەت بە گرفت و کێشە جیاوازەکانی هەرێم، نیشانەیە بۆ کامڵبونی کۆمەڵگا و بەرەوپێشچونی کاری هاوبەش و لێکحاڵیبونی زیاتری چینی دەسەلاتدارو دەستەبژێری کۆمەڵ. دەشێ بەستنی ئەم کۆنفرانسەش، لە حاڵەتی هەبونی بەرهەم و جۆرێک لە جدییەتدا، وەک هەنگاوێکی درەنگوەخت لە ئاراستەیەکی دروستدا بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگای مەدەنی و دیموکراتی بنرخێنین..
دو: بەستنی کۆنفرانس بەمەبەستی کۆلینەوەو لێکدانەوەی رەهەندە جیاوازەکانی دەستور و یەکریزی، لە ساڵرۆژی کۆچی نەوشیروان مستەفادا، ئەوەی لێهەدەکڕێ کە نوخبەی سیاسی کوردستان بە هوشیاریەوە دەیەوێ ڕێزی یەکێک لەو سەرکردە سیاسیانە بگرێت کە وزەو هەوڵێکی بێسنوری لە پێناو دەستوری کوردستاندا سەرف کرد... هەر ئەم بایەخدانەش ڕێگا خۆشدەکات بۆ پێشنیارکردنی ئەوەی هەمو ساڵێک رۆژی 19ی مایس، هاوکات لەگەل یادکردنەوەی کۆچی نەوشیروان مستەفا، بکرێتە ڕۆژی بایەخدان، پەرەپێدان، پیاچونەوە و داکۆکی لە دەستور..
سێ: لەم کۆنفرانسەدا کەسانی خاوەن بریاری کوردستان قسەیان کرد. بە ئاشکرا سەرنجی خۆیان گەیاندە ئامادەبوان و خەلک، لەو سۆنگەیەوە پێویستە خەلک و ئامادەبوانیش راو سەرنجی خۆیان نەشارنەوەو ئەوەی لە زەینیاندایە بە ڕونی بیگەیەننە قسەکەران و خوێنەران.
چوار: زۆر جار باس لەوەدەکرێ کۆنفرانسەکان و کۆبونەوەکان بۆ مەبەستێکی دیکەی ناکۆک لەگەڵ ئەوەی ڕاگەیەنراوە سازدەکرێن... نمونەی ئەوەش لە ئاستی نێوخۆیی و جیهانیدا زۆرن و هەمان گومانیش لەسەر ئەم کۆنفرانسە هەیە.
بەلام نیەت لە بەستنی کۆنفرانسی دەستوری زانکۆی کوردستان هەرچیەک بێت، پێویستە ئەو راستییە ببینین کە قانون بە گشتی و دەستور وەک سەرتۆپی یاساکان لەو بابەتە هەستیارانەیە کە دەهێنێ ساڵانە چەند جارێک قسەو گفتوگۆی ڕاشکاو و جدییان لەبارەوە بکرێت.
پێنج: سەرجەم ئەو قسانەی لە کۆنفرانسدا کران لە ئاستی خۆیاندا گرنگ و بایەخدار بون.
بایەخدار بون نەک بەو مانایەی کۆی وتارەکان "باش" و گونجاو بون بۆ دامەزراندنی کۆمەڵێکی دیموکرات و دادپەروەر، بەلکو لەو تێروانینەوە کە راشکاو و بێپەردە بون و قسەکەران قسەی دڵی خۆیانیان کرد و شاراوەیان نەهێشت.
شەش: قسەکانی کاک عومەر سەید عەلی لەو روانگەیەوە جێی سەرنج بون چونکە لەسەر چەن تەوەرێک جەختی کردەوە کە جەوهەری عەدالەت و حوکمرانی باشی لەسەر بنیات دەنرێ:
1. ئەو سپاسی سەرۆکی هەرێم ی کرد چونکە هەولی داوە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان... بەلام لەهەمان کاتدا پێی لەسەر ئەوە داگرت کە "بەرهەم" ی کۆبونەوەکان تا ئێستە سفرە.
واتە رایگەیاند لە کاری ئیداری و سیاسیدا گرنگ سەرەنجام و بەرهەمە نەک خودی چالاکی و ماندوبون. ئەو قسەیەی کاک عمر جەختکردنەوەی مارکس ی سەبارەت بە "پراکتیک" هێنایەوە یاد لە " تێزەکان دەربارەی فۆیرباخ - تێزی 11 " کە نوسیویە:
" تا ئێستە فەیلەسوفەکان سەرقاڵی شیکردنەوەو لێکدانەوەی جیهان بون، لە کاتێکدا گرنگ گۆڕینی جیهانە نەک لێکدانەوەی"..
2. رێکخەری گشتی چەن جارێک جەختی لەسەر داهاتی وڵات کردەوە. رایگەیاند تا کاتێک داهاتەکانی ولات ناشەفاف و نادیارن، ناکرێ باس لە دەستور و چەسپاوی و یەکریزی بکرێت. بە مانایەکی تر، مەرجی هەبونی تەبایی و یەکریزی و دروشمە جوانەکانی تر ئەوەیە لە پێشدا، مەسەلە سەرەکیەکانی بڕی داهات و چلۆنایەتی مەسرەف ڕوون و ئاشکرابێت...
پێداگرتنی رێکخەری گشتی گۆران لەسەر بێئەنجامبونی کۆبونەوەکانی تا ئێستە و، دیارنەبونی داهات و مەسرەف لە کوردستان، دەکرێ وەک خاڵێکی بەسود بۆ بەستنی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە دابنرێت چونکە لە گشت حالێکدا ئامادەبون لەم جۆرە گردبونەوە سیاسیانەدا دەتوانێ کاریگەرییەکی نسبی بکاتە سەر رای گشتی و تەنانەت رای نوخبەی حزبە سیاسیەکانیش.
حەوت: وتاری سەرۆکی حکومەت کاک مەسرور بارزانی جێگەی لەسەروەستانە. وتارەکەی ئەو دو تەوەرەی گرنگی وروژاند کە تا دوا پلە هەستیارو گرنگ و چارەنوسی بون:
یەکەمیان ستراتیژی نوخبەی سیاسی کورد لە عیراقدا ( ئەو بە وشەی جیاوازتر دەستنیشانی کردو وتی"ئامانج" مان یەک نیەو نادیارە )..
دوەمیان مەسەلەی ئازادی و بەرەللایی( = بە مانا قاموسیەکەی "سەربەستی" و "فەوزا" )
خالی یەکەمی وتەی سەرەک وەزیران جەختکردن بو لەسەر "ئامانج" ی هاوبەش.
ئەو نمونەی کەشتی ناو دەریای بۆ قەناعەتپێهێنانی ئامادەبوان باسکرد کە نمونەیەکی ڕوون و زیرەکانە بو.
وتی: کاتێک کەشتی دەتوانێت بگاتە ئامانج کە کاپتن ی کەشتی و سەرجەم ئەوانەی خۆیان بە شارەزا ئەزانن یەکدەنگ بن لەسەر گەیشتن بە پنتێکی دیاریکراو.. پێچەوانەی ئەوەش کارەساتە: کاتێک هەر کەس خۆی بە کاپتن بزانێ و کەشتیەکە بەلایەکدا ببات بێگومان نە کەشتی بە ئامانج ئەگات و نا خواستی کۆی سەرنشینان وەدەست دێت.
ئەو دیدگایە بۆ ئەمرۆی نوخبەی سیاسی کوردستان دیدگایەکی ئێجگار جەوهەری و سەرەکیەو روحی هەمو جوڵەیەکی جدی پێوە بەستراوە..
ئەمەش بەو مانایە نیە کە ئامانجی فڵان حزبی سیاسی ( پارتی وەک نمونە..) بۆ کوردستان راستە یان هەلەیە، بەلکو لەو ئاقارەدا گرنگە کە کەسایەتیە سەرەکیەکانی دەسەلات گەیشتبنە ئاستێک لە بیرکردنەوە کە لە زانستی سیاسەت و فەلسەفەدا وەک "میتودۆلۆژی" ناودەبرێ.
میتودۆلۆژی بریتیە لە شێوازو سیستمی بیرکردنەوە.... بە وتەی هیگڵ بریتیە لە چۆنیەتی جیاکردنەوەی سەرەکی لە ناسەرەکی، لەهەمانکاتدا و وەک پێشمەرجیش بۆ جیاکردنەوەی بابەتی سەرەکی لە ناسەرەکی، ناسینی ئەوەی کە کامە سەرەکیەو کامە ناسەرەکیە!... . ئەوە کاکڵەو مۆخی سیستمی بیرکردنەوەو میتودۆلۆژیە...
بۆ هەموان ئاشکرایە تا ئەمڕۆش نوخبەی دەسەلاتداری کوردستان خاوەنی میتدۆلۆژیەکی چەوت و دواکەوتوانەو عەشیرەتی و شکستخواردوە، بەلام هەر ئەوەی کە کەسایەتیەکی سەرەکی ناودەسەڵاتی باڵا باس لە دیاریکردنی"ئامانج" بکات و بیری لێبکاتەوە خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی تازەو جێسەرنجە..
( لێرەدا وەک پەراوێزێک بۆ ئەو وشانەی سەرەوە: دەبێ ئاماژە بەوە بکەین ئێستا لە ئاستی جیهانیدا چەندین وڵات بە تەواوی لەسەر ئەوە ساغبونەوە کە "ئامانج" ی هەمو حکومەتەکان بریتیە لە دابینکردنی بەختەوەری و شادی بۆ هاوڵاتیانیان... هەنێ وڵات گەیشتونە ئاستی دامەزراندنی " وەزارەتی بەختەوەری".. ئەوەش وەک بەرەنجامێکی پراتیکی لە کۆی لێکۆلینەوە فەلسەفی و زانستی یەکان.. ئەرەستۆ لە کۆنەوە وتویە: ئامانجی مرۆڤ گەیشتنە بە شادی.. . )
بەشی دوەمی قسەکانی سەرۆک وەزیران جەختکردن بو لەوەی ئازادی و بەرەڵایی دو مەفهوم و کردەوەی جیان و نابێ خەلک یان هاوڵاتی ئەو دو حالەتە تێکەڵ بەیەک بکەن.
کێشەی ئەم بۆچونەی بەرێز سەرۆکی حکومەت لەوەدایە کە، سەرباری بیرکردنەوەی تازەی لە مەسەلەی"ئامانج" دا، ( هەلبەت گەر بەسادەیی گریمانە بکەین مەبەستی لە" ئامانج" شادی و بەختەوەری هاوڵاتیانە نەک شتی تر)
ئێجگار تەماوی و تاریک چوە سەر" پێناسە" ی ئەو دو مەفهومە جەوهەریەی ژیانی مرۆڤ.
شایانی باسە لێرەدا قسەی زانایەک وەک رێنیشاندەر بگوازینەوە..
ف ئینگلس وتویە : کێشەی سەرەکی مرۆڤ بریتیە لە پێناسەکان!
واتە تۆ چۆن پێناسەی دیاردەکان و مەفهومەکان و حالەتەکان دەکەیت ئەوە خۆی ئەسڵی مەسەلەکەیە.
با چەن نمونەیەک سەبارەت بە ئازادی و بەرەللایی باسکەین.
لەدیدی رەگەزپەرستێکی ئینگلیزی یان ئەلمانیەوە، پیاسەو سوڕانەوەی چەن کوردێک لە شاری مانهایم یان ناتینگهام واتە بەرەلڵایی و تێکدانی ئاسایشی وڵات... واتە داگیرکردنی ئەلمانیاو بریتانیا لە لایەن گەمژەکانی خۆرهەڵاتەوە..
ئەوە لە کاتێکدا یاسای هەردو وڵات هەر جۆرە جیاکاریەک دژ بە پەنابەرانی قەدەغە کردوە و لای زۆرینەی خەلکی ئەوروپا جیاوازی رەگەزی و راسیزم مانای نەماوە و قەدەغەیە.
لە دیدی توندرەوی ئیسلامی و کەسانی کۆنەپەرستەوە، سەمای چەن گەنجێک لە سەهۆلەکەی سلێمانی لوتکەی بێئەخلاقی و بەرەڵلاییە، لە کاتێکدا زۆرینەی خەلک( بە خودی منیشەوە) پێمان وایە ئەوە مافێکی ئازادانەی خۆیانە و مادام یاسا قەدەغەی سەمای نەکردوە نابێ کەس ڕێگری مادی یان مەعنەویان لێبکات.
لە دیدی زۆرێک لە یاساناسان و رۆژنامەوانان و چالاکوانانی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە مەحکومکردنی شەش کەس لە رۆژنامەوانانی بادینان هەنگاوێکی مەترسیدارە دژی ئازادی، بەڵام حکومەت و ئاسایش جەختیان لەوە کردەوە کارەکانی ئەوان بەرەڵلاییەو دژی ئازادی وڵاتە...
چارە چیە؟
ئایا بەو جۆرە دەگەینە "ئامانج" ؟
ئایا گرفت ئەوەیە: پێش دیاریکردنی ئامانج دەبێ لەسەر "پێناسەکان" رێکبکەوین؟
بە دیدی من، ئەسڵی کێشەکە ئەو حالەتەیە کە پێی دەوترێ "کلتوری دەستەبژێری دەسەڵات" یان ئەوەی کە کاک عمر سەید عەلی چەن جارێک جەختی لێکردەوە: عەقڵیەتی تەبەقەی حاکم...
واتە تا ئەو کاتەی نوخبەی سیاسی وڵاتێک لەسەر پێناسەی زۆرینەی چەمک و یاساکان ڕێک نەکەون، خواستی گەیشتن بە ئامانج جگە لە وەهم و خەیاڵ گیایەکی تری لێ سەوز نابێت.
لەوەش ئالۆزتر: کێن ئەوانەی لەسەر "پێناسەکان" رێکدەکەون؟
ئایا سیاسیەکانن؟
واتە ئەو کەسانەن دەسەڵاتی سیاسیان بەدەستەوەیەو حوکمرانی وڵات دەکەن؟ بێگومان نەخێر.. ئەوان بۆیان نیە تەعریفی چەمک و رێساکان بکەن چونکە ئەوە لە چوارچێوەی پیشەی ئەواندا نیە و گەر وابکەن دەبنە دیکتاتۆر...
ئەوەی توخمی مرۆڤ تا ئێستە لە مەسەلەی فەلسەفەی سیاسیدا پێی گەیشتوە ئەوەیە کە دەسەڵاتەکانی دەولەت بۆ سێ گروپی جیاواز دابەشبکرێن.
** یاسادانەران ( پەرلەمان)
** دادوەران ( دادوەری)
** جیبەجێکاران ( کابینە - حکومەت)
رەنگە لەم جۆرە حوکمرانیەشدا کەموکوری زۆر هەبێت، بەلام ئەوەی جێی دلنیاییە ئەوەیە ( چەرچل وتەنی) لە نێو سیستمە خراپەکاندا ئەم شێوازە باشترینە.
چەمکی " لا اجتهاد فی مورد النص" دەتوانێ کۆی ئەو وتانەی سەرەوە بەرەو کۆتایی بەرێت.
"هیچ هەولێک شیاو نیە کاتێک دەق - ی یاسا- لەئارادایە"
ئەو وتەیە بەراشکاوی پێمان دەلێ تا کاتێک دەسەلاتەکان جیانەکرێنەوە ناکرێ باس لە دەوڵەتی مۆدێرن و مەدەنی بکرێت..
پێمان دەلێت تەنها کاتێک دەشێ باس لە ئازادی و بەرەڵایی بکرێت کە "یاسا" بە وردی پێناسەی هەردو زاراوەکەی کردبێت و سنوری هەرکامیانی دیاری کردبێت.
پێمان دەڵێت تا کاتێک نوخبەی دەستەبژێری وڵات لەسەر "پێناسەکان" یەکدەنک نەبن ناتوانن باسی "ئامانج" و "یەکریزی" و "دەولەت" و تەنانەت دەستوور یش بکەن...
پێناسەکان و چۆنیەتی تێروانینی مرۆڤەکان بۆ چەمک و دیاردە یاسایی و سیاسیەکان خاڵی سەرەتاو کۆتایین بۆ هەبونی کلتورێکی باڵای دیموکراتی و ئینسانی یاخود ستەمگەر و نادادپەروەر..
پێناسەی مرۆڤەکان بۆ دەستوور، عەدالەت، ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی و مافی ژنان و کۆی چەمکە کۆن و نوێکان، بناغەی پێکەوەبون یان لێکترازان و ناکۆکیە..
رەنگە شایستە بێت سەبارەت بە وتەو لێدوانی هەرکام لە بەرێزان سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و هاوسەرۆکی یەکێتی و نوێنەری پارتی لە کۆنفرانسەکەدا سەرنج و تێبینی بنوسین، بەلام پێموایە لێرەدا هەر ئەوەندە بەس بێت.