پۆپۆلیزم لە قۆناغی بوختانچێتیدا...
6/13/2020 7:09:00 PM
بابەكر دڕەیی
بابهكر دڕهیی
پۆپۆلیزم، بەو مانایەی کە درۆو ڕاستی تێکەڵ بکەی
بۆ هەڵخراندنی خەڵک و هاندانیان بۆ جوڵە یان ئامانجێکی سیاسی، لە کوردستاندا گەیشتۆتە
حاڵەتێکی ترسناک.
پۆپۆلیزمی کوردی وەک هەر دیاردەیەکی خۆرهەڵاتی،
ئاوێتە بوە بە زبری و توندوتیژی و بێ هیچ ڕەحم بەزەیی و بیرکردنەوەیەک، ئەوەی دێتە
بەرچاوی دەیکوتێ و جوێنبارانی ئەکات..
هێندە بەسە پەیجێکی سێبەر قسەیەکی کراو یان نەکراوی
سیاسیەک یان بەرپرسێک بخاتە بەر فلاش و پلاجکتۆرێکی لێبدات، ئیتر باران و لێزمەی
سوکایەتی و ریسواکردن لەڕێی کومنت و سەرنج و قسەی ڕەق و ناشرینەوە وەک تەرزەی بەهاران
دائەبارێ و وزەو کاتێکی زۆری دەوێ تا بەرپرسی ناوبراو لە ژێر کوتەکی پۆپۆلیزمی شەڕانی
کوریدا پشت ڕاستکاتەوە..
ئەم پۆپۆلیزمە ترسناکەو ماڵی کورد وێران دەکات...
ئەم پۆپۆلیزمە لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە
مشتوماڵ دەدرێ و عاقیبەتەکەی ماڵوێرانیەکی زۆرتر دەبێ لە شەڕی براکوژی..،
من شاهیدی شەڕی براکوژی بوم و لە چەندین شوێنی
تریش وتومە کە ئەوانەی شەڕیان هەڵایساند، تەنیا ئەو فەرماندەو بەرپرسانەی خوارەوە
بون کە بە هەڵە یان بە ڕاست پێیان وابو دەبێ پارتی و یەکێتی شەڕبکەن تا ئەوان ( هەر
خودی ئەوان) سودی زیاتری مادی و مەعنەوی بکەن.
میدیای سێبەری یەکێتی و پارتی، ئەمجارەیان بە
هوشیاری تەواوەوە، بەوپەڕی قەناعەتەوە ئەزانن کە کردەوەو پراتیکیان ناڕاستەو وتنی
حەقیقەت نیە، بەڵام بۆ خۆبردنەپێش و بۆ دەسکەوتنی پارەوپول، ئەم یاریە نەگریسە بەرەوپێش
دەبەن و بەو حوکمەش کە میدیای ڕاقی و ڕەسمی حزبەکانیان ناتوانێ بێتە ئاستی ئەوان و
لە هەمان کاتدا ناتوانێ لە پرۆتۆکۆل و ڕەسمیات و بەرژەوەندە ڕاستیەکانی دو حزب دەرچێ،
بازاڕی ئەمان تادێ گەرمترو گەرمتر دەبێ و واوەیلا بۆ ئەو کەسەی بکەوێتە بەر پەلامارو
هایلایتی ئەم ئەژدیها سێبەرەی دوحزبی کۆنی وڵاتمان...
میدیای سێبەری یەکێتی و پارتی چۆتە قۆناغی
بوختانکردن و چەواشەکردن و گەوجاندن ی خەڵک...
با هەمومان پێکەوە بەدەنگی بەرز بە یەکێتی و
پارتی بڵێین:
میدیای سێبەرتان بازیداوەتە قۆناغێکی ترسناکەوە..
ڕاستە لەم شەڕە میدیاییەدا فیشەک و قەنناسە ناتەقێنرێ و بە جەستە کەس ناکوژرێ، بەڵام
بە دڵنیایێەوە قوربانیانی ئەم شەڕە پیسە، پێش هەموکەس، سەرکردەکانی هەردو حزبن و بە
چەکێک بریندار دەکرێن کە زۆۆر لە فیشەک بەئازارترە کە ئەویش چەکی " وشە"
و وەسفی ناڕاست وناحەقیقیە...
شەڕی نەگریسی پۆپۆلیزمی بوختانچی بوەستێنن..
ئەو چەکە پێش هەموکەس سەری ئەو کەسانە دەخوات کە
بودجەی بۆ تەرخان دەکەن...