1106 جیهان

یەکەم ژن لە ئیدارەی نوێی سووریا دەستبەکار بوو

01:59 - 21/12/2024

زەمەن:-

 

ژنێک بەناوی عائیشە ئەلدبس، وەک بەرپرسی کاروباری ژنان لە حکومەتی نوێی سوریا دامەزراوە و وەک یەکەم ژن دەستبەکاربووە.

 ئەمڕۆ شەممە، ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری سیاسی سەربە حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا ڕایگەیاند: ژنێک بەناوی عائیشە ئەلدبس، وەک بەرپرسی کاروباری ژنان لە حکومەت دامەزراندووە، وەک یەکەم ژن لە دەسەڵاتی نوێی سووریا.

عائیشە ئەلدبس، ژنە چالاکوانێکی بواری مەدەنیی و مرۆییە، پێشتر لە دامەزراوەی داهێنەران لە پارێزگای ئیدلبی سووریا کاریکردووە، بەشێک لە کار و چالاکییەکانی لە کامپی ئاوارە سوورییەکان بووە لە ناوخۆی تورکیا.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە کاتی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، عائیشە ئەلدبس لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک نووسیبووی، پێویستە لەسەر ژنانی سووریا، بەشداری بکەن لە گێڕانەوەی وڵاتەکەیان بۆ پێگەی شایستەی خۆی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن