تاجیکستان؛ نیگەرانە لە دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان
9/21/2021 9:49:00 PM
د. محەمەد حسێن زادە
پێشەکی
لە کۆبوونەوەی ئەمساڵی سەرانی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای لە ڕۆژانی
پێنجشەممە و هەینی (١٦ و ١٧ سیپتەمبەر/ ئەیلول) ڕابردوو لە شاری دوشەنبە پایتەختی
تاجیکستان، ئەو وڵاتە کە یەکێکە لە دامەزرێنەرای شانگهای و میوانداری کۆبوونەوەکەی
دەکرد، بە پاساوی ئەوەی کە هێشتا هیچ وڵاتێک بە فەرمی دانی بە دەسەڵاتی نوێی کابوڵدا
نەناوە، ڕێگای نەدا نوێنەرانی "ئەمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان" لەو
کۆبوونەوەدا بەشدار بن، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەفغانستان ئەندامی چاودێری ئەو
ڕێکخراوەیە. جگە لەوە، ئیمام عەلی ڕاخمون، سەرۆکی تاجیکستان، لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەسەر هەڵوێستی خۆی
پێداگرە و داوا دەکات حکومەتێکی گشگر و پێکهاتوو لە هەموو لایەنەکان لە ئەفغانستان
بێتە سەر کار. ڕاخمۆن گوتی، داسەپاندنی سیستەمێکی سیاسی بەسەر کابوڵدا، بەبێ گەڕانەوە
بۆ ڕا و بۆچوونی خەڵک و پشتگوێخستنی هاووڵاتیانی ئەفغانستان، دەرئەنجامی چاوەڕواننەکراوی
بەدواوەیە. هەروەها گوتیشی، دۆخی ئەفغانستان، دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی
ئاسیای ناوەندی دابنێت و پێشنیازی کرد، وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی شانگهای یەکەی
تایبەت، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی تاڵیبان پێک بێنن. ئەوە لە
کاتێکدایە کە سەرۆکی تاجیکستان، پێشتر و لە بەرەبەرەی هێرشەکانی تاڵیبان و
پێشڕەویکردنی بەرەو کابوڵ، سوپای وڵاتەکەی خستبووە حاڵەتی ئامادەباش و بە مەبەستی
بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەکی تاڵیبان یاخود هەر جۆرە ڕووداوێکی نەخوازراو،
نزیکەی بیست هەزار هێزی چەکداری ڕەوانەی سنوورەکانی نێوان دوو وڵات کردبوو.
دیارە گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی ئەفغانستان نیگەرانی زۆر لایەن و وڵاتی
لێکەوتووەتەوە، بەڵام بەدەگمەن وڵاتێک پەیدا دەبێت بە ڕادەی تاجیکستان لە دەسەڵاتگرتن
و تاڵیبان و دامەزرانی "ئەمارەتی ئیسلامی" و داهاتووی ئەو وڵاتە نیگەران
بێت و هەست بە مەترسی بکات. بە حەقیقەت، تاجیکستان کە خاوەن ئابووری و هێزی
سەربازی لاوازە و ئەزموونێکی تاڵی لە پەیوەندی لەگەڵ ئیسلامگەراکان هەیە، ئێستا تاڵیبان
بە هەڕەشە و تەحەدایەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی دەبینێت.
من لێرەدا هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەکییە بدەمەوە کە بۆچی
تاجیکستان ئەوەندە هەست بە نیگەرانی دەکات، هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارەش دەدەمەوە
کە دەرفەتەکانی ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە هەستپێکراوەکان چین؟ بۆ ئەو
مەبەستە، سەرەتا زۆر بە کۆرتی تیشک دەخەمە سەر پەیوەندییەکانی ڕابردووی تاجیکستان
و تاڵیبان و تاجیکستان و حکومەتی نوێی ئەفغانستان.
تاجیکستان و تاڵیبان
تاجیکستان وڵاتێکی بچووک لە ئاسیای ناوەندی، بە درێژایی کەنارەکانی ئامو
دەریا (Amu Darya) و ڕووباری پنج (Pyanj) نزیکەی
١٣٥٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئەفغانستان. ئەو سنورە لە سەدەی نۆزدەهەم لە
لایەن ئیمپراتورییەکانی ڕووسیا، بەریتانیا و دەسەڵاتی ئەو کاتی ئەفغانستان دیاری
کرا. ویلایەتەکانی بەدەخشان، تەخار و قندۆز لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لەگەڵ
ویلایەتەکانی خەتلان و بەدەخشان لە باشووری ڕۆژئاوای تاجیکستان، هاوسنوورن.
تاجیکستان تا ساڵی ١٩٩١ سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوو. دوای هەڵوەشانەوەی
یەکێتی سۆڤیەت ئەو وڵاتە سەربەخۆیی خۆی بەدەست هێناوە، بەڵام خێرا، کەوتە ناو شەڕی
ناوخۆیی کە تا ساڵی ١٩٩٧ درێژەی کێشا. دەستپێکی ئەو شەرە، ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ حوکمڕانی
موجاهدین لە ئەفغانستان. چەکدارانی نەیاری حکومەتی تاجیکستان، هەوڵیان دەدا،
پشتیوانی موجاهدین بۆ لای خۆیان راکێشن. دەیان هەزار هاووڵاتی تاجیکستان، بە
تایبەت ئیسلامگەراکان، پەنایان بردە ئەفغانستان. دەسەڵاتی ئەفغانستان ڕێگای دا
هەندێ لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیونی یەکگرتووی تاجیکستان کە پێکهاتوو لە گرووپە
ئیسلامییەکان و دیموکراتەکان بوون بێنە ناو سنوورەکانی ئەو وڵاتە. حکومەتی
تاجیکستان داوای لە ئەفغانستان کرد ڕێگا نەدات لە خاکی ئەو وڵاتە بۆ هێرشبردن بۆ
سەر تاجیکستان کەڵک وەربگرن، بەڵام حکومەتی موجاهدین بەپێی ئایدۆلۆژیای خۆیان
یارمەتی نەیارانی حکومەتی تاجیکستانیان دەدا و چەک و تەقەمەنی ڕادەستی چەکدارانی دژبەری
حکومەتی دوشەنبە دەکرا و چەند بنکەی سەربازیشیان لە ناو خاکی ئەفغانستان درووست
کرد. بۆیە سنوورەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوام ناسەقامگیر بوون.
بەڵام دوای دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە ساڵی ١٩٩٧ و
نزیکبوونەوەیان لە سنوورەکانی ئەفغانستان، نیگەرانییەکانی تاجیکستان پەرەیان سەند.
هەر لەو کاتەدا ڕێککەتنێکی ئاشتی لە نیوان حکومەتی تاجیکستان و چەکدارانی نەیاری
ئەو وڵاتە ئیمزا کرا. ئەو ڕێککەوتنە دوای چەندین کۆبوونەوە لە ئاڵماتی کازاخستان،
عیشق ئابادی تورکمەنستان، بیشککی قرغیزستان و هەروەها شارەکانی تاران و مەشهەدی
ئێران و بە تایبەت بە نێوەندگیری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران و
بورهانەدین رەبانی سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئەفغانستان ئیمزا کرا. ئەوە تا ڕادەیەک بووە
هۆی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەفغانستان و تاڵیبان. بەڵام زۆری
پێنەچوو کە تاجیکستان پشتیوانی لە هاوپەیمانێتی باکوور لە شەرە ناوخۆییەکانی
ئەفغانستان لە دژی تاڵیبان کرد و تەنانەت بنکەیەکی سەربازیشی خستە خزمەتیان، بۆیە
دژایەتی نێوان تاڵیبان و تاجیکستان بەردەوام بوو. بە تایبەت ڕەبانی و ئەحمەد شا
مەسعود یارمەتییان لە تاجیکستان وەردەگرت. هەم ئەحمەد شا مەسعود و هەم بورهانەدین رەبانی،
سەر بە نەتەوەی تاجیک بوون. بورهانەدین رەبانی لە ساڵی ١٩٩٢وە تا پێش داڕووخانی کابوڵ
لە لایەن تاڵیبانەوە لە ساڵی ١٩٩٦، سەرۆک کۆماری ئەفغناستان بوو.
دوای ڕووداوەکانی ١١ سیپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ و لە کاتی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر
"ئەمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان"، تاجیکستان بە شیوەیەکی بەربڵاو یارمەتی
هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد. ئەمریکا بەشێک لە هێزەکانی خۆی لە بنکەیەک لە
کولابی تاجیکستان جێگیر کرد و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر تاڵیبان لە تاجیکستانەوە ئەنجام
دەدا. هەر لەو کاتەدا ئەمریکا، بڕی ١٣٤٥٠٠٠ دۆلار یارمەتی بە هێزە سەربازییەکانی تاجیکستان
دا و لە ساڵی ٢٠٠٧دا، دیسان یارمەتی ٨/١٨ ملیۆن دۆلاری بۆ هێزی سەربازی تاجیکستان
و باشترکردنی کاروباری ئەمنی ئەو وڵاتە تەرخان کرد. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا
تاجیکستان بەردەوام یارمەتی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ئەفغانستان دەدا و
وەکو وڵاتانی تری دراوسێ [بۆ نموونە تورکمەنستان] هەرگیز هەوڵی نەدا
پەیوەندییەکانی لەگەڵ چەکدارانی تاڵیبان ئاسایی بکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان تاجیکستان تاقە دراوسێیەک بوو کە لە کاتی گفتوگۆکانی
نێوان ئەمریکا و تاڵیبان و حکوومتی پێشووی ئەفغانستان لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان
گفتوگۆی نەکرد، بەپێچەوانەوە زیاترین ڕەخنەی لێ دەگرت. دوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی
ئەمریکا لە ئەفغانستان و دەسەڵاتگرتنی چەکدارانی تاڵیبان بە بێ خۆڕاگرییەکی ئەوتۆی
سوپای ئەفغانستان و بەتایبەت دوای شکستی بەرەی خۆڕاگریی نیشتمانی لە پەنجشیر،
ئێستا حکومەتی تاجیکستان هەست بە زیاترین مەترسی لە لایەن تاڵیبانەوە دەکات. بۆیە
هەر دوابەدوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کەوتنی شار و ویلایەتەکان و پێشڕەوییەکانی
تاڵیبان، سەرۆکی تاجیکستان فەرمانی ئامادەباشی بە سوپای وەڵاتەکەی دا و نزیک بیست
هەزار چەکداری سوپاکەی ڕەوانەی سنوورەکانی نێوان دوو وڵات کرد. تاجیکستان هەر لە
ڕۆژی داڕووخانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستانەوە تا ئێستا پێداگری لەسەر ڕوانگەی خۆی
کردووە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەردەوام دژایەتی خۆیان لەگەڵ زاڵبوونی تاڵیبان
بەسەر ئەفغانستاندا ڕادەگەیێنن. لە بەرەبەرەی سییەمین ساڵیادی سەربەخۆیی تاجیکستان
کە هاوکات بوو لەگەڵ گەمارۆدانی پەنجشیر لە لایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە، ئیمام عەلی
ڕاخمون، سەرۆکی تاجیکستان، وەکو هەڵوێستێکی پشتیوانیکردن لە بەرەی خۆڕاگریی
نیشتمانی، گەورەترین خەڵاتی حکومیی وڵاتەکەی بە ناوی "ئیسماعیل سامانی"ی
بەخشیە ئەحمەد شا مەسعوود قارەمانی نیشتمانی و بورهانەدین رەبانی، سەرۆک کۆماری
پێشووووتری ئەفغانستان کە لە دژی چەکدارانی تاڵیبان شەڕیان کردبوو.
هەروەها دوای ئەوەی تاڵیبان کارەبای پەنجشیری پچڕاند، تاجیکستان هۆشداری بە
تاڵیبان دا، ئەگەر کێشەی کارەبای ئەو ناوچە چارەسەر نەکات، تاجیکستان ئیتر کارەبا هەناردەی
ئەفغانستان ناکات. تەنانەت هەندێ لە میدیاکان ڕایانگەیاند، لە کاتی پێکدادانی
نێوان چەکدارانی تاڵیبان و چەکدارانی بەرەی خۆڕاگریی نیشتمانی لە پەنجشیر،
فڕۆکەکانی تاجیکستان لە دژی چەکدارانی تاڵیبان چالاکییان ئەنجام داوە. هەڵبەت ئەو
هەواڵانە پشتڕاست نەکرانەوە. هەروەها سراجەدین مێهەردین، وەزیری دەرەوەی تاجیکستان
لە کۆبۆنەوەیەکی ئۆنلایەن سەبارەت بە ئەفغانستان کە لە لایەن ئەمریکا و ئەڵمانیاوە
لە ڕۆژی ٩ی ئەیلول ڕێک خرابوو بەشداری کرد و گوتی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە
جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی لە ئەفغانستان شکستی هێنا و نەک هەر سەقامگیری و ئاشتی
جێگیر نەکرد، بەڵکو نزیکەی بیست هەزار تیرۆریستی وەکو میرات لەو وڵاتە بەجێهێشت.
مێهرەدین وێڕای رەخنەگرتن لە دەستوەردانی وڵاتانی تر و یارمەتیدان بە تاڵیبان بۆ هێرشبردن
بۆ ناوچەی پەنجشیر، ڕایگەیاند، قەیرانی ئەفغانستان تەنیا چارەسەری سیاسی هەیە و لە
ڕێگای گفتوگۆ و پێکهێنانی دەوڵەتێک کە هەموو لایەنەکان لە خۆ بگرێت، چارەسەر
دەبێت. هەروەها ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دان بە هیچ دەوڵەتێکدا لە ئەفغانستان نانێت کە
لە ڕێگای ڕێفراندۆم و بەشدارکردنی هەموو لایەنەکان لە دەسەڵاتدا پێک نەهاتبێت. هەر
لە درێژەی ئەو هەڵوێستانەدا، هەر وا کە لە پێشەکیدا ئاماژەم کرد، تاجیکستان نەک
هەر ڕێگای نەدا نوێنەرانی تاڵیبان لە دوایین کۆبوونەوەی سەرانی شانگهای بەشدار بن،
بەڵکو سەرۆکی ئەو وڵاتە هەمدیسان دژایەتی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی تاکلایەنەی تاڵیبان
دەربڕی و داوای پێکهێنانی یەکەیەکی کرد لە لایەن وڵاتانی ئەندامی شانگهای، بە
مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی کێشەکانی ئەفغانستان. هەڵبەت ئەم هەڵوێستەی تاجیکستان تا
رادەیکی زۆر چاوەڕوانکراو بوو، چونکە ئەو وڵاتە هەوڵێکی زۆری دابوو لەگەڵ حکومەتی
پێشووی ئەفغانستان پەرە بە پەیوەندییەکانی لە هەموو بوارەکاندا بدات، بۆ ئەوەی
جارێکی تر بینەری دەسەڵاتگرتنەوەی گرووپیكی ئیسلامی لە کابوڵ نەبێت.
تاجیکستان و حکومەتی پێشووی ئەفغانستان
پێشتر ئاماژەم کرد، لە کاتی هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆسەر
"ئەمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان" لە ساڵی ٢٠٠١، تاجیکستان یارمەتی ئەو
هێزانەی دا. دوای دەسەڵاتگرتنی حکومەتی نوێ لە کابوڵ، ئەو یارمەتیانە بەردەوام
بوون و زۆر جاریش هێزەکانی ناتۆ لە خاکی تاجیکستان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیونە
سەربازییەکان کەڵکیان وەردەگرت. هاوکات دەسەڵاتدارانی دوشەنبە هەوڵیان دا پەرە بە
پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی نوێی ئەفغانستان بدەن. بۆ ئەو مەبەستە، باڵوێزخانەی
خۆیان لە کابوڵ و کونسولخانەیان لە مەزارشەریف کردەوە. لە (ئاپریل / نیسان)ی ٢٠٠٥،
سەرۆکی تاجیکستان بۆ یەکەم جار سەردانی کابوڵی کرد. لێژنەیەکی هاوبەشیش سەبارەت بە
پەرەپیدان بە هاوکاریی ئابووری، بازرگانی، سیاسی و هتد لە نیوانیان دامەزرا.
بەتایبەت پەیوەندییە ئابوورییەکان ڕوو لە هەڵکشان بوون، گەرچی حکومەتی
تاجیکستان ئابوورییەکی بەتوانای نییە. ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٠٧، پردێکی لەسەر
ڕووباری ئامو درووست کرد، ئەو پردە دوو وڵاتی ئەفغانستان و تاجیکستانی پێکەوە
دەلکاند، بۆیە، گۆڕانکاریی بەرفراوانی لە پەیوەندییە ئابوورییەکاندا پێک هێنا. چەندین
ڕێککەوتننامە لە بواری وزە واژۆ کران. گرنگترینیان بریتی بوو لە گرێبەستێکی پانسەد
ملیۆن دۆلاری بۆ گواستنەوەی کارەبای تاجیکستان و قرغیزستان بۆ پاکستان لە ڕێگای
ئەفغانستانەوە، ئەوە یەکێک بوو لەو پرۆژە گرنگانە کە لە ڕێگای ئەفغانستانەوە ئاسیای
ناوەندی دەبەستەوە بە ئاسیای باشوورەوە. ئەو پرۆژە لە ٦ ویلایەتی ئەفغانستان کە
دەگاتە ٥٦٢ کیلۆمەتر تێدەپەڕێت و بڕیار وابوو ئەفغانستان ٤٥ ملیۆن دۆلار وەکو
داهاتی ئەو پرۆژە وەربگرێت. هەروەها دوشەنبە و کابوڵ گرێبەستێکیان کرد دەربارەی
کردنەوەی وێستگەی کارەبای ئاویی ١٠٠ مێگاواتی لە ڕووباری پنج. بە پێی
زانیارییەکان، بانکی جیهانی، بانکی گەشەی ئاسیایی و بانکی ئیسلامی گەشە، لە ڕووی
دارایی و بودجەوە یارمەتی ئەو پرۆژەیانە کرد.
بە گشتی، پەیوەندییەکانی تاجیکستان و حکومەتی پێشووی ئەفغانستان تا
ڕادەیەکی زۆر ئاسایی بوون و هەر دوو وڵات هەوڵیان دەدا پەرە بەو پەیوەندیانە بدەن،
ڕەنگە تاجیکستان زیاتر لە هەموو وڵاتانی ناوچە تاڵیبانی پشتگوێ خستبێت، بۆیە ئێستا
دوای دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان، تاجیکستان زیاتر لە هەر وڵاتێک نیگەرانە. بەڵام گرنگترینی
ئەو نیگەرانیانە چین و کامانەن؟
نیگەرانییەکانی تاجیکستان
یەکەم، زۆرینەی دانیشتوانی تاجیکستان موسلمانن، بەڵام
دەسەڵاتی تاجیکستان، دەسەڵاتێکی عەلمانییە. گرنگترین و سەرەکیترین نیگەرانی تاجیکستان،
پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیا و چالاکییەکانی گرووپە توندڕۆوە ئیسلامییەکانە، بەتایبەت کە
تاجیکستان هەم پێش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١ و هەم پاش ئەو
هێرشە بە شیوەیەکی بەرچاو یارمەتی دژبەرانی تاڵیبانی داوە. تاجیکستان هەرگیز لەوە
دڵنیا نییە کە تاڵیبان تۆڵەی ئەو سیاسەتانەی لێ نەکاتەوە، گەرچی بەرپرسانی ئەمارەتی
ئیسلامی ئەفغانستان، ئەمجارە هەموو لایەنەکانیان، و لەوانە تاجیکستانیشیان دڵنیا
کردووەتەوە کە بە هیچ جۆرێک هەڕەشە و مەترسییان بۆ درووست ناکەن. بە کردەوەیش تا
ئێستا، چەکدارانی تاڵیبان هەڵوێستێکی توندیان نەنواندووە کە ببێتە هۆی نیگەرانی
وڵاتانی دراوسێ. بەڵام بەدەستهێنانی متمانە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کارێکی
ئەستەمە و پێویستی بە تێپەڕینی کات هەیە. متمانەکردنی تاجیکستان بە تاڵیبان ئێجگار
ئەستەمە، بە تایبەت کە پێشتر هەندێ سەرچاوە باسیان لەوە کردبوو کە لە ناو تاڵیبان،
لقی تاڵیبانی تاجیک دامەزراوە و ئەندامانی ئەو گرووپە، هاووڵاتی تاجیکستانن. بە
گشتی ئەمە ڕەنگە سەرەکیترین نیگەرانی بەرپرسانی تاجیکستان بێت.
دووەم، قاچاخکردنی ماددە هۆشبەرەکان یەکێکی تر لە
نیگەرانییەکانی تاجیکستانە. بەگوێرەی زانیارییەکان، بەشێکی زۆر لە ماددە
هۆشبەرەکانی ئەفغانستان لە چیای بەدەخشانەوە لە تاجیکستان، قرغیزستان و ڕووسیا بۆ
ئەورووپا قاچاخ دەکرێت. ڕەنگە لەوە بەدوا، مەترسی قاچاخکردنی ماددە هۆشبەرەکان
زیاتر بێت، چونکە لانیکەم تا ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تاڵیبان لەگەڵ وڵاتان،
بەشێکی زۆر لە داهاتی تاڵیبان بە ناچار لەو ڕێگایەوە بەدەست دێت.
سێیەم، هەروەها بۆ بەرپرسانی تاجیکستان، قاچاخکردنی چەک و
کەلوپەلی سەربازیی جێگای نیگەرانییە. بەتایبەت کە ئەو وڵاتە پێشتر شەڕی ناوخۆیی
ئەزموون کردووە. ئەوە نیگەرانییەکی ڕاستەقینەیە، چونکە زۆربەی چەکە قاچاخەکان لە
ئەفغانستانەوە رەوانەی دوو وڵاتی تاجیکستان و پاکستان دەکرێن.
چوارەم، پەیوەندییە بازرگانییەکان و سەرمایەگوزارییەکانی
تاجیکستان لە ئەفغانستان دەکەونە مەترسییەوە. تەنانەت ئەگەر پەیوەندییەکانی
تاجیکستان و ئەمارەتی ئیسلامی بەرەو ئاساییبوونەوە بڕۆن، چاوەڕوان ناکرێت ئەوە لە
ماوەیەکی کۆرتدا ڕوو بدات، بۆیە تاجیکستان لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە
زیانمەند دەبێت. بەپێچەوانەی تورکمەنستان کە بە هۆی هەڵوێستی گونجاو و پەیوەندی
هاوکات لەگەڵ حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و تاڵیبان، ئێستا هەست بە نیگەرانییەکی
کەمتر و تەنانەت پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان
دەکات.
بەڵام پێدەچێت ئەو نیگەرانی و مەترسیانە ئەوەندە نەبن کە تاجیکستان بەرەوە
قەیران ببەن، ڕەنگە ئەو وڵاتە بتوانێت بە کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان، تا رادەیکی
زۆر ئەمارەتی ئیسلامی بخاتە ژێر گوشار و
ڕەنگە بتوانێت هەندێ سوود لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزیش ببات.
دەرفەتەکانی تاجیکستان
یەکەم، دانیشتوانی تاجیکی ئەفغانستان دەتوانن وەکو کارتی
گوشاری تاجیکستان لە دژی تاڵیبان بن. نزیکەی ٢٥% لە دانیشتوانی ئەفغانستان تاجیکن.
تاجیکەکانی ئەو وڵاتە کە نەتەوەیەکی گەورە پێک دەهێنن، خۆیان بە هاوخوێنی تاجیکەکانی
تاجیکستان دەزانن. هاوکات هاووڵاتیانی تاجیکیش تا رادەیەکی زۆر هەست بە
بەرپرسیاریەتی سەبارەت بە پاراستنی هاوخوێنەکانیان لە ئەفغانستان دەکەن. ئێستا
ژمارەیەکی زۆریشیان لە کابوڵی پایتەخت نیشتەجێن. تاڵیبان ئەزموونێکی تاڵی لە
ڕووبەڕووبوونەوەی تاجیکەکان هەیە، تەنانەت ئێستاش کە دەستی بەسەر پەنجشیردا گرتووە
و نزیک لە هەموو خاکی ئەفغانستان لەژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی ئەمارەتی ئیسلامیدایە،
لە داهاتوو دڵنیا نییە و ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات کە جارێکی تر شەڕی ناوخۆیی لە
ئەفغانستان ڕوو نەدات، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە تاڵیبان هیچ هەڕەشەیەک بۆسەر
تاجیکستان درووست نەکات و ئەو وڵاتە ناچار بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی
ئەفغانستان نەکات. بەرپرسانی تاجیک، لەو نیگەرانییەی تاڵیبان ئاگادارن، بۆیە ئەوە
وەکو دەرفەتێک بۆ کەمکردنەوەی هەرەشەکانی تاڵیبان سەیر دەکەن.
دووەم، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تاجیکستان هاوسنووری
ئەمارەتی ئیسلامی ئەفغانستانە و زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە چین و ڕووسیاوە بگرە تا
وڵاتانی ڕۆژئاوا، تا ئێستا لە هەڵسوکەوتی تاڵیبان دڵنیا نین و لانیکەم بە
نیگەرانییەوە چاوی لێ دەکەن، تاجیکستان دەتوانێت هاوکات پەرە بە پەیوەندییەکانی
لەگەڵ ئەو وڵاتە زلهێزانە بدات. بۆ نموونە، سەرەڕای سەربەخۆیی تاجیکستان، بەڵام
ئەو وڵاتە هێشتا پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ ڕووسیا هەیە. بڕیاردەرانی مۆسکۆ بە
هۆی نزیکبوونی تاجیکستان لە ئەفغانستان، چین و پاکستان، گرنگییەکی تایبەت بەو
وڵاتە دەدەن. ڕووسیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی و
بەتایبەت چالاکی گرووپە توندڕۆکان لە وڵاتانی ئاسیای ناوەندی نیگەرانە. بۆیە،
دوابەدوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا پشتڕاستی کردەوە
ڕۆژی ١١ی ئەیلول، ١٢ تڕۆمبیلی سەربازی و هەندێ کەلوپەلی سەربازی ڕەوانەی تاجیکستان
کردووە و تا ئێستاش چەند مانۆڕی سەربازی لە تاجیکستان بەڕێوە بردووە. تەنانەت لە
ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نیوان تاجیسکاتن و تاڵیبان، ئەگەری زۆرە ڕووسیا پشتیوانی
هەمەلایەنە لە تاجیکستان بکات. دوشەنبە لە ساڵی ١٩٩٢ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ڕووسیا
ئیمزا کردووە و بە پێی ئەو ڕێککەوتنە، لە ئەگەری هێرشی ئەفغانستان بۆسەر
تاجیکستان، هێزی ئاسمانی ڕووسیا پشتیوانی لە تاجیکستان دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٤دا،
ڕووسیا بنکەیەکی سەربازی لە شاری دوشەنبە پایتەختی تاجیکستان کردەوە. هەروەها لە
ساڵی ٢٠١١، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تاجیکستان بە مەبەستی هاوکاریکردن لە کۆنتڕۆڵکردنی
سنوورەکان ئیمزا کرد. ئاشکرایە هەرچی ڕەفتاری تاڵیبان هەڕەشەئامێزتر بێت،
پەیوەندییەکانی دوشەنبە و مۆسکۆ پتەوتر دەبنەوە. سەبارەت بە ئەورووپایش پێشتر
گوتم، هاوسنووری تاجیکستان لەگەڵ ئەفغانستان، بووەتە هۆی پەرەسەندنی
پەیوەندییەکانی نێوان تاجیکستان و ئەورووپا. بە جۆرێک کە زۆربەی پەیوەندییەکانی
ئەورووپا لەگەڵ تاجیکستان پەیوەندییان بە ئەفغانستانەوە هەیە. یەکێتی ئەورووپا
پێشتر بۆ چاککردنەوەی سێ بنکەی سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئەفغانستان و تاجیکستان،
بڕی ٤٠٠ هەزار یۆرۆ سەرمایەگوزاری کردووە. وڵاتانی ئەورووپی کە پێشتر لە ناو خاکی
ئەفغانستان ئامادە بوون و لەوێوە بەرەنگاری تاڵیبان دەبوونەوە، ئێستا بە
دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان ڕێگایەکیان نییە جگە لە یارمەتیدانی وڵاتانێکی وەکو
تاجیکستان، بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە ئەگەرییەکانی ئەمارەتی ئیسلامی. هەر بەو چەشنە،
وڵاتی چین کە نیگەرانی پەرەسەندنی چالاکییەکانی گرووپە توندڕۆیە ئیسلامییەکانە، لە
پاڵ ئەوەدا کە هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاڵیبان پەرە پێبدات، بەڵام بۆ
کەمکردنەوەی مەترسییە ئەگەرییەکان، ناچارە هاوکاری تاجیکستانیش بکات. ئاشکرایە،
بەرپرسانی تاجیکستان، وەکو دەرفەتێک چاو لەو هەلومەرجە دەکەن.
ئەنجام
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی "ئەمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان" تا ئیستا
هەڵوێستێکی توندیان بەرانبەر وڵاتانی جیهان و تەنانەت وڵاتانی دراوسێ نەنواندووە،
بەڵام بەو حاڵەش، بەرپرسانی زۆرێک لە وڵاتان نیگەرانی خۆیان لە دەسەڵاتگرتنی ئەو
گرووپە دەربڕیوە. لەو نێوەدا، تاجیکستان بچووکترین دراوسێی ئەفغانستان، زیاترین
نیگەرانی لە دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان هەیە. هۆکارەکانی ئەو نیگەرانییە بریتین لە
ناکۆکی و کێشە مێژووییەکانی نیوان تاجیکستان و تاڵیبان، مەترسی پەرەسەندنی چالاکی
زیاتری گرووپە ئیسلامییەکان و قاچاخکردنی چەک و ماددەهۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی ئاسیای
ناوەندی، بە تایبەت بۆ تاجیکستان. بەڵام، تاجیکستانیش دەستبەسراو نییە. ئەو وڵاتە
لە ئەگەری هەر جۆرە هەڕەشەیەکی تاڵیبان، دەتوانێت لە ڕێگای یارمەتیدان بە نەیارانی
ئەمارەتی ئیسلامی، کێشەی ناوخۆیی لە ئەفغانستان درووست بکات و تاڵیبان بخاتە ژێر گوشار. هاوکات بە
لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەکانی وڵاتانی زلهێز و لەوانە ئەمریکا، وڵاتانی ڕۆژئاوا، ڕووسیا و چین، کە لە
داهاتووی تاڵیبان دڵنیا نین، هەوڵ دەدات هەم لە ڕوی دارایی و کەلوپەلی سەربازییەوە
یارمەتییان لێ وەربگرێت و هەم لە دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا، وەکو
گوشارێک بۆ سەر تاڵیبان کەڵکیان لێ وەربگرێت.