196وتار

دیمەنێک لە شەوەزەنگی شکست و ڕۆژگاری ھەستانەوە

7/29/2023 7:37:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

مانگی ئازاری ساڵی (1975) شۆڕشی ئەیلول وەک گەورەترین شۆرشی گەلی کوردستان  توشی هەرەس هات . دوای ماوەیەکی کەم لە نوشستی شۆڕش کۆمەڵەش بە هۆی ئاشکرابون و گرتن و زیندانیکردنی زۆربەی هەرەزۆری سەرکردایەتی و کادرە پێشکەوتوەکانی توشی شکستێکی کاتی‌ بوه‌وه‌. لەگەرمەی ئەم شکست و نوشستەی کۆمەڵە بە کۆشش و دەسپێشخەری کاک ئارام و هاورێکانی لەوانە (شەهید ئازاد هەورامی، کاک سالار و مەلا بەختیار ) کۆمیتەی هەرێمەکان وەک سەرکردایەتیەکی مەیدانی نوێی دروستکرا.

وێڕای ئەوەی شیرازەی رێکخستنەکان بەهۆی ئەو زەبرە گورچکبڕانە هەتا ڕادەیەک لەیەک ترازابون بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەشێکیان هەر بەتۆکمەیی مابونەوە و دلێرانە ئامادەیی خەبات و تێکۆشان بون . لەم نێوەندەدا لەپێناو سەرلەنوێ گێرانەوەی ڕوحی بەرگری و بوژانەوەی ڕایەڵەکانی ڕێکخستن و لە سەر بنچینەی نوێ ڕێکخستەکان دوبارە رێکخرانەوە و کۆمیتەی هەرێمەکان دروست کرا و زەمینەی هەڵگیرساندنی شۆرشی نوێ سازکرا.  

هەرێمی پێشرەو یەکێک لە چالاکترین هەرێمەکانی ئەو سەردەمە بوو کە سنورەکەی بریتی بوو لە بەغداد و خانەقین و گەرمیان و تەنانەت بە شێک لە سلێمانیش. ئەندامانی هەرێمەکە پێکهاتبوون لە (شەهید سادق شەریف، مامۆستا موحسین، مامۆستا جەعفەر، دڵشاد مەولود و عیماد ئەحمەد ).

دوای دروستکردنی کۆمیتەی هەرێمەکان لە 1 / 6 / 1975 لە دەرەوەی وڵاتیش بەسەرپەرشتی مامجەلال و  هیمەتی هەڤاڵەکانی دەستەی دامەزرێنەر، یەکێتی نشتیمانی کوردستان بۆ ڕابەرایەتیکردن و ھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ ڕاگەیەندرا. دوای ساڵێکیش لەو مێژوە شۆرشی نوێ هەڵگیرسا و رێکخراوی هەلۆی سور هاتەکایەوە کە بنجینەکەی پێکهاتبوو لە ژمارەیەک هاورێی کۆمەڵە و رێکخراوی خوێنی شەهید کە لە ناو کوردە فەیلییەکانی بەغداد پێکھاتبو، لەمەشدا مەلا بەختیار دەورێکی باڵای هەبوو لە یەکخستن و پەیوەندیان بە هەرێمی پێشرەوە.

 لەو سەروبەندەدا لەسێدارەدانی (خاڵە شیهاب و جەعفەر وئەنوەر )بوو بە کۆستێکی گەورە بۆ کۆمەڵە، بەڵام دروشمەکەیان( کەم بژی و کەڵ بژی ) بوو بە کڵپەیەکی بەتین بۆ  یەکێتی و شۆڕشی نوێ، هەروەک چۆن گیانی بەرگری و بەگژداچونەوەی بەعسی جۆشدایەوە، ڕەوایەتی کێشەی کوردستانی زیاتر سەلماند، حەتمیەتی سەرکەوتن و ڕزگاری نیشتیمانی لای مرۆڤی کوردیشی کرد بەڕاستی. 

لەم ماوەیەدا (مامۆستا موحسین و مامۆستا جەعفەر بەندە ) ویستمان شەهید ئارام لە سلێمانی ببینین هەم بۆ دەنگوباسی تازە و چالاکی  نوێی و  هەمیش بۆ هەندێ رەخنە و گلەیی  لە بەشێک لە کاری رێکخراوەیی، 
هەرچەندە لە دواییدا ئەوە بە باش زانرا  کە بەندە بەتەنها کاک ئارام ببینم. ئەوەبوو لە رێگەی شەهید ئازادی مەلا، کاک ئارامم لە ماڵی کاک ئاوات قارەمانی لەگەڕەکی سەرشەقام بینی. 
بەراستی من پێشتر کاک ئارامم بینیبوو بەڵام لەو دیدارە بۆم دەرکەوت کە ئەم سەرکردەیە چەند ورد و لێهاتوە، چەند بە بەرنامە کاروبارەکانی کۆمەڵە و یەکێتی بەڕێوەدەبات، چۆن وەک سەرکردەیەکی لێزان ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵگیرساندی شۆرشی نوێ، هەروەک بۆشم دەرکەوت کاک ئارام زۆر پشتی بە مامجەلال قایمە و باوەڕی بە ئەزمون و توانای مامجەلال هەیە. دەمەوێت لێرەدا دان بەوەدا بنێم لەو دیدارەوە من ئەوەندە سەرسامی کاک ئارام بوم ھەتا ئەو ئەندازەیی ئەو بۆ من بوو بە شێخ و منیش بۆ ئەو بوم بە دەروێش!

  لەو سەردەمەدا پۆل پۆل کادر و خەڵکی تێکۆشەر پەیوەندیان بە شۆرشەوە دەکرد و رۆژ بە رۆژ شۆرشی نوێ لە ژێر چەتری یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان زیاتر گەشەی دەکرد و ڕیزەکانی ڕێکخستن و پێشمەرگەش تۆکمەتر و بەرفراوانتر دەبوون، بە تایبەتی دوای هاتنی  بزوتنەوەی سۆشیالست بۆ ناو یەکێتی و چونی سەرکردە دیار و ناسراوەکانیان بۆ شاخ وەکوو ( عەلی عەسکەری، عومەر دەبابە، دکتور خالید، سەعدی گچکە و رەسول مامەند )  .هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا بە گەڕانەوەی مامجەلال و کاک نەوشیروان بۆ ناو وڵات ورەو هێزێکی گەورەی بە یەکێتی و شۆڕشی نوێ بەخشرا. لەم نێوەندەشدا شەڕی ناڕەوای ئێران-عیراق سەری هەڵدا ئەگەرچی زیانی گەورەی بە هەردو وڵات گەیاند و سەدان هەزار کەسی تیادا بوون بە قوربانی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتێکی گەورەی خۆڕێکخسینەوە و گەشەکردنی خستە بەردەم یەکێتی و شۆرش نوێ.    

لە کۆتایی بەهاری ساڵی(1977) دوای کوشتنی (عپمان محمد فائق)له بەغداد کارەساتێکی دیکە بەرۆکی یەکێتی گرت ئەویش گیرانی زۆربەی کادرە چالاک و سەرەکیەکانی هەڵۆی سور بوو کە بە بوێری و چاونەترسی و چالاکی داستان ئاسایان دڵی جەللادەکانی بەعسیان لە بەغدادایان شپرەزەکرد بوو،لەڕاستیدا ئەم قارەمانانەی هەڵۆی سور لە زیندانی ئەمنی عامەی بەغدادش نمونەی شۆڕشگێڕی هەرە خۆراگر و قارەمان بوون و وەک ڕەمزی بەگژداچونەوەی گەلی کوردستان لەبەرامبەر جەلادەکانی بەغداد ناویان تۆماری مێژوی پڕ سەروەری کوردایەتی  بوو.

لەم سەروبەندەدا  و دوای ماوەیەکی کەم هاورێ سادق و مامۆستا جەعفەر چونە شاخ ودوای بینینی  کاک ئارام لە قەراخ  لە گەڵ پێشمەرگەکانی گەرمیان یەکیان گرتەوە . ئەرکی هەرێمی پێشرەو کەوتە ئەستۆی مامۆستا موحسین و دڵشاد مەولود و بەندە ،بەداخەوە تەنھا دوای بیست رۆژ لە پێشمەرگایەتی سادق بەکارەساتێکی ناخۆش و بەدەستی ھاوڕێیەکی خۆی شەھید بوو ،مامۆستا جەعفەر بە نامەیەکی پر  سۆز و خەمناک لەو کۆستە دڵتەزێنە ئیمەی ئاگادار کردەوە. 
لەناو ئەو گەرمە برینەی شەھیدبونی سادقدا ئەستێرەی سوری کۆمەڵە و ھیوای ئەو سەردەمەی یەکێتی لە ( 31 / 1 / 1978 ) کاک ئارام شەهیدکرا، بەمەش کۆمەڵە و شۆرش و یەکێتی توشی زیانێکی قورس هاتن. لەڕاستیدا کۆست و کۆچی ئارام گەورە بوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شۆڕش و تێکۆشان بەردەوام بوو ، دواتریش قۆناغێکی دیکەی تازە هاتە ئاراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن