324وتار

دیسان پەلامار بۆ سەر کۆرمۆر

7/26/2022 9:13:00 AM
د.پشتیوان فەرەج

 

لە ئێوارەى ئەمڕۆ 25 ى تەموزى 2022 موشەک بارانى کێڵگەى کۆرمۆر کرا لە سنورى چەمچەماڵ. تەنها لە دواى دوو ڕۆژ لەسەردانەکەى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەرپرسی نەوت و گاز لەگەڵ بەغداد.

لەدواى بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵی عێڕاقی لە شوباتى 15 کێڵگە نەوتى و گازیەکانى کوردستان بەردەوام کراون بە ئامانجى موشەک و کاتیۆشا. بەتایبەت دواى ئەوەى دادگاى فیدڕاڵی بڕیاڕى دەرکرد کە هەناردەکردنى نەوت و گازى کوردستان نادەستوریە. لەوکاتەوە هەتا ئێستا بەردەوام ژێرخانى نەوت و گاز دەکرێتە ئامانج.

حکومەتى کوردستان ئەو بڕیارەى دادگاى فیدڕاڵی ڕەتکردۆتەوە و داواى کردوە بە دانوستان ڕێکبکەون لەسەر داهات و هەناردەى نەوت و گاز.

تەنها لە مانگى حوزەیران کێڵگەى کۆرمۆڕ سێ جار کراوەب بە ئامانج.

تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتى نەگرتۆتەئەستۆ و بەڵام زۆر لە شارەزایان پێیان وایە کە ئەم پەلامارانە لەلایەن هێزە عێڕاقیەکانى نزیک لە ئێران ئەنجام دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئێران دژى ئەوەیە کە هەرێمى کوردستان گاز هەناردەى ئەوروپا بکات لە ڕێگەى بۆریەکەوە لە تورکیاوە. هەرچەندە ئەم بۆریە پێویستى بە وەبەرهێنان و کارى زۆر هەیە لە ئایندەدا.

کوردستان تموحى ئەوەى هەیە گازیش هەناردەى عێڕاق بکات هەروەها بۆ تورکیا و ئەوروپاش.

گەورەترین وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانى گاز لە کوردستان گۆمپانیاى دانەگازە کە دەیەوێت بەرهەم هێنانى گاز زیاد بکات بۆ 700 ملیۆن پێی موکەعەب لە ڕۆژێکدا تاوەکو چارەکى دووەمى 2023. ئەم پڕۆژەیەى دانەغاز بڕى 250 ملیۆن دۆلارى وەک قەرز وەرگرتوە لە کەرتى گەشەپێدانى دارایی نێودەوڵەتى ئەمریکا. ئەمەش بە دڵی زۆرکەس نیە ئەمەلەلایەک و لەلایەکى تریش ئەو پەلامارانە فشارن بۆ سەر پارتى دەسەڵاتدارلە کوردستان بۆ ئەوەى سازش بکەن بۆ تەشکیل کردنى حکومەتى نوێ ی عێڕاق و هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار و سەرۆک ئەنجومەنى وەزیران عێڕاق.

بەداخەوە کوردستان بوە بە ناوچەى گەرم بۆ یەکلاکردنەوەى بەرژەوەندیە سیاسیەکانى ناوخۆى عێراق و وڵاتانی دراوسێش.

ئەمڕۆ 288 ڕؤژ تێپەڕى لە دواى هەڵبژاردنەکانى ساڵی پار و تا ئێستاش نەیانتوانیوە حکومەت تەشکیل بکەن بەهۆى ناکۆکی و ترسى لایەنەکان لەیەکتر.

گەرمترین ڕوداوى ساڵیش بڵاوبونەوەى تۆمارە دەنگیەکانى مالیکى بوو کەچى هیچ ڕوماڵێک نەکرا لەمیدیای نێودەوڵەتیدا و هیچ بایەخێکى ئەوتۆیان پێ نەدا، لە کاتێکدا ئەو تۆمارانە دەریدەخست کە ناوماڵی سیاسی عێڕاقی چەند شپرەزە و وێرانە...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن