762وتار

کابینه‌ی کیمیاگه‌ر

1/15/2019 1:10:00 PM
بابەكر دڕەیی

ماوه‌ی چه‌ند مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام تائێستا کابینه‌ی حکومه‌ت پێکنه‌هاتووه‌، به‌جۆرێک که ‌دواکه‌وتن له ‌پێکهێنانی کابینه‌ بوه‌ته‌ جێگای گله‌یی و سه‌رنجی خه‌ڵک و به‌شێک له ‌میدیاکان وه‌ک حاڵه‌تێکی کۆمێدی له ‌گۆشه‌ی لای راستی که‌ناڵه‌کانه‌وه‌ رۆژژمێریان بۆداناوه‌ و ده‌یانه‌وێ له‌و رووه‌وه‌ شکست یاخود که‌مته‌رخه‌می نوخبه‌ی سیاسی حزبه‌کان بخه‌نه‌وه‌ به‌رچاوی جه‌ماوه‌رو لاقرتێی پێبکه‌ن .


ئاشکرایه‌ ده‌بێ کابینه‌یه‌کی جێبه‌جێکار به‌پێی یاسا بۆ بردنه‌ پێشی ژیانی هاووڵاتیان و داموده‌زگاکان و کۆمپانیاکان و کۆی پرۆسه‌ی ژیانی کارگێڕی و سیاسی وڵات پێکبێت و کاره‌کان به‌شێوازی خۆی ببات به‌ڕێوه، راسته‌ ئێستا کابینه‌یه‌ک هه‌یه‌ و ژیانی هه‌رێم نه‌چوه‌ته‌ حاڵه‌تی سه‌هۆڵبه‌ندان، به‌ڵام له‌به‌رچاوی هه‌مووان روونه‌ که ‌خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌ بۆیه‌ چوونه‌ته‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان تا په‌رله‌مانێکی نوێ و کابینه‌یه‌کی نوێ تاقی بکه‌نه‌وه‌و هه‌نگاوێکی تر له ‌ژیانی خۆش و سه‌قامگیرتر نزیک ببنه‌وه‌.
قسه‌ی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ له ‌بناغه‌وه‌ له‌سه‌ر خودی پێکهێنانی حکومه‌ت و کابینه‌ نه‌بوو...


ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌ پێشه‌کیه‌کی ناچارین، که ‌هه‌موو قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستێک بۆ روونکردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌کانی په‌نایان بۆده‌بات .
ئه‌سڵ و ریشه‌ی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ بۆئه‌وه‌یه‌ به ‌خوێنه‌ران بڵێم ئایا ئێمه‌ کابینه‌یه‌کی به‌رچاو تاریک و شل و خاومان ده‌وێت یان کابینه‌یه‌کی جێبه‌جێکاری توند و تۆڵ و به‌رچاو روون ؟
له ‌رۆژ روونتره‌ له ‌ئێستای کوردستاندا کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی گه‌وره‌و ریشه‌یی ئابوری و کارگێڕی هه‌ن سه‌رباری کێشه‌ سیاسی و هه‌نوکه‌ییه‌کان .


له‌باری ئابوورییه‌وه‌ تائێستاش کێشه‌ی نه‌وت یه‌کێکه‌ له ‌کێشه‌و گرفته‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی وڵات، چ له‌ناو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی پێشوودا، چ  له‌نێوان ئه‌وان و ئۆپۆزسیۆندا، گرفته‌که‌ش له‌وه‌دایه‌ ئاخۆ ئه‌و داهاته‌ سه‌ره‌کییه‌ی وڵات: چۆن ده‌رئه‌هێنرێ، چۆن ده‌فرۆشرێ و چۆن چۆنیش داهاته‌که‌ی هه‌ڵئه‌گیرێ و ده‌خرێته‌ خزمه‌تی خه‌ڵکه‌وه‌؟
تائێستا سندوقی داهاته‌ نه‌وتییه‌کان دیارنیه‌ به‌کوێ گه‌یشتووه‌، زۆربه‌ی ده‌زگا میدیاییه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن باس له ‌هه‌بوونی (300) بیری نه‌وت ده‌که‌ن که‌ به‌قاچاغ و ناقانونی کاریان تێدا ده‌کرێ.


هه‌ر خودی هه‌بونی (300) بیری نه‌وت له ‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت یاخود له ‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی بایه‌خپێدانی حکومه‌ت شه‌رعیه‌ت و قورسایی حکومه‌ت ده‌خاته‌ ژێر پرسیاری جدیه‌وه‌، نه‌ک حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵکو هه‌ر ده‌زگایه‌کی کارگێڕی له‌هه‌ر کونجێکی دنیادا کاتێک چاوپۆشی له‌ داهاتێکی وا زه‌به‌لاحی میلله‌ت بکات ناتوانێ ناو له ‌خۆی بنێ حکومه‌ت و ده‌زگای جێبه‌جێکار.
له‌م رووه‌وه‌ هه‌نگاوی ئه‌وپه‌ڕی توندو تۆڵ و قایم و روون پێویستن به‌جۆرێک له‌به‌رچاوی میدیاکان و خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ سزای توند بسه‌پێنرێ به‌سه‌ر که‌للـە شه‌ق و قاچاخچیه‌کاندا و یاسایه‌کی تۆکمه‌ و عادیلانه‌یان به‌سه‌را بسه‌پێنرێت.


له‌باری کارگێڕیه‌وه‌ گه‌نده‌ڵی یان به‌واتایه‌کی تر ناکارایی و ته‌وه‌زه‌لی و ته‌پلۆسی ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت بونه‌ته‌ قسه‌ی سه‌رزاری خودی ئه‌وانه‌ش که‌ خۆیان به‌شێکن له‌گه‌نده‌ڵی و ته‌وه‌زه‌لی و ناکارایی و ته‌پلۆسیه‌که‌، ئه‌سڵه‌ن وادێته‌ به‌رچاو که‌ کۆی مناڵه‌ لاساره‌کان چاوه‌ڕێی باوکێکی توندو عادلن که ‌به‌ زه‌بری یاسا و ده‌زگا تایبه‌ته‌کان هه‌موان بێنێته‌وه‌ سه‌ر رێگای راست و ئه‌م بازاڕی ته‌وه‌زه‌لی و که‌مته‌رخه‌مییه‌ کۆتایی پێبهێنێ.
که‌مته‌رخه‌می و ته‌وه‌زه‌لیه‌ک که‌ هه‌موو قورسایی حکومه‌ت و ده‌وڵه‌تی هێناوه‌ته‌ سه‌ر سفر و هیچ که‌س (ته‌قریبه‌ن هیچ که‌س) شک نابه‌ی بتوانێ و بوێرێ دانێکی خێر به ‌حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ده‌زگاکانیدا بنێ.


هه‌بوونی هه‌زاران خانه‌نشینی ناهه‌قی به‌عه‌سکه‌ری و مه‌ده‌نی، هه‌بوونی هه‌زاران مووچه‌خۆری حزبیی ساخته‌و درۆ، هه‌بوونی هه‌زاران کارمه‌ندی بێ که‌ڵک و ته‌وه‌زه‌لی دارزاو ئه‌م وڵاته‌ی خستۆته‌ سه‌ر لیواری هه‌ڵوه‌شان و داڕزان .
ئێمه‌ حکومه‌تێکمان ده‌وێ ئه‌م داڕزان و داته‌پین و وێرانیه‌ به‌ده‌ستێکی پۆڵاینی عاقڵانه‌، به‌ گفتوگۆی جدی له‌گه‌ڵ ژن و پیاوه‌ کارامه‌کان به‌به‌رچاو روونییه‌کی ئه‌کادیمیه‌وه‌ به‌ره‌و که‌ناری شارستانیه‌ت و سنوری قانون و یاسا پێشڕه‌وی پێبکات .


زاناکان شێوازه‌کانی ره‌هبه‌ری و سه‌رکرده‌ییان کردۆته‌ حه‌وت به‌ش: هه‌لپه‌رست، سیاسه‌تپیشه‌، پسپۆڕ، ئه‌نجامگه‌را، تاکگه‌را، ستراتیژیست، و کیمیاگه‌ر .
گەلی ئێمە لە ئاستی عراقی و کوردستانیدا زۆربەی جۆرەکانی سەرکردەیی و ڕەهبەریان تاقیکردەوە:


هەڵمەتەکاسەو هەلپەرستمان بینی کە هەموو هاوڕێکانی ئەهاڕێ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، سیاسەتپیشەمان دی کە بۆ مانەوەی لە دەسەڵات دڵی هەموان ڕازی ئەکات،  لە هەنێ جۆری تری ڕەهبەریش بێبەشبوین و شانسمان نەیهێنا بەچاوی خۆمان پێشکەوتنی گەلەکەمان ببینین...
ئێستا پێویستیمان بە کابینەیەکی کیمیاگەرە... کیمیاگەر بەو واتایەی بتوانێ بەدڵ و ڕوح بچێتە ناو خواستەکانی گەلەوەو ڕوحە تێکشکاوەکان و ئومێدە نوستوەکان خەبەر کاتەوە...
کابینەیەک و ڕەهبەریەک بتوانێ مس و تەنەکە ژەنگاویەکان بگۆڕێ بۆ ئاڵتون و لە مرۆڤە تەمبەڵ و ناکاراکان مرۆڤی پڕئومێد و ئازاو خاوێن و بەرچاوڕون دروستبکات...


کابینەیەکی کیمیاگەر کە دەست بحاتە سەر برینە قوڵەکان و لە ڕێگای نوشدارویەکی پێشوەختەوە ڕێ نەدا گەلی قوربانیدەرو ماندوی ئێمە لەوە زیاتر بناڵێنێ و پەنا بۆ کڕوزانەوەو ئاوارەیی بەرێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن