بەپەلە.. هەڕەشەیەك لە ئەحمەد شەرعەوە.. رووی لە كوردە
01:29 - 25/02/2025
زەمەن _ جیهانی
ئەحمەد شەرع ڕایگەیاند: سوریا دوبەرەکی قبوڵ ناکات و دەبێت چەک لەدەستی دەوڵەتدا بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥، لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێک لە کۆنفرانسی نیشتیمانی دیالۆگی سوریا، ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا، وتی: ئەمڕۆ سوریا بەتەواوەتی گەڕاوەتە دەستی گەلەکەی، قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت، شتێکی قورس نییە، بەڵکو ئەرک و واجبە لەپێناو فەراهەمکردنی ئاشتی بۆ هاوڵاتییانی وڵاتەکە.
دەشڵێت: ، شۆڕش سوریای لە ونبون رزگارکرد، بەڵام ئاستەنگەکان هێشتا گەورەن، جەختیشیکردەوە دیمەشق دوبەرەکی قبوڵ ناکات.
شەرع ئاماژەی بەوەشدا، نابێت سیستمێک هاوردەبکەین کە لەگەڵ دۆخی وڵاتەکەدا نەگونجێت، چونکە ناکرێت کۆمەڵگە بکرێتە شوێنێک بۆ تاقیکردنەوە و جێبەجێکردنی خەونە سیاسییەکان.
بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی ٦٠٠ کەسایەتی سوریا بانگهێشتکرابون کە ٥٧٠ کەسیان بەشدارییان کردوە، چاوەڕوان دەکرێت ڕاسپاردەکان سەبارەت بە قۆناغی داهاتوی وڵاتەکە پەسەند بکرێت.
هاوکات، بەشداربوان بەسەر شەش لیژنەی تایبەتمەندا دابەشدەکرێن، دیارترینیان دروستکردنی دامەزراوەکان، ئامادەکردنی ڕەشنووسی دەستوور، دادپەروەری ڕاگوزەر، ئازادییە گشتیەکان و ئابوورییە.