881وتار

بۆ ئه‌وه‌ى له‌ خۆپیشاندانه‌كان تێبگه‌ین.. پێویستمان به‌ ناسینى نه‌وه‌ى "زێت" هه‌یه‌

12/10/2020 10:58:00 PM
د.پشتیوان فەرەج


ئه‌و گه‌نجانه‌ى له‌ دواى 1996 بۆ 2015 له‌ دایك بوون، پێیان ده‌وترێت "جێنه‌ره‌یشن زێت" یان نه‌وه‌ى زێت. له‌دواى ساڵانى 2000 ه‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌ فیكرى و ئه‌كادیمیه‌كاندا زۆر گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌م نه‌وه‌ نوێیه‌ كراوه‌ و له‌ كوردستان لاى خۆمان كه‌مترین گفتوگۆى زانستى له‌سه‌ر كراوه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌سمان به‌ ئینگلیزى ناخوێنینه‌وه‌ وئاگادارى گۆڕانكاریه‌كانى جیهان نین.ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ى كه‌ زۆر چالاكن و تواناى باشى سه‌ركردایه‌تیان هه‌یه‌ وه‌ك پێویست ناهێنرێنه‌ پێشه‌وه‌ ئیلا مه‌گه‌ر حزبى بن.

ئه‌ى نه‌وه‌ى "زێت" چیه‌ و چیان ده‌وێت؟

ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ ئێستایا ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 18 بۆ 25 ساڵدایه‌و چه‌ندین تایبه‌تمه‌نى گرنگیان هه‌یه‌ له‌وانه‌:

*له‌گه‌ڵ پێگه‌شتنیان و ته‌واوكردنى خوێندن توشى قه‌یرانى دارای و په‌تاى كۆفید و داڕمانى خزمه‌تگوزاریه‌ حكومیه‌كان بوونه‌وه‌.

*قه‌یرانى دارای و نه‌بونى هه‌لى كاری پێویستیان وه‌ك پاشخانێك بۆ ماوه‌ته‌وه‌.

*ئاینده‌ ڕوون نیه‌ له‌ به‌رچاویان و بێ ئومێدن.

*چاوه‌ڕوانیه‌كى زۆریان له‌ حكومه‌ت هه‌یه‌ كه‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و دارایی و سیاسیه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و، هه‌ربه‌هۆى ئه‌مه‌شه‌وه‌یه‌ كه‌ بێ ئومێد بوون.

*زیاندمه‌ندترین چینى كۆمه‌ڵگان، چونكه‌ به‌هۆى كۆفیده‌وه‌ خێزانه‌كانیان پیشه‌كانیان له‌ده‌ست داوه‌  یان موچه‌یان بڕاوه‌ یان كه‌مى كردوه‌ چیتر هاوكاریان ناكه‌ن.

*ئه‌و گه‌نجانه‌ش كه‌ كاریان هه‌بوه‌ له‌ ده‌ستیان داوه‌ به‌هۆى كۆفیده‌وه‌.

*ئه‌م نه‌وه‌یه‌ زۆربه‌یان ڕۆڵه‌ى ئه‌و خێزانانه‌ن كه‌ دایكیان یان باوكیان ده‌رچووى زانكۆن به‌به‌راورد به‌نه‌وه‌كه‌ى پێشوتر.

*ئه‌وان نه‌وه‌ى سه‌رده‌مى دیجیتاڵن و هیچ یاده‌وه‌رییه‌كى سه‌رده‌مى پێش سمارتفۆن و دیجیتاڵیان نیه‌ و  ئاگادارى دۆخى ژیانى وڵاتانى دیكه‌ن و به‌راوردكارى ده‌كه‌ن.

*هیوایان له‌ سه‌ر حكومه‌ت هه‌ڵچنیوه‌ نه‌وه‌ك بزنس و كه‌رتى تایبه‌ت بۆ دابینكردنى ژیانێكى باشتر.

*له‌سه‌داى حه‌فتاى ئه‌م نه‌وه‌یه‌ هێشتا باوه‌ڕیان هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت تواناى چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كانى هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ ئه‌نقه‌ست ئه‌و كاره‌ ناكه‌ن.

*هه‌ست به‌ مه‌حرومى و سودمه‌ندنه‌بوون له‌ داهاتى وڵات ده‌كه‌ن.

