چەند سەرنجێک سەبارەت بە کۆنگرەی پینجەم-ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
10/5/2023 6:57:00 PM
بابەكر دڕەیی
يەک: یەکێتی لە سەرەتای ڕوخانی سەدام و سەرقاڵبونی مام جەلال
بە ئیدارەدانی سیاسەتی گشتی عراقەوە کەوتە
قەیرانەوە.
پەیوەندیە فراوانەکانی مام جەلال بە ئۆپۆزیسیۆنی
عەرەبی عیراق و متمانەکردنی کۆی نوخبەی سیاسی عیراق و ناوچەکە بە توانایی و کەسایەتی مام جەلال، ئەوی
راکێشایە ناو جەرگەی ململانێیەکەوە کە لە
گشتدا بە قازانجی نوسرانی دەستورێکی فیدراڵی و چەسپاویەکی سیاسی شکایەوە بۆ عیراق، بەلام زیانی زۆری بە کوردستان و ئەو ئامرازە حزبیە گەیاند کە ناوی « یەکێتی نیشتیمانی
کوردستان» بو و مام جەلال زیاتر لە سی ساڵی
تەمەنی بۆ ریکخستن و رابەریکردنی تەرخان کردبو.
دو: دورکەوتنەوەی مام جەلال لە کوردستان و یەکێتی، زەمینەی رەخساند تا کەسایەتیە
نارازیەکانی ناو یەکیتی و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی
و مەدەنی ، هەروەها حزبی رکەبەری سەرەکی ینک
( پارتی دیموکراتی کوردستان) بە دەستکراوەییەکی هەرچی زۆرترەوە دژ بە سیاسەتەکانی مام و یەکێتی خۆیان رێکبخەن
و لە چوارچێوەی بەرنامەو ستراتیژو دیسپلینی تازەدا جەماوەر بۆ خۆیان رابکێشن و دەزگاو
دامەزراوەی نوێ بهێننە ئاراوە.
سێ: دروسکردنەوەی ناسنامە بۆ حکومەتی دوای سەدام و بەشداریکردنی کاریگەرو چارەنوسسازی
مام جەلال تیایدا، بەهایەکی ئیجگار قورسی لە یەکێتی ستاند کە بریتی بو لە :
کەرتبونی یەکێتی بە دوبەشی نزیک لە یەکسان(
دابڕانی کاک نەوشیروان مستەفا)، سەرهەڵدانی چەندین سەنتەری بڕیارو ئاژاوە و سەرکێشی، ناکۆکی حزبی و ناوخۆیی زیانبەخش، لادانی زیاترو زیاتر بەرەو راسترەوی
و لە هەمو ئەوانەش قورستر تەسلیمبون بە ستراتیژو سیاسەت و ئیدارەدانی پارتی دیموکراتی
کوردستان لە کۆی مەسەلەکانی بەریوەبردنی ولات.
چوار: بە واتایەکی تر، دروستکردنەوەی ناسنامە بۆ حکومەتی نوێی عیراق لە لایەن مام
جەلال تالەبانی یەوە ، یەکسان بو بە ونکردنی ناسنامەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و
وەلکردنی لە چەقی کۆمەڵیک ناکۆکی سیاسی و شەخسی و حزبی ریشەدارو نوێدا.
پینج: تەسلیمبونی بەشێکی دیار لە رابەرو سەرکردە
کۆنەکانی ینک بە شیوازی ژیانی بورژوازی و شاهانەو ، دورکەوتنەوەیان
لە پرەنسیپە بنچینەییەکانی حزب، ملدانی بەشیکیان بە گەندەڵی و بەشداریان لەسەرکوت
و راووروتی خەڵک، کەمبونەوەی داهینانی فکری
و تێوەچونی زۆرینەیان لەبەرژەوەندی شەخسی و دورکەوتنەوەی کۆی سیاسەت و سەرکردایەتی
یەکیتی لە ئازارو خواستەکانی جەماوەری کوردستان و، ئاویتەبونی بەشێکی قەبەیان بە سیاسەتی بیرۆکراتیانەو مەغرورانەی پارتی،. زەمینەی هاتنەئارای
کۆمەڵیک گەنجی دیکەی بۆ سەرکردایەتی یەکێتی رەخساند کە لە کۆنگرەی چواری حزبدا
توانیان بە ئاسانی جێپێ بە نەوەی سەرکردە کۆنەکان لێژ بکەن و سیاسەتیکی نوێتر بەرامبەر
پارتی و جەماوەر بگرنە بەر.
شەش: سەرکەوتنی باڵی پاڤڵ و لاهور تاڵەبانی لە کۆنگرەی چواردا
بەو ئاسانیەی بینرا، سەلماندی کە نەوەی کۆنی
رابەرانی یەکێتی لە لایەکەوە هیچی نوێیان پی نیە بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر لە دەوری یەکیتی،
و لە لایەکی تریشەوە توانای ململانێی جدی و کاربڕیان نیە لەگەل حزبی رکەبەری سەرەکی
کە پارتی دیموکراتی کوردستانە،.. کۆچی کاک نەوشیروان و مام جەلال و کارەساتی ریفراندۆم لەساڵی ٢٠١٧ دا، سەلماندی کە ئیدی کاتی هاتنی کەسی بەهیز بۆ سەرکردایەتی یەکیتی
هاتوە و گەر فیگەریکی بریاردەر و خاوەنپێگە بە ریگەیەکی حزبی و دیموکراسیانە نەتوانێ
سوکانی شەمەندەفەری یەکێتی بەدەستەوە بگرێ، مەرگی یەکێتی و زۆنی سلیمانی حەتمی و
ناچاریە.
حەوت: کۆنگرەی پینجەمی ینک بەرەنجامی حەتمیە بۆ کۆمەڵیک هۆکاری سەرەکی کە بریتین لە:
ترس لە هەلوەشان و فەوتان، ترس لە لەدەستدانی
دەنگدەرو جەماوەر، ترس لە نەمانی سەنتەری حزبی و پەیابونی فەوزای فرەکوێخایی، ترس
لە هەژمونی رەهای پدک لە زۆنی خۆرهەلات و لەدەستدانی پیگەی میژوویی، و گومان لەشەرعیەت
و باڵادەستی هاوپەیمانی فراکسیۆنی بافڵ
تالەبانی وباڵی راست و کۆنەپارێز لە ریبەری یەکیتی نیشتیمانی کوردستاندا.
هەروەها کۆنگرە سەرلەنوی خۆریکخستنەوەی سیاسەتی نەرمە هێزی ئیقیلیمی کۆماری ئیسلامی ئیران بو لە ئاستی هەریمدا و ، هەولدانیکی رۆستەمانە
بو بۆ هیشتنەوەو پاراستنی میراتی مام جەلال
لە راگرتنی هاوسەنگی لەگەل ناوەند و زۆرینەی
شیعە دوای گۆرانکاریە گرنگەکانی وەک کۆچی مام جەلال و ریفراندۆم و کوژرانی قاسم
سولەیمانی.
هەشت: ئامانجی کۆنگرەی پینجەم بە روالەت پاکتاوکردنی باڵی بنەماڵە (باڵی لاهور
تالەبانی کە مودەعیە بۆ سەرۆکایەتی و شەرعیەتی کۆنگرەی چوار) و باڵی چەپ( مەلا بەختیارو
هاوڕێکانی) و فراکسیۆنە ئاشکراو نائاشکراکانی ناو یەکێتی و بەیعەتدانی رەسمی و یاسایی
بو بە تاکبڕیاری و سەنتەربونی کاک باڤل تاڵەبانی.
کۆنگرە لە ژیر فشارو مەنگەنەی دۆخی ناوخۆیی
و کوردستانی و ئیقلیمیدا توانی سەرکەوتوبێت لە متمانەبەخشین بە هەژمونی باڤل تالەبانی و ئەوەی وەک دەسکەوتێک تۆمارکرد،
بەڵام لە چارەسەرکردن و تواندنەوەی باڵ و هیزە ناکۆک و ناتەباو سەرکوتکراوەکانی ناو یەکێتیدا مەزەندە هەیە لە ئایندەی نزیک و
دوردا سەرلەنوێ روبەرووی گرفت و ترازان و کەرتبون ببێتەوە.
ئەگەر کۆنگرە توانیبێتی دو کەسایەتی هەرە بەهێزی
یەکێتی ( مەلا بەختیار و لاهور جەنگی) بخاتە دەرەوەی پلاجکتۆرەکان و ودوریان بخاتەوە
لە ناوەندی بڕیار، ئەوا لە وەلانان و بیهیزکردن و نینۆککردنی باڵە ریشەدارو کۆنەکانی
ناو حزبدا نەیتوانی بالادەست بیت و بە ناچاری چەندین پۆستی هەستیارو گرنگی بۆ کەسایەتیەکانی
ئەوان جیهێشت و ناچار بە پاشەکەشەکرا.
نۆ : کۆنگرەی پینجەم ی ینک بە هەمو پیوەرە تەکنیکیەکان
کۆنگرەیەکی نمونەیی و سەرکەوتو بو. کۆنگرە لە ئاستیکی باڵاو شایستەدا خرایە بەرچاوی
خەلک و دەوروبەر، بە میتۆدێکی مۆدیرن وپێشکەوتوانە
گفتوگۆکانی کەوتنە بەردەم میدیاکان، کەسایەتیەکان
و وتەبێژی کۆنگرە لە کات و شوێنی گونجاودا ئامادەبون و بەرچاوی خەلکیان رونکردەوە، شەفافیەتی کۆنگرە لە نیشاندانی دۆستە عیراقی و
ئیرانیەکانی یەکیتیدا جیگای سەرنج بون و دەریئەخست وزەیەکی نەترس و نوێ هاتۆتە ناو
دەمارەکانی یەکیتیەوە..بەرچاوروونی و متمانەبەخۆبون سیمای سەرەکی کۆنگرەی حزبێک
بون کە دەیەوێ لە لێواری فەوتان و داڕزانەوە سەرلەنوێ بێتەوە ناو گۆرەپانەکەو بە وزەیەکی ئەفسوناویەوە
خۆی نیشانی خەلک و رکەبەرەکانی بداتەوە.
دە: خاڵی لاوازی کۆنگرەی پینجەم و یەکێتی و
سەرۆکە نوێیەکەی ڕێک لەو شوێنەدایە کە هەمو ئاراستەو بریارو قسەجوانەکان رویان لەوێیە: ئایندە
و داهاتوی وڵات.
سەرکەوتن لە دروستکردنی ئامرازیکی سیاسی یان
سەربازیدا بە مانای سەرکەوتن نیە لە بەدەستهینانی ئامانجی گەورەی میللەتدا.. هەروەک
چۆن دروستکردنی تانکە زەبەلاحەکانی هتلەر نەیانتوانی ئامانجێکی بەرزی ئینسانی بۆ گەلی ئەلمانی و ئەوروپا بهێنن،. دەشێ
و دەگونجێ پۆڵایینترین حزبی کوردستانیش نەتوانێ لەو «بەهەشت» ە نزیکبێتەوە کە لە کۆنگرەدا بەڵێنەکەی راگەیەنرا.
ئایندە لە بەردەم باڤل تالەبانی
و کاربەدەستە حزبیەکانی یەکێتیدا وەک قوڕێکی ئامادەکراو قابیلی دەسکاری و گۆڕانکاریە،
ئەگەر هەیە بتوانن و لە باریاندا هەیە لە ریشەوە( تا ئەندازەیەک لە ریشەوە) دەسکاری دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی و سەربازی
هەریم بکەن و سەرلەنوێ دایڕیژنەوە، ئەگەریش هەیە وەک جاران مەیدانەکە بۆ مافیاگەری
و ململانێی بیسودی حزبی و ناکۆکی نیوخۆیی و بەشداری لە تاڵانکردنی وڵاتدا ئاوەلا
بکەن و کوردستان بەرەو دۆخێک ببەن کە جیگەی خۆیشیانی تیدا نەبێتەوە.
کردەوە و پراکتیکی سیاسی محەکی جەوهەرین بۆ
سەرکەوتن و راستگۆیی و وەرگرتنی رۆڵی«مێژویی» لە لایەن کەس و حزبە سیاسیەکانەوە.
کۆنگرەی پینجەمی یەکیتی نیشتیمانی
کوردستان بازدان بو بەسەر کێلگەیەکی مینرێژکراودا
کە ماوەی بیست سال بو پاکسازیەکی جدی تیدا نەکرابو( ٢٠٠٣ تا ٢٠٢٣) ، بەلام لە هەمان
کاتدا هەنگاونانە بەسەر کێلگەیەکی تری میندا کە هاوشان و هاوکاتە لەگەل بۆردومانی
ئاسمانی بە تازەترین چەکی درۆن و کامێرای
دوامۆدێل و دیقەت لە لێدان و نیشانەگرتنەوەدا.