359وتار

​ عێراق لە ساڵى 2021 دا

12/20/2020 8:25:00 AM
د.پشتیوان فەرەج

  ئه‌م نوسینه‌ كورتكراوه‌ى بۆچونى چه‌ند ده‌زگایه‌كى توێژینه‌وه‌ و تینك تانكى جیهانین كه ‌له‌م ماوه‌یه‌دا به‌چڕى له‌سه‌ر عێراق نوسیویانه‌ و لاى خۆم كۆمكردبونه‌وه‌ و لێره‌دا به‌پوختى ده‌ خاڵ دەخەمە ڕوو:

یه‌كه‌م : كازمى نه‌ تواناى ڕیفۆرمى هه‌یه‌ نه‌ حزبى هه‌یه‌ پشتگیرى لێبكه‌ن نه‌ تواناى هه‌یه‌ كێشه‌كانى عێراق چاره‌سه‌ر بكات.حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى تواناى كه‌مكردنه‌وه‌ى موچه‌ى نیه‌, تواناى كه‌مكردنه‌وه‌ى كارمه‌ندى حكومى نیه‌, تواناى بڕینى موچه‌ى بندیواره‌كانیشى نیه‌. ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌ حزبیه‌كان ده‌ترسێت و تواناى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى هه‌ژمونى ئه‌وانى نیه‌. كه‌ بوو به‌سه‌رۆكى حكومه‌ت پشتگیرى شیعه‌ و سونه‌و ئێران ئه‌مریكاشى هه‌بوو به‌ڵام كازمى تواناى چاككردنى ئه‌و سیسته‌مه‌ شكستخواردوه‌ى عێراقى نیه‌. ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ گه‌وره‌یه‌ى به‌ڕێوه‌یه‌ بزمار له‌تابوتى حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى ده‌دات و ئه‌گه‌رى لابردنیشى هه‌یه‌ له‌ حكومه‌ت. تا ئێستا بۆیه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات هێشتویانه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حزبه‌ سیاسیه‌كانى عێراق ده‌یانه‌وێت ده‌سته‌ چه‌وره‌كه‌ى خۆیان به‌ودا بسڕن و به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌ خۆیان له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانى هاوڵاتیان بدزنه‌وه‌.

دووه‌م: گه‌وره‌رتین كێشه‌ى عێڕاق نه‌بونى پاره‌ نیه‌ به‌ڵكو گه‌نده‌ڵیه‌. له‌ 17 ساڵى ڕابردوو حكومڕانى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك نه‌بووه‌ به‌ڵكو له‌ خزمه‌ت چینى ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌. له‌ شێوه‌ى موچه‌ و گرێبه‌ست و دامه‌زراندن ده‌سه‌ڵات و ده‌ستودایره‌كانیانى ده‌سه‌ڵات سودمه‌ند بوون.  ڕێژه‌ى موچه‌ و دامه‌زراندن 400 هێنده‌ى ساڵى 2005 ه‌. مانگانه‌ عێراق پێویستى به‌ 7.5 ملیار دۆلاره‌ بۆ موچه‌ و خه‌رجی گشتى كه‌چى داهاتى مانگانه‌ى نه‌وت 3 ملیاره‌ واته‌ هه‌موو مانگێك عێراق 4.5 ملیار دۆلار قه‌رزار ده‌بێت. خه‌زێنه‌ى ده‌وڵه‌ت 53 ملیارى تیادایه‌. عێراق  80 ملیار قه‌رزداره‌.

سێیه‌م: تا هاوینى ساڵى ئاینده‌ نرخى دینار ته‌واو داده‌به‌زێت و حكومه‌ت یه‌ك دینارى بۆ موچه‌ نامێنێت. عێراق ئیتر خۆى پاره‌ چاپ ده‌كات و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى هه‌ڵئاوسان و مه‌رتسى قه‌یرانى سیاسى و ئه‌منى لێده‌كه‌وێته‌وه‌. دابه‌زینى نرخى دینار به‌بێ ڕیفۆرمى ئابورى ده‌بێته‌ هۆى كۆتاییهێنان به‌ كاڵاى هاورده‌ و خه‌ڵك ئه‌و پاره‌یه‌ى هه‌یه‌تى هه‌مووى له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ژیان قورس و ناسه‌قامگیر تر ده‌بێت. واى لێدێت عێراق تواناى كڕینى كاڵا و خۆراكى له‌ده‌ره‌وه‌ نامێنیت. عێراق هه‌موو شت هاورده‌ ده‌كات ته‌نها نه‌وت نه‌بێت. به‌وهۆیه‌وه‌ نرخى كاڵا و خۆراك به‌رزده‌بێته‌وه‌ ژیان قورس ده‌بێـت. له‌ماوى شه‌ش مانگدا نرخى سه‌د دۆلار ده‌گاته‌ 250 هه‌زار دینارو حكومه‌تى عێراقى ئه‌و پاره‌یه‌ى هه‌یه‌تى له‌ بانكى ناوه‌ندى هه‌مووى له‌شه‌ش مانگدا كۆتایی پێ دێت.

چواره‌م:  ئه‌گه‌ر عێراق هه‌نارده‌ى نه‌وتیش زیاد بكات نرخه‌كه‌ى %10 زیاتر نابێت چونكه‌ لیبیا و ئێران و سعودیه‌ و روسیاش هه‌نارده‌ زیاتر ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بۆ سێ مانگ نه‌یتوانى موچه‌ بدات ئه‌وا ئه‌من و ئاسایشى وڵاته‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

بينجةم: عێراق ئه‌و سه‌رئێشه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ بایدن ناتوانێ ئیهمالى كات. عێڕاق له‌مانگى 1 ى 2021 تواناى موچه‌ى نامێنیت و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى توندوتیژى و ناسه‌قامیگرى زیاتر و عێراق یه‌كه‌م كێشه‌ ده‌بێت بۆ سه‌رۆكى نوێ ى ئه‌مریكا. ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌ى عێڕاق له‌ 2021 ئه‌وه‌نده‌ كاره‌سات بار ده‌بێت ئه‌گه‌رى كه‌وتنى حكومه‌ت و نه‌مانى سیسته‌مى سیاسى ئێستا و شه‌ڕى ناوخۆى لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

شه‌شه‌م: له‌ئه‌گه‌رى كه‌وتنى حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى فراواناى ناڕه‌زایه‌تیه‌كان و داواكارى گۆڕرانكارى ڕیشه‌یی و نه‌مانى موچه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان و خێڵ و میلیشیاكانى نزیك له‌ ئێران بۆشایی ده‌سه‌ڵات پڕده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌ جێگرى هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و هه‌مان ئه‌م گروپانه‌ شه‌ڕى كۆنتڕۆڵكردنى ناوچه‌ ستراتیژی و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌ده‌ن وه‌ك ئه‌و شارانه‌ى نه‌وتیان تیایه‌ له‌گه‌ڵ به‌نده‌ر و سنور و گومرگه‌كان و بزنسه‌ گه‌وره‌كان و زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كان و ته‌نانه‌ت په‌لامارى موڵك و ماڵى خه‌ڵكیش ده‌ده‌ن.

حه‌وته‌م: حكومه‌تى هه‌رێم توناى چاكسازى نیه‌ و موچه‌ى پێ دابین ناكرێت و دوور نیه‌ مه‌له‌فى نه‌وتى له‌ده‌ست ده‌ربهێنرێت و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان قوڵتر بنه‌وه‌. له‌ پشێویه‌كانى عێڕاقدا ته‌نها ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ هه‌رێمى كوردستان پاڕێزراو بێت چونكه‌ ئاسایشى به‌هێزى هه‌یه‌. به‌ڵام كوردستانیش دوور نابێت له‌ گێره‌وكێشه‌ و كه‌مى موچه‌ چونكه‌ هه‌رێمیش پشت به‌به‌غدا ده‌به‌ستێت كه‌وتنى به‌غدا خراپ به‌سه‌ر كوردستانیش ده‌كه‌وێته‌وه‌. دوور نیه‌ كورده‌كان هه‌وڵى ده‌ستبه‌سه‌راگرتنه‌وه‌ى كه‌ركوك بده‌ن بۆئه‌وه‌ى بتوانن موچه‌ بده‌ن و ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رى شه‌ڕى كورد و عه‌ره‌بى لێده‌كه‌وێته‌ به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ میلیشیا شیعه‌كان. 

 هه‌شته‌م: له‌م حاڵه‌تدا توركیا ده‌ستێوه‌ردان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ركوك نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست كورد. ئێرانیش به‌رده‌وام كارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى زاڵبێت به‌سه‌ر به‌غداد و نایه‌وێت ئه‌و سیسته‌مه‌ى ئێستاى عێڕاق بكه‌وێت چونكه‌ خۆى سودمه‌نده‌ له‌و دۆخه‌ و ساڵانه‌ بڕى 12 ملیار دۆلار ته‌نها له‌ هه‌نارده‌كردنى كاڵا بۆ عێراق ده‌ست ده‌كه‌وێت جگه‌ له‌ ده‌رفه‌ته‌كانى كارى قاچاغچێتى و له‌ ڕێگه‌ى عێراقه‌وه‌ ده‌ستى ده‌گات به‌بازارى دارایی جیهانى. سعودیه‌ش ده‌ستێوه‌ردان ده‌كات و چه‌ك و پاره‌ ده‌نێرێت بۆ سونه‌كان بۆ پارێزگاریكردنى له‌ خۆیان له‌ دژى شیعه‌. چونكه‌ سعودیه‌ چیتر ناتوانێت پشت به‌ ئه‌مریكا ببه‌ستێت بۆ سنورداركردنى هه‌ژمونى ئێران له‌ عێڕاق. ئه‌گه‌رى شه‌ر له‌ عێراق زۆره‌ و وڵاتانى دراوسێ ده‌ستێوه‌ردان ده‌كه‌ن چ بۆ پاراستنى به‌رژوه‌ندى خۆیان یان شه‌ڕكردن دژى نه‌یاره‌كانیان.

هه‌شت خاڵى پێشوو تایبه‌ت بوون به‌ كێشه‌كان دوو خاڵى كۆتا تایبه‌تن به‌چاره‌سه‌رى دۆخه‌كه‌

نۆیه‌م: به‌هۆى گرنگى جیۆپۆله‌تیكى عێڕاق بۆ هه‌رێمه‌كه‌ و جیهان ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى چیتر ناتوانن ته‌نها ته‌ماشاكه‌ر بن و ده‌بێت ده‌ستێوه‌ردان بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا نیازى سه‌ركردایه‌تى كردنى جیهانى هه‌یه‌ ده‌بێـت عێراق ڕزگار بكات و ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا ده‌ستپێشخه‌رى بكات وڵاتانى ئه‌وروپا و هاوپه‌یمانانیش له‌گه‌ڵ بانكى جیهانى و سندوقى دراوی نێوده‌وڵه‌تى  و وڵاتانى خه‌لیج و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك وڵاتى به‌هێزى ئاسیاش دێنه‌ پێشه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ ده‌توانن به‌ پێشكه‌شكردنى بڕى 50 ملیار عێڕاق له‌ جه‌نگێكى نه‌خوازراو ڕزگار بكه‌ن.

ده‌یه‌م: ئه‌مریكا ناتوانێ عێراق ئیهمال بكات چونكه‌ ڕابردوو نیشانى داوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ڕووده‌دات هه‌ر له‌وێ نامێنیته‌وه‌ و كاریگه‌رى له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌ هه‌یه.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن