254وتار

داهاتووی فەرمانبەران، ئەگەر پلە بەرزکردنەوە نەگەڕێتەوە!

1/2/2023 12:38:00 PM
مەڵبەند ئەحمەد

حکومەتی خەمخۆر ئەو حکومەتەیە ، کە ژیان و گوزەران و ئاسایشی هاوڵاتیەکانی لە سەرو هەموو شتێکەوە بێت و تەواوی کارەکانی تری بچنەوە خزمەتی ئەم دوو ئامانجەی سەرەوە، واتە ستراتیژ خۆشگوزەرانی گشتی بێت نەک خۆشگوزەرانی خود. خۆشگوزەرانی گشتیش بە پەیڕەوکردنی پلانی وردو گونجاو دەبێت لە کەمکردنەوەی دزی وگەندەڵی و ڕۆتین لە پەیکەری حکومەتدا ،هاوتەریب بە ڕاگرتنی هاوسەنگی بازاڕو نرخی کاڵاو کەلوپەل لەگەڵ داهاتی تاکدا.

بەو پێیەی تاکی کورد تاکێکی بەکاربەرەو ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بە بەراورد بەڕێژەی دانیشتوان زۆر زۆرە، کەواتە ئەوەی کە زۆرترین کاریگەری لەسەر جوڵەی بازاڕ و داهاتی تاک هەیە، مووچەیە، وە لەم ڕێگەیەشەوە ئەتوانرێت یەکێک لە هەنگاوەکان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بەرز بوونەوەی نرخی جیهانی کاڵاکاندا هەڵبنرێت!

حکومەتەکانی دنیا لەکاتی بەرزبوونەوەی نرخدا هەوڵ ئەدەن ڕێژەییانە مووچەو داهات بەرز بکەنەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم هەرچەندە داهاتی زیاتر بێت و نرخی فرۆشی نەوتەکەی بەرزتر بێت، بێباکانە تر ئەڕوانێتە ژیانی هاوڵاتیەکانی و نەک ژیانی ئێستایان خۆش ناکات بەڵکو بە بەرنامە داهاتووشیان وێران دەکات، ئینجا با بزانین چۆن ؟

وتمان لە کوردستان مووچە داینەمۆی جوڵەی بازاڕە، بەڵام با بەراوردی ئەو مووچەیە بکەین کە ئێستا فەرمانبەران بە هۆی وەستانی پلەبەرزکردنەوەوە وەریدەگرن، لەگەڵ ئەو بڕە شایستەیەی کە دەبووایە وەریان بگرتایە! وە بە ژمارە ڕوونی بکەینەوە چۆن کاریگەری لەسەر بڕی مووچەی خانەنشینییان دەکات و چۆن داهاتوویان سەخت و دژوار دەکات؟ وە چۆن بۆشایی نێوان بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاو داهاتی تاک تا دێت گەورەتر دەبێت؟!

لە ساڵی ۲۰۱۳ وە بە شێوەیەکی گشتی دامەزراندن وەستاوە، وە لە ساڵی۲۰۱٦ وە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەر وەستاوە، گریمان کۆتا فەرمانبەر لە ساڵی ۲۰۱۳ بە بڕوانامەی دبلۆم و بە پلەی( ٨)و قۆناغی(٦) و بە مووچەی بنەڕەتی (۲٦٥۰۰۰) دینار دامەزرابێت، دەبوایە ئێستا بگیشتایەتە پلە (٥) قۆناغی (١) و مووچە بنەڕەتیەکەی بگەیشتایەتە (٤٢٩٠٠٠) دینار، بەڵام بەهۆی وەستانی پلە بەرزکردنەوە لە ئێستادا ئەو فەرمانبەرە پلەکەی بووە بە (٧) قۆناغی (٩) و مووچە بنەڕەتیەکەی تەنها (٣٤٤٠٠٠) دینارە. واتە لەجیاتی ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی بە چوار ساڵ جارێک پلەکەی بگۆڕێت، بە یانزە ساڵ ئینجا یەک پلە پێش دەکەوێت! بەمەش تەنها جیاوزی مووچەی بنەڕەتی ئەو فەرمانبەرە (٨٥٠٠٠) دینارەو بە کۆی دەرماڵەکانەوە بڕی (١٥٠٠٠٠-٢٠٠٠٠٠) دینار لە شایستەی مووچەی خۆی کەمتر وەردەگرێت، ئەوە سەرەڕای لێبڕینی نایاسایی مووچەو دواکەوتنی مووچە، وەهەتا فەرمانبەر بڕوانەمەو دەرماڵەکانی زیاتر بن، بڕی جیاوازیەکەش گەورەتر دەبێت. لە بەرامبەردا نرخی کەل و پەل و خۆراک و سوتەمەنی لەو کاتەوە بە ڕێژەی زیاتر ٣٠٠% بەرزبۆتەوە.

با بێینە سەر باسی خانەنشینی فەرمانبەر ، کە بە لای منەوە کێشە گەورەکە لێرەدایەو داهاتووی فەرمانبەران لەبەردەم هەڕەشەی بازاڕو سەختی بژێویدایە!

بە پێی یاسای بەرکار لە ئێستادا، فەرمانبەر ئەگەر (32 )ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێت بە ڕێژەی (٪٨٠ )ی مووچەی بنەڕەتی خانەنشین ببێت. ئێستا ئەگەر فەرمانبەرێک لە ساڵی ۲۰۱۳ دامەزرابێت، لە ساڵی (٢٠٤٥)دەتوانێ خانەنشین ببێت، کە لەو ساڵەدا دەبێت مووچەی شایستەی بنەڕەتی بگاتە (١٠٠٨٠٠٠) دینار، بەو پێیەش بڕی خانەنشینیەکەی بە ڕێژەی ٪٨٠ دەکاتە (٨٠٦٤٠٠) دینار. بەڵام بەهۆی وەستانی پلە بەرزکردنەوەوە، ئەو فەرمانبەرە لە ساڵی ۲۰٤٥ مووچەی بنەڕەتیەکەی تەنها (٤٩٢٠٠٠) دینار دەبێت، بەم پێیەش بڕی خانەنشینیەکەی بە ڕێژەی ٨٠%ی مووچەی بنەڕەتی تەنها (٣٩٣٦٠٠)دینار خانەنشین دەبێت. ئەمەش مانای وایە ئەو فەرمانبەرە لە کاتی خانەنشینیدا بڕی (٤١٢٨٠٠) دینار کەمتر وەردەگرێت، کە نایاساییەو ستەمێکی گەورەیەو پاشەڕۆژی فەرمانبەری خانەنشین سەخت دەکات.

کاتی خۆیەتی بپرسین ئەم ستەمە تا کەی بەردەوام دەبێت؟ فەرمانبەران چ هەڵوێستێکیان دەبێت؟ ئایا لەکاتێکدا حکومەت نایەوێت، یان ناتوانێت بڕی مووچە زیاد بکات و لەو ڕێگەیەوە هاوسەنگی نرخ بگەڕێنێتەوە، ئەی بۆچی پلە بەرزکردنەوە ناگەڕێنێتەوەو باری سەرشانی مووچەخۆران و دواتر تەواوی کاسبکاران قورستتر دەکات؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن