ئەرێ بەڕاست تەمەنی ئێمەی مرۆڤ کورتە یان درێژ؟
3/25/2022 9:39:00 PM
لوقمان حەوێز
برادەرێکی بەڕێز ئەم پرسیارەی خوارەوەی لێ
کردوم:
بۆچی لە زۆربەی ڤیدیۆ و نوسینەکانت ئاماژە بەوە
دەکەیت کە تەمەنی ئێمە کورتە..؟ بۆچی بە چاوتروکانێک وەسفی دەکەیت..؟
لە وەڵامدا دەڵێم:
هەروەکو چۆن کات لە نێو گەردوون ڕێژەییە، واتە
هەنگاوەکانی تێپەڕبوونی کات لە شوێنە جیاجیاکانی گەردوون جیاوازە بەهۆی جیاوازی لەنێوان
خێرایی تەنەکان لە شوێنەکان هەروەها جیاوازی بڕی هێزی کێشکردن لە تەنێکەوە بۆ تەنێکی
تر، بەهەمان شێوە هەستکردنی ئێمەش بە تێپەڕبوون بەنێو کاتدا دەشێت زۆر ڕێژەیی و جیاواز
بێت لە دۆخێک بۆ دۆخێکی تر یان لە کەسێکەوە
بۆ کەسێکی تر، هەتا لەتەمەنە جیاوازەکانیشدا ئەو هەستە جیاوازە...
لە ڕاستیدا ڕێژەیی کات لەنێو گەردوون لێکدراوتەوە
لەڕێگەی بیردۆزی ڕێژەیی ئاینشتاین، بەڵام ئەو ڕێژەییە لە هەستکردنی ئێمە بەتێپەڕبوونمان
بەنێو کاتدا پەیوەندی نیە بە بیردۆزی ڕێژەیی ئاینشتاین، بەڵکو پەیوەستە بە هزر دەرون
و بەئاگایی ئێمە، بە وردیش پەیوەندی بە مێشکی ئێمەوە هەیە، مێشکی مرۆڤ بە پێی دۆخە
جیاوازەکان تاوتوێی زانیاریەکان دەکات، یەکێک لەو زانیاریانەش خێرایی و هەنگاوەکانی
هەستکردنمانە بە کات، پرۆسەی ئەو تاوتوێ کردنەش دەگۆڕێت لەگەڵ گۆڕانی دۆخە بایۆلۆژیەکانی
نێو ناخمان هەروەها بە گۆرانی دۆخە ژینگەییەکانیش لە دەوروبەرمان ئەو پڕۆسەیە دەگۆڕێت...
چۆن..؟
بۆ نمونە ئەگەر بچیتە ژورێک و بەتەنیایی بمێنیتەوە
بۆ ماوەی هەفتەیەک بەبێ هیچ ئامێرێک وەکو ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و مۆبایل و ئینتەرنێت،
هەروەها بەبێ ئەوەی بتوانیت پەیوەندی بە کەسێکی ترەوە بکەیت یان شتێک بخوێنیتەوە،
ئینجا دەزانیت کە بۆ بەئاگایی و هزر و دەرونی تۆ هەفتەیەک چەندە بڕێکی زۆر و دور
ودرێژە لە کات، ئەی ئەگەر ساڵێک یان پێنج ساڵ لەو ژوورە بیت..؟ یان هەموو تەمەنت بەو
شێوەیە بەسەر ببەیت..؟ ئەوا کات و تەمەنی تۆ بێ گومان زۆر درێژ دەردەکەوێت بۆ دەرون
و بەئاگایی تۆ...
بەڵام کاتێک ژیان هەموو دەبێتە کارکردن و هەروەها
وردەکاریە ڕۆتینیەکان کە وەک خۆیان ڕۆژانە دوبارە دەبنەوە ئەوا کاتەکان بۆ بەئاگاییمان
زۆر خێراتر تێدەپەڕن، بۆ نمونە تێپەڕبوونی یەک هەفتە کە لەسەرەوە باسم کردوە زۆر زۆر
خێراتر تێدەپەڕێت بۆ دەرون و بەئاگایی ئێمە ئەگەر تۆ بەشێوەیەکی ئاسایی کاربکەیت و
بژییت...
ئەی بۆچی من گەلێک جار تەمەنی مرۆڤ بە
چاوتروکانێک مەزەندە دەکەم..؟
لە ڕاستیدا کاتیك ئەوە دەکەم و دەڵێم بەراوردی
تەمەنی مرۆڤ دەکەم بە تەمەنی ڕووداوەکان یان دۆخەکانی نێو گەردوون، بۆ نمونە تەمەنی
گەردوون نزیکەی 13.8 ملیار ساڵە، کەواتە تەمەنی ئێمە چاو تروکانێکە بە بەراورد بە
تەمەنی گەردوون، یاخود بە بەراورد بە تەمەنی ئەستێرەکەمان کە خۆرە و پتر لە 5 ملیار
ساڵە هەیە، یان کە دەزانین خۆر بۆ پتر لە 5 ملیار ساڵی تریش دەدرەوشێتەوە و وزە دەبەخشێت
پێش ئەوەی بتەقێتەوە و تەمەنی کۆتایی پێبێت...
کەواتە بە کورتی تەمەنی ئێمەی مرۆڤ کورتە یان
درێژ..؟
دەشێت هەردوو وەڵام ڕاست بێت بۆ بیرکردنەوە و بەئاگایی
ئێمە بەو پێیەی هەستکردنی ئێمە بە تێپەڕبوونمان بەنێو کاتدا ڕێژەییە، بەڵام من هەر
دەڵێم ئەگەر بە پێوەرە گەردوونیەکان تەماشای بکەین، دەبینین و دەزانین کە تەمەنی ئێمە
زۆر زۆر کورتە بە بەراورد بە دۆخەکانی تری نێو گەردوون...