11وتار

ئایا ئەسەد خیانەتی لە ئێران کرد؟ ئەی ستراتیژی شوگەر دادیتان بیستوە؟

12/11/2024 8:18:00 PM
د.پشتیوان فەرەج

دوای خەرجکردنی ٥٠ ملیار دۆلار لە سوریا هێشتا تاران لە شۆکدایە بەهۆی خیانەتی ئەسەد و هەڵهاتنی بۆ ڕوسیا و پشتکردنە ئێران.

هەموو کەس پێ ی وابوو ئەسەد دوو هاوپەیمانی بەهێزی هەیە: ئایەتوڵای شیعە لە ئێران کە باجێکی خەیاڵی ٥٠ ملیاری داوە بۆ بەرگری کردن لە ئەسەد و پۆتینی ڕوسیا. بەڵام ئەسەد بۆ هەمیشە  ژیانی مۆسکۆی هەڵبژارد و پشتی لە تاران کرد. بۆچی؟ هێشتا هۆکارەکان بەتەواوی نەزانراون بەڵام چەند سەرە داوێک هەن. هەندێک پێیان وایە ئەسەد متمانەی بە ئێران نەبوو چونکە دەیزانی ئەگەر بەرەو تاران سەری خۆی هەڵبگرێت هەواڵگیری ئیسرایل بە ئاسانی دەیدۆزنەوە و دەیکەن بە ئامانجی خۆیان چونکە ئیسرایل مێژوویەکی بەهێزی هەیە لە تیرۆرکردنی نەیارەکانی تەنانەت لە ئێرانیش. هەندێکی تر پێیان وایە ئەسەد حەزی لە فۆدگا و ئازادی ڕووسیا هەبوو. بە چوونی بۆ تاران ئەو ئازادیەی نەدەما کە خۆی دەیویست. گرنگ نیە هۆکارەکەی چی بوو گرنگ ئەوەیە ئێران توشی ئیحراجیەکی گەورە بوو کە چەند ڕۆژێک پێش هەڵهاتنی ئەسەد وەزیری دەرەوە سەردانی دیمەشقی کرد و لە ناو شارەکە شاورمەی سوری دەخوارد بۆ ئەوەی وای نیشان بدا دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵدایە بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری پلانە جەهەنەمیەکەی ئەسەد نەبوون. ئێستا تاران زۆر پەشیمانە کە بۆ زیاتر لە ١٣ ساڵ بەپارەی خۆی ڕژێمی ئەسەدی پاراست و زیاتر لە ٥٠ ملیاری لە شەڕی سوریا خەرج کردوە.

تاران لە شۆکدایە
دوای هەڵهاتنی ئەسەد بۆ ڕووسیا زۆری پێ چوو تا تاران بەیاننامەی خۆی دەرکرد چونکە لەو پلانە بێ خەبەر بوون. زیاتر لە ڕۆژێکی پێ چوو تا بەرپرسانی تاران هاتنە گۆ چونکە هیچ ئاگاداری ئەو پلانە نەبوون و وەک هەموو کەس لە میدیاکانەوە ئەو هەواڵەیان بیست. پلانەکە ئەوەندە نهێنی ئامێز بوو کە وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژێک پێش هەڵهاتنەکە لە دیمەشق سەردانی ئەسەدی کرد و شاورمەی لە دیمەشق خوارد کە دیمەنێکی زۆر سوریالیستانە بوو چونکە بێ خەبەر بوون لەوەی لەپشت پەردەوە دەگوزەرا. تەنانەت ئۆفیسی ڕابەری ئێران بێ خەبەر بوو. ئەو بەیانیەی کە ئەسەد هەڵهات ڕۆژنامەی کەیهان کە خامنەیی پاڵپشتی دەکات هەواڵێکی لەسەر سەرکەوتنە سەربازیەکانی ئەسەدی بڵاوکردەوە و ئەسەدیان بە شێرەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسف کرد. دوای چەند کاتژمێرێک میدیاکانی ئێران توشی شۆک بوون و نەیاندەتوانی باوەڕ بەوە بکەن کە ڕوویدا. ڕۆژێک لەپێش کەوتنی ئەسەد نەیارەکانی ئەسەدیان بە تیرۆریستانی سەر بە زایۆنی لەقەڵەم دەدا کەچی ڕۆژی کەوتنی ئەسەد بە گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسۆن ناویان دەهات لە میدیای ئێراندا.

