57وتار

تورکیاو ئەمریکاو هەسەدە ... رۆژئاوا لە بەردەم رۆژانێکی یەکلاکەرەوەدا....

12/17/2024 9:11:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی

دۆخێکی نوێی وا لە سووریا هاتۆتە کایەوە، کوردو هێزەکانی رۆژئاوا نەك هەر خۆیان بۆ ئامادە نەکردبوو، بەڵکو بەدانپیانانی بەرپرسەکانیان دووچاری جۆرێك لە شۆکبوون بوون، بەرامبەر هەرەسهێنانی خێرای هێزەکانی بەشارو چارەنووسی هەریەك لە رووسیاو ئێران لەو وڵاتەدا. 
واتە بیرکردنەوەو گرەوو خۆرێکخستنیان لە چوارچێوەی هاوکێشە کۆنەکەی پێش رووخانی رژێم و هاوسەنگییە سیاسی و سەربازیەکانیدا بووە. ئەوەش وایکردووە هەندێ ئەرك کە دەبوو پێشترو وەك زەمینەسازی بۆ دۆخە نوێکە ئەنجامی بدەن، کە چەندین ساڵە داوا دەکرێت ئەنجامی نەدەن، هەروەها رووداوو گۆڕانکارییەکان لە توواناکانی ئەوان گەورەتر بێت، نەشتووانن بەو خێراییەی رەوشەکە دەچێتە پێشەوە خۆ لەگەڵ ئەو جەبرەکانیدا بە گوێرەی پێویست بگونجێنن.

کوردی رۆژئاواو بەتایبەتیش هێزە بنەرەتیەکەی کە چەك و زەوی و ئیدارەی بەدەستەوەیە، کەوتۆتە نێوان بەرداشی تورکیاو ئەمریکاوە. تورکەکان، لەسۆنگەی ئەوەی بە سەرکەوتووی دۆخەکە دادەنرێن و دەسەڵاتدارە نوێکانی دیمەشق خۆیان بەقەرزاری دەزانن، تاراددەیەکی بەرچاو دەرگای لەبەردەمدا واڵایە. 
ئەگەر جاران دەوترا بوونی سووپاکەی لە ناو سووریا نارەوایە، چونکە لە سەر داوای حکومەتەکەی پێشوو نەهاتوونەتە ناو وڵاتەکەوە،  ئەوا لەئێستادا ئەوانی تر نارەوان هەر ئەم رەوایە، رووپۆشی یاساییش بۆ شەرعیەتدان بە مانەوەیان تەنها بریارێکی دیمەشقی تێدەچێت. هەرخۆشی سبەی مەشق بە سووپای نوێی سووریا دەکاو ئەوەش جۆرێ لە هەژموونی بۆ درووست دەکات بەتایبەتیش ئەگەر ئەم سەرکردایەتیە سیاسەی ئێستا لە ئەنقەرە لەسەر کار بمێنێت کە خاوەنی تێزی بە چەقکردنی تورکیایە وەك زلهێزێکی ناوچەیی قسە بیستراو لە ئاستی جیهاندا. 

 لەروویەکی ترەوە تورکیا لە ئێران و رووسیا جیاوازە، ئەگەر هەندێ حکومەتەکەشی لای هەندێ ناوەند  نەخوازراو بێت، وەك دەوڵەت ئەندامی ناتۆو هاوپەیمانی ئەمریکایە، پەیوەندی دیبلۆماسی و بازرگانی و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیەو دەتوانێت زۆر شتی بۆبکات کەبەهێزی تر ناکرێت.

زۆرینەی سووننەی عەرەبی سووریا بە ڕزگارکەری خۆیانی دەزانن، لانی کەم لەم قۆناغەدا. 
هەربۆیە بانگەوازەکەی ئیدارەی خۆ سەرو هەسەدە بۆ جیهان بۆئەوەی 
 هاوشێوەی جاران  واتە بەرگریکردن لە کۆبانێ دژ بەداعش، بەرامبەر سووپای ئازادو تورکیاش پشتیوانیان بکەن، زۆر گوێگری نابێت. 
ئەگەر گرەوی گەورەش لەسەر بوونی ئەمریکا بێت بۆ نەکەوتنی کۆبانێ و ناوچە کوردییەکان، کە هەر وابووەو وایە، پێدەچێت لە سۆنگەی ئەو گۆرانە قووڵەی رووخانی رژێم درووستی کردوەو ئەو رۆڵە گەورەی تورکیا لە سووریاو ئێستای ناوچەکدا دەیگێڕێت، دیسان هاوشێوەی جاران نەمابێت  بەگوێرەی پێویست گرەوی لەسەر نەکرێت. چوونکە ئەمریکا پێش رووخانی رژێم لە بەرامبەر سێ هێزی نەیاری خۆی، واتە رووسیاو ئێران و رژێم، بەبیانووی جەنگی دژ بە داعش جوگرافیای ئیدارەی خۆسەری کردووە بە ناوچەی نفوزی خۆی بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر هاوکێشەکانی سووریا هەبێت و گۆرەپانەکە بە تەواوی بۆ رووسیاو ئێران چۆڵ نەبێت، گەرچی سەرەرای ئەوەش گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد بۆ ئەوەی هەندێ ناوچە لە دەست ئیدارەی خۆسەر دەربهێنێت! لە کاتێکدا لە ئێستادا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی نوێی سووریا پێویستی بە توورکیایە وەخۆی راستەوخۆ لە دیمەشق ئامادەیی دەبێت ئەوەش دۆخێکی جیاواز دێنێتە کایەوە، بۆیە ئەمریکییەکان گەر بۆ ماوەیەکیش هەوڵدەن تورکیاو هێزە هاوپەیمانە سوورییەکانی قەناعەت پێبکەن پەلاماری هەندێ ناوچە نەدەن تاسەر ئەوە ناکەن و ئاسانیش نیە بیر لەوە بکەینەوە لەبەر خاتری هەسەدەو کورد شەری سووپای تورکیا بکات. بەتایبەتییش کەلە عێراقیش بۆ ئەو گۆرانکاریانەی بەدەستیەوەیەتی پێویستی پێی دەبێت، مامەڵەکردنیشی لەگەڵ تەحریری شام لە رابردوودا زیاتر هەر لە رێگەی تورکیاوە بووە. ئەویش بەزەمانەتکاری یەکەم دەزانێت بۆئەوەی رژێمێکی تووندرەو لە سووریا نەیەتە سەر کار. بەردەوامیش ئەوەی دووپاتکردۆتەوە کە هاوبەشی ئەو لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتدا لە چوارچێوەی جەنگ لە دژی داعشدایە نەك شتێکیتر. ئەو ئامانجەش لە ئێستادا دەتوانرێت لە لایەن دەسەڵاتدارە نوێکانی دیمەشق و تورکیاوە بێتەدی و گرەنتی بکرێت.

لێرەشەوە چارەنووسی ئیدارەی خۆسەرو هەسەدە دەکەوێتە بەردەم چارەنووسێکی تاراددەیەك نادیارەوە، ئەگەر هەسەدە شەری مان و نەمانیش بکا وەك خۆی دەڵێت قورس دەبێت تا سەر بتوانێت، پارێزگاری لە یەکییەتی ریزەکانی و بەرگری لە ناوچە کوردییەکان بکات، بەوەش ئامانجی تورکیا بەشێکی دێتە دی کە تێکدانی ئەو دیفاکتۆیەیە لە ساڵانی رابردوودا درووستکراوە، بۆ ئەوەی لە کاتی نووسینەوەی دەستووردا نە کارتی فشار بمێنێ و نە هەوڵی ئەوەش بدرێت هەمووی یان بەشێکی رووپۆشی دەستووری بۆ پەیدا ببێت، چوونکە تورکیا بەدەر لە قۆناغی راگووزەری لەسەر ئاستی سووریا، سەبارەت بە هەسەدەو ئیدارەی خۆسەر قۆناغی راگوزەری تایبەت بە خۆی هەیە کەلە رووخانی رژێمەوە دەستپێدەکات تا زەمینە سازکردن بۆ نووسینەوەی دەستوور، پێشم وایە (۳۰) رۆژی داهاتوو لەم روەوە چارەنووسسسازە.

 ئەوەی لە بیری تورکیادایە، کۆتایهێنانە بە هێزەکانی سووریای دیموکرات و زۆربەی یاخود کۆی ئیدارەی خۆجێی پێش رێکخستنەوەی سیاسی و سووپای سووریا، لەبەرئەوەی نەك هەر نایەوێت ئەوهێزانە بمێنن بەڵکو ناشییەوێت ببن بە بەشێك لە سووپای  داهاتووی سووریا چ جای دۆخێکی تایبەتیان هەبێت، یەك دوو رۆژیشە جەنگە دەروونییەکەی بەشێوەیەکە وێنای هەسەدە لەگەڵ کۆنتراگەریلاو پاشماوەکانی رژێم و دژە شۆرش تێکەڵ بکات، بۆئەوەی پاساوو رەهەندێکیتر بەجەنگ دژیان بدات. 
شپرزییە ناوخۆییە کوردییەکەش لەم روەوە هەندێ یارمەتیدەرە. گەردۆخەکەش بەم جۆرە بچێتە پێش کە وێنامان کرد، کەهیوادارین لانی کەم پراوپر وا نەبێت، بژاردەکانی بەردەم هەسەدە زۆر سنووردار دەبن، دۆخی پێشبینیکراو لەعێراقیش لە قازانجی نابێت لەبەرئەوەی پێشبینی دەکرێت، پاڵپشتی لۆجستی و تووانای مانۆرو پشتێنەی خۆپارێزی و کشانەوەی لەبەردەمدا تەسبکاتەوە. 

دەمێنێتەوە ئەوەی بپرسین ئایا چارەنووسی هەسەدەو هەپەگەو پەیەدە یەکسانە بە چارەنووسی کورد لە رۆژئاوا؟ واتە تورکیا هەرکێشەی لەگەڵ باڵادەستی پەیەدەو هەپەگە هەیە یاخوود خودی بیرۆکەی هەرێمی دووەمی کوردستانی دووای هەرێمی کوردستان با بە پووختیش کوردی نەبێت بەدەست هەرکەسەوە بێت لەوانەش ئەنەکەسە رەتدەکاتەوە؟ پێدراوەکانی تا ئێستا ئەوەمان پێدەڵێن تورکیا دژایەتی هەرجۆرە خوود بەرێوەبەریەکی کوردییە لە سووریادا، تێگەیشتنی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو وڵاتەدا، هاوشێوەی تورکیا لە هاوڵاتێتی یەکسان و هەندێ مافی کلتووری تێپەر ناکات؟ لەگەڵ هێشتنەوەی پەراوێزێك بۆ ئەگەرو پێشهاتی تر لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوەوە.
ئەگەر ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی واقیعەکە بێت داخۆ عەقڵی سەرکردایەتی کورد لەو پارچەو پاڵپشتەکانی لە پارچەکانی تر، ئەوەندە توانای دەستپێشخەری و تەوق شکاندن و یەکخستنی توانا نیشتیمانیە کوردستانییەکەی ماوە، بتوانێ رێگایەکی تر بە قازانجی دامەزراندنی دووهەمین هەرێمی کوردستانی  بدۆزێتەوەو کاریگەری خۆی بخاتە روو بەمەش دەرگایەکی فراوانتری مێژوو بەرووی کۆی پرسی کوردا لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا بکاتەوە؟

 بەو ئومێدە...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن