725وتار

فیلمی 09 ؛ پەیام و هۆشداری

3/23/2021 4:09:00 PM
بابەكر دڕەیی



یەک : لە سەردەمانی زۆر کۆنەوە مەسەلەی پێشبینیکردن و خوێندنەوەی داهاتو بایەخی پێدراوە.



مرۆڤ بە گشتی زۆر لای گرنگ بوە بزانێ ئاخۆ لە داهاتوی نزیک یان دوردا چی لێبەسەردێ یان چی لێ روو دەدات.



ئەم بایەخدانەش بە داهاتو بنەمای بەهێزی هەن چونکە گەر مرۆڤەکان ( تەنانەت زۆرێک لە ئاژەڵان و گیاندارانیش) تێفکرینێکی دروستیان سەبارەت بە ئایندەی خۆیان و توخمەکەیان نەبێت بە دڵنیاییەوە کاتێک ئەو "ئایندە" یە لێیان نزیککەوتەوە دەکەونە بەر مەترسی قورس و سامناک و تۆقێنەر.



زۆربەی کات باڵندەکان بە زەحمەتێکی زۆر بەو لقە دارانەوە هێلانە دروستئەکەن کە خۆیان و بەچکەکانیان لە هەڵلوشینی مارە بێئامانەکان دەپارێزێ... پەرەسێلکە بۆ خۆ پاراستن لە دوژمنەکانی بە سەختترین بنمیچەوە هێلانەکەی لە قوڕ دروستئەکات چونکە دەزانێ لە "داهاتو" دا مەترسی گەورە لەسەر خۆی و بێچوەکانی بەڕێوەیە.



مرۆڤ یش یەکێکە لەو بونەوەرانەی کە لە پرۆسەیەکی زەمانی هەزاران ساڵیدا فێربوە کە هێندەی کاتی" ئێستا"ی، هۆشی لە "داهاتو" بێت، چونکە لە گشت حالێکدا "داهاتو"ش لەسەر هەمان ئەو هێڵەیە کە لە ئێستادا جوڵەی لەسەردەکات و بە هەمان تونێڵدا تێدەپەڕێت، بە مانایەکی تر کۆی خۆشی و ناخۆشی، وشکەسالی و لافاوهەستان، قەیرانی ئابوری یان تەندروستی، لەو ئاراستە زەمانیەدان کە مرۆڤ وردەوردە و بەناچاری ڕوبەڕویان دەجوڵێ.



زۆربەی کتێبە ئاینیەکان پڕن لە ئامۆژگاری و هۆشدار و پەیام سەبارەت بەو روداوانەی لە داهاتودا ڕودەدەن... ئەم پەیام و هۆشداریانە ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بە مرۆڤ دەڵێن: هۆشدار!.. ئاگات لە خۆت بێ فڵان کارەسات یان روداو لە ڕێدایە...
جا ئەو روداوانە شتی حەقیقی بن یان خەیاڵی لەو راستیە کەمناکاتەوە کە ئاین یش وەک فەلسەفەو تێروانینێک بۆ چاکسازی مرۆڤ، لەو ئاقارەدا کاردەکات کە هەر لە "ئێستا" وە ئاماەی بکات بۆ داهاتویەکی مسۆگەر بە پێی تەفسیری ئاینی دیاریکراو.
رەنگە هەنێک یان زۆرێک لەو روداوە پێشبینیکراوانە بێبناخەو بەتاڵ بن، بەڵام ڕێژەیەکی زۆریشیان راست و تەنانەت بە پێوەری زانستیش عەقلانی وئەگەری رودانیان هەیە.



ڕەنگە وەک نمونە بۆ خوێندنەوەی داهاتو، سورەتی "تەکویر"( ژمارە81 لە قورئان) بەڵگەیەکی گرنگ بێت کە دوای 14 سەدە لە هەبونی قورئان، زاناکان پێیان وایە ریتمی کۆتاییهاتنی ژیان لەسەر ئەم زەویە بە هەمان شێوازدەبێت کە سورەی تەکویر خوێندنەوەی بۆ کردوە.



دو: لە سەدەکانی دواتریش دا هۆشداری و پێشبینی ئایندە تا ئاستی خەیاڵی و ئەفسانەیی بەردەوام بون.. لایەنگرانی توندرەوی خوێندنەوەی داهاتو، پێیان وایە ئەم بابەتە چارەنوسیەو دەبێ بەهەند وەربگیرێ و بۆ نمونە، جەختیان لەوە دەکردەوە کە کتێبەکەی نوستەر ئەداموس بایەخێکی جیهانی هەیە و توانیویەتی زۆرینەی روداوە گەورەو ترسناکەکان چەند سەدەیەک پێش رودانیان پێشبینی بکات.. لەم ساڵانەی دوایشدا ژنێکی بولگاری( بە ناوی بابە ڤانگا) سەرنجی زۆری لەم بوارەدا راکێشا و تا رادەیەکی زۆر مارکێتینی بۆ کرا.



هۆلیود و کۆمپانیاکانی فیلمسازیش لەم بوارەدا چەندین فیلمی خەیاڵی و تێکەڵ یان دروستکرد کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بونە مایەی سەرنج و گفتوگۆی ئەهلی هونەرو زاناکان و شارەزایان.


لە هەمو ئەوانەش گرنگتر ئەو بوارە نوێێیەی لێکۆلینەوەی زانستیە کە بە میتۆدی نوێ و بەڵگەیی سەبارەت بە ئایندەی مرۆڤ کنە دەکات و بۆ ئەو ئامانجەش سود لە سەرجەم بوارەکانی مرۆڤناسی و رەچەلەکناسی و دەرونناسی و ئارکۆلۆژی و تەکنەلۆژی وهتد وەردەگرێ.



گومانی تیانیە کە کۆی زانستەکان بە گشتی و زانستە کۆمەڵایەتیەکان بە تایبەتی بۆ ئەو مەبەستەن کە ئاگاداری داهاتو بن و ڕێگر بن لە دیاردە نەخوزراوەکان، واتە گەر زانستی ئابوری نەتوانێ لە ئاستێکدا پێشبینی قەیرانی ئابوری بکات و چارەسەری بۆ پێشنیار بکات دەتوانێ چ سودێک بە کۆمەڵی مرۆڤایەتی بگەیەنێت یان لە پلەیەکی دیاریکراوتردا چی لە باردا ئەبێت بۆ خوێندنەوەی گرفتەکانی وڵاتێکی دیاریکراو؟.



بەڵام لێرەدا مەبەستمان لە زانستێکی دیاریکراوە کە تایبەتە بە گۆرانکاریە مەترسیدار یاخود کاریگەرەکانی جیهان کە وەک لقێکی توێژینەوە ساڵەهایە لە وڵاتانی خۆرئاواو ئەمریکا ئیشی لەسەر دەکرێ.


ژمارەیەک لەو نوسەرو لێکۆلەرە ئەمریکیانەی لە ئاستی جیهانیدا بونە جێی متمانە و کتێب و وتارەکانیان لە ئاستی زانکۆ هەرە ناودارەکانی دنیادا بە جدی وەرئەگیرێ و تەماشا دەکرێ لێرەدا ناو دەهێنین:


ئەلفین تۆفلەر و هایدی تۆفلەر


ئەم دو بەرێزە ژمارەیەک کتێبی گرنگیان نوسی کە سەرجەمیان سەبارەت بە ئایندەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژیەکانن و سایکۆلۆژیای مرۆڤ لە سێبەری ئەواندا دەخاتە بەرباس.
لەوانەش:
شۆکی ئایندە
شەپۆلی سێهەم
جێگۆڕەی دەسەلات
جەنگ و دژە جەنگ
سامانی شۆڕشگێڕانە
و زۆری تریش...
پۆل کنیدی کتێبەکەی خۆی ناونا:

پەیابون و داڕمانی هێزە گەورەکان: وەرچەرخانی ئابوری و سەربازی.


تەنانەت ئال گۆر کە کاندیدی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بو کتێبێکی گەورەی بە ناونیشانی"ئایندە" نوسی و سەبارەت بە مەترسیە کوشندەکانی گۆڕانی ئیکۆلۆژی و ئاو و هەوا بە وردەکاریەکی زانایانەوە قسەی کرد.


سەرنجراکێشتر لە کۆی ئەوانەی باسمان کردن کەسێکی نوێیە لە بواری پێشبینی و خوێندنەوەی داهاتو بە ناوی یۆڤال نوح هەراری کە دەرچوی زانکۆی ئۆکسفۆردە و نامەی دکتۆراکەی سەبارەت بە مێژووە.
هەراری لە سێ کتێبدا بە ناوەکانی:
_ مرۆڤی عاقڵ.. کورتە مێژووی مرۆڤ
_ مرۆڤی خوائاسا.. کورتە مێژووی سبەی


_ 21 وانە بۆ سەدەی 21


سەرنجی کۆی زانکۆ گرنگەکان و نێوەندە جیهانیەکانی بەلای خۆیدا راکێشا بەو حوکمەی کە پێی وایە گەر مرۆڤ بە جۆرێکی عەقلانی و دادگەرانە بیر لە داهاتوی خۆی نەکاتەوەو خۆی رێکنەخات، لەسایەی ئاوێتەبونی ئیفۆتەکنەلۆژی و بیۆتەکنەلۆژیدا، چارەنوسێکی رەش و تاریک مسۆگەرە بۆی.



کتێبەکانی هەراری بەتایبەت لەو ئاقارەدا جێی بایەخ بون کە جەختیان لەوەدەکردەوە شەپۆلی ئەلکترۆن و شۆرشی تەکنەلۆژی هۆکارن بۆ جۆرێکی تر لە فەوتاندن و وێرانکردنی مرۆڤ ئەویش لە رێگای هاککردنی مێشک و عەقڵ یەوە و دەسبردن بۆ " ناوەوە" ی مرۆڤ.. لە کاتێکدا سەردەمەکانی پێشو، هەزاران ساڵ چەوسانەوە لە ژێر رەشەبای مڵکدارێتی زۆردارانی کشتوکاڵ و وەرزێری دا یاخود سەدان ساڵ ڕوتاندنەوە لە سایەی چەکوشی سەرمایەداریدا، زاڵمان و ستەمکاران دەیانتوانی تەنها "دەرەوە" ی مرۆڤ واتە جەستەی دەرەکی و ماسولکە و پشت و قاچ و دەستی وەکاربهێنن و ماندو بکەن... مەترسی داهاتو ئێستە ئیتر تۆقێنەرترە.. عاشقانی پارە و تەمەندرێژی و تەندروستی لە قۆناغی پۆست کاپیتاڵیزم و ئەلکترۆندا، تا ئاستێک بێبەزەیی و دڵڕەقن کە دەستئەبەن بۆ "ناوەوە" ی مرۆڤ.. هەنێکیان پەلاماری مێشک ئەدەن و ملیۆنان مرۆڤ دەکەنە ئامێرو روحیان لێدەسەننەوە، هەنێکی تریان، دەستئەبەن بۆ ناوەوەی جەستەت و راستەوخۆ گورچیلەت دەفرۆشن..
ئەوەیە پەیامی فیلمی 09.


سێ: فیلمی 09 لە ماوەی 130 خولەکدا باس لە دیاردەیەکی ترسناکی قۆناغی پۆستکاپیتالیزم دەکات کە بریتیە لە کوشتنی مرۆڤێک (یان چەن مرۆڤێک) بۆ ئەوەی جەستەی کەسانێکی تری دەوڵەمەند و سەرمایەداری پێ نوێبکرێتەوە و لە ژیان بەردەوام بن.
پەیامی فیلمی 09 بۆ خەلک و حکومەت ئەوەیە کە : ئاگادار بن.. ئەم قۆناغەی ژیان لە ژێر سایەی زالبونی پارەپەرستی و بێئەخلاقی ئینسانەکان و شلبونی کۆنترۆڵی دەزگا گشتیەکان و هەڵتۆقینی ملیۆنەرە پلاستیکیەکاندا، دەستدرێژی دەکرێتە سەر جەستەتان و ئەتانفرۆشن.


پەیام و هۆشداری جەوهەری و سەرەکی فیلمی 09 ئەوەیە کە پێمان بڵێ:
ئەو سەردەمە بەسەر چو کە مرۆڤەکان بۆ هەواڵپرسی لە تەندروستی یەکتر و سەردانی نەخۆش سۆزیان لێدەباری و گوند بە گوند و شار بەشار دەرۆیشتن و خۆشەویستیان بەیەکدی ئەبەخشی..


09 پێمان دەڵێ مەترسی دەستدرێژی بۆ سەر جەستەی هەر یەکێمان لە ئارادایە.. مەترسی نەک هەر بۆ سەر جەستەی مرۆڤە بێچەک و ئاساییەکان بەڵکو بۆ سەر کچ و مناڵی دەسەڵاتداران و دەزگاکانی زەبروزەنگی وەک پۆلیس و ئاسایش..
09 پێمان دەڵێ هۆشدار.. هۆشتان بە خۆتانەوە بێ.. نوخبەو دەستەبژێر وەک جاران نەماوە.. گەر جاران دکتۆر وەک فریشتەیەکی ئاسمانی رێزیدەگیرا ئێستە لێیدەوەشێتەوە ببێتە دڕندەیەکی پیاوکوژ و نزیکە لەوەی جەستەی ئازیزترین کەسی خۆی هەڵدڕێ بۆ پارەو سامان..


فیلمی 09 پەیامێکی جدی و هۆشدارێکی پێشوەختە بۆ کۆمەڵگای کوردستانی تا لە ڕێگای هونەرێکی باڵاو ناوازەوە پێمان بڵێ سەردەمی پۆست کاپیتالیزم و ئنفۆرماتیک سەردەمی گەیشتنی مرۆڤە بە قۆناغی دڕندەیی و بێڕەحمی و دورکەوتنەوە لە مۆرالە ئاینی و ئەخلاقی و فەلسەفیەکانی سێ هەزار ساڵی رابوردو...

09 پێمان دەڵێ خۆتان ئامادەکەن بۆ قۆناغی ئاسن... قۆناغی باخی عەدەن و بەهەشتی پێکەوەژیانی ناو گژوگیاو ڕاوکردن و کشتوکاڵ بەسەرچو...

پێماندەڵێ تەنانەت سەردەمی "پارە" ش کە ببوە بتی دەولەمەندان و خوای سەرمایەداران لە ئاوابوندایە چونکە ئێستە ئیتر لە جەوهەردا شەر لەسەر خودی پارە نیە بەڵکو شەرە لەسەر تەمەن و درێژبونەوەی تەمەن بۆ دەولەمەندان و سەرمایەداران.. پارە تەنها بۆ تاوانکار و مرۆڤکوژ و پاتاڵەکان مانایەکی ماوە دەنا کرۆکی ململانێکە فەوتاندنی فیزیکی گروپێک مرۆڤی بێدەسەڵاتە بۆ درێژکردنەوەو خۆشژیانی گروپێکی تری خاوەندەسەلات..
09 بە بە زمانێکی هونەری پێمان دەڵێ کە نوخبەی سەرەوەی کۆمەڵگا ( کە لە فیلمەکەدا دکتۆر ئالان_ شوان عەتوف نوێنەرایەتی دەکات) دودڵ و ڕاڕایە بەرامبەر بەم تاوانکاری و مرۆڤکوژیە.. بەڵام لە گشت حالدا پێت دەلێ تاوانەکە بەو جۆرەیە کە نمایشی دەکات.. ماخۆلانی دکتۆر ئالان و گیر خواردنی لە نێوان سیانەی:

عشق ( بۆ چرۆ) + خیانەت( لە هاوسەری) + مرۆڤکوژی(فرۆشتنی گورچیلەی خەلک) قوڵایی ئەو دۆخە نەفسی و فەلسەفیە نیشانئەدات کە نوخبەی سەرەوەی کۆمەڵ لە ئاستی جیهانی بە گشتی و ناوچەکەی ئێمەدا بە تایبەتی توشی هاتوە..

ئەم بابەتە زۆرتر هەڵدەگرێ..
لە کۆتاییدا لە ناخی دڵەوە دەسخۆشی لە گشت بەرێزان : دەرهێنەرو ئەکتەرە خۆشەویستەکان و ستافی بەشداربوی 09 دەکەم و چاویان ماچ ئەکەم.. بە هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن