كەوتنی كۆبانێ، كۆتایی ئێران و دۆزی فەلەستینە؟؟؟؟
12/17/2024 9:10:00 PM
هەندرێن شێخ راغب
ئیبن خەلدون دەڵێت: عەرەب شارستانی نین و تێكەڵ بە شارستانیەت نابن و عەقڵیان زیاتر بەدەوییە. بە كورتی بە غیرەتن بەڵام بیركردنەوەی ستراتیژیان زۆر لاوازە.
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی شەش میحوەرە: ئێران، یەمەن، عێراق، فەلەستین، سوریا، لوبنان. ئێران سەنتەری بەرەكەیە. لە ئێستادا سێ میحوەری ماوە(عێراق، ئێران، یەمەن)، سێ میحوەری كەوت( لوبنان، فەلەستین، سوریا). ئەوەی هیلالی شیعەو مقاوەمەی ئیسلامی وێران كرد توركیابوو. بەرەی تەحریر شام و داعش و بەرەی نوسڕەو سوپای نیشتمانی سوریا، هەموو ئەمانە توركیا نان و فیشەك و فەرمانیان پێ دەدات. بەكورتی توركیا لە سوریا گورزێكی لە ئێران وەشاند سەردەمی صەفەوی و عوسمانیش شتی وا نەبووە!.
ئێستا توركیاو جڕوجانەوەری تیرۆریست دەوری كۆبانێیان داوەو دەیانەوێت داگیری بكەن. ئەمە بە تەواوی زاڵ بوونی توركیا دەگەیەنێت و دوای كۆبانێ راستەوخۆ لێدانە لە عێراق و كۆتایی هێزو گروپ و دەسەڵاتداری شیعەكانە بەتایبەت گروپەكانی نزیك لە ئێران. دوای عێراقیش ئیدی ئێران توانای هەناسەدانی ئیقلیمی نامێنێت و دەبێت خۆی بخواتەوەو لەدەوری خۆی بخولێتەوە هەتاوەكو سەری دەسوڕێت و دەكەوێت بە عەرزدا.
ئێستا شەڕی كۆبانێ دەرفەتێكی گەورەیە بۆ ئێران و عێراق و شیعەو حزبی بەعسی سوریاو هەموو ئەمانە، بەهەموو توانایان و بەهەموو هێزیان لە توركیا بدەن و ئاودیوی سنوری ناوەوەی توركیای بكەنەوە. بەمە هەیبەت و شكۆیەك بۆ ئێران و عێراق دەگەڕێتەوەو ئەوروپاو ئەمریكاو ئیسرائیلیش توشی هەڵوەستەی جددی دەكات. ئینجا قەوارەو كیانی كوردی رۆژئاوا بناسێنن و بە ئاشكرا پشتیوانی كورد بكەن. ئەمە لەبەرخاتری منی كورد نیە، بەڵكو ئەوە دەرفەتی ستراتیژییە بۆ ئێران كە خەریكە توركیا خۆی بە دەستی خۆی بەرەی مقاوەمە زیندوو دەكاتەوە.
ئەگەر توركیا كۆبانێ بگرێت، دڵنیابن ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەكەوێتە مەترسی و دەپەڕێتەوە بۆ ئێران و سوریاو ئەمریكاو ئەوروپاو ئیسرائیل دەبێت مەرجەكانی توركیا قبوڵ بكەن. بەكورتی دوای كەوتنی بەشار ئەسەد لەسەر دەستی پشتیوانیەكانی توركیا، ئەوەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئایندەی ئێران و بەرەی مقاوەمە ئیسرائیل نیە، بەڵكو پاوان خوازی و شەڕەنگێزی و توندوتیژی توركیایە. لەناو سوریا توركیا لاواز بێت، خزمەتێكی گەورەیە بە ئێران و بەرگری فەلەستین. بەڵام توركیا سەركەوێت ئیسرائیل و توركیا پێكەوە سوریایەكی دەستەمۆی خۆیان دروست دەكەن و ئیدی سەرەی یەمەن و عێراق و ئێرانە، كاتی ئەوە هاتووە عەرەب بە ئاگا بێتەوەو پشتیوانی كورد بكات، نەك لەبەر خاتری كورد خۆی، بەڵكو دنیاكە ئێستا ئاوا گۆڕاوەو كورد سەنگەری بەرگرییە لە شكۆی عەرەب و ئێران و عێراق، ئەگینا توركیا گڤەی سمێڵی دێت.
با نمونەیەك بۆ ئێران و عەرەب بهێنمەوە: وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە عێراقی گوتوە گروپی چەكداری و میلیشیامان ناوێت و دەبێت چەك لە دەستی دەوڵەت بێت، دەبێت حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە؟. ئێران و عێراق و یەمەن لەمە تێ دەگەن؟؟؟؟. ئەمرۆ كورد داوای مافێكی رەوا دەكات، بڕۆن پێكەوە كیانی رۆژئاوای كوردستان بپارێزن. دەنا سوڵتانیزمی عوسمانی نوێ دەگاتە شیرازو ورمێ و قەسری شیرین و نەجەف و كەربەلا؟؟؟؟.