دیداری ئیمراڵی و چەن سەرنجێک
12/30/2024 12:21:00 PM
بابەكر دڕەیی
دوێنێ دو بەڕێز لە پەرلەمانتارانی DAM پارتی سەردانی سەرۆکی پارتی کرێکارانیان کرد لە زیندانی ئیمراڵی و دوای پێنج کاتژمێر کۆبونەوە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە بۆ ڕای گشتی . سەرۆکی پ ک ک بەڕیز ئۆجئالان زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە دورگەی ئیمراڵی زیندانی تاکەکەسیەو بێگومان بونی ئەو لە زیندان و شێوازی فڕاندنەکەی هێشتاش لەسەر دڵی ملیۆنان کورد ئازار دروستدەکات.
لەم نوسینەی خوارەوەدا بەچەن خاڵێک سەرنجم سەبارەت بە کرۆکی پەیامەکە دەخەمەڕوو، هیوادارم بتوانم لێرەدا مەزنی ئاپۆو گەورەیی بیرکردنەوەی ستراتیژی و زیرەکی سیاسی ئەو دەربخەم.
یەکەم : پێداگرتن لەسەر برایەتی کوردو تورک. لەم ڕێگەیەوە بەڕێز ئۆجئالان بە شۆفینی و نەتەوەچی و تەنانەت فاشیستەکانی توکیا ئەڵێت کە بە سزاندانی ئەو بە ٢٥ ساڵ و کوشتنی هەزاران هەزار کەس لە گەلەکەی نەیانتوانیوە توڕەی بکەن و پرەنسیپەکانی پێ بگۆڕن.
ئەڵێ: من هەر ئاپۆکەی جارانم جا چەپی لینینی ناودەنین یان مرۆفدۆستیکی بوکچینی ئەمریکایی ، گرنگ نیە. گرنگ ئەوەیە پەیامی ئۆجئالان هەمان پەیامی سەرەتایە: بەڵێ بۆ برایەتی گەلان، نەخێر بۆ ستەم و دەوڵەتی تواندنەوەی نەتەوەیی. بێگومان ئەم خاڵە کە لە سەرەتای پەیامەکەدا هاتوە تاقمی دەسەڵاتداری تورکیا دەخاتە بەردەم ئیحراجیەکی سامناک کە دەبینن رەهبەری گەورەی کورد دوای چارەکە سەدەیەک هیچ تورەیی پێوە دیار نیە.
هەر لەم خاڵەدا جێی خۆیەتی باس لەو بڕگەیەی بەیانەکە بکەین (بەداخەوە لە وەرگێڕانەکەی ک چۆمانی ئەوەی تیانیە) کە باس لەوە دەکات تەندروستی بەڕێز ئۆجئالان زۆرباشە و ورەی بەرزە.
ئەو خاڵە هێندەی هەمو خاڵەکان بایەخی هەیە بۆ کۆی گەلی کورد و ناحەزەکانیشی، چونکە گەر ئاپۆ دۆخی تەندروستی باش نەبێت بێگومان ناتوانێت ڕەهبەری بکات، بۆ نوخبەی تورکیش زۆر مانادارە چونکە ئەوان دەزانن، لە عورفی عوسمانیدا، گەر سوڵتانێک یان کوڕە سوڵتانێک تەندروستی باش نەبێت مانای وایە بۆ کاری سیاسەت و حوکمڕانی دەسنادات و هەربۆیەش سوڵتانەکانی عوسمانی لە مەودای شەشسەدساڵەی دەسەڵاتیاندا ، ئەگەر بێچوە سوڵتانێک شانسی هەبوایە و نەکوژارایە،بە ئەنقەست نوقسان دەکرا جا بە کوێرکردن بوایە یان پەنجە قرتاندن یان هەر شیوەیەک کە بەڵگەبێت بۆ ناتەواوی.
پەیامەکە بە نوخبەی دەسەڵاتداری توکیا دەڵێت: عەبدوڵا ئوجئالان دوای بیستوپێنج ساڵ زیندانی تاکەکەسی هێشتاش ساخ و سارحاڵ و بەورەیە. واتە: ئامادەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەو چالینج.
دوەم:خاڵی دوەم پێ لەسەر ئەوە دەداگرێ کە "گرنگە هەمو بازنە سیاسیەکان لە تورکیا لە سەرووی حساباتی تەسک و کورتمەودا بیربکەنەوە" ئەم بڕگەیە سەرباری ئەوەی کە ئامۆژگاری ڕاستەوخۆیە بۆ ئەردوگان و "بازنە" شۆفێنیەکەی دەوروبەری، ئامۆژگاریشە بۆ مەهەپە و تەنانەت گورگە بۆرەکانیش و پێێیان دەڵێ ئیتر بەسە واز لەم عەقڵیەتی خۆسەپێنیە بهێنن چونکە تیا سەرکەوتو نابن. پێێیان دەڵێ" بەهێزکردنی برایەتی تورک و کورد لە نوێوە نەک هەر بەرپرسیارەتیکی مێژوییە بەڵکو پرسێکی گرنگ و چارەنوسسازە بۆ کۆی گەلان"
جەختکردنەوەی بەیانەکە لەسەر "کۆی گەلان" ئاماژەیە بۆ ئەوەی گەر بێت و ئێمە لە چوارچێوەی تورکیادا پێک نەیەین بەدڵنیایێەوە گەلانی تریش بەهۆی ئێمەوە توشی گرفت و سەرهێشە دەبن...
جەختکردنی ئاپۆ لەوەی کە" بێگومان یەکێک لە گرنگترین پلاتفۆرمەکان بۆ ئەو بەشداریە ( واتە بەشداری لە چارەسەری) پەرلەمانی تورکیایە"، دەرهێنانی بەڕەی گفتوگۆی نهێنی و واتەواتی میدیایی یە لە بن دەستی دەزگا مخابەراتیەکان و پیاوەکانیانەو بردنیەتی بۆ بەردەم نوێنەرانی گەل: ئەوە نوێنەرانی گەلانی تورکیان کە دەتوانن ڕاستەوخۆ بڕیار لە چارەنوسی ئاشتی بدەن نەک سەرەک کۆمارو سەرۆک حزب و دەستەو تاقم و بازنە داخراوەکانی دەوربەریان. بەم بڕگەیە ئاپۆ بواری گەمەی ساڵانی ٢٠١٤ و دواتری لەبەردەم دەسەڵاتی توکیادا داخست کە هەر لەو ساڵانە و ساڵانی پێشوتریشدا، بە حساب لە کاتی گفتوگۆی نهێنیدا، هەزاران کەسیان لە کاتی کشانەوەی گەریلادا کوشت و چەندین زەربەیان لە هێزی پاراستنی گەل وەشاند.
سێهەم: ڕاگەیاندنەکە دەڵێ" ڕوداوەکانی غەزەو سوریا نیشانیداوە کە چارەسەری ئەم پرسە، کە لە لایەن دەستێوەدانە دەرەکیەکانەوە سەختترکراوە چیتر نابێ دوابخرێ، بەشداری و پێشنیازەکانی ئۆپۆزیسێۆن هەروەها گرنگن بۆ ئەوەی..."
خاڵ بەخاڵی ئەم ڕاگەیاندنە داهێنانی سیاسیە و خۆزگە گەلی ئێمە بیتوانیایە باشتر لەم رێبەرە تێبگات و ئەندێشەی بخوێنێتەوە.
مەبەست لە ڕوداوەکانی غەزەو سوریا مایەپوچی دو مۆدێلە لە کاری سیاسی و حوکمڕانی کە هەردوکیان شکستیان خوارد. مۆدێلی ڕادیکالیزمی ئیسلامی (غەزە) و ناسیونالیزمی تۆتالیتاری عەرەبی(سوریا)... هەردوک ئەم خەسڵەتانە لە داودەزگای توکیادا برەویان هەیە و کاریان پێدەکرێ، ئەردۆگان و حزبەکەی بەهۆی ریکلامی ئیسلامی و ڕادیکالیزمی دژە جو و دژە خۆرئاوا دەنگەکانی مسۆگەر دەکردەوەو لە هەمانکاتدا بۆ چەسپاندنی هژمونی و ئۆتۆریتەی بەسەر کۆی دەزگاکانی دەوڵەتدا لەگەڵ باڵی ناسیۆنالیستی شۆڤێنی دژەکوردی وەک مەهەپەش هاوپەیمانی گرێدا و بیست ساڵی بەم جۆرە لە حوکم تێپەڕاند: ئاپۆ ڕایدەگەیەنێت کە ئێیتر ئەو دو مۆدێلەش بەسەر چون.. بەڵام لە هەمان کاتدا ئاگادارە کە پارتی ئۆپۆزیسۆن لەم چەن ساڵەدا قسەیان گۆڕاوەو هەست بە هێزی کورد دەکەن بۆیە لێێ زیاد کردوەو ئامۆژگاریەکەی تەواو دەکات و دەڵێ" بەشداری و پێشنیازەکانی ئۆپۆزیسیۆن" گرنگن. بەڵێ .. بێگومان بێ پرسکردن و بەشداری جەهەپ کورد ناتوانێ لە تورکیادا دەسکەوتی گەورەی هەبیت.
بیرمان نەچێت لە بڕگەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە" ئەم پرسە کە لەلایەن دەستێوەردانە دەرەکیەکانەوە سەختکراوە چیتر نابێ دوابخرێت"... ڕەنگە ئەم دێڕە چەندمانایەک لە خۆیدا هەڵبگرێت بەڵام دەشێ گرنگترینیان ئەوەبێت کە بە ئەردۆگان و نوخبەی ناسیۆنال شۆڤینی تورک دەڵێت: ئێوە لە کۆی گەمەکەدا خەریکە بەرەو دۆڕان دەچن، لەگەڵ ئەمریکاش وەزعتان باش نیەو مانگی هەنگوینیتان دەمێکە بەسەرچوە.. باشترە گوێ لە لۆجیکی عەقڵ بگرن.
چوارەم: بڕگەی سێهەم دەڵێ" من خاوەنی ئەو توانا پێویست و بە بڕیارەم بۆ بەشداریکردنی ئەرێنیانە بۆ ئەو پارادیمە نوێیەی لە لایەن بەڕێز باخچەلی و بەڕێز ئەردۆگانەوە پشتیوانی لێدەکرێ".
بەڕێز ئاپۆ ئیتر لێرەدا "تەرەف"نیە ! وەک سەرۆکی پارتێکی سیاسی قاچاغ نادوێت، وەک زیندانیەک نادوێت کە منەتی کەسێک هەڵگرێت بۆ دەربازبون.. ئەو لێرەدا ئەوپەڕی ڕێز لە ناحەزەکانی و دوژمنەسەرسەختەکانی دیموکراسی دەگرێت و بە مۆراڵێکی بەرزی کوردانەوە، بە ئەخلاقی سەرکردەیەک کە بون و نەبونی خۆی دەمێکە لا بۆتە بابەتێکی پەراوێزی، وەک "دادوەر " دێتە مەیدان و خۆی نیشان ئەدات، وەک دادوەرێک نا کە حەزبکات تێچێن بۆ بابەتێکی یاسایی یان سیاسی بکات، بەڵکو بۆ چارەسەری گرفت و بابەتێکی هەستیار کە بەڕێزان "باخچەلی" و "ئەردۆگان" هێناویانەتە بەرباس!
واتە: ئەوە من نیم کەداوام کردوە ئاشتی بکەین ( ئاشکرایە گەر دەوڵەت لە ئاشتی بوایە لانی کەم هەر بە یاسا دەبو ئێستا ئەو ئازاد بوایە) بەڵکو ئەوە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆگانن داوای دەکەن و ڕێز لە داواکەیان دەگرم ! هەڵبەت ڕاستەوخۆ پشتیوانی ئەو دو بەڕێزە ناکات و ڕستەکە زۆر وردترو مانادارترە: ئەڵێ" ئامادەم بۆ بەشداریکردنی ئەرێنیانە بۆ ئەو پارادیمە نوێیەی کە لە لایەن باخچەلی و ئەردۆگانەوە پشتیوانیدەکرێ" .. بە واتایەکی تر، خودی پرۆسەکەش ئازایەتی و قارەمانێتی ئەو دو بەڕێزە نیە کە گوایە داوای ئاشتی دەکرێ، بەڵکو حاڵەتێک، دۆخێک، پارادایمێک هاتۆتە ئاراوە کە ئەوانیش پشتیوانی لێدەکەن! ..ئیتر ئەو پارادایم و دۆخە سیاسیە چۆنە و لە کوێوە سەریهاڵداوە دەبێ لە مەیدانی شەڕەکان و هێزی کوردی خۆرئاواو باشورو باکورو خۆرهەڵاتدا بۆی بگەڕێیی نەک لە قاموسی سیاسی دپلۆماسی عوسمانیدا.
دەکرێ زۆر شتی تر سەبارەت بە بەیانەکەی ئیمراڵی بوترێت و بنوسرێت، بەڕای من ئەم ڕاگەیاندنەی لە ڕێی پەروین بوڵدان و سیری سورەیاوە گەیشتە جیهان، سەرەنجامەکەی هەرچیەک بێت، لوتکەی عەقڵانیەت و سیاسەتی تیا بەکار هاتوەو دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرپرسن لە هەر ئاکامێکی خراپ کە لێێ بەرهەم بێت.