*ئه‌م نه‌وه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ حزبه‌ باوه‌كان، به‌ڵكو له‌ ئۆپۆزیسۆن و پۆپیولیسته‌كان بێزار بوون و ڕازیكردن و دامركانه‌وه‌یان قورسترێكه‌،
خوازیارى گۆڕینى ئه‌مرى واقیع و دۆخى باون .

*ئه‌وان حكومه‌تێكان ده‌وێت كه‌ كارو پیشه‌ و یاسا و عه‌داله‌ت و مافى مرۆڤ و كه‌رامه‌ت و شكۆیان بۆ دابین بكات.

*كاتێك كه‌ حكومه‌ت به‌ڵێنى چاكسازى به‌وان ده‌دات ئه‌وان نایه‌وێت چه‌ندین ساڵ له‌ چاوه‌ڕوانیدا بكوژن و كرداریان ده‌وێت.

*پێشوتر گه‌نج به‌ هه‌ندێك حزبى  به‌ناو ئۆپۆزیسۆن و خۆ به‌كه‌سایه‌تى زانى وه‌ك كۆلكه‌ نوسه‌ر و به‌ناو نوخبه‌كان و پۆپیولیسته‌كان له‌ ته‌له‌فیزیۆنه‌وه‌  هێورده بونه‌وه‌ كه‌ داواى خه‌باتى ناتوندوتیژیان ده‌كرد ئێستا چیتر ئه‌واجۆره‌ كه‌سانه‌ش كاریگه‌ریان نه‌ماوه‌.

*ئه‌م نه‌وه‌یه‌ كراوه‌تر و كه‌متر كۆنه‌پارێزن.

*حه‌زیان له‌ هه‌ره‌مى ده‌سه‌ڵات نیه.

*ئه‌م نه‌وه‌ نوێیه‌ زیاتر له‌ موعاناتى یه‌كتر تێده‌گه‌ن وه‌ك له‌ موعاناتى نه‌وه‌كانى پێش خۆیان، بۆ نمونه‌ مندڵێكى 10 ساڵان كه‌ ئاى پاد به‌كاردێنێت له‌ كوردستان زیاتر له‌ مندڵێكى هاوته‌مه‌نى خۆى له‌ وڵاتى چین تێده‌گان وه‌ك له‌ باپیرى خۆى.

*ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ڕوداوه‌ گرنگه‌كانى سه‌ده‌ى 21 گه‌وره‌ بوون و ئاشنان وه‌ك شه‌ڕى دژى تیرۆر و قه‌یرانى دارایی جیهانى و په‌تاى كۆفید.

*ئه‌م نه‌وه‌یه‌ تواناى چاوه‌ڕوانكردنى نیه‌. بۆ نمونه‌ هه‌ر له‌ زانكۆ كه‌ ئیمتیحان ده‌كه‌ن ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ ئه‌نجامه‌كه‌ى بزانن به‌هاوكارى ته‌كنه‌لۆجیا و گوگڵ كلاسرووم. جارى واهه‌یه‌ له‌ دواى چه‌ند كاتژمێرێك له‌ تاقیكردنه‌وه‌كان داواى ئه‌نجام ده‌كه‌م.

*ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ دونیایه‌كى هه‌تا بڵێى پڕ له‌ ڕكابه‌رایه‌تى له‌ دایك بوون. به‌تایبه‌تى له‌ بوارى خوێندن و دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كار. به‌كه‌رتى تایبه‌ت كردنى خزمه‌تگوزاریه‌كانى حكومه‌ت ئه‌وانى هێنده‌ى تر بێ ئومێد كردوه‌ چونكه‌ ئه‌م به‌كه‌رتى تایبه‌ت كردنه‌ جیاوازى چینایه‌تى له‌ڕاده‌به‌ده‌ر قوڵتر كردۆته‌وه‌.

*نه‌وه‌ى هه‌شتاكان زیاتر له‌ باووباپیرانیان ده‌چن و ڕه‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وت و تێڕوانین له‌ جیلى پێشوتر نزیكه‌, به‌ڵام نه‌وه‌ى زێت واته‌ دواى 1996 زۆر جیاوازترن له‌ باوو باپیرانیان.

*ئه‌م نه‌وه‌یه‌ هه‌ر ته‌نها كار و پاره‌ى ناوێت به‌ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى بژى, به‌ڵكو كار و پیشه‌ لاى ئه‌وان ناسنامه‌یه‌ و دۆزینه‌وه‌ى به‌ها و مه‌به‌سته‌ له‌ ژیانیان. لایان گرنگه‌ كارێك بكه‌ن چێژى لێوه‌ربگرن.

*نه‌وه‌ى زێت هه‌رگیز ناتوانن وه‌ك نه‌وه‌كانى پێشوو سه‌رمایه و داهات كۆبكه‌نه‌وه‌ به‌ هۆى كه‌ڵه‌كه‌بوونى قه‌یرانه‌كان.

*نه‌وه‌ى زێت زۆرترین فشارى ته‌كنه‌لۆجیایان له‌سه‌ره‌.

*نه‌وه‌ى زێت حه‌زیان له‌ ده‌ستپێشخه‌رى هه‌لى كاره‌.

*به‌پێچوانه‌ى بۆچونه‌ باوه‌كان نه‌وه‌ى زێن خوازیارى دروستكردنى ده‌رفه‌تى كارن بۆ خۆیان به‌به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆجیا و به‌ دیجیتاڵكردنى بزنسه‌كانیان. به‌پێ ى تویژینه‌وه‌كان 58%ى ئه‌م نه‌وه‌یه‌ خوازیاره‌ گه‌وره‌ بووبێت به‌ خاوه‌نى بزنسى خۆیان و خاوه‌ندارێتى كردن له‌ خۆیان.

*ئه‌م نه‌وه‌یه‌ خه‌ونى بردنه‌وه‌یان هه‌یه‌ نه‌وه‌ك په‌راوێزخستن و ئیهمالكردنیان.

*نه‌وه‌ى زێت كۆنێكته‌ و به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستراون پێشوترناوى نه‌وه‌ى سێڵفى و نه‌وه‌ى ته‌كنه‌لۆجیایان لێنراوه‌ . به‌ڵام ئه‌م ناوانه‌ زیاتر بۆ به‌كه‌متر سه‌یركردن و كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌رزشى ئه‌و گه‌نجانه‌یه‌ كه‌ جیاوازتر بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و كارده‌كه‌ن وده‌ژین.

*نه‌وه‌ى زێت زیره‌ك و چالاكترن له‌ به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆجیا و به‌ پیچه‌وانه‌ى بۆچونه‌كانه‌وه‌ ئه‌وان له‌ ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا خۆیان ون نه‌كردوه‌ به‌ڵكو له‌ نه‌وه‌كانى پێشوتر زیاتر خولیاى په‌یوه‌ندیكردن و گفتوگۆیان هه‌یه‌ به‌شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ. ئه‌وان نه‌ك هه‌ر ته‌نها حه‌زیان له‌ گفتوگۆ و لێكتێگه‌شتن هه‌یه‌ به‌ڵكو له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان حه‌زیان هه‌یه‌ به‌ شێوه‌ى داهێنه‌رانه‌تر گوزارشت له‌ خۆیان بكه‌ن. ئه‌وان خێراتر و زۆرتر و كاریگه‌رتر په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانى هاوته‌مه‌نیان.

*ئه‌م نه‌وه‌یه‌ زیاتر به‌دواى ئه‌وه‌ن خه‌ڵكى تر لێیان تێ بگات, و گرنگیان پێ بدرێت و گوێیان لێ بگیرێت و ڕێز له‌ خواستیان بگیرێت و قه‌دریان بزانرێت.

*نه‌وه‌ى زێت حه‌زیان له‌ كارى سه‌ربه‌خۆیانه‌یه‌ نه‌وه‌ك به‌شێوه‌ى ت یم.ئه‌وان حه‌زیان له‌ كاركردنه‌ له‌دووره‌وه‌ یان له‌ ئۆنلاین چونكه‌ تایبه‌تمه‌ندى خۆیان زیاتر پارێزراو ده‌بێت. ئه‌وان له‌ كاركردنیشدا پێیان خۆشه‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانیان پارێزراوتر بێت و حه‌زیان له‌ كێبركێ كردنى زیاتره‌.

*نه‌وه‌ى زێت فره‌ ڕه‌نگى لاگرنگتره‌ و گرنگیه‌كى ئه‌وتۆ به‌ جیاوازیه‌ ئاینی و نه‌ژادى و نه‌ته‌وه‌یی و كه‌لتوریه‌ زمانه‌وانیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ناده‌ن. ڕه‌گه‌ز و جێنده‌ر و زمان و ڕه‌نگى پێست بۆ ئه‌وان گرنگ نیه‌، به‌پێچه‌وانه‌ى جیلى كۆن ئه‌وان حه‌زیان له‌ فره‌ ڕه‌نگیه‌.

*ئه‌وه‌ى به‌لاى ئه‌م نه‌وه‌یه‌وه‌ گرنگه‌ ڕاستگۆیی و دڵسۆزى و تواناى كه‌سه‌كان خۆیه‌تى.

*نه‌وه‌ى زێت به‌رده‌وام خواستى گۆڕانكارى هه‌یه‌. ئه‌وان كێشه‌كانى منداڵى و هه‌رزه‌كارى زۆر زوو تێده‌په‌ڕێنن به‌ هۆى ته‌كنه‌لۆجیاوه‌ زوو گه‌وره‌ ده‌بن. هه‌ر بۆیه‌ زوو خۆیان له‌گه‌ڵ گۆڕاندا ده‌گونجێنن.

*نه‌وه‌ى زێت به‌په‌رۆش و خه‌مخۆرن ده‌رباره‌ى پرسه ‌سیاسیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ده‌یانه‌وێت لاى خۆیانه‌وه‌ گۆڕانكارى دروست بكه‌ن، ده‌یانه‌وێت خۆیان بكه‌ر بن نه‌ك كارتێكراو.

ئه‌وان حه‌زیان له‌ بیركردنه‌وه‌ى ڕه‌خنه‌گه‌رانه و لۆجیك و مه‌نتیقه‌, حه‌زیان له‌ گفتوگۆ و دیبه‌یته‌ ده‌رباره‌ى نه‌ك كێشه‌ هه‌نوكه‌یه‌كان به‌ته‌نها بگره‌ خه‌یاڵیان بۆ ئه‌و كێشانه‌ش ده‌چێت كه‌ هێشتا ڕوویاننه‌داوه‌ و ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ ڕووبده‌ن.

*له‌ڕووى فكرى سیاسشه‌وه‌ نه‌وه‌ى زێت له‌بوارى  ئابوریدا  كۆنه‌پارێزن و ده‌یانه‌وێت حكومه‌ت كاریگه‌ر و به‌هێز و تۆكمه‌بێت و ده‌رفه‌تى كاریان بۆ بڕه‌خسێنن له‌ كه‌رتى حكومى و تایبه‌ت وه‌ له‌ بوارى كۆمه‌ڵایه‌تیدا نه‌وه‌ى زێت چه‌پ و لیبراڵن.

له‌كۆتاییدا , نه‌وه‌ى نوێ ده‌یانه‌وێت ده‌نگیان هه‌ڵبڕن و ببیسترێن. ئه‌وان به‌دواى ده‌رفه‌تى كارى وه‌ها ده‌گه‌ڕێن كه‌ گۆڕانكارى له‌ ژیانى خۆیان و خێزان و كۆمه‌ڵگا دروست بكه‌ن, هه‌روه‌ها پێشیان خۆشه‌ ڕابه‌رایه‌تى بكه‌ن و به‌رده‌وام له‌ فێربووندان.

سه‌ره‌ڕاى كه‌مى ته‌مه‌ن و ئه‌زمونى كاركردن ئه‌م نه‌وه‌ى زێته‌ داهێنه‌رن خاوه‌ن بیرۆكه‌ى خۆیانن و له‌ ئێستایا زۆربه‌ى حكومه‌ت و بزنسه‌كان و كۆمپانیاكان ئه‌و گه‌نجه‌ داهێنه‌رانه‌ ده‌خه‌نه‌ بۆرده‌كانى خۆیانه‌وه‌ چونكه‌ تواناى بیركردنه‌وه‌ و نوێگه‌رییان تێدایه‌.

تا چه‌ند سوود له‌ وزه‌ و تواناكانى گه‌نجان وه‌رگیراوه‌ وه‌ تا چه‌ند نوێنه‌رایه‌تى ئه‌م نه‌وه‌ى "زێته‌" كراوه‌ له‌ كوردستان، ئه‌وه‌ جێده‌هێڵم بۆ ئێوه‌ى ئازیز.

تێبینى: بۆ نوسینى ئه‌م بابه‌ته‌ سودم له‌ چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك وه‌رگرتوه‌ وه‌ك پیو ڕسێج سه‌نته‌ وه‌ به‌كه‌مێك ده‌ستكارى و سه‌رنج و ئیزافه‌ى خۆم له‌سه‌ر گه‌نجانى كوردستان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن