526وتار

خوێندەوەیەكی تر بۆ (16) ئۆكتۆبەر ‏

10/15/2020 11:15:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

دڵۆپەی شەونم گریانی گوڵە
لێزمەی باران گریانی ئاسمانە
رووباری سیروان گریانی كوردستانە
١٦ ئۆكتوبەریش خۆی گریانە

‏‎لەمێژووی نوێماندا (16) ئۆكتۆبەری ساڵی (2017) دواهەمین كارەسات بوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراق بەگشتی و لایەنی شیعەی دەسەڵاتدار بە بەتایبەتی بەسەر كوردا هات، به‌ڵام جیاوازیه‌کی زۆر جه‌وهه‌ریشی له‌گه‌ڵ سته‌م و غه‌دره‌کانی پێشوو هه‌یه‌، چونکه‌ دۆسته‌کانی دوێنێمان لە كاتێكدا هێشتا كفنەكەی هەڤال مام جلال زەرد نەبوبو كە (صمام الامان)ی عیراق بوو به‌ هه‌مان سیاسەتی‌ ‌رژێمه‌ دیکاتۆره‌کان كارەساتێكی تریان دژ بە كوردستان ئەنجام دا.

16ی ئۆکتۆبەر كارەسات و تاوانێک بوو دژ بە میللەتەکەمان ستەمدیدەكەمان، لەم رۆژەدا بەرونی هەڵوێستی راستەقینەی بەشێكی شیعەی عەرەب دەركەوت و ماسکی درۆزنانه‌یان بەرامبەر بە ئەزمونی فیدڕاڵی لە كوردستان داماڵدرا كە چۆن ئەوان لە سەردەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتدا بێ بەڵێن و بێ وەفا دەرچوون و چاكەی كوردو بزوتنەوەكەیان له‌به‌رچاونه‌بوو، بەناوی زۆرینەی پەرلەمانی و لەڕێی حكومەتی مەركەزیی و ئیعلامی چەواشەكاری دەستیان خستەناو دەستی هەندێك لە شۆڤێنی سونەی عەرەب بۆ دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستان كە لەسەردەمی شۆڕش و بەرهەڵستكاری چەندین یارمەتی و پشتیوانی و هاوكاری شیعەی كردووە لەم ڕوەشەوە ھاوخەباتی و ھاوپەیمانی نێوان کوردو شیعە وەک دوو پێکھاتەی زوڵملێکراوی عێراق مێژوویی بووە. لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەعسیش و بەتایبەتی سه‌رۆک مام جلال زۆر هەوڵ و كۆششی کردوە بۆ بەهێزكردنی پایەکانی پێکەوەژیان و سازان و پێدانی پێگه‌ی به‌هێز بە شیعەی ھاوخەبات لە دامەزراوە تازەكانی عیراقدا. لەدوای سەرهەڵدانی داعش و پەرەسەندن و سەرکەوتنی لە زۆر ناوچەدا کە خەریک بوو لە (کازمیە)و (نەجەف)و (کەربەلا) نزیک ببنەوە. به‌هاوکاری هه‌موو لایه‌ک تێک شکێندران.

بەڵام دوای شكستی داعش و رزگاركردنی بەشێكی زۆری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەناو (دەوڵەتی ئیسلامی) بەهاوكاری هاوپەیمانان و پشتیوانی و یارمەتی هێزی پێشمەرگە كوردستان بۆ سوپای عیراق و حەشدی شەعبی، بەداخەوە دەسەڵاتدارانی عیراق لە جیاتی سوپاس و پێزانین و پێشكەشكردنی یارمەتی و هاوكاری بۆ كوردستان، هەلی ریفراندۆمیان قۆستەوە و وەكوو ئەوەی هەنگیان لە كونی داردا دۆزیبێتەوە بەبێ رەچاوكردنی هاوپەیمانیەتی و دۆستایەتی بە دەبابەی ئه‌برامزی ئەمریكی و بە سەرۆکایەتی عبادی و بەسەرپەرشتی و پشتیوانی دەرەكی پەلاماری كوردستانیاندا له‌ ئه‌نجامیشدا ناوچەیەكی بەرفراوانی كوردستان لە هەرێم دابراو ژمارەكی زۆری پێشمەرگەی کوردستانیش شه‌هید بوون، به‌مه‌ش ئه‌و ناوچانه‌ دیسانەوە كەوتنەوە ژێر دەستی زوڵم و ستەمی هه‌ندێ لایه‌نی شۆڤینی عه‌ره‌ب و دووبارەبوونەوەی سیاسەتی تعریب و ته‌هجیری شۆڤێنیەكان دەستی پێکردوە، ئەمە وێڕای سەپاندنی سزای دارایی و ئابووری و ئیداریش به‌سه‌ر هەرێمی كوردستان. ‎ ‏‎لەڕاستیدا ریفراندۆم مافێكی رەوایەو رێگایەكە بۆ جێبەجێكردنی ئاشتیانەی مافی چارەی خۆنوسین، بەڵام کاتێک بێ رەچاوكردنی تەرازوی هێز و بەبێ گوێدان بە ئامۆژگاری دۆستان و هەرەشەی دوژمنان، وەک کورد تاک لایەنە ریفراندۆمان ئەنجامدا، ئەوا وێڕای ڕەوایەتی مافەکە،و سەروەرییەكی مێژوویی، مللەت دەنگی خۆی گەیاندو دووژمنەكانیش گورزی خۆیاند وەشاندو ستەمی رۆژگاری لێكەوتەوه‌. ‏‎لەم سەروبەندی ئه‌م میحنەت و كارەساتەدا، بەداخەوە لایەنە سەرەكیەكانی هەرێمیش له‌بری یه‌کڕیزی جارێکی دیکە كەوتنە ناو دۆخی ململانێی سیاسی توندوتیژو تۆمەتبارکردن و هێرشكردنەسەر یەكتر، لەجیاتی برین سارێژ كردن، تیزابڕێژی برینە کۆن و تازەكان كرا، دەرئەنجام بەمەش خەڵكی كوردستان زەرەرمەندی یەكەم بوو، ئه‌وان به‌م په‌لاماره‌ دڕندانه‌یه‌ دوو نیشانیان پێشكاند ناوچه‌یه‌کی زۆریان به‌هێز له‌ ئێمه‌ وه‌رگرته‌وه‌، له‌ لایه‌کی تریش تۆوی ناکۆکی و دووبه‌ره‌کیه‌کی قوڵیان له‌ناوماندا چاند‏‎، ‏‎ئێستاش دوای تێپەربونی چەند ساڵێك بەسەر ئەو ڕوداوە ئەركی راستەقینەی لایەنە سیاسییەكانی سەر گۆرەپانی كوردستان لەم قۆناغە سەختەدا، دانانی نەخشەڕێگایەکە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان و دەربازبون لەم قەیرانەدا، ئەوەش خۆی لە یەكریزی و یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی ھەموو لایەنە سیاسیەکان ئه‌بینێته‌وه‌ لەڕێگای كۆبونەوەی فراوان و بەشداریپێكردنی زیاتری خەڵك لە پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری لەرێگای رێكخراوەكانی کۆمەڵگای مەدەنی و هەڵسەنگاندنی زانستی و واقعی بۆ دۆخی ئێستای هەرێم و دەسپێكردنی چاكسازی راستەقینەی ئیداری و دارایی و ئابوری و سیاسی و شۆركردنەوەی دەسەڵات بە شێوەی( لامەركەزی) بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و رێكخستنەوەی پەیوەندیەكانی هەرێم و عیراقی ئیتحادی لە چوارچێوە دەستوردا، كە مافە رەواكانی كوردستان لە دابەش كردنی ئەرزو دەسەڵات و داھات و تەواوی شایستەکانی مسۆگەر بكات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن