338وتار

بۆچی قەتەر دەیەوێت مەغریب بیباتەوە؟

12/14/2022 10:01:00 PM
د.پشتیوان فەرەج

شانبەشان ئەوەی دونیای سیاسەت بەرەو فرەجەمسەری دەڕوات، سەركەوتنی مۆندیال لە قەتەر و سەركەوتنەكانی مەغریب زیاتر نیشانەن بۆ گۆرانكاری لە هاوكێشەی هێز و دەسەڵاتێكی نوێی هیبرید و گوتارێكی نوێ و گێڕانەوەی چیرۆكەكان ئەمجارەیان لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتەوە.

گۆڕانگاری لە جەمسەری هێزەكان و لاوازبوونی هەژموونی ڕۆژئاوا بە ئاشكرا لەم مۆندیالە دەركەوت. بەڵام دیوێكی دیكەی ئەم چیرۆكەتان نەبیستوە.

سەركەوتنە چاوەڕواننەكراوەكانی مەغریب دەكرێت هێشتا وەك سەركەوتنی هەژموونەی رؤژئاوا بەسەر ڕۆژهەڵاتدا تەفسیری بۆ بكرێت چونكە زۆربەی یاریزانەكانی مەغریب نەوەێ دووەم و نەوەێ سێیەمی پەنابەرانی ئەفریقان لە ڕۆژئاوا.

ئەم نەوەی دووەمی یاریزانانە زۆربەیان بەرهەمی  بەهرە و توانای خۆماڵی ڕۆژهەڵات نین بەڵكو بەرهەمی ڕاهێنان و پەروەردە و ئەو وەبەرهێنانەن كە ئەوروپا لەو یاریزانانەدا كردویەتی لە ناو یانەكانی خۆیان.

تۆپی پێی نیوە گۆی باشووری زەوی هێشتا سەدان فرسەخ لە دوای تۆپی پێی ئەوروپایەوە چونكە وڵاتانی ڕۆژهەڵات درەنگ بە بیریانكەوتەوە وە بەرهێنان لە وەرزش بكەن.

لە ئێستایا قەتەر دەیەوێت مەغریب بیباتەوە بەهەر جۆرێك چونكە سەركەوتنی مەغریب بەسەركەوتنی قەتەر بە پلەی یەك، عەرەب بە پلەی دوو، ڕۆژهەڵات بەسەر ڕۆژئاوا بە پلەی سێ دێت.قەتەر خۆی بە مەغریبدا هەڵواسیوە و هەموو هیواكانی لەسەر ئەوگرەوە هەڵچنیوە كە مەغریب ئەكرێت لە فەرەنسا بباتەوە و بەوەش خەونی ئەوروپا كۆتایی دێت.

بەرزكردنەوەی ئاڵای فەلەستین لە زۆربەی یاریەكان و كەوتنی تپیە كۆلۆنیاڵكەرەكانی وەك بەریتانیا و پورتوگال و ئیسپانیا و بەلجیكا (ئەگەری فەرەنساش) ئەمشەو وەها لێكدەدرێتەوە كە چیدی وڵاتانی كۆڵۆنیاڵ لە وڵاتانی كۆڵۆنیاڵكراو بەهیز و بەتواناتر و باڵاتر نین، ڕاهێنەری ئەو تیپانە زۆریەیان تێكشاند و دۆڕان، یاریزانە بەناوبانگەكانی وەك كریستیانۆ بەگریان یاریگایان بە جی هێشت، بۆ قەتەر و وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەو وڵاتانەی داگیركراون ئەمە بەسەركەوتن بەسەر رؤژئاوا لە قەڵەم دەدرێن.

قەتەر دەیەوێ بڵی وەك مەغریبیەكان ئێمەش دەتوانین خەونی گەورە ببینین، هەر لەبەر ئەوەیە كەناڵەكانی بیەن لە پێش یاریەكەكانی ئەوروپا چاوپێكەوتن لەگەڵ هاندارانی ئەو تیپانە ئەنجام نادەن تەنها یەك جۆر گێڕانەوە هەیە كە عەرەب و موسوڵمان بەسەر ڕۆژئاوا سەردەكەون.

هەرلەبەر ئەوەیە كامێرای مۆندیال لە قەتەر زیاتر چاوی هاوێنەكەی لەسەر نوێژكردنی یاریزانان، ئاهەنگێڕان لەگەڵ خێزانی یاریزانان و دایكیان بەتایبەتی، ئاڵای فەلەستین،  زیاتر وەرگرتنی لێدوانی فانی وڵاتە عەرەبیەكان هتد وەك تەحەدای ڕۆژئاوا و سەركەوتن و دەركەوتنی قەتەر وەك هێزێكی هیبریدی بەهێز لەناوچەكەدا.

قەتەر خۆی وڵاتێكی گچكەیە بەڵام خۆی وەك هێزێكی گەورە و كاریگەر نمایش دەكات و دەیەوێت وەك نوێنەری نیوە گۆی ناوەڕاست و باشووری زەوی دەربخات و تەحەدا دەكات.
لەبیرتان بێ زۆربەی تیم و یانە وەرزشیە گرنگەكانی ئەوروپا لە لایەن وڵاتانی خەلیجەوە خاوەندارێتیان لێوەدەكریت و دەستكەوتێكی خەیاڵی مادی و كۆمەڵایەتی و سیاسی  و جیۆپۆلەتیكی بۆ وڵاتی خەلیج هەبووە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن