فەخری جەلەوە
4/1/2024 7:50:00 PM
عیماد ئهحمهد
لە سەروبەندی کەوتنە بەردەستی مڵۆزمەی هەژاری و بێ باوکیدا، ژیانی دایکم پر بوو لە خەفەت و مەینەتیدا، چاوە گەشەکانی رۆژانە فرمێسکبارانی رومەتە ئاڵ و گەشەکانی دەکرد، هاورێیەکی هاوتەمەنی خۆی و دۆستیکی زێرینی هەبوو بەناوی فەخرییە، بەردەوام هاتووچۆی دەکرد و بە سەلیقە و قسەی خۆش و یادەوەریەکانیان ئاورەشێنی وشکە ژیانی دایکم و فێنکی ئەو رۆژگارەی دەکرد، فەخریە هاودەم و دۆستێکی دانسقەی دایکم بوو.
فخرییە ناوی باوکی سەی موسا و دایکی ناوی نەواتە بوو ، لە دایکبوی ساڵی (1937) بوو هەر لە منداڵییەوە باوکی دەمرێت، مامی سەی ئەحمەد بە خێیویان دەکات، لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی پێشودا شوو بە جەمیل بەکی سوێرەمەیری دەکات کە پیاواێکی قۆز و بە هەیبەت و سەخی تەبیعەت بوو ، کەواو و سەڵتەی لە بەردەکرد و مشکیشی بە سەردا دەبەست، ئەو پیاوە بەوە ناسرابوو زۆر جوان هەڵپەرکێ دەکرد و سەرچۆپی دەکێشا، براکەی حسین بەگ سەرۆکی عەشیرەتی سوێرەمەیری بوو ، لەو هاوسەرگیریەکەدا (4)کور (3)کچی دەبێت بە نسیبیان ، چەند ساڵێک لە خانوەکەی سەی جاسمی خزمیان نیشتەجێدەبن ، ئەو کاتەش ئێمە لە خانوەکەی خاڵو موسی بووین کە بەرانبەر خانوکەی سەی جاسم بوو...
فەخرییە ژنێکی ئەسمەر، چاو رەش ،دەموچاو خر، باڵا مامناوەندی، لەش و لار پڕ، پەنجە ئەستور قسە خۆش و دەم بەپێکەنین بوو هەمیشە پۆشتەو جلوبەرکی خاوێنی لەبەر بوو، سەرەڕای ئەوانەش فوتە و بۆیەمەی رەشی دەبەست( سەرپۆشێکی تایبەت بوو لەخانەقی)بە فوتەکە پرچە رەش و پرەکەی دەشاردەوە تاخوار چناکەی دەیهێنا و شۆری دەکردە سەر هەردوو شانی و بە بۆیەمەکەش کە گوڵنگی هەبوو لە سەروی فوتەکە زۆر چوانی شەتەک دەدا، ئەو کات کە سەردانی دایکمی دەکردو مایەی دڵنەوایەک بوو بۆی، فەخرییە ژیانێکی ئاسایی و تا ئەندازەیەک بێ کێشەیان بەڕێ دەکرد، بەڵام چارەنووس شتەکانی گۆڕی و ،میم فەخرییە کەوتە بەر رەشەبای دەردەسەری و نەهامەتی، خۆشیەکانی بوون بەمەرگەسات. لە هاوینی ساڵی (1972) برایەکی بەناوی جەمال خوێندکاری کۆلێژی پزشکی بەغدا بوو ،لە ئاوی ئەڵوەن لە خوار جەلەوە لە گۆمەکەی بەرانبەر بێستانەکەی خاڵو گوڵمرای خنکا، ئەوە سەرەتای چیرۆکی تاڵی ژیانی ئەو ژنە بوو، لەگەڵ گەنجانی گەڕەک زۆر هەوڵماندا لاشەکەی بدۆزینەوە نەمانتوانی، لەو کاتەدا برایەکیان بەناوی هاشم هاوای دەکرد : حەزرەت عەباس چل گا بەخێرد ، براکەم نەخنکێت ...کاک سڵاح ئەحمەد نانەوا لە تەنشتمەوە ئەیوت : نازانم ئەم بەدبەختە پارەی چل گا لە کوێ دێنێ ..؟ هەرخۆی وڵامی خۆی ئەدایەوە ئەیوت : باوکی حەزرەت عەباسیش نەجاتی نادات دوو سەعات زیاترە لە ژێر ئاوە ....خەڵکێکی زۆری گەڕەکی جەلەوە و مەیدان لەم بەر و ئەوبەری گۆمەکەی ئەڵوەن چاوەروانی دەرکردنی مەیتەکە بوون ،خاڵو گوڵمرایش پەیتا پەیتا دەیوت :داخەکەم بۆ ئەحمەد سەیفور ئەو ئەیتوانی بە ئاسانی دەریبێنێ . دوای نزیکەی (5-6)سەعات عەلی ئەکبەر ئەمیر لاشەکەی لە ژێر ئاو دۆزیەوە و هێنایەوە سەرەوە، بە گریان کەسوکار و هاوار و قیژەی میم فەخرییە مەیتەکەمان هێنایەوە ماڵ و لە گردی ئیمام عەباس ناشتمان. رەنگە لەجێی خۆی بێ لێرە باسی کەسایەتیەکی دیکەی جەلەوە بکەم کە خاڵو گوڵمرایە، پیاوێکی زەحمەتکێش و زمان شرین و سادە بوو ، یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەوەبوو بە دەست شلە و برنجی دەخوارد و پێش کۆتاهێنان هەموو دەستی لە برنج و شلەکەدا بوو، تازەبەتازە هاواری بەسەر ژنەکەی دەکرد و ئەیوت: سەبرییە کەوچکێک بێنە با (ئەفەندی خۆری ) بکەین، خاڵو گوڵمرای کورێکی نۆبەرەی هەبوو بەناوی مەحەمەد تابڵێی ئیشکەر و ئازا بوو
لە کاتی داگیرکردنی کویت لە لایەن رژێمی سەدامەوە ،کاک مەحەمەد گوڵمرای لە دەسەڵات یاخی بوو و نەیدەهشت پیاوانی رژێم لە جەلەوە نزیک ببنەوە بە چەک و تەقەمەنییەوە لە ناو باخەکانی جەلەوە خۆی دەشاردەوە ، پەیوەندیشی بە هێزی پێشمەرگەی یەکێتییە هەبوو
شەوێک بە پلان و دەسیسە رژێم کەمینی بۆ داناو شەهیدیان کرد.
بێمەوە سەر سەربوردەی میم فەخریە ، دوای ساڵێک بە سەر کارەساتی خنکانی جەمالی برای بە دەستی غەدر و ستەم، جەمیل بەگی هاوسەری لە لایەن نازم گەزارەوە تیرۆر و سەر نگومکرا، ئەرکی بەخێوکردنی (7)منداڵ کەوتە ئەستۆی میم فخرییە ، رژێم هەر بەمە نەوەستا ساڵی (1975) میم فخرییە و (7) مناڵەکەی نەفی خواروی عیراق کرد و چەند ساڵێک لە غەریبی ژیان ،بەڵام کۆڵینەداو بەدزیەوە گەڕایەوە جەلەوە لە خانوکەی خاڵۆ عباس غەزاڵ (حەوش گەورە )لە ژورێک نشتەجێ بوون.
چیرۆکی نەهامەتی میم فەخریە بەو کارەساتانە تەواو نەبوو ، لە ساڵی (1982)کورێکی بە ناوی عامر و برایەکی بەناوی جەبار کە هاو تەمەنی من بوو و لە یەکی سەرەتاییەوە تا دوا ناوەندی بەیەکەوە بووین، دواتر ئەو لە کۆلیژی پزشکی ددان لە بەغدا وەرگیرا ، جارێکی تر دەستی غەدری بەعس ئەم دوو گەنجە لە قەراغ رووباری ئەڵوەن تیرۆر دەکەن و دواتر لاشەکەیان دۆزرایەوە.
بەم شێوەیە کۆستێک برینی کۆستێکیتری میم فەخرییەی قوڵتر دەکردەوە لەگەڵ هەڵمژینی بۆنی خاک و باخی جەلەوە ، ئاخ و داخی ئەو کارەساتانەش تێکەڵ بە هەناسەکانی دەبوو ...!!
سەرەنجام دایکم بووە دڵنەواو سەبووری بەخش و پشت وپەنای میم فەخرییەو هەوڵی سارێژکردنی برینەکانی دەدا.
بەداخەوە چیرۆکی ژیانی ئەم دوو ژنە دەگمەن و خێرنەدیوە لە ژیان بریتی نەبوو لە بەشکردنی خۆشی و شادی، بەڵکە یادوەریەکی لێوانلێوە لە دەردەسەری، بەڵام تاڵی ژیانی خۆیان کردە شیرینی منداڵەکانیان، دایکم و میم فەخرییە بۆ ماوەیەکی کەم لە یەک دوور کەوتنەوە بەڵام قەدەری مەرگ جارێکیتر لە گردی ئیمام عەباس بەیەکی گەیاندنەوە .
میم فەخرییە بە کەسایەتی و خۆڕاگریەکەی، بە هەڵسوکەوت و رەفتارەکانی، نموونەیەکی دیاری جەلەوی خانەقی بوو، بۆیە ئەکرێ بڵيم : میم فەخرییە، فەخری گەڕەکی جەلەوە بوو.