616وتار

پێنجوێن تان بیر نەچێتەوە!

7/19/2020 2:52:00 PM
بابەكر دڕەیی

یەک:    ساڵی ٢٠١٤، هاوڕێیەکی پێنجوێنی سەردانی کاک نەوشیروانی کرد، وا ڕێکەوت ئێمەش لە مەجلیسەکە  بوین.
لە نێوان کاک و هاوڕێکەماندا گفتوگۆیەکی سەرنجڕاکێش دروست بو کە شایانی ئەوەیە لێرەدا،  بەو شێوازەی بۆ ئەمڕۆ دەگونجێ و جەوهەری قسەکانی کاک نەوشیروان دەپارێزێ سەرلەنوێ دایڕێژمەوە.
سەرەتا هاوڕێکەمان( بەداخەوە بیرم نیە کێ بو) باسی لە دۆخی خراپی ئابوری کوردستان کرد و گلەیی لەوە کرد کە حکومەت نەیتوانیوە و ناتوانێ هیچ دەسپێشخەریەک بکات لە بوارەکانی سنعەت و کشتوکاڵ و ،بازرگانیشی بەتەواوی قۆرخ کردوە.
کاک نەوشیروان بە شێوازە دەگمەن و بێوێنەکەی بابەتی گۆڕی و کەوتە پرسیار کردن.
کاک نەوشیروان: کاکە تۆ پێم بڵێ لە قەزای پێنجوێن چەن دۆنم زەوی کشتوکاڵیتان هەیە؟ 
هاوڕێی هەڵسوڕاو: قوربان پێموایە هەزاران دۆنم ...بەراو و پشت ئاو..
کاک نەوشیروان: ئەی چەن ئەندازیاری کشتوکاڵیتان هەیە،؟ 
هاوڕێی هەڵسوڕاو: دڵنیام سەدان کەسمان هەیە.. قەزای پێنجوێن قەزایەکی زۆر خوێندەوارە..،
کاک نەوشیروان: کەواتە پێم بڵێ، ئێستە لە پێنجوێن بە گاسن و گاجوت زەوی ئەکێڵن یان بە تراکتۆر؟ 
هاوڕێی هەڵسوڕاو: قوربان بێگومان بە تراکتۆر... زۆر کەس تراکتۆری هەیە و لەسەر کێڵان پەک ناکەوێ.
کاک نەوشیروان: باشە مەسەلەی ئاودێری چۆن چارەسەر بوە؟ ئایا جۆگەو کانیاو و چەمەکان بەش دەکەن؟ ئەم پانتاییە گەورەیەی زەوی چۆن ئاوەدەن؟

هاوڕێی هەڵسوڕاو: بە قەترە.. دەمێکە لە پێنجوێن ئاودێری بۆتە دڵۆپەو ئیتر ئاو بە خەسار ناچێ.. سەرباری چەم و کانیاو ئێستە ئاوی بیرەکانیش بونەتە سەرچاوەیەکی باشی ئاودێری...

کاک نەوشیروان ئێتر ڕوی کردە ئێمە و وتی:
خۆ گوێتان لێیە؟؟
ئەم برادەرانە خۆیان لە هەمو ڕویەکەوە لە ئاستی ئەوروپادان.. 
زەویان هەیە، ئاویان هەیە، دەستی کرێکاریان هەیە، ئەندازیاریان هەیە، شێواز و تەکنیکی نوێیان هەیە بۆ ئاودێری و ئنجاش هاتون گلەیی ئەکەن و بەتەمان حکومەت شتیان بۆ بکات..،

ئنجا ڕوی کردەوە هاوڕێکەمان وپێی وت: 
من بە هەمو جورێک پشتیوانیتان ئەکەم.. تکایە خۆتان فریای خۆتان بکەون..حکومەت خۆتانن.. ئابوری ئەم وڵاتە هەر ئەبێ خۆمان بنیاتی بنێینەوە... هەوڵدەن..هەوڵدەن کڕیار بۆتەماتەو شوتی یەکەتان پەیدابکەن.. گەر کێشە هەبو ئاگادارم بکەنەوە...

دو: من زۆر جار چومە پنجوێن.
ساڵی 1986 ، ئەو زەمانەی شەڕی ئیران و عیراق بو ، و ئێمەش لە ڕێکخراوی ئاڵای شۆڕش بوین، لە مەریوانەوە بەدەشتی پێنجوێندا چومە سیاگوێز ی نزیکی چەمپاراو کە بنکەیەکی ئاڵای شۆڕش ی لێبو،  سیاگوێز یش دواین گوندی سنوری پێنجوێنە لە بەشی خۆرئاواوە.

ساڵی 1991 ، دوای کۆڕەوی خەڵک، کاک مەلا بەختیار لە گۆخڵان گیرسابۆوە و بارەگای دانابو ، منیش کە لە پاکستان گەڕابومەوە یەکسەر پێش هەمو کەس چومە سەردانی ئەو و جارێکی دی ناوچەکەم بینیەوە.
لە ساڵانی دواتر و پاش ڕوخانی بەعسیش زۆرجاری تر یان پیا تێپەڕیوم یان بۆ کارێکی سیاسی و حزبی سەردانیم کردوە. 

سێ: هەفتەی پێشو لەگەڵ هاوڕێم کاک عبداڵڵەی شێخ محمد(خڕنوک ی)  پێکەوە، بە نیازی سەردانی خزم وهاوڕێ و بینینی شوێنە یادگاریەکان بە تایبەت گوندی سیاگوێز، خۆمان گەیاندە گوندی نزارە و لەوێ میوانی کەسوکاری کاک شێخ عبدڵڵە بوین.
داوام کرد پێکەوە بگەڕێین...
ئیتر لەگەڵ گروپێک گەنجی شارەزادا، جگە لەسەردانی بلکیان و دەوروبەر، بڕیارماندا تا بۆمان دەکرێ چاوبگێڕین.
بێگومان بینینی سەرجەم ناوچە کشتوکاڵیەکانی پێنجوێن ئاسان نیە، بۆیە ئێمەش بە هێڵێکی نیوە ڕاستدا لە پێنجوێن و نزارەوە( نزارە مەنزڵی ئەسڵیمان بو) تا بۆمانکرا بەرەو خۆرئاوا ڕۆشتین و سەرنجی هەمو ئەو گوندانەمان داکە دەکەونەسەر ڕێگا تا دەگاتە سیاگوێز..
نزارە، کواوە، گەرمک، تاتان، قەلەندەراوا، گلێنەی سێ، گلێنەی بەڕۆژ، گۆڵێ، قسامەدین، سیرانە و زۆری تریش...
هاوڕێکان زۆر باسی گوندەکانی شایان و نەرمەڵاس یان  بۆ کردین کە چەن کوێستان و دڵگیرن.. بەڵام نەمانتوانی ئەو قۆڵە بەسەربکەینەوە...
هەڵبەت بەشی خۆرهەڵاتی پێنجوێن کە  سنوری نێودەوڵەتی باشماخ ی پیاتێدەپەڕێت نەبوە  بەشێک لە بەرنامەی دیدەنی ئێمە چونکە چەن جارێک ناوچەکەم دیبو.. هەرچەن دواتر، کاتێ باسی گرنگی کشتوکاڵی پێنجوێنم بۆ قایمقام دەکرد پێی وتم : هەمو ئەوەی دیوتە ناگاتە یەک لە دەی ئەو کشتوکاڵەی لە ناوچەی باشماخ و گۆخڵان وەبەرهەم دێت..

سێ: پێنجوێن یەکێکە لە ناوچە هەرە گرنگەکانی کشتوکاڵ لە کوردستاندا. هەزاران دۆنم زەوی، بە جوانترین شێوازی نوێ ئەکێڵرێت و بەروبومی سروشتی لێبەرهەم دێت. 
ساڵ بەساڵ  بەشێکی زۆرتر لە زەوی بەردەڵان و لەوەڕگا دەکرێتە زەوی کشتوکاڵی و تەماتە و شوتی ( بە پلەی یەکەم) و دەیان جۆری تری میوەو سەوزەی لێ بەرهەمدێت.
قەزای پێنجوێن تەنها خاوەنی کشتوکاڵ نیە، بەڵکو لە زۆر کانزاو و بەرهەمی تریشدا ناوبانگی هەیە.
بەردی پێنجوێن بەناوبانگە و لە ئاستێکی جیهانیدا قابیلی سودوەرگرتنە...
برنجی چەوتان و ناوچەکانی تریش هەرگیز لەسەر کڕیار پەکیان نەکەوتوە...
پێنجوێن نمونەیە بۆ کوردستانێکی بچوک: هەرچی بتەوێ دەکرێ لەوێ بەرەهەم بێت و سودی گشتی بۆ هەموان بێت و ناوچەکەی پێ ئاوەدان بێتەوە...
ئەوەی  لە سەردانی ئەم ناوچەیەدا سەرنجی هەمو کەس ڕادەکێشێ ئەوەیە کە :ٚ خەڵکی ناوچەکە، وەک خەڵکی وڵاتانی دراوسێ بە گشتی و ئێران بە تایبەتی، بەوپەڕی جدیەت و خۆماندوکردنەوە لەناو باخ و کێڵگەکانیاندا خەریکن و ئەو هەستە بە مرۆڤ دەبەخشن کە ئیتر لە دنیای تەوەزەلی و موچەی نەوت ڕزگارمان بوەو ئینسانەکان لێرە بڕیاریان داوە لەسەر هێزو توانای جەستەیی و ڕوحی خۆیان بژین و ملکەچی هیچ حکومەت و وەزارەتێک نەبن کە بە مەمرەو مەژی گەمە بە ژیانیان بکات و  بیانخاتە دڵەڕاوکەوە.

وەرزێڕ و جوتیارەکانی پێنجوێن بڕیاریان داوە پشت لەو پارەیە بکەن کە بەهۆی نەوتەوە دێتەگیرفانی حکومەت و دابەشدەکرێ، چونکە لەلایەکەوە مرۆفەکانی لە تاموچێژی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی گوندو کاری هەرەوەزی و بەکۆمەڵ دورخستۆتەوە،  لەلایەکی تریشەوە  ئەو پارەیە  زۆر ناعادلانە سەرفدەکرێت و بە ئەندازەیەک چۆتە تاریکیەوە کە تەنانەت هەرە دەسەڵاتدارەکانیش نازانن چۆن شاراوەتەوە...

پێنجوێن نمونەیە بۆ خاک و میللەتێکی جوان و جیاواز.
خاکی پێنجوێن لە هەمو ڕوەکانەوە شایستەی ئەوەیە حکومەتی هەرێم بایەخی پێبدات و لەسەری بوەستێ:
--- لە ڕوی کشتوکاڵیەوە پێنجوێن نمونەی کەمە،
-- لە ڕوی سەرچاوەی کانزاکانەوە باشترین کانزای لێ دەس ئەکەوێ.

--- لە ڕوی گەشتیاریەوە دەیان شوێنی هەیە کە دەتوانن ببنە جێسەرنجی هەمو ناوچەکە نەک هەرکوردستان..

موفتی پێنجوێنی دەیزانی ناوچەکەیان چ گەوهەرو  جوانی و نیعمەتێکی ژێرزەمینی و سەرزەمینی تیایە بۆیە پەنای بردە بەر شیعر و هاواری کرد:

پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم 
لوبنان شکێن بوی داخی بەجەرگم
تازەبوکێ بوی بەسەر چیاوە
ئەهاتنە سەیرت لەملاو ئەولاوە

بەڵێ...
بەڵام پێنجوێن لە حاڵی حازڕدا پێوستی بە دو شتە.

پاراستنی گومرگی:  واتە ڕێگرتن بە  بەرهەمی هاوشێوەی وەرزێرو خاوەن موڵکەکانی پێنجوێن لە بابەتی تەماتەو شوتی.
ڕێدان بە کڕیارەکانیان لە ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە تا بێن و بەرهەمەکانیان بکڕن.

 ئەوانەش ئەو دەرسانەن کە لە قسەکانی کاک نەوشیروان مستەفاوە لە گوێماندا ئەزرنگێنەوە، چونکە گەر بێت و کشتوکاڵی کوردستان لە لایەن حکومەت و دەزگای کارگێڕیەوە پشتیوانی نەکرێ، وەک ئەوە وایە هەمو خەرمان و بەرهەمی گەلی ئێمە لە پێنجوێن ئاگری تێبەربدرێ و بسوتێنرێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن