مرۆڤایەتی لە ئەفریقاوە !
1/13/2024 7:44:00 PM
بابەكر دڕەیی
هەلویستی دەولەتی ئەفریقای باشور دژی سیاسەتی رەشەکوژی و قڕکردنی فەلەستینیەکان لە لایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە، بۆتە جێی باسوخواسی زۆرینەی دەزگا میدیایی و سەنتەرەکانی تویژینەوەو بریار لە ئاستی دنیا.
حکومەتی ئەفریقای باشور لە داوایەکی یاسایی هەشتاوچوار لاپەرەییدا کە پیشکەشی دادگای دادی نیودەولەتی کردوە، خوازیارە حکومەتی ئیستەی ئیسرائیل لەسەر سیاسەتی جینۆساید( قڕکردنی دەستەجەمعی) دژی فەلەستینیەکان بخرێتە ژیر لێپرسراوەتی و هەمو ئەو ریکارانەی کە پێشێلکردنێکی یاسایی لەو جۆرە دەیانگرێتەوە بەسەر حکومەتی نەتانیاهۆدا بسەپێنرێت.
ئەوەی لەم پێودانگەدا جێی سەرنجە چەن خاڵیکە لێرەدا ئاماژەیان پێدەدەین:
یەکەم: کۆی جیهانی سەرمایەداری لە قەیرانێکی قوڵدا بەسەر ئەبات. قەیرانی دنیای سەرمایەداری تەنێ پەیوەست نیە بە قەیران و تەنگژەی ئابورییەوە کە بیگومان لە هەموان کاریگەرترە، بەلکو قەیرانیکی کلتوری و سیاسی و تەنانەت روحیە کە بە حوکمی بالادەستی گروپ و پارتە راسترەوەکان تا دێت برینی « بێهەستی ئینسانی» قولتر دەبێتەوە..
چەندین دەیەیە لە کامپی خۆرئاوا بە رابەرایەتی ئەمریکا، هەبونی هەستو سۆزی ئینسانی بەرامبەر بە گەلانی ژیردەستە، بەرامبەر بە هەژارانی ئەفریقاو جیهان، بەرامبەر بە ستەملیکراوی چین و تویژە کەمدەرامەتەکان، بۆتە میوەیەکی دەگمەن و ، بە قایمتربونی پێگەی هۆشمەندی دەسکرد و شەپۆلی ئەلکترۆن لە ئاستی گلۆبالیدا، ئەم دۆخە بێهەستی و بەئامێربونەی مرۆڤ گەیوەتە ترۆپکی خۆی،
ئەمریکاو ئیسرائیل وەک دو حکومەتی راسترەو و ستەمکار لە ئاستی جیهانی و ئیقلیمیدا، وەک دو هاوپەیمان، لەو ریژە کەمەی دەوڵەتانی جیهان بون کە تا دوا هەناسە داکۆکیان لە حکومەتی نەژادپەرست و دژەئینسان وستەمکاری ئاپارتاید کرد لە ئەفریقای خوارو، ئیستاش هەمان ئەو دو دەوڵەتە لە یەک ریزدا وەستاون بۆ دریژەدان بە ستەم و ناهەقی و زۆرداری دژ بە ئیرادەی جیهانی و گەلی فەلەستین.
دو: ئەفریقای خوارو وەک دەولەت میراتگری سیاسەت و پرەنسیپە مرۆڤدۆستیەکانی پارتی کۆنگرەی ئەفریقا و نیلسۆن ماندیللای رابەریەتی.
ماندیلا دوای بیستوحەوت ساڵ زیندانی لە لایەن حکومەتی ستەمگەرو زۆرداری سپیپێستەکانەوە قسەیەکی بە گوێی زالمانی دنیادا چرپاند
:« دەبەخشین بەڵام بیرمان ناچێتەوەwe forgive but never forget »
هەلویستی حکومەتی ئیستای ئەفریقای باشور دەریخست کە بەراستی دەبەخشن بەڵام ستەم و زۆرداری و جیاکاری نەژادی و نەتەوەییان بیرناچێتەوە.
دروشمی « دەبەخشین بەڵام بیرمان ناچێتەوە» بە تەواوی مانا دەریئەخات کە مرۆڤدۆستی و داکۆکی لە ژیان و مان و کەرامەتی ئینسانی، ئەگەر لە سەنتەرە گەورەکانی سەردەمی رۆشنگەری و رینیسانسی جیهانی باریکردوەو نوخبەی دەسەلات و پارە داکۆکی لێناکەن، ئەفریقای رەشپێست و کۆیلە غەدرلێکراوەکانی دوێنێ ئامادەن لە دادگایەکی جیهانیشدا هەموان شۆک بکەن و ستەمکاران و زالمان بهێننەوە هۆش.
سێ: داوای یاسایی ئەفریقای باشور دژی حکومەتی ئیسرائیل سەرکەوتوبێت یان شکست بخوات لەو راستیە ناگۆڕێت کە هەژمونی و کەڵەگایی نوخبە راسترەوەکانی ئەمریکاو خۆرئاوای پالپشتیان روو لە کۆتاییەو مرۆڤ بە گشتی ئاراستەیان رووی لە هوشیاربونەوەیەکی گلۆبالیەو هیچ هیزو دەولەت و لەشکرێک ناتوانێ تەگەرەی حەتمی بۆ دروست بکات،
رەوانەکردنی کەیسێکی ٨٤ لاپەرەیی دادخوازی دژی حکومەتی ئیسرائیل لە لایەن نەوەو هاوریکانی ماندیلا وە سەرباری مانا واقعی و عەمەلیەکەی بۆ ئیسرائیل و کۆی پشتیوانە دڕندەکانی، ئەو مانایەش دەبەخشێت کە ئیدی حکومەتە سەرکزو پاتاڵ و کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەش لەمەودوا شەرم دەیانگرێت و بەزەحمەت دەتوانن حوکمرانی بەسەر ئەو گەلانەدا بکەن کە بە چاوی خۆیان دەبینن لە دورترین خاڵی جوگرافیایی ئەفریقاوە رەشپێستەکانی نەوەی قارەمانێتی و ئازادیخوازی حزبی کۆنگرەی ئەفریقا وەدەنگ هاتون بەلام دەسەلاتدارانی ئەوان خەریکی کاسبی و بزنسن لەگەل داگیرکاران و زالمانی گەلەکەیاندا.
بۆ وردەکاری سەبارەت بە پشتگیری زۆرینەی ولاتانی جیهان لە داوا یاساییەکەی ئەفریقای خوارو تکایە سەیری ئەم راپۆرتەی ئەلجزیرە بکەن.
https://www.aljazeera.com/amp/news/2024/1/9/which-countries-back-south-africas-genocide-case-against-israel-at-icj