پەرلەمانی ٢٠٢٥
10/18/2024 1:59:00 PM
بابەكر دڕەیی
پەرلەمانی داهاتوی کوردستان (دەنگدان لە ٢٠ی ئۆکتۆبەر ) بە حوکمی ئەم خاڵانەی
خوارەوە جیاواز دەبێت لە کۆی ئەو پێکهاتە پەرلەمانیەی لە سیوسێ ساڵی ڕابوردودا لە
چەن خولێکدا پێکهات وماوەکەی درێژکرایەوە.
هۆکارەکانی جیاوازبونی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان:
یەک: هەبونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز لە پەرلەماندا.
پەرلەمانی ئەمساڵ بەلانی کەمەوە چل کورسی دەبێتە کورسی هێزە ناڕازیەکانی وڵات.
حزب و جوڵانەوەکانی وەک نەوەی نوێ، بەرەی گەل، بەرەی هەڵوێست و بزوتنەوەی گۆڕان ،
هەروەها هەردو حزبی ئیسلامی کۆمەڵ و یەکگرتو پێکەوە دەتوانن ببنە بەرەیەکی فراوان
و خاوەن پرۆژەی وا کە هەرگیز پارتەکانی دەسەڵات
ڕوبەڕووی نەبونەتەوە... هێزە ناڕازیەکانی کوردستان ، هەریەک لە جێی خۆیان ، خاوەنی
بەرنامەو کەسایەتی دیارو پرۆژەی چاکسازین و لە مەودای ساڵانی ڕابوردودا بە ئەندازەیەک لە ململانێی شەقام و میدیاو پەرلەمانیدا قاڵبونەتەوە
کە پارتی و یەکێتی، وەک دو حزبی خاوەن ئەزمونی زیاتر لە چوار دەیە لە حوکمڕانی شاخ
و شار، زەحمەتە بتوانن بە شێوازەکانی جاران ( داخستنی پەرلەمان، هاوپەیمانی ستراتیژی
نهێنی، سەپاندنی زۆرینە هتد) هەژمونی خۆیان بەسەر دەسگای یاساداناندا بسەپێنن.
دو: کاریگەری لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان:
بە هۆی شکستی ریفراندۆمی ٢٠١٧و لەدەستدانی سەدی پەنجای خاکی کوردستان، سەنگ و
قورسایی هەردو هیزی دەسەلاتداری کوردستانی تا رادەیەکی زۆر لە ئاستی عیراقی و ئیقلیمی
و پەرلەمانیدا هاتۆتەخوار.
دوای ریفراندۆم و لەدەستدانی کەرکوک و ناوچەکیشەلەسەرەکان ، هەژمونی بەغدا
بەسەر کوردستانەوە بەتەواوی زیادی کردو دەزگاکانی وەک دادگای فیدراڵی و پەرلەمانی
ناوەند بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە سەبارەت بە سیستمی ئیداری و یاسایی و ئابوری
کوردستان دەستوەردان ئەکەن و بواری مانۆڕو گەمەی سیاسی بۆ حکومەتی هەریم بەتەواوی
بەرتەسک کراوەتەوە، ئەم حاڵەتە فەزای پەرلەمان بۆ دو حزبی خاوەن دەسەلاتی پێشو بە
تەواوی تەماوی و گرژ و بەرتەسک دەکات و دەنگیان
ئەو دەنگە نابێت کە پێش رفراندۆم و پیش شانزەی ئۆکتۆبەر لە ناو ئەنجومەنی نیشتیمانی
هەیانبو.
سێ: قەیران و شکستی ئابوری سەربەخۆ:
شکستی ئابوری سەربەخۆ و فروشتنی نەوتی کوردستان بەدەر لە یاسا کارپیکراوەکانی
عیراق و بەدەر لە چاودێری دەسگا پەیوەندیدارەکانی ناوەند و ناوخۆ، دەسەلاتدارانی
حکومەتی هەریمی خستۆتە دۆخیکەوە کە تەنانەت
خۆیشیان بە تەواوی لێی وەرزو هیلاکن.. شکستی «ئابوری سەربەخۆ» بەو میتۆدەی لە « گریبەستی
پەنجا ساڵە» ی نهینی نیوان بەشیک لە دەسەلاتدارانی هەریم و تورکیادا مۆرکراوە، بە
ئەندازەیەک قەیرانی متمانەی لە نیوان خەلک و حکومەت و هەریم و ناوەنددا دروستکردوە
کە بۆ پەرلەمانتارانی دو حزبی دەسەلات لە پەرلەمانی ٢٠٢٥ دا ئیجگار قورس دەبێت داکۆکی
لە سیاسەت و پرەنسیپەکانی ئەو جۆرە لە گریبەست و پیکهاتنە ژیربەژیریە بکەن.
چوار: دۆخی ئابوری و کارگیری ولات :
هەبونی یەک ملیۆن
و چوارسەد هەزار کەسی موچەخۆر لە کوردستان ( بە ئەندازەی بەریتانیای حەفتا ملیۆنی!) کارێک دەکات کۆی پرۆسەی بەریوەبردنی ولات سەرلەنوێ
بخریتەوە بەر پیاچونەوەو هەردو حزبی دەسەلاتدار لە پەرلەمان و دەرەوەیدا بکەونەوە
بەر چەکوچکاریەکی سەخت و بیئامان لە لایەن حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە لە پیناوی سەرلەنوی
ریکخستنەوەی کۆئ ژیانی کارگیری ولات و پاککردنەوەی لیستی موچەخۆران لە کەسانی گەندەو
بیخێرو نارەوا.
پێنج: پەیوەندی یەکێتی و پارتی:
پەیوەندی حزبی یەکیتی و پارتی لە سەردەمی رفراندۆم و شانزەی ئۆکتۆبری ٢٠١٧
وە گۆڕانی ریشەیی بەسەردا هاتوە. ئەم گۆرانە باڵی کێشا بەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی حەوت
ساڵی رابوردو و هەلمەتی هەڵبژاردندا.. پەیوەندیەکانی ئەم دو حزبە هاوپەیمانە تەنها
لەو کاتەدا ئاسایی و دۆستانەیە کە مەترسی جدی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان یاخود ئەگەری مەترسی راپەرین و نارەزایەتی جەماوەری
فراوان لەئارادا بێت، بەدەر لەو دو حاڵەتە ، بەتایبەت دوای کۆچی مام جەلال ، پەیوەندی
ئەم دو هیزە هەرگیز ناچیتەوە دۆخی جاران و سەردەمی پێش رفراندۆم... لەو سۆنگەیەوەو
هەروەها بە هۆکاری تری ئیقلیمی و جیهانی( پەیوەندی هەرکام لەو دو حزبە بە ئیران و
تورکیاوە) ئەگەری زۆر هەیە پەرلەمانی داهاتو شایەتی جۆرێک لە « نیگەرانی» و تەنانەت
« فەوزا» ی متمانە بیت لە نیوان هەردو هیزی کلاسیکی دەسەلاتدا و ئەوەش ریگا خۆش دەکات
بۆ پەنابردنی هەرکام لەو دو لایەنە بۆ هاوپەیمانی و ریکەوتن لەگەڵ هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکان
و سەرەنجام پەسندکردنی ئەو پرۆژانەی لە قازانجی کۆی دانیشتوانی کوردستانن .
شەش: ئازادی یان ئاوەدانی؟
یەکێتی و پارتی هەرکامیان بە جۆرێک دروشمی بنچینەیی خۆیان بە خەڵک ناساندوە:
دروشمی بناغەیی پارتی و نوێنەرە یاساییەکانی هەمیشە بریتی بوە لە "ئاوەدانی"، لە کاتێکا مەشخەڵی سەرەتاو کۆتایی یەکێتی جەختکردنە
لە چەمک و ڕێزگرتن لە " ئازادی"..
سەرباری کۆی سیاسەت و پراکتیکی چەوت و هەڵە و ناڕاست و پڕ لە گرفتی ستەمکاری
و وێرانسازی ینک و پدک، دەشێ هەرکام لەو دو حزبە لە لایەن یەکترو لە لایەن حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە
قۆڵیان بابدرێت ئاخۆ بە ڕاستی و بە کردەوە چیان کردوە بۆ ئازادی و ئاوەدانی؟ ئایا
ئەوەی ئیدارەی پارتی لە زۆنی زەرد(ی جاران) و یەکێتی لە زۆنی سەوز(ی جاران) ئەنجامیانداوە لە ئاست ئەو داهاتە زۆرو هوشیاریە
بێسنورەی خەڵکی کوردستانە یان قسەو دروشمەکانیان هەر بۆ ڕیکلام و فریودانی جەماوەرو قایمکردنی دەسەڵاتی ئەبەدی و بنەماڵەیی خۆیانە.
ئۆپۆزیسۆنی داهاتو دەتوانێ هەر بە دروشمەکانی خۆیان، یەکێتی و پارتی بخاتە
ژێر باری لێپرسراوەتیەکی قورس کە زەحمەت بێت بتوانن بە ئاسانی شانی خۆیان لە ژێریا
خاڵی بکەنەوە.
پەرلەمانی داهاتوی کوردستان بە هەمو لێکدانەوەیەک جیاوازە لەو پێکهاتە پەرلەمانی
ویاساییەی ٣٢ساڵی ڕابوردوی کوردستان بەخۆیەوە بینیوە... هیوادارین هەردو گروپی دەسەڵات
و ئۆپۆزیسیۆن لە ئەرکی مێژوویی خۆیان تێبگەن
و بزانن سەرەنجام ئەوانیش وەک کۆی مرۆڤەکانی سەرزەوی دەڕون و ناگەڕێنەوە..