416وتار

خەباتی مەدەنی

1/19/2021 11:52:00 AM
بابەكر دڕەیی

 رۆژی 17ی شوباتی 2011  یەکەم  رۆژی پەخشی کەناڵی NRT   بوو.

وەک دواتر زانرا، بڕیارنەبوە کەناڵەکە لە 17ی شوباتدا دەسبەکاربێ، بەڵام خۆنیشاندانەکانی بەردەم لقی چوار و پەیابونی گرژی ناوشار، دەسپێکی NRT  خێراتر دەکات.

خۆنیشاندانی رۆژی 17ی شوباتی 2011  کەم و زۆر پەیوەندی بە بڕیاری پێشتری بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەبوو.

ئەوەی کێ هانیداو چۆن چوە بەردەم لقی چواری پدک و چۆنچۆنی گەیەنرایە توندوتیژی، هێشتاش لە پەردەی نهێنیدان..

لەو رۆژانەدا زۆرکەس بۆ زانیاری دروست سەبارەت بە نیەتی گۆڕان بە تلفۆن پەیوەندیان پێوەدەکردین.

ئێوارەی 17ی شوبات، واتە دوای سەرهەلدانی خۆنیشاندانەکان و بلاوبونەوەی هەوالی هاتنی هێزی زێرەڤانی بۆ سلێمانی، NRT  تلفۆنیان کرد تا سەبارەت بە دۆخەکە قسەیان بۆ بکەم.

هەولم دا لە ناو قسەکانمدا جگە لە روداوی خۆنیشاندانەکە پانتاییەکی باش بدەمە هاتنی هێزە سەربازیەکەی پارتی چونکە زۆربەی گومانەکان ئەوە بو کە بۆ داگیرکردنی گردەکە و داخستنی KNN دێن.

گفتوگۆکەمان راستەوخۆ پەخشکرا و وەک دواتر زانیم زۆر لە گۆرانخوازەکان بە هۆی بیستنی هەوالی هاتنی زێرەڤانیەوە هاتبون بۆ پارستنی گردی زەرگەتە.

تادەهات گردەکە قەرەبالغتر دەبوو.

دۆخێکی ئێجگار ئالۆز و پڕ لە گرژی و تارمایی بۆ گۆران هاتبوە ئاراوە بێئەوەی دەسی لە پلانێکدا هەبوبێ دژی کەس.

دوای نیو سەعات چومە سەردانی کاک نەوشیروان لە خانوەکەی گردی عەلی ناجی.

دنیا تاریک ببو.. کاتێک لە گردەکە دەرچوم هەستم بە نزیکبونەوەی مەترسی و شەڕێکی نوێ کرد چونکە ئەمبینی خەڵک  پۆل پۆل، چەکدارو بێچەک بۆ پاراستنی گردەکە سەرئەکەوتن.

کاک لە ژوری میوان نەبو. لە ژورێکی تری لای راستی میوان بەخێرهاتنی کردم. سەیرێکی کاک مستەفا سەید قادر و کاک ملازم عومەر ی کرد و وتی:
 باشبو هاتی.. ئیشم پێتە.

چەن خولەکێک قسەی کرد سەبارەت بە دۆخەکە. بەشێک لە قسەو بڕیارەکەی بەم جۆرە بو:
بگەرێرەوە بۆ گردەکە. هیچ کەسێکی چەکدار لەوێ مەهێڵن. هەولدەن بە ئارامی گردەکە چۆل بکەن لە کەسانی تفەنگ بەدەست. گەر هاتنە سەرمان با بێنە سەر کەسانی مەدەنی. ئێمەنامانەوێ لە گردەکە شەڕ بکەین.
یەکسەر هاتمە دەرەوە.

لە دەرگا دەرنەچوبوم لێپرسراوی پێشمەرگەکان (کاک ئسماعیل عەبدوللە) تەلفۆنی کرد وتی کاک ئیشی پێتە مەرۆ.
گەرامەوە.
بینیم خۆی هاتبوە حەوشە.
وتی. شتێک مابو پێت بڵێم... هەوڵدەن هەرچی سەیارەی لێیە بیانخەنە سەر جادەکانی ناو گردەکە بۆ ئەوەی زێرەڤانی نەتوانن بە ئاسانی سەرکەون و تاڵانی بکەن.
منیش هەنێ قسەم کرد و دەرچوم.

@@@@@@@@@@@@

گردەکە جمەی ئەهات.
سەدان چەکدار بە قەناس و چەکی جۆراوجۆرەوە دەهاتن و دەچون.
ژوری کاک نەوشیروان و کاک عمر سەید عەلی جێی کەسی تر نەدەبۆوە.
هاورێکان و لێپرسراوەکان زۆرینەیان لەوێ بون.
 بەچپە بڕیارەکەم بە کاک عومەر و کاک عوسمان گەیاند.
مام رۆستەم و کاک کوردۆ قاسم و زۆری تریش بڕیارەکەیان بیست.
هەنێکیان بە مۆنی.. هەنێک بە جۆرێک لە ئیهانە وەریان گرت.
هەوڵماندا مام رۆستەم قەناعەت پێبێنین کە بە خەڵک رابگەیەنێ ئێمە لێرە شەڕناکەین و گردەکە لە چەکدار چۆڵکەن.

فەرماندەکان و بەشێکی تریش لە هاورێکان شۆک ببون.
وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەیان زۆر بەلاوە ئەستەم بو کە:  چۆن دەکرێ و چۆن رەوایە هێزێکی سەربازی پەلامارت بدات و تۆش جێگەکەت چۆڵ بکەیت و شەڕ نەکەی؟

بۆیان قوت نەدەچوو. ئەوانەی خەڵک و پێشمەرگە گوێی بۆ دەگرتن  و ڕێزیان دەگیرا، لایان ئاسان نەبو ئەم بڕیارە قورسەی نەوشیروان مستەفا بۆ شەڕنەکردن و خەباتی مەدەنی و ئاشتیانە بڵاوبکەنەوە.

هەوڵەکانمان بێسود بوو. ئاخریەکەی کاک عمر سەید عەلی هاتە دەرەوەو، دوای قسەکردن و مەحکەمەیەکی زۆر لەگەڵ پێشمەرگەو خەڵک، کارەکەمان سەریگرت.

دوسەعات زیاتری خایاند تا توانیمان گردەکە لە چەکدار چۆل بکەین.
چەککردنی گردی زەرگەتە لە فەزایەکدا کە ها ئێستە ها تاوێکی تر دێنە سەرت و دەزگاکان وێران دەکەن کارێکی ئاسان نەبوو.

 چیرۆکەکانی دواتر سەبارەت بەوەی کێ داکۆکی لە گردەکە کردوو، کێ لە ناو یەکێتیا  رێگر بوو لە هاتنی هێزی زێرەڤانی، زۆرو جۆراوجۆرن..ئەوەی لێرەدا گرنگ و چارەنوسیە ئەو شێوازی بیرکردنەوەیەی کاک نەوشیروانە بۆ خەباتی مەدەنی و دور لە خوێنڕێژی.

ئەو بڕوای بە شەری براکوژی نەمابو چونکە پێی وابو بە ئەندازەی پێویست کراوەو ئیتر بەسە.
ئەو بروای بە خەباتێک هەبو کە مەدەنیانەو لە ئاستێکی بالای سیاسی و کلتوریدا بێت و چەک تیایا رۆل نەبینێت.

بەڵێ.
خەباتی مەدەنی و چەسپاندنی لەم وڵاتەدا هەول و هیممەت و قوربانیدانی زۆری بۆ کراوەو هێشتاش، دوای کۆچی ئەو پیاوە مەزنەش دیسان پێویستی بە جەختکردنەوەو  هەول و هیمەتە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن