دروشمەکانی دوای شکست
12/18/2024 9:20:00 PM
چۆلی ئهسعهد
ئەوەی دروشمی زۆر بوو کرداری کەمە، ئەو سەرکردە و بەرپرسانەی دەسەڵات و پۆستی بەڕێوەبردنی گشتییان هەیە، دەبێت لە بری قسە و دروشم و نمایشی ساختە و بەردەوام پاتکردنەوەی خۆشەویستی نیشتمان و پیرۆزیی ئاڵا و خاک و پاراستنی دەستکەوتەکان، ڕەفتاری دروست و کرداری شیاو لە چوارچێوەی خەمی گشتیدا بخەنەڕوو.
کاتێک مەترسی لەسەر دەسەڵاتی خۆیان بەهۆی پرسێکی سیاسی وەک ئەوەی لە سوریا ڕوویدا، وەک ئەوەی بەسەر حزبوڵای لوبناندا هات، وەک ئەوەی بەسەر بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینیدا هات ...، ئەوکات بیری خۆشەویستی نیشتمان و خاک و ئاڵا و یەکخستنی پێشمەرگە و خزمەتکردنی خەڵکیان بیر دەکەوێتەوە.
دەسەڵاتێکی سیاسی، کە بە درێژایی سێ دەیەی ڕابردوو بە کردەوە خۆشەویستی خۆیان بۆ نیشتمان و ئاڵاکەی و خزمەتکردنی خەڵك و خەمی گشتییان نەسەلماندووە، بوونەتە هۆکاری دابڕان لە نێوان خەڵک و خۆیاندا، بێ متمانەیی خەڵکیان بە دەسەڵات یەکسانی هیچ کردۆتەوە، سی ساڵە بە دروشم ئەژین، لە تەنگەژە سیاسییەکان کە رووبەڕووی دەسەڵاتی خۆیان دەبێتەوە داوای بەهاناناوەچوونی خەڵک دەکەن.
دەسەڵاتێک نەیتوانیبێت خۆشەویستی خەڵک بۆ خاک و نیشتمان زیاد بکات، خۆشەویستی ئاڵا زیاد بکات، ئینتیمای نیشتمانی بەرزبکاتەوە، پەیوەندیی نێوان خەڵک و دەسەڵات کەمبکاتەوە، شکستخواردووە.
ئاخر لە هەرێمێکی دەوڵەمەند بە سامانی سروشتی و فرۆشتنی نەوت و کشتوکاڵ و ئاو و خاک نەتوانیت ژیانێکی سەرەتایی گونجاو بۆ خەڵک فەراهەم بکەیت، شکستتخواردووە.
ئاخر لە بری گەشەپێدانی ژیرخانی ئابووری و مرۆیی، نەک هەر قەرزاری خەڵک بیت، ئاو و کارەبا و ژیانت بۆ دابین نەکردبێت، قەرزاری دەرەوە و کۆمپانیا بیانییەکانیش بیت، شکستخواروویت.
ئێستا کە مەرگی ئەسەد و ڕەفتارەکانی و دەنگدانەوەی ڕەفتارە نامرۆییەکانی دەبینن، بزانن ئیوە چیتان کردووە و ئەبوو چیتان بکردایە و نەتانکرد؟
ئێستا کە لە گفتوگۆی کابینەیەکی تری پێشوەختە شکستخواردوون و بە ڕابردووتان دەتانناسینەوە، بۆ دەرس وەرناگرن؟ لە بری ئەو هەموو دروشمە کردارێکی گونجاو ناکەن.
بۆ لە خۆتان ناپرسن، ئەم هەموو کۆمپانیایە لە هەرێمی کوردستان بەچی دەوڵەمەند بوون؟ ئەو هەموو دامەزراوە میدیاییە زەبەلاحە خاوەن سەرمایە زۆرە بەچی ئیدارە دەدەن، لە کاتێکدا مانگیك مووچە لە کاتی خۆیدا نادەن و ساڵێک دووانزە مووچە دابەش ناکەن و مرۆڤێکی تێر (جگە لە چەند کەسێکی دیاریکراو) لەم هەرێمە نادۆزیتەوە. ئەم پرسیارانە پرسیاری خەڵکن و خەڵک خۆشی وەڵامی هەیە، ئەی سی ساڵە ئەم خەڵکە خۆ هەر هیچی نەکردبێ فێری ئەوە بووە ئێوە بناسێ و وەڵامی ئەم پرسیارانەش بداتەوە.
ئێستا کە لە دووا ڕۆژەکانی ساڵین، باس لە مووچەی مانگی دە دەکەین، پاریش سێ مووچەتان خوارد و خۆشتان بە خزمەتکاری خەڵک و خەمخۆری گشتی ئەزانن، باس لە پیرۆزی ئاڵا و خاک و نیشتمان دەکەن، باسی یەکگرتوویی و یەکڕیزی دەکەن چونکە هەموومان لە کەشتییەکداین و بەیەکەوە زەرەر دەکەین، خۆ ئەگەر بمانزانیبایە داهاتی ناوخۆ و نەوت و خاڵەسنوورییەکان شایەنی باس نین، هەر ڕۆژەی کۆمپانیایەکتان ئیفلاس دەکات و کەناڵێکی میدیایی دادەخەن لەبەر بێ پارەیی، مناڵەکانتان لەبەر بێ جل و بەرگی و بێ مووچەیی باوکیان ناتوانن بچن بۆ قوتابخانە و کارەبای ماڵەکانی ئیوەش ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک هەیە و لە هاویندا بۆری ئاوی ماڵەکانتان دەیان ڕۆژ ئاوی پێدا ناڕوات و بۆ سەرئێشەیەکی بێ مووچەیی ناچن بۆ ئەمریکا و ئەوروپا، ئێمە بەزەییمان بە ئیوەدا دەهاتەوە وەک چۆن ئێوە بەزەییتان تیانییە، دروشمی نیشتمان یو نەتەوەیی و زۆرمان بۆ دووبارە مەکەنەوە.
نازانم بۆ کاتێک کەشتییەکە لە کەناری ئارامیدا لەنگەر دەگرێ بەس ئێوەی تێدان و کاتێکێش ڕووبەڕووی گێژاو دەبێتەوە ئێمەشی تێداین!!
ئەوەی بەباشی کەشتی لێنەخوڕیبێ، متمانەی پێناکرێ بەباشیش لەنگەری پێبگرێ.