جەلەوە ....نوسفی جیهان
4/8/2024 4:22:00 PM
عیماد ئهحمهد
لەم ماوەیەدا لە نامەیەکی دەنگی مامۆستا
جەعفەر بۆ بەندە ،سەبارەت بە نوسینەکانم دەربارەی جەلەوە ،دوای دەستخۆشی و بەرز نرخاندنی بابەتەکان ،فەرمووی :کاکی برا ئەو هەموو نوسینانەت سەبارەت بە جەلەوە ، جەلەوەت کردووە بە (نوسفی جیهان) وەکوو ئەسفەهان....!!
بەراستی هەڵسەنگاندنی مامۆستا جەعفەر هاورێی تەمەنم و جێگرەوەی شوێنی خاڵە خێرنەدیوەکەم مامۆستا موحسین بۆ من لە باقی ژیانم ،جێی شانازی و پێزانینە
لە دڵی خۆمەوە وتم : لای من جەلەوە سەنتەرەو وەک شاعیرێکی ژن بە رەچەڵەک داغستانی ناسراو ئەلێ ( خۆشەویستی لەبەر دەرگای ماڵی خۆمانەوە دەست پێ ئەکات) لای منیش هەر وایە ، بۆیە ئەگەر عومر باقی بێت و هێزی نووسینم مابێت بروا ناکەم درێخی بکەم لە جێیبەجێکردنی ئەم ئەرکە ئەخلاقی و نشتیمانییە.
لەڕاستیدا چەند هاورێیەکی دڵسۆزی دیکەشم بەردەوام هانم دەدەن بۆ نوسینی زیاتر لە سەر جەلەوە و شۆربونەوە بە ناو کۆڵانەکان و فڕین بەئاسمانی باخەکان و تیشک خستنەسەر گومناوەکان و وێنەکێشانی کەسایەتیەکانی تری جەلەوە بۆ دەوڵەمەند و
جوانترکردنی پەرتوکی ( درەوشانەوەی مێژوو ).
نایشارمەوە یەکێک لەئاواتەکانی من ئەوەیە کە مێژوی جەلەوە ببێتە بە شێکی زیندوی مێژووی شاری خانەقی کە شارێکی رەسەن و دیارە لە مێژووی ناوچەکەدا ، تەنانەت لە ( صحيح البخاري) یش ئاماژەی پێ دراوە.
لە هەڵوەستەی ئەم جارەمدا لەسەر جەلەوە (ئەبو البلاوی)یەکەی جەلەوە ( حیدر موسا دێیو )دەکەمە میوانی ئەم ئەڵقەیە:
حیدر موسی دێیو لە دایکبووی ساڵی (1939) بوو، خاڵو زای دایکم بوو ، کابرایەکی بە هێز و خاوەن جەستەیەکی پڕ ماسولکە بوو ، باڵا کورت ، ڕەنگ ئەسمەری تۆخ ، قژ رەش ، لوت قنج ، چاو زەق ، دەست و مەچەک بەهێز بوو . بە هۆی مردنی دایکی و بێباکی باوکی و نەبوونی بەخێوکەری دڵسۆز ، زوو بەئارەزوی خۆی دەبێت بە عەسکەر و تا پلەی عریف دەروات. حەیدەر لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوو واز لە سەربازی دەهێنیت و دەگەڕێتەوە لای خاڵوانی لە جەلەوە و خەریکی کار و کاسبی دەبێت لەگەڵ جەلیل نوێرەگە و خاڵوی ئیبی کە کەڕوڵاڵ بوو.
لە بەر نەهامەتی و قورسی ژیان و لاوازی هۆشیاری و هەستی کوردایەتی و دەرئەنجامی سیاسەتی ( تەرغیب و تەرهیب ) ی ژرێمی بەعس لە خانەقی ، ئەم بەدبەختە بوو بە بەعسی و جەیشی شەعبی، بەم کارە لە بەرچاوی خەڵکی جەلەوە کەوت.
زۆر جار بە سواری ماتۆرسکیل و کڵاشنکۆفەکەی دەکردە شانی بەبێ دەست بەرزکردنەوە یان دەمکردنەوە سەلامی بە هۆرنی ماتۆرەکەی لە خەڵک دەکرد ئەبوایا خەڵکەکەش بە دەست بەرزکردنەوە و بە دەنگی بەرز وڵامی هۆرنەکەی بدەنەوە بەڵام من هەندێک جار کەئەو هۆرنی لێدەدا منیش بە (بیب بیب )وەڵامم ئەدایەوە ، وتیان ئەمە چییە عیماد..؟ منیش ئەمووت ئەو ئەڵێت بیب منیش بە بیب وڵامی بیبەکەی ئەدەمەوە..!!!
لەو دەمانە گەنجانی جەلەوە وەکوو هەموو گەنجانی تری شاری خانەقی سەرقاڵی وەرزشکردن بوون بە تایبەتی تۆپی پێ
لە ساڵی ( 1968 ) خولێک بۆ تیپەکانی تۆپی پێی گەڕەکەکانی خانەقی کرایەوە ، تیپی جەلەوە یەکەم بوو لە سەر ئاستی شارەکە، ئەو سەردەمە حمزە محمد (ابو قەیسەر) کاپتن و جلال سەنیە راهێنەری، مامۆستا موحسینيش داینەمۆی تیپەکە بوو
هەروا لە ساڵی (1969) خولێک بۆ هەڵبژاردەی هەولێر و سلێمانی و دیالە و خانەقی کرایەوە، هەڵبژاردەی سلێمانی یەکەم بوو، بیرمە دکتۆر رۆژ نوری شاوەس لەگەڵ هەڵبژاردەکەی سلێمانی بەشداربوو
یاریەکان هەموویان لە مەلعەبەکەی مەتاری خانەقی دەکران ،خەڵکێکی یەکجار زۆر ئامادەی بینینی یاریەکان بوون
ئێمەش وەکوو خانەوادە رۆڵمان دەبینی لە بەشداری و سەرخستنی ئەم بوارە بەتایبەتی خاڵە فرە بەهرەکەم مامۆستا موحسین
لە جەلەوە چەندین گۆڕەپانی بچوک و سادەی تۆپی پێی هەبوو ، لە چایلغ و بان ئەڵوەن و بان جەلەوە و غابەکە و لە چەم نزیک بێستانەکەی خاڵو خانەوەگ و بێستانەکەی خاڵو گوڵمرای و لە تەنشت باخەکەی سامی بەگ.
لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاری لە سەرجەم ئەم گۆرەپانانە یاری تۆپی پێم کردوە و بە تۆپی باغە و لاستیک و چەرم ...بە پێخاوسی و نەعل و کالە یاریمان کردووە، واتا چۆن بۆمان بگونجایە پەکمان نەدەکەوت، هەر لەوکاتدا حیدر موساش خولیای تۆپی پێی بوو بەڵام بە زبریش یاری دەکرد.
لە زستانی ساڵی(1972) لە یارییەکی خۆماڵی لە گۆرەپانەکەی نزیک بێستانی خاڵو گوڵمرای ، لە کاتی یاریکردن حیدر لەگەڵ حمید ئەکبەر کە بوو بە یەکێک لە ئەندامانی هەڵۆی سور لە بەغدا ، بوو بە شەڕیان ، زۆربەمان لایەنگری حمید ئەکبەر بوین و کۆتایمان بە یاریەکە هێنا و گەراینەوە بۆ بان جەلەوە، بەڵام حیدر جارێکی تر شەرەکەی هەڵگیرسانەوە ، من ئەمجارە زیاتر دژی راوەستام ، وازمان لەیەک هێنا ، لەگەڵ حمید هاتینە بان ئەڵوەن بۆ لای دوکانەکەی سولەیمان
لە پر حەیدەر موسا بە دەرنەفیزێکی گەورەوە کەوتە سەروگوێلاکی حمیدەوە ، حمید چەقۆیەک لەگرفان بوو ، ئەیویست دەریبێنێت و بەرگری لە خۆی بکات بەڵام حیدر نەیهێشت و چەقۆکەی لێسەند و دوور هەڵیدا ، منیش چاوم بە چەقۆکە کەوت و هەڵمگرت و بە چەقۆکە کەوتمەلێدانی پشتی حیدر ،موحسین ئەحمەد نانەوا بە پەنجە بۆکس ئەیکێشا بە سەری حیدر و کەریم ئەمیریش بە لەتە بڵۆک ئەیماڵیە جەستەی بە هەزار حاڵ حمیدمان لە ژێر دەستی حیدر رزگارکرد ، حیدریش بە خەستی بریندار بوو بەتایبەتی برینی چەقۆکانی من گەیشتبووە گورچیلەی ،جەلیل نوێرەگەی خالۆی بە ماتۆرسکیل گەیاندیە خەستەخانەی گەورەی خانەقی ، دەسبەجێی نەشتەرگەرییان بۆ کرد و لەمردن رزگاریانکرد
ئێمەی بەشداربوانی شەڕەکە بۆ خۆحەشاردان رۆشتین بۆ ناو باخەکانی جەلەوە لە باخی عزەت بەگ ،بە دارە وشکەکانی باخەکە ئاگرمان کردەوە و بەقسە و باسی شەڕەکە شەومان بەسەر برد
بەڵام کێشەکە گەیشتە پۆلیس ،شکاتەکەی حیدەریش زیاتر لە سەر من و حمید بوو چونکە چەقۆکەی بە دەستی منەوە بینیبوو
چەند رۆژێک خۆمان لە ناو باخەکان شاردەوە و نە چومە مەکتەبیش کە ئەو کاتە لە پۆلی چواری گشتی بووم ، دوایی بەناچاری ، حمید و من خۆمان رادەستی پۆلیس کرد و بە فەرمانی دادگای خانەقی لە بەندیخانەی پۆلیسی خانەقی
بەند کراین، پۆلیس بۆ سۆراخی موحسین ئەحمەد نانەوا چووبوون بۆ جەلەوە و پرسیاریان کردبوو ،خاڵو ئەحمەدی باوکیشی وتوبوی کوڕەکەی من بێ تاوانە ،حیدر مەقسەدی موحسینی خاڵی عیمادە کە ئەو بە چەقۆ لێیداوە نەک کورەکەی من
ئەو خاڵۆوە : ناوی ئەحمەد مستەفا بوو ، بێجگە لە نانەوایی خەریکی چەندین کاری تر بوو بۆ پەیداکردنی داهات لە پێناو بەخێوکردنی خێزانە گەورەکەی ، بەردەوام کوتەکێکی بە دەستەوە بوو پیاوێکی بە ویقار و کوردپەروەر و زەحمەتکێش بوو بە رەنجی شانی خۆی (13)منداڵی بە خێو دەکرد، زۆبەیان کۆلیژ و پەیمانگایان تەواو کرد خاڵو ئەحمەد ،پیاوێکی بە ئیمان و لە خوا ترس بوو ،شیعە مەزهەب و تا رادەیەک توندڕەو بوو ، قەدەر ئەمیشی فەرامۆش نەکرد و کورێکی نازدار و پر ئومێد و قسە خۆشی بە ناوی سەلاح بە کارەساتی کارەبا تیاچوو ،بەمەش رومەتەکانی خاڵو ئەحمەد بەردەوام پر بوو لە خەفەت و حوزنیان دەباراند ، منیش هاورێیەکی نزیک و پشت و پەنایەکم لەکیس چوو ، جەلەوەش ئەستێرەیەکی گەشاوەی نوقمی عەدەم بوو
ئەوکات یەکەم جار بوو لە ژیانمدا زیندان ببینم ،قاوشێکی گەورە ،ئەرزو و سەقفەکەی کۆنکریت بوو و دیوارەکانی خشت و بە چیمەنتۆ لەبغ کرا بوو ،بێ پەنجەرە و دەرگایەکی گەورەی کونکونی هەبوو ، حەمام و ئاودەس و دەسشۆری لە بن ژوری زیندانەکە بوو ، ژمارەیەک زیندانی لەخۆگرتبوو.
من و حمید بە پێخەفێک کە لە ماڵەوە بۆیان هێنابووین سەرمان ئەنایە تەنشت دیواری بەندیخانەکە، چەند رۆژێک ماینەوە ، دوایی لە بەر ئەوەی من خوێندکار بووم بە کەفالەت ئازاد کرام ،دوای حەفتەیەک حمیدیش ئازادکرا
سەرەنجام من لە عومری (17) ساڵیدا زیندانم بینی.... دایکم و کەسوکارم زۆر ئەترسان لە زوڵمی رژێم و دەسەڵاتی بەعس.
لە دوایدا حیدر لە شکاتەکەی خۆی لە دادگا وازی هێنا و ئێمەش هەموومان نەجاتمان بوو
ئەم شەڕە رەنگدانەوەی باشی هەبوو لە ناو خەڵک بەتایبەتی لە جەلەوە کە بەبێ ترس ، ملهوری و عەنتەریاتی بەعسیەک و جەیشی شەعبیەکمان شکاند. بۆ ئەوکاتی جەلەوە و خانەقین کەم نەبوو. دوای ماوەیەک حیدریش خۆی لە بەعس و جەیشی شەعبی دورخستەوە ، خەڵکەکەش باوەشیان بۆ کردەوە و گەڕایەوە ناویان و بوو بە دۆست و هاوخەمی دانشتوانی جەلەوە.
حیدر ساڵی (1974) ژنی هێنا و بوو بە خاونی (4) کور و (3) کچ ،لە دوایدا توشی نەخۆشی شێرپەنجەی قورگ بوو ،بەم نەخۆشییەوە لە ساڵی (1991)کۆچی دوایی کرد
لە کاتی داگیرکردنی کوێت لە لایەن رژێمی سەدامەوە ،کوڕە گەورەکەی بە ناوی سەلام
بوو بە پێشمەرگەی ناو شار لە خانەقی و بەعسیەکان زەلالەتیان بوو بەدەستیەوە ، لە باخەکانی جەلەوە خۆی حەشاردابوو بەڵام بە داخ و ئەسەفەوە بە فێڵ دەکەوێتە بۆسەی رژێم و لە ساڵی(2002) لە سێدارەدەدرێت و شەهید دەبێت.
ئەمانەش چەند بەسەرهاتێکی دیکەی جەلەوە بوون، بۆ جیهانە بچوکەکەی ئەوکاتمان شتی گەورە بوون و دواتریش یاد و یادەوەری ئێمەمانیان داگیر کرد، هەموو ئەو روداو و بەسەرهاتانە لەو دنیا بچووک و سادانە بەیەکەوە حەکایەتیکی دیکەی گەورەیان پێک ئەهێنا کە چیرۆکی عاشقبون بە کوردستان بوو