767وتار

نەوت یان کشتوکاڵ؟

5/15/2020 4:28:00 PM
بابەكر دڕەیی

دو هەفتەیەک لەمەوبەر هاوڕیی زیدە ئازیزمان کاک دکتۆر سەردار عەزیز لە ئەکاونتی خۆی وتارێکی سەبارەت بە کشتوکاڵ بلاوکردەوە... لەو ڕۆژەوەی خویندومەتەوە لە خەیالمدایە چەند کورتە سەرنجێکی لەسەر بنوسم و منیش لیرەدا بیخەمە بەرچاوی هاوریکان.
بیگومان کاک د سەردار نوسەریکی دیارو لێکۆلەرێکی زۆر وردەو من یەکێکم لە خوێنەرە بەردەوامەکانی ئەو، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نایەت کە جار جار سەرنج و رەخنەش بۆ یەک نەنوسین و بەرچاوی یەکدی و خۆشمان روون نەکەینەوە.
سەرەتا ئەمەوێ " ئەحکام"ە کان یاخود بیرۆکە ئیسپاتیەکانی دکتۆر ریز بکەم و بە کورتکراوەیی بیانخەمە بەرچاوی هەموان، ئینجا، سەبارەت بە هەرکام لەو خاڵانە وشەیەک یان چەن وشەیەک بڵێم.

دکتۆر نوسیویە:
هەرکات نەوت توشی قەیران دەبێت خیرا کشتوکاڵ بیردەکەویتەوە، ئەم پەنابردنە دەرەنجامی تیروانین و ڕامان و بیرکردنەوە نیە، بەڵکو وەک دروشم و بیرێکی ئامادەباشی لێهاتوە ...
نوسیویە: ئیمە چۆن خۆراکی تەیکەوەیمان هەیە، بە هەمان شیوە وردە بیرو دروشمی تەیکەوەیمان زۆرە.
نوسیویە: لە ئاگایی گشتیدا .. خەریکە هاوکێشەیەیەک دروست دەبێ کە نەوت و کشتوکاڵ دژ بەیەکن.. .. نەوت کشتوکاڵی کوشت..
هەروەها دەنوسێ:
سایکۆلۆجیای کورد سایکۆلۆجیای پەرچە کردارە..پرسیارو گومان کزە.. چونکە وەک جۆریک لە تۆلەکردنەوە دەبیندریت...
.........هەروەها دەڵێ:
نەوت دەبێتە هۆکاری نەخۆشی هۆلەندی کە بریتیە لە بەرزی نرخی دراو.. ...
بەلام نەوت ژیانئاسانی دابینکرد کە پێچەوانەی کشتوکاڵە.. ژیانئاسانی بریتیە لەو کارانەی کە کار نین..
بە بێ نەوت کشتوکاڵی ئیمە دادەروخێت.. بە بێ نەوت کشتوکاڵ لە دنیادا دادەروخێت...

بەهەر حاڵ ئەوەی من ئەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە:

یەکەم: هەزاران ساڵ مرۆڤ بە هۆی کشتوکالەوە ژیاوەو توانیویەتی ژیان بەردەوام بکات و تۆرەمەی خۆیشی بپاریزێ. بۆچی ئیستا بە بەبێ نەوت ژیان دادەروخێت؟

دوەم : ژمارەیەکی زۆر لە ولاتانی جیهان داهاتیان بەهۆی کشتوکاڵەوەیەو نەختینەو دروای پێویست لە رێی بەرهەمە کشتوکالەیەکانەوە بەدەست دێنن ، ئەمە بۆچی بۆ ئیمەش ناگونجێ؟

سێهەم: لە کوێدا و لەکام لیکۆلینەوەی دەولەتی یان نادەولەتی لە کوردستاندا کشتوکاڵ هیندەی بایەخ پێدراوە تا وەک بیرۆکەیەکی تەیکەوەی حسابی بۆ بکرێ؟ کام زانکۆ یان ریکخراوی کۆمەلی مەدەنی فشاری بۆ حکومەت هێناوە کە نەوت نەکاتە سەرچاوەی داهات و کشتوکاڵ پێش بخات؟

چوارەم: چۆن ئیسپات دەکرێ و کام بەڵگەی تیوری یان مەیدانی لە ئارادایە کە وتبێتی نەوت کشتوکاڵی کوشت؟ بە مانایەکی تر ئایا ناکرێ و نەدەکرا لەم ٣٠ سالەی حوکمرانی خۆمالیدا نەوت پلە دو بێت و کشتوکاڵ ببێتە پلەیەک بۆ داهاتی وڵات؟

پینجەم: ئەگەر نەەوت دەبیتە هۆی نەخۆشی هۆلەندی ( کە بێگومان هەندێ جار دەبێت) و ولات توشی قەیرانی نەختینەو شمەک دەکات ، بۆچی دەبێ وا بیربکەینەوە کە هەر دەبێ نەوت سەرچاوەی یەکەمی داهاتی ولات بێ؟ گەر نەوت هیندە پیویستە ئەی بۆچی ولاتیکی وەک نەرویج پارەی نەوت ناخاتە بازارەوەو ئەسلەن بە جیا هەڵیدەگرێ بۆ نەوەکانی داهاتوی ولات؟

شەشەم: ئەگەر بە بێ نەوت وڵات دادەروخی بۆچی زۆر وڵاتی جیهان بە بەرهەمی کشتوکال دەژین و دانەروخاون؟ پاکستان و هیندستان و تورکیا و هۆلەنداو زۆر ولاتی ئەمریکای باشور کشتوکاڵ بەریوەیان دەبات، بۆچی ئەو ولاتانە هەرماون؟ جگە لەوە داهاتی کشتوکاڵی ولاتە گەورەکانی جیهان لە بابەتی ئەمریکاو روسیا و چین ساڵانە ملیارەها دۆلارە، گەر کشتوکال کاسبیەکی وا فاشیلە بۆچی ئەو ولاتانە دەسی لیهەلناگرن؟

حەوتەم: کێ تا ئیستا رایگەیاندوە ( لە حکومەت یان ئۆپۆزیسیون یان کۆمەڵی مەدەنی) کە نەوت نەفرەتە و دەبێ چالەکانی پڕ بکرینەوە؟ چونکە دکتۆر دەڵی لە دیدی گشتیدا دەوترێ کە " نەوت کشتوکاڵی کوشت" .. گەر وا نەوتراوە بۆچێ نەوت وەک وڵاتانی تر ناخریتە خزمەت کشتوکاڵ و وەک هەر پشتیوانێکی تر سودی لینابینرێ؟ ئەگەر پەین لە نەوت دەردێ کی ڕیگرە لەوەی پەین لە نەوت دەربێت؟ ئەگەر نەوت و گازۆیل بۆ تراکتۆر پێویستن کێ ریگری کردوە لەوەی بەکار نە‌هێنرێ.. ئەگەر نەوت پێویستە بۆ دروستکردنی سۆندەی پلاستیکی بۆ بەرهەمهینانی شوتی پینجوێن یان شارەزور تا ئیستە کێ ڕیگای گرتوە لەوەی کۆمپانیای خۆماڵی لە نەوتی خۆماڵی سۆندە دروست بکەن؟
کێ؟
چۆن؟
بۆ؟
هەر لە وتارەکەی هاوڕیم کاک د سەردار دەیان و دەیان پرسیاری ترم لا وروژاوە..

هیوادارم ئەم باسانە ببنە مایەی گفتوگۆی زیاتر چونکە دەرکەوتوە کە سیستمی سیاسی ولاتی ئیمە لەسەر نەوت دەروات و پێناچی هیچ سەروک حکومەت و کابینەیەکیش بە ئاسانی لە ژیر دەسەلاتی نەوت رزگاری ببێ ئەویش چونکە درەختەکە لە زەمانی بەعسەوە بە خواری گەورە بوەو دەسەلاتی خۆمالێش لەم 30 ساڵەدا نەیتوانیوە بارەکە راست بکاتەوە..
ویستم بۆ وەلامی هاوریی ئازیزم بچمەوە سەر کتیبە کۆنەکان ی وەک کاوتسکی بە ناوی "مەسەلەی زەوی" و کتیبەکەی فاروق ئەلقاسم بە ناونیشانی " نمونەی نەرویجی" ( دەرهێنانی نەوت ) ، بەڵام هەستم کرد وا بروات هەویرەکە ئاو زۆر ئەکیشێ و لە نوسینی فیسبوک دەرەچێ.. بۆیە لیرەوە دەوەستم بە هیوای ئەوەی خوا نەوت و بازرگانەکانیمان لەکۆڵ کاتەوەو ئیمەش بگەڕیینەوە بۆ قۆناغی منالی و توتن پێوەکردن...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن