53وتار

عێڕاق لە سەردەمی نادڵنیایی ترەمپدا چی بەسەر دێت؟

11/13/2024 9:08:00 AM
د.پشتیوان فەرەج

گەڕانەوەی ترەمپ تەحەدای نوێ ی ئابوری و سەربازی و سیاسی و دیبلۆماسی دۆخێکی نادڵنیایی بۆ عێڕاق دێنێتە کایەوە.

 

فەرمانی دەستگیرکردنی ترەمپ

 لە 7ی کانوونی دووەمی 2021، دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافەالە بەغدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا دەرکرد. فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەشێک بوو لە لێکۆڵینەوەیەکی عێراقی سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا کە بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی ئێران کە لقێکی سوپای پاسدارە و ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرۆکی  حەشدی شەعبی عێراق. ئەو دوو سەرکردەیە لە هێرشێکدا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کراونەتە ئامانج و کوژران. فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە کە پەیوەندی بە کوشتنی بە ئەنقەست هەیە لەلایەن ترەمپەوە وە تاوانبار داواکراوە. سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقیش فایق زیدان تیشکی خستە سەر هەڵوێستی عێراق لەو بارەیەوە و گوتی ئێمە فەرمانی دەستگیرکردنمان بۆ ترەمپ دەرکردووە و دوودڵ نابین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لەدژی. ئەم فەرمانە عێڕاق تەواو ئیحراج دەکات چونکە نە جێبەجێ دەکرێت و جێبەجێ نەکردنیشی یانی سیستەمی قەزایی عێڕاقی ئەرزشێکی وەهای نیە. لەگەڵ پەرەسەندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، عێراق و ئەمریکا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە هاوسەنگی کرداری یاسایی و بەرژەوەندییە ستراتیژییە فراوانترەکاندا.

 

پیرۆزبایی کردن

 خولی دوومی سەرۆکایەتی ئەمریکا تەحەدای نوێ بۆ عێڕاق دروست دەکات و پەیوەندی عێڕاق لەگەڵ ئەمریکا دژوارتر دەکات. سەرەڕای کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس لەلایەن ترەمپەوە کەچی هێشتا سیاسیەکانیەکانی عێڕاق پابەندبوونی خۆیان بەبەهێزکردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی ئەمریکا و عێڕاق دەردەبڕن.بەشێکی زۆری بەپرسانی باڵای عێڕاق بە کوردستانیشەوە پیرۆزباییان لە ترەمپ کردوە لەوانەش محەمەد سودانی و لەتیف جمال ڕەشید و نێچیرفان بارزانی و مەسرور بارزانی پەرۆشی خۆیان دەربڕی بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لە گەڵ سەرۆک ترەمپدا.

 

سیاسەتی توندی ترەمپ و لێکەوتەکانی

 شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی سیاسەتی دەرەوەی توندی ترەمپ لەوانەیە ئاڵنگاریە ناوخۆ و ناوچەییەکان بۆ عێراق زیاتر بکات، بەتایبەتی سەبارەت بە ئامادەبوونی سەربازی ئەمەریکا و گەمارۆ ئابووریەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران ناوچەکە زیاتر ناسەقامگیر بکات.
چی لە ترەمپ چاوەڕوان بکەین؟

 

عەباس ئەلجبوری شیکەرەوەی سیاسی پێ ی وایە کە ترەمپ ئامانجی ڕوونی هەیە و کاری بۆ دەکات، لەکاتێکدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە سەقامگیری دەمێنێتەوە بەڵام سەرۆکەکان بەتایبەتی کۆماریەکان هەمیشە تا ڕادەیەک دەستکراوەن وهەڵوێستەکانیان پێشبینی نەکراوە.ئەلجەبوری ترەمپ وەک  سەرۆکێکی دیکتاتۆر وەسف دەکات و پێ ی وایە هاتنەوەى ترەمپ لەبەرژەوەندی عێڕاق نیە  چونکە  ترەمپ حساب بۆ دامەزراوەکانى ئەمریکا ناکات و بڕیاڕەکانى سنوری دامەزراوەیی ئەمریکا تێدەپەڕێنێت و زۆر دەسەڵات بەخۆی دەدات. واتە ترەمپ هەوڵی هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەدات و پێشبینی دەکات سزای بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنێت کە هەوڵ دەدەن لە عێڕاق کاریگەری لەسەر شەڕی غەززە دروست بکەن و ترەمپ هەر بەردەوام دەبێت لە سزاکانی لەدژی ئێران. جەبوری ئاماژە بە لێدوانەکەی پێشووی ترەمپ کرد سەبارەت بە عێڕاق کە ڕایگەیاندوە "شتێک نیە بە ناوی عێڕاق، ئەوەی هەیە تەنها نەوتە" و واتە ترەمپ بەچاوی تەماع و بازرگانی لە عێڕاق دەڕوانێت، بۆیە دەبێت عێراق دەبێت تیمێکی شارەزا ئامادە بکات بۆ دانوستان و ڕێکەوتن لەگەڵ ترەمپ و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی نوێی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق.

 

ئەمریکا چۆن دەستێوەردان دەکات؟

 عێراقییەکان چاوەڕوانییەکی زۆریان لە دۆناڵد ترەمپ هەیە سەبارەت بە دەستێوەردان لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەکی

 

لە بواری ناوخۆدا، عێراق پێویستی بە پشتیوانی بەهێزی ئەمەریکا هەیە بۆ حکومەتەکەی و هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی دیالۆگ لەنێوان گروپە سیاسییە جۆراوجۆرەکان. عێراق هیوادارە وەبەرهێنانی ئەمەریکا زیاتر بێت و وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان ڕۆڵێکی چالاکتر ببینن لە گەشەپێدانی ئابووری وڵاتەکەدا. سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە،عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی وشکەساڵی دەبێتەوە و سیاسەتی عێڕاق وا دەخوازێت کە ئەمریکا فشار بخاتە سەر وڵاتانی دراوسێ لەوانەش تورکیا و ئێران بۆ ئەوەی ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەربداتەوە. عێراق پێویستی بە پشتیوانی ئەمەریکا دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە وڵاتانی ناوچەکە لە دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی عێراق. وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی، چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا پابەند بێت بە بەڵێنەکانی بەرامبەر عێراق چونکە ئەمریکا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دامەزراندنی سیستەمی سیاسی ئێستای وڵاتەکە دوای ڕووخانی سەدام حوسێن.
ترەمپ و دۆخی ئابووری عێراق

 

سەرکەوتنی ترەمپ چەندین کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق دەبێت، بەتایبەتی لە بواری نرخی نەوت و سزاکانی سەر ئێران و وەبەرهێنانی بیانی. نرخی نەوتی لەبازاڕەکانی جیهان کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی ترەمپ دەبێت، بەرزبوونەوە یان دابەزینی ئەو کاڵایە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئابوری و سەقامگیری عێراق دەبێت. سەبارەت بە سزاکانی سەر ئێران، ترەمپ بە هەڵوێستی توند بەرامبەر ئێران ناسراوە و رەنگە سزای توندتر بسەپێنێت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران دەبێت، بەتایبەتی لە هاوردەکردنی گاز بۆ بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی وزە. سەبارەت بە وەبەرهێنانی بیانی، سیاسەتە ئابووری و بازرگانییەکانی ترەمپ کاریگەری لەسەر وەبەرهێنانی بیانی بۆ عێراق هەیە، وئەگەری هەیە بازاڕی عێراق ناسەقامگیر بکات ئەگەر سیاسەتەکانی ترەمپ بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت. تا چەند عێڕاق خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ سیاسەتی نوێ ی ترەمپ و سوود لە دەرفەتەکان وەردەگرێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە سیاسەتی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

 

ئێران و میلیشیاکان لە عێڕاق

 بەگشتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا نەگؤڕە و بە گشتی هەمان بنەما و ئامانج پەیڕەو دەکات، بەڵام لە پراکتیکدا جیاوازە، بەتایبەتی سەبارەت بە عێراق. مامەڵەی کۆمارییەکان لەگەڵ ئێران پێچەوانەی شێوازی دیموکراتەکانە، کۆمارییەکان کەمتر نەرمن زیاتر باوەڕیان بە دەستێوەردانی دەرەکیە، بەتایبەتی کاتێک مامەڵە لەگەڵ نفوزی ئێران دەکەن لە ناوچەکەدا، لەوانەش لە ڕێگەی میلیشیا بریکارەکانییەوە. کۆمارییەکان دەستێوەردانی ئێران لە عێراق بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانن و ترەمپ عێراق وەک سەرمایەیەکی ستراتیژی و ئابووری بۆ سیاسەتی ئەمەریکا دەبینێت و تا ئێستا عێراق گرنگیەکی جیۆستراتیژی بۆ ئەمریکا هەیە لەناوچەکەدا.

 

چاودێریکردن و لەقاڵبدانی بازرگانی

 سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامانجی سنووردارکردنی گەشەسەندنی ئابووری ئێرانە و ئەمەش فشارەکان لەسەر عێراق زیاد دەکات سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت و وەبەرهێنانی گاز. سەرەڕای ئەوەش ڕێوشوێنەکانی ئەمریکا لەوانەیە هاتنی گازی ئێران بۆ عێراق بکاتە ئامانج و لەوانەیە ترەمپ  هاوکاری ئابووری و ئاذڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات سنووردار بکات.

 

ئەمریکا چاودێری توندی کەرتی بانکی عێڕاق دەکات
توندکردنەوەی چاودێری دارای و سزای بانکەکان

 ئەمەریکا وەزارەتی گەنجینەی فیدراڵی بەکاردەهێنێت بۆ توندکردنی چاودێری دارایی لەسەرعێراق و چاودێریکردنی هەر ئاڵوگؤڕێکی بازرگانی بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی پارە بە قەوارەکانی سەر بە ئێران یان ئەو گروپانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

هەروەها پێشبینی دەکرێت سزای نوێ بەسەر بانکەکانی عێراق و قەوارە کاریگەرەکاندا بسەپێنرێت، بەتایبەتی ئەگەر بانکی ناوەندی عێراق نەتوانێت مەترسییەکانی گواستنەوەی دارایی قەیرانی کاش و دۆلار بەڕێوە ببات.

سیاسەتی ترەمپ ئامانجی لاوازکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە کە هەڕەشە لە ئەولەویەتەکانی ئەمەریکا دەکەن و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی زیاتر پێکدادانی میلیشیاکان و گروپەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکان کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق هەیە.

 

ئاسایش و بۆچوونی ترەمپ

 ئەولەویەتی گرنگیدانی ترەمپ بۆ پرسی عێڕاق پەیوەندی بەبەهێزهێشتنەوەی ئابووری ئەمریکاوە هەیە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەش دەبێت ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەی کەنداو مسۆگەر بکات. بەڵام ئابووری عێراق زۆر پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت،و ئەمەش پەیوەندییەکی نزیکی بە بوژاندنەوەی ئابووری ئەمریکاوە هەیە. بۆیە پێویستە ڕێککەوتنی ئاسایشی ئەمەریکا و عێراق بە چالاکی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی سەقامگیریی هاوبەش دەستەبەر بکرێت.

 

سەبارەت بە میلیشیاکان، ئەوان بەردەوام دەبن لە تاکتیکی (گورش وەشاندن و لێدان و هەڵهاتن) لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا. بەڵام ئەمەریکا دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم گروپانە بکات بۆ پاراستنی سەقامگیری هەناردەکردنی نەوت، ئەمەش پرسێکی جیۆپۆلەتیکە و لە سەرووی نیگەرانییەکانی ئاسایشی عێراقەوەیە. ئەمریکای ترەمپ  بە وریاییەوە دەمێنێتەوە سەبارەت بە هەرکاریگەری ئێران لە ناوچەکە و عێڕاق بەتایبەتی، ئەمەس دۆخی ناوچەیی و پرسی ئاسایشی عێڕاق ئاڵۆزتر دەکات.

 

چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورە بن تەنها لە ناوخۆی ئەمریکا 

 بە پێچەوانەی پێشبینی زۆرێک، دوای سەرکەوتنی ترەمپ هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوونادات، یان لانی کەم بەو ئەندازەیەی کە هەندێک پێشبینی دەکەن. ڕاستە ترەمپ سیاسەتێکی پێشبینی نەکراو پیادە دەکات و کەسایەتی و بڕیاڕدانی پێشبینی ناکرێت و زۆرجار دەیەوێت گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکادا بکات بەڵام لە دونیای دەرەوەی ئەمریکا پێناچێت ترەمپ ڕێچکەیەکی جیاوازتر لە خولی یەکەمی بگرێتە بەر. لەمیانی ئەو چەند فیدیۆیەی کە بڵاوبۆتەوە لەدوای هەڵبژاردنی ترەمپ زیاتر سەرقاڵ دەبێت بە داپڵۆسین و تۆڵەسەندنەوە لەوانەی کە دەوڵەتی قوڵی ئەمریکایان کۆنتڕۆڵ کردوە لەوانەش چەند گۆڕانکاریەک یان پێداچوونە بە چەند پرسێ:ی دەستوری و یاسایی وەک پرسی ئازادی ڕادەربڕین و سانسۆری و میدیا و زانکۆکان و تین تانکەکان و چەپی توندڕەو و پرسی پاشەکشە کردن لە جێندەر و کۆتاییهێنانی بە کۆچی نایاسایی. هەموو ئەم پرسانە جێ مشتومڕن و هێندە سەرقاڵی دەکەن پێناچێت بپەرژێتە سەر گۆڕینی ڕژێمەکانی دەرەوە. 

 

ناسینی کەسایەتیەکانی کابینەی نوێ ی ترەمپ و لێکەوتەکانی

 دەبێت تا بەهاری ساڵی ئایندە چاوەڕوان بین بزانین ترەمپ چی لە خولی یەکەم فێربووە و چ گۆڕانکاریەک دەهێنێتە ئاراوە.

 

ڕۆژی چوارشەمە کۆماریەکان لە دەنگدانێکی نهێنیدا سەرۆکی کۆنگرێس هەڵدەبژێرن. هەرکێ براوەی ئەو پۆستە بێت ئەوە دەستنیشان دەکات تا چەند ترەمپ دەستکراوە دەبێت بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریەکان. کۆماریەکان دوو بژاردەیان لەبەردەمە لەنێوان سیناتۆر ڕیک سکۆتی فلۆریدا کە هەوادارێکی سەرسەختی ماگایە واتە دروشمەکەی ترەمپ بۆ ئەوەی ئەمریکا بکاتەوە بە وڵاتێکی سەروەر و مەزن و سیناتۆر جۆن کۆرنین لە تەکساس کە پشتگیری بەهێزی دامەزراوەکانی ئەمریکا دەکەن نەوەک پشتگیری بەهێزی سەرۆک.

 

کابینە نوێیەکەی ترەمپ کێن؟

 سیناتۆر مارکۆ ڕۆبینۆ و مایک واڵتز دەبن بە وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی, هەردوکیان لە هەڵۆکانی کۆماریەکانن و دژایەتی چین و ئێران دەکەن.  مارکۆ ڕۆبینۆ پۆپیولیستە و هەلوێستێکی نەرمی هەیە دەربارەی ڕووسیا.

 

مایک واڵتز ئەندامی کۆنگرێسە لەساڵی ٢٠١٩ ەوە و چەندین جار لە ئەفغانستان سەرباز بووە و لەکابینەی یەکەمی ترەمپدا پشتگیری مانەوەی هێ.ەکانی ئەمریکای کردوە لە ئەفغانستان و دژایەتی کشانەوەی سوپای ئەمریکا بوو لە ئەفغانستان لەسەردەمی بایدندا.

 

ستیفن میلە: یەکێ لە دوژمنەکانی کۆچی نایاساییە و ڕایگەیاندوە لەگەڵ یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی ترەمپ دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچبەرە نایاساییەکان دەست پێدەکات و ساڵی یەک ملیۆن کەس دیپۆرت دەکاتەوە.

 

ئیسلیس ستیفانیک: ئەندامی کۆنگرێس لە نیۆرک دەبێت بە نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان. ئەم ژنە ناوی چووە مێژوەوە لەبەر ئەوەی بەهێزترین ڕووبەرووبوونەوەی سەرۆکی زانکۆکانی لە کۆنگرێس ئەنجام دا و پرسی دژایەتیکردنی جولەکەی ئەنتی سێمیتیزمی وروژاند و زۆرترین بینەری هەبوو.

 

کێ بێ بەشکرا لە پۆست؟

 مایک پۆمپیۆ و نیکی هەیلی هیچ ڕؤڵێکیان لە کابینە نوێیەکی ترەمپ نابێ, ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە دوو کۆماری بوون و بەرزترین پلەوپۆستیان هەبوو لە کابینەی یەکەمی ترەمپ.

 

بۆچی؟
هەریەک لە پۆمپیۆ و هەیلی دوو کاندیدی بەهێزی کۆماریەکانن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئایندەی ئەمریکا. هەردوکیان سیاسەتی دەستێوەردانی جیاوازیان هەیە بەبەراورد بە بۆچون و تێڕوانی ترەمپ و ڕاوێژکارەکانی.

 

 

ئیلۆن مەسک: ئەم کەسایەتیە خۆی لەخۆیدا یەک ڕیپۆرتاژی نوێ ی پێویستە چاوەڕوان بن


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن