كابینەی تەمەنکورت
5/28/2019 11:03:00 AM
بابەكر دڕەیی
ماوەیەكی زۆرە سەرنجی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەسەر پێكهاتنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هاوڵاتیان بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە (واتە رۆشنبیران و هەڵسوڕاوانی حزبەكان و تەنانەت پەرلەمانتارانیش) لەو دۆخە بە گومان كەوتون، كە بۆچی پێكهێنانی حكومەتێكی كارا هێندەی كات پێویستە.
بەڕای من دەكرێ تێبینیەكان لەم چەند خاڵەدا كورتبكرێنەوە:
یەكەم: درێژبونەوەی ماوەی كابینەی پێشوو بەومانایەیە كە ئیدی لێپرسینەوە هیچ مانایەكی نەماوە، چونكە كاتێك حكومەت كاربەڕێكەر بێت، هیچ كەسێ بیر لە لێپرسینەوەو سزادانی ناكاتەوەو هەموان دەیانەوێ ماڵئاوایی لێبكەن.. ئەم حاڵەتەش لە ڕووی ئابوریو كارگێڕییەوە چەند بە زیانە هەرخوا خۆی دەزانێ.
دوەم: تەمەن كورتی كابینەی نوێ.. دەڵێن لە زانستی ئابوریدا یاسایەك هەیە و بەپێی ئەو یاسایە لە هەرشوێنێ كەسێ دەوڵەمەند دەبێ لەشوێنێكی تر كەسێك هەژار دەبێ .. لێرەش هەروایە .. كاتێك كابینەی هەشتەم تەمەنی خۆی درێژدەكاتەوە ئۆتۆماتیكی لە تەمەنی كابینەی نۆیەم دەخوات و بەوپێیەش حكومەتی نوێ ناتوانێت بەرنامەكان و ستراتیژەكانی خۆی وەك پێویست ئەنجام بدات.
سێیەم: دواكەوتنی حكومەت لە هەڵسوڕانی بوار دەڕەخسێنێ بۆ دەرو دراوسێ تا هەرچی زیاتر دەست بخەنە ناو دڵی سیاسەتی هەرێمی كوردستانەوەو كێشەكان قوڵتر بكەن و نەهێڵن حزبەكان بەپێی ئەجێندای خۆیان هەڵسوڕێن، بەڵكو زیاتر بەپێی بەرنامەو خواستی ئەوان دەجوڵێن.. لێرەو لەوێ دەبیستین كە فڵانە وەزیر فڵان وڵات پێشنیاری كردووە نەك حزبەكەی خۆی.
چوارەم: شكستی نوخبەی سیاسی كوردی شكستێكی مێژووییە كەس نیە پەنجەی تاوان بۆ ئەو نوخبەیە ڕانەكێشێ، كە نەیتوانیوە ئەركە سیاسیو مێژوویەكانی خۆی ئەنجام بدات.. ئیفلیجبوونی نوخبەی سیاسی هەرێم لە پێكهێنانی كابینەیەك لەماوەی هەشت مانگدا ئیدی متمانەی خەڵك و جەماوەر هێندەی دی بە توانایی ئەم نوخبەیە لەق دەكات و زەمینەی فەوزاو خیانەت دەڕەخسێنێ.