 دەساڵ پشت و پەنای ئەسەد بە تێچوونی ٥٠ ملیارد
بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ، تاران پشتگیری فراوانی خۆی بۆ ئەسەد بە وەبەرهێنانێکی پێویست بۆ سەقامگیری ناوچەکە و بەرگری لە دژی داعش پاساو دەدا. خەمڵاندنە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران لەنێوان 30 بۆ 50 ملیار دۆلاری بۆ ڕژێمی ئەسەد خەرج کردووە، هەرچەندە هەندێک پێیان وایە ئەو ژمارەیە زۆر زیاترە. ئەم خەرجییانە مووچەی نەقدی چەکدارەکان لە سوریا دەگرێتەوە، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان جەنگاوەرانی هێڵی پێشەوە مانگانە 150 دۆلاریان لە سوپای پاسدارانی ئێران وەرگرتوە.
خەڵکی ئێران زۆر نیگەرانن لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی دیکەدا و چونکە بارگرانی دارایی زۆر گەورەی خستۆتە سەرشانیان، بەتایبەتی لە کاتی قەیرانی ئابووری ئێستایدا. جگە لە سزاکانی سەر کەرتی نەوت و هەڵئاوسان و هەژاری بەربڵاو ژیانی لە ئێرانیەکان سەخت کردوە . لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانی ئێران خەڵکی وڵاتەکە ئیدانەی ئەو سیاسەتەیان کردوە کە سامانی ئێران لە دەستێوەردانی دەرەوە خەرجکراوە لە کاتێکدا خەڵک برسیە 
وڕۆژ دوای ڕۆژ ژیانیان سەختر دەبێت و ئەو پارەیە لەناوخۆدا سەرف نەکراوە.

مێژوویەک لە هاوپەیمانێتیی ناسەقامگیر
هاوپەیمانێتی ئێران و سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979، کاتێک شۆڕشی ئایەتوڵڵا خومەینی جێگەی شای ئێرانی گرتەوە. لە کاتێکدا شا پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دامەزراند، حافز ئەسەدی باوکی بەشار پشتگیری شۆڕشگێڕانی ئێران کرد و سەرچاوە و هاوکاری بۆ دابین کردوون لە کاتی تێکۆشانیان لە دژی سەدام حوسێن. سەرەڕای جیاوازی ئایدۆلۆژی، حکومەتە شیعەکانی ئەو دوو وڵاتە خاڵی هاوبەشیان دۆزیەوە لە دژایەتیکردنی ڕژێمی بەعسی عێراق.
بەشار ئەسەد سەرەتا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ڕۆژئاوا هەبوو و تەنانەت چاوی بە شاژن ئەلیزابێسی دووەم و سەرۆک وەزیران تۆنی بلێر کەوت. بەڵام ڕاپەڕینی 2011 ی سوریا هەموو شتێکی گۆڕی. لە کاتێکدا حکوومەتە ڕۆژئاواییەکان خۆیان لە ئەسەد دوور دەخستەوە بەهۆی دڕندانە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، ئێران کە لەو کاتەدا خۆی گیرۆدەی خۆپیشاندانەکانی ناوخۆ بوو، کەچی هاوکاری ئەسەدی کرد و  دەستی کرد بە سەرکوتکردنی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و داعش لە سوریا، ئێران ترسی هەبوو بەهۆی بەهاری عەرەبی و کەوتنی سەرۆکە عەرەبیەکان یەک لە دوای یەک وە کەوتنی ئەسەد ببێتە هۆی کەوتنی دۆمینە ئاسای ڕژێمی ئێرانیش.

ئیحراجکردنی تاران بەهۆی هەڵهاتنی ئەسەدەوە
هەڵهاتنی لەناکاوی ئەسەد سەرکردەکانی تارانی شەرمەزارو ئیحراج کرد. خامنەیی کە پێشتر ئەسەدی وەک هاوپەیمانێکی نەگۆڕ ستایش دەکرد، ئێستا ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە دەبێتەوە کە چەندین ساڵە پشتیوانی لە ئەسەد دەکەن و پرۆپاگەندەی بۆ دەکەن تەنها بۆ ئەوەی وەک بەرزەکی بانان هەڵبێت و بەجۆرێک ئێران بێ خەبەر بوو. لە ئێستایا میدیای دەوڵەتی ئێران هەوڵ دەدات چەندین ساڵ پڕوپاگەندە بۆ ئەسەد لەگەڵ ئەم حیکایەتیە نوێیە بگونجێنێت کە تیایدا ئەسەد بێ پرسی ئێران هەڵهات. ئێستا ئیران پەشیمانە کە بۆ زیاتر لە ١٣ ساڵ و بەتێچوی زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە سوریا کرد و هیچی دەست نەکەوت لەو وەبەرهێنانە. نەک هیچی دەستنەکەوت بگرە سوریا لەسەر سینیەکی ئاڵتونی پێشکەش بە ئۆپۆزیسۆن کرا. بەشێک لەو چاودێر و سیاسیانەی کە ستایشی هەوڵەکانی ئێرانیان لە سوریا دەکرد ئێستا ڕەخنە لە سیاسەتی تاران دەگرن کە ئاگاداری پلانەکانی ئەسەد نەبوون و هەندێک لەوان ئەسەد بە خیانەتکار لە قەڵەم دەدەن.

ستراتیژی شوگەر دادی شکستی هێنا
هەندێک لە تؤڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئێران بە تەنزەوە باس لە پەیوەندی ئەسەد و خامنەیی دەکەن کە خامنەیی ڕۆڵی شوگەر دادی بینیوە و ئەسەدیش خیانەتی لە شوگەر دادی خۆی کرد چونکە خۆشەویستێکی نوێ ی دۆزیوەتەوە.
زیاتر لە ساڵێکە سەرکردە باڵاکانی ئێران تەنها سەرقاڵی بەیاننامە دەرکردن ڕۆژێک بۆ کوشتنی سەرکردەی حزبوڵا ڕۆژێک بۆ کوشتنی سەرکردەکانی حەماس. ئەوەی گوتراوە ئەوەیە کە ئەوانە شەهیدی پیرۆزن و گیانی خۆیان بەخت کرد لە شەڕی زایۆنیەکاندا. بەڵام ئێستا لەهەمووی قورستر بۆ تاران چۆنیەتی پاساودانی هەڵهاتنی ئەسەدە. ئەو ستراتیژەی ئێران وەک شوگەر دادیەک لەناوچەکەدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا و چیدی تاران ناتوانێت پاساوی ئەوەی هەبێت کە شەڕی نەیارەکانی لە سوریا دەکات بۆ ئەوەی دوژمن لە گاتە وڵاتەکەیان. ئەم ستراتیژە ئێرانی ئیفلاس پێکرد و سەرکەوتنیشی بەدەست نەهێنا.
تێبینی : شوگەر دادی پیاوێکی بەتەمەن و دەوڵەمەندە کە پارە و دیاری و هەموو شتێک دەدات بە دەنکە گەنجەکەی لەبەرامبەر مانەوەی لەگەڵیدا, زۆرجار شوگەر دادی لە کۆتاییدا بە تەنیا دەمێنێتەوە چونکە دەنگە گەنج و جوانەکەی بەتەنیا بەجێ ی دێڵێ بۆ دۆزینەوەی شوگەر دادیەکی چەورتر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن