چه‌ند سه‌رنجێک ده‌رباره‌ی سێهه‌مین کۆنفرانسی " دابڕان "
1/22/2019 11:20:00 AM
بابەكر دڕەیی
" دابڕان " ناوێکه کە دامه‌زرێنه‌رانی
پلاتفۆرمی دابڕان دیاریانکردووه تا ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ به هه‌مووان بڵێن ئه‌و
نێوه‌نده کارده‌کات بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له بیرکردنه‌وه‌ی دۆگم و داخراو‌و کۆنه
پارێز، ناوێکه وه‌ک "ره‌مز" ده‌چێته خزمه‌تی ئه‌و دیدو بیرکردنه‌وه‌یه‌وه،
که ژماره‌یه‌ک رۆشنبیری ئه‌م وڵاته، بە پشتیوانی کاک مەلا بەختیار، له ڕێگای چه‌ندین
گۆڤار‌و بڵاوکراوه‌ی جدی و زانستیه‌وه، له هه‌وڵدان ئاقاری کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و کرانه‌وه‌و
تێگه‌یشتن له پێشکه‌وتنه موعجیزه ئاساکانی زانست و ته‌کنه‌لۆژیا ببه‌ن .
له چه‌ند ساڵی رابردوودا "دابڕان"،
سه‌رباری که‌می چالاکی و نه‌بوونی کۆڕ‌و سیمیناری به‌رده‌وام له‌نێو خه‌ڵک و
رۆشنبیراندا، هێمایه‌ک بووه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی ئاشکرا له‌گه‌ڵ کۆی دیدگا
داخراوه‌کانی کۆمەڵگای کوردی به‌تایبه‌ت دیدگای دینیی سه‌له‌فی و توندڕه‌و، جا له
ناوخۆ بووبێت یان له ئاستی ئیقلیمی و جیهانی .
کۆنفرانسی ئه‌مساڵی پلاتفۆرمی دابڕان بریتی بوو
له شه‌ش پانێڵ به تایتڵ و ناونیشانی جیاوازه‌وه، که له هۆتێل ڕەمادا له
ڕۆژانی 8 – 9 ی ئەەم مانگەدا پێشکه‌شکران.
گومانی تیانیه هه‌بوونی دەزگایەک لەژێر ناوی
پلاتفۆرمی "دابڕان"، به هەبوونی دیدێکی زانستی و به شێوازێکی مه‌ده‌نی
و نه‌رمونیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆگماتیزم و توندڕه‌وی حاڵەتێکی تەندروست و
پێویسته‌و، به‌رده‌وامبوونی له‌ناو کایه‌ی رۆشنبیری‌دا بایه‌خ و گرنگی زۆری هه‌یه‌و
ده توانێ له درێژماوه‌دا کاری فکری و تیۆری و ته‌نانه‌ت پلانی پڕبایه‌خی عەمەلیش
پێشکه‌ش بکات .
له‌هه‌مان کاتدا، هه‌بوونی نێوه‌ندی ئه‌م
پلاتفۆرمه له شاری سلێمانی، وهه‌وڵدان بۆ میوانداریکردنی رۆشنبیرانی دراوسێ و
جیهان بۆ پایته‌ختی رۆشنبیری کوردستان، له بایه‌خی پلاتفۆرمه‌که زیاد ده‌کات و
ده‌یکاته یه‌کێک له سه‌نته‌ره گرنگه‌کانی رێبازی گۆڕان و ریفۆرم له عه‌قڵی جه‌معی
و کۆمه‌ڵایه‌تی وڵاته‌که‌مانداو پانتاییەکیش دەبێت بۆ کارکردن لەسەر ئەو کەسایەتیە
جیهانیانەی قسەیان دەبیسرێ، سەرباری رەهەندە جیاوازەکانی تر لە رووی گەشتوگوزارو
کرانەوەی کلتوریدا.
ئه‌وه‌ی له کۆنفرانسی ئه‌مساڵی پلاتفۆرمدا
جێگای سەرنجی من بوو، خودی پانێله‌کان نەبوون، که به‌شێوه‌یه‌کی گشتی دیدگا‌و سه‌رنجی
تیۆری و سیاسی و سیۆسۆلۆژی گونجاویان خسته‌ڕوو... جگە لەوەی که کۆی سه‌رباس و
تایتڵهکان بابەتی رۆژو جدی و گرێ‌دراو بوون له‌گه‌ڵ دۆخی ناوچه‌که‌و کوردستاندا، بەڵکو دەربارەی وتاری سەرەکی "دابڕان"
کە کاک مه‌لا بهختیارلهسهرهتای کۆنفرانس‌دا، وه‌ک دووەم قسەکەرو سه‌رپه‌رشتیاری کۆنفرانس پێشکه‌شی
کرد... هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی که تا چه‌ند باس و
سەرباسەکانی دابڕان له خستنه‌رووی جه‌وهه‌ری
بابه‌ته‌کانیاندا سه‌رکه‌وتووبوون ناتوانێ لیره‌دا باسی بکرێت و شرۆڤەی بۆ بکرێت، به‌واتایه‌کی
تر، ده‌شێ که‌سانی پسپۆڕ له سه‌رجه‌م ئه‌و بابه‌تانه‌دا قوڵ ببنه‌وه‌و ره‌هه‌نده‌کانیان
بۆ نوخبه‌و جه‌ماوه‌ر روون بکه‌نه‌وه .
کاک به‌ختیار له وتاره‌که‌ی خۆیدا دوو بابه‌تی
زۆر هه‌ستیاری باسکرد که به‌هیچ کلۆجێ له‌گه‌ڵ ئامانجی دیموکراسی و سیکۆلاریزم و
کرانه‌وه‌دا یه‌کیان نه‌ده‌گرته‌وه.
هەردوو بابه‌ته‌که پاشه‌کشه‌یه‌کی ترسناکن
له فکرو دیدگای راگه‌یه‌نراوی تائێستای مه‌لا به‌ختیاردا، نەک تەنها لە دەزگای
"دابڕان" دا، بەڵکو له‌کۆی ته‌مه‌نی سیاسی ئه‌وداو لە مەودای چل وچەند
ساڵەی کاری سیاسی و رۆشنبیری ئەودا... بێگومان له‌گه‌ڵ سیستم و میتۆدی (دابڕان)یشدا به‌ته‌واوی ناکۆک و دژبەیەک بوون
و وێکنەدەهاتنەوە .
دووبابه‌تی وا گه‌ر بێت‌و کاک به‌ختیار به وشیاریه‌وه
خستبنیه ڕوو (واته هه‌ڵه‌ی له‌ده‌ستچوو نه‌بن !) کۆی ئه‌م ماندووبون و ڕیکلام و
ده‌زگا دروستکردنه ئه‌خه‌نه ژێر پرسیاره‌وه‌و ڕووبه‌ڕووی پرسیارێکی ده‌که‌نه‌وه
که هەرگیز ناتوانێت وه‌ڵامی بداته‌وه... ئه‌و دوو بابه‌ته‌ش بریتین له:
یەکەم: (سیاسی) مه‌حکومکردنی خه‌باتی مه‌ده‌نی
کرێکاران و کارمەندانی فەرەنسا وه‌ک له قسه‌کانیدا هات، دژی خه‌بات و خۆنیشاندانی
خه‌ڵک له فه‌ڕه‌نسا؛
دووەم: (فکری) فتوادان بۆ هه‌ڵگرتنی ڕه‌خنه له‌سه‌ر بنه‌ما ئاینیه‌کان
و په‌یامبه‌رانی ئاینه جۆراوجۆرەکان .
کاک به‌ختیار له وتەکه‌یدا، له‌کاتێکدا زۆر
به گه‌رمی باسی له بایه‌خی نێوه‌نده‌که‌ی خۆی ده‌کرد وه‌ک ده‌ستکه‌وتێکی مه‌زنی
سیاسی لهقەڵهمی ئه‌دا، ڕایگه‌یاند که ئه‌وان لە "دابڕان" ڕه‌خنه‌گرتن
له بنه‌ما ئاینیه‌کان و په‌یامبه‌ران به خه‌تی سوور ئه‌زانن، و ته‌نانه‌ت ڕایگه‌یاند،
که پێشتریش ناحەزەکان و رەخنەگرەکانیان به هه‌ڵه له‌وان حاڵی بوون !
ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه که بنچینه‌ی ڕۆشنگه‌ری
ئه‌وروپا (وەک پێشڕەوی ڕۆشنگەری جیهانی) بریتیه له نه‌بوونی سنوور بۆ ڕه‌خنه و
په‌لاماردانی هه‌موو دیارده‌کان به دیارده‌ی ئاین و بنه‌ما ئاینیه‌کانیشه‌وه.
ئه‌گه‌ر کاک به‌ختیار ڕه‌خنه له‌سه‌ر ئاین وه‌ک
دیارده‌یه‌کی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵگرێ و پێی وابێ نزیکبوونەوە لە حەرەمی
دین "خه‌تی سوور" ە، ئیدی چی ده‌مێنێ خۆی و ده‌زگاکه‌ی بیده‌نه به‌ر
نه‌شته‌ری ڕه‌خنه؟ هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستی ئێمه لێره‌دا ئه‌و بابه‌ت و میتۆده ڕه‌خنه‌ییه
نییه، که پێرار هێنایە مەیدان و تێیدا به‌ڕێزیان پێیان وابوو گۆشتی به‌راز وه‌ک
گۆشتی حوشتر بۆ خواردن گونجاوە و له ڕێگایه‌وه ڕه‌خنه‌ی له پیرۆزیه‌کانی ئاین گرت،
به‌ڵکو پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی ده‌زگای دابڕان پێیوابێ ڕه‌خنه له
په‌یامبه‌ران و ئاینه‌کان قه‌ده‌غه‌یه، چۆن چۆنی پاساوی ئه‌و ڕه‌خنه نه‌رم و
توندانه ئه‌داته‌وه که له سه‌ده‌کانی نۆزده‌و بیستدا بیرمه‌ندان و ڕۆشنبیرانی
جیهان به‌رامبه‌ر ئاین گرتیانە به‌ر بەرامبەر ئاین؟
بۆ نموونه کاک به‌ختیار چ هه‌ڵوێستێکی به‌رامبه‌ر
نیتشه ده‌بێ له کتێبی "دژی مه‌سیح" دا کاتێ ئەو، به قسه‌ی خۆی، به
چه‌کوچ که‌وتۆته وێزه‌ی ئاینی مه‌سیح و له بێخو بنه‌چه‌وه ههڵیتهکاندووه؟؟.
نیچه ئەڵێ: " له مه‌سیحیه‌تدا ئه‌خلاق
و ئاین له هیچ خاڵێکدا له‌گه‌ڵ واقع یه‌کناگرنه‌وه" (کتێبی "دجال =
دژی مەسیح" بەشی ١٥)
ئه‌وه
شێوازی نیتشه‌یه له په‌لاماردان بۆسەر ئاینی مه‌سیحی و مشتێکە لە سەدان خەروار
نوسین و کتێبی نوسەرانی دیکەی ئەوروپایی... که‌واته گه‌ر بمانه‌وێ ڕۆشنگه‌ری ببێتە
چرای ڕێنوێنیمان چۆن دەتوانین بڵێین ئاین و بنه‌ما ئاینیه‌کان هێڵی سوورن، لەکاتێکدا
خودی رۆشنگەری لە بنەچەوە لەسەر رەخنەگرتن لە ئاین و ئیستبدادی ئاینی سەدەکانی
ناوەڕاستی ئەوروپا هاتۆتە ئاراوە؟؟ .
هه‌ڵبه‌ت نمونه‌ی تر سه‌باره‌ت به ڕه‌خنه‌گرتنی
ڕیشەیی و فەلسەفی له کۆی هۆکارو بنه‌ماکانی سیستمی ئیستبدادی، بە فکری و سیاسی و
کۆمەڵایەتی و ئابوریەوە زۆرن و لە ژمارە نایەن، بەڵام هه‌ر بۆ به‌رچاوڕوونی خوێنه‌ران
لێرەدا ناونیشانی سێ کتێبی تر ده‌نوسین، که له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌دا نوسراون و ڕۆڵی گه‌وره‌یان
هه‌بووه له پرۆسەی پێشکه‌وتن و پێشخستنی فه‌لسه‌فه و بیروباوه‌ڕی
سیکۆلاری نادینی و پەروەردەکردنی نەوە
فکریەکانی سەدەی نۆزدەو بیستدا.. ئه‌وانیش سێ کتێبی گرنگی فۆریهباخن به ناوه‌کانی:
جه‌وهه‌ری مه‌سیحیه‌ت .
بنه‌ماکانی فه‌لسه‌فه‌ی ئاینده .
چه‌ن وتارێک سه‌باره‌ت به کرۆکی ئاین .
مارکس سه‌باره‌ت به لودویک فۆیەرباخ { فۆیرباخ واتە جۆگەی ئاگرین} وتویه‌تی:
"بۆ گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت و ئازادی هیچ رێگایه‌کی تر نیه جگه له تێپه‌ڕبوون
به جۆگای ئاگرینی (فۆیەرباخ)دا، فۆیەرباخ شوێنی دانایی خاوێنبوونه‌وه‌ی روحی
ئینسانیە".
به‌ده‌ر له ئه‌وروپاش، له‌م ئێرانه‌ی
دراوسێی خۆماندا که‌سێکی وه‌ک د.عەبدولکەریم سروش به نووسینی کتێبێکی گرنگ له‌سه‌ر
ژیانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام به‌ناوی "په‌ره‌پێدانی
ئه‌زموونی پێغه‌مبه‌رایه‌تی" بووه مایه‌ی توڕه‌کردنی سه‌دان مه‌لای کۆنه
پارێز‌و دۆگماتیک، که به‌هیچ جۆرێک پێیان وانه‌بوو پێغه‌مبه‌ر مرۆڤێکی خاکییهو
وه‌ک مرۆڤه‌کانی تر ژیاوه‌و مردووه...
دکتۆر سروش له‌ناو خودی ئۆردوگای ئایندارانی
وڵاتەکەی و ناوچه‌که‌دا، لە ڕێگای چەندین کتێبی گرنگ و دەگمەنەوە، هه‌وڵیدا ریفۆرمێکی فکری ئه‌نجام بدات و ڕوونیبکاتەوە کە
جگە لە لێکدانەوەی ژمارەیەک کەسی دۆگماتیکی دەرەوەی دەسەڵات و ناو دەسەڵات، دیدی
تر‌و لیکدانەوەی تریش بۆ ئاین هەن و دەکرێ ئاین ببێتە سمبولێک بۆ پێکەوەژیان و
ئاشتی لە بری هەوڵدانی بۆ کۆنترۆڵی
ئەوانیدی و هەژمونی سیاسی .. بەم
بۆنەیەشەوە ئەو له سه‌رجه‌م ژیانی ئه‌کادیمی و سیاسی دوورخرایه‌وه‌و په‌نای برده‌وە
ئه‌وروپا، له‌کاتێکدا ئه‌و خۆی یه‌کێک بوو له داڕێژه‌رانی فەرهەنگی و کلتوری کۆماری
ئیسلامی ئێران له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا .
سه‌باره‌ت به خۆنیشاندانی کارمه‌ندان و
کرێکارانی فه‌ڕه‌نسا بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ئابوری و پیشەییەکانیان، کاک به‌ختیار
پێی وابوو ئه‌و دیارده‌یه " توندڕەویەو ئه‌بێته هۆی ناشرینکردنی شاری
پاریسی "جوان" و تێکدانی شه‌قامی
شانزه‌لیزه !! کە ساڵانه ملیۆنان که‌س
بۆ پشودان رووی تێده‌که‌ن و لە رووی گەشتیاریەوە زەربە لە فەرەنسا ئەدرێت !! .
ئەم بابه‌ته درێژه پێنادەین و ده‌پرسین: ئەگەر کاک
به‌ختیار خۆی کارمه‌ندێکی ئاگرکوژێنه‌وه‌ی شاری پاریسی "جوان" بێت و به
ڕێکه‌وت شوقەکەیشی له کۆڵانه‌کانی پشته‌وه‌ی شه‌قامی شانزه‌لیزه بێت، بەڵام نه‌توانێ کرێی غاز‌و گه‌رمی ماڵه‌که‌ی
و باجی داهاته مانگانه‌که‌ی بدات چ ڕێگه‌یه‌کی لهبهردەمدا هه‌یه جگه له
خۆپیشاندان به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وڵاته‌که‌ی و گروپی بڕیارده‌ری ده‌سه‌ڵات
؟
ئه‌گه‌ر پاریس جوانه و شانزه‌لیزه بۆته شەقامێکی
ناوداری جیهان، ئه‌بێ وا لە کاک مەلا بەختیارو هه‌موومان بکات بیرمان بێ کە ئەو
شەقامە جوان و نایابە هەر به‌ده‌ستی وەستاو کرێکار‌و که‌سه ماندوه‌کانی ئه‌و وڵاته
بنیاد نراوه، نەک بە دەستی ئەوانەی قوتی
خەڵک ئەبڕن و پشتی کۆمپانیاو ملیاردێرە زەبەلاحەکان ئەگرن، بۆیەش هه‌قیانه بۆ
زیادکردنی موچەو گەرمکردنەوەی ژوری خەوتن و کڕینی جلوبەرگی مناڵەکانیان بێنه سه‌ر
جاده و ئەوەی هەقەو یاسا ڕێگای پێداوە بۆ سەندنەوەی مافەکان بیگرنە بەرو حساب بۆ
هەڕەشەو ئامۆژگاری کەس نەکەن.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش، له‌کوێی فەرەنسا و پاریس خۆپیشاندانه‌کان توندوتیژبوون تا له کۆنفڕانسی "ڕۆشنگه‌ری"
سلێمانیدا مه‌حکوم بکرێت و ببنه تاوانکارو
وه‌ک سه‌له‌فی و توندڕه‌وه‌کان حسابیان بۆبکرێت ؟؟
لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم:
له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانه‌وه کاک بهختیارو
من هاوڕێیه‌کی هاوبه‌شی خانهقینیمان هه‌یه، ئه‌م هاوڕێیه لای هه‌ردووکمان به
یه‌ک ئه‌ندازه ئازیز و به‌یه‌ک ئه‌ندازه‌ش جێی ڕێزه. ئه‌م هاوڕێیه‌مان ڕۆشنبیرێکی
مه‌یدانی ژیان و سیاسه‌ته و قسه‌کانی جێی متمانه‌ن.. بۆیه لێره‌دا جێگا‌و کاتیەتی وته‌یه‌کی گرنگی ئه‌و
بگوازمه‌وه ...
هاوڕێکەمان ئه‌یوت: به گشتی ئاقاری مێژوو به‌و
جۆره‌یه که که‌سه‌کان و گروپه‌کان و حزبه سیاسیه‌کان هه‌میشه‌و بەردەوام له‌چه‌په‌وه
به‌ره و ڕاست ده‌ڕۆن نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه .
پێده‌چێ ئه‌م دیاردەیەش یاسایه‌کی پۆڵاین بێت
هه‌رچه‌نده بۆ عهدالهتخوازان و خوازیارانی یه‌کسانی ئینسان و پێشکه‌وتن هه‌واڵێکی
خۆش و مژدههێنهر نه‌بێ ....