خانەقی و (عصياني) مەدەنی ساڵی(1972)
9/7/2023 8:41:00 PM
عیماد ئهحمهد
سەرەتای ساڵانی
حەفتای سەدەی رابردوو ، بەهۆی سیاسەتەکانی بەعس لە تۆقاندن و داپڵۆسینی خەڵک و جێبەجێکردنی
سیاسەتی( تبعیث )و (ترهيب )و(ترغيب ) دۆخی خانەقی رۆژ دوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبوو ، ململانێی نێوان بەعس و کۆمەڵانی
خەڵکی شارەکە قوڵ و فراوان دەبوو .
لە هاوینی ساڵی(1972) لەئەنجامی بەردەوامی سیاسەتی
دڕندانەی بەعس بە رۆژی نیوەرۆ و بە بەرچاوی
خەڵکەوە ژمارەیەک ئەمن کاک ( سعدالدین إبراهیم سراف) لە نزیک گەراجی (سعدی) شەهید
دەکەن و کاک (فيض الله ) کە سایەق تەکسی بوو دەیەوێ بیبات بۆ خەستەخانە، هەر لەوێ ئەویش شەهید دەکەن ،هەروەها کاک عەلی گەنجێکی قۆز و بێ تاوان ، فیشەکێک بەر
شانی دەکەوێت ،بە خەستی بریندار دەبێت و لە خەستەخانەش بەو هۆیەوە قۆڵی دەبڕنەوە
،بەم ڕوداوانە شاری خانەقی ورووژا و خەڵکەکەش توڕە بوون و هەڵچوون دەسەڵاتیش هێزی
خۆی زیاتر و قایمترکرد لە ناو شاردا.
ئەمە بووە مایەی
بێزاری زیاتری خەڵکی خانەقی و سەرەنجام
ناوچەی پارتیش بانگەشەی(عصياني) مەدەنی کرد و زۆربەی پیاو و گەنجی خانەقی چوونە دەرەو
و بەسەر دیهاتەکانی خانەقیدا دابەش بوون.
ئێمە وەکو دانیشتوانی گەرەکی (جەلەوە ) ئێوارەی
هەمان رۆژ بەپیادە لە شار دەرچووین و بۆ دێی
پەروێزخان بەڕێکەوتین، لەوێی ماینەوە و دابەش کراین بە سەر ماڵەکاندا ،لەگەڵ مامۆستا
(محسن)ی خاڵم و کاک (محمود سایەخان) بەیەکەوە کەوتینە ماڵێکەوە، سێ ژەمە خواردنمان
لای ئەوان بوو شەوانیش هەموومان لە نزیک مزگەوتەکە کۆدەبوینەوە بە گۆرانی و قسەی خۆش شەوەکەمان بە سەر دەبرد بە
هۆی گەرما و مێشولەشەوە بەهەزار حاڵ خەومان لێدەکەوت.
رۆژ لە ژێر سێبەری درەختەکانی باخی شێخ حوسین
و نزیک جۆگە ئاوی دێیەکە کە ببووە سنووری دەستکردی ئێران و عیراق ،کاتمان بەسەردەبرد
لەو سەردەمەدا کاک (جەلیل فەیلی) لێپرسرای
ناوچەی پارتی بوو، عەسرانێک هات بۆ دێکە و هەموومانی کۆکردەوە لە نزیک مزگەوتەکە ،دەربارەی بارودۆخەکە و هاتنی سەیدا (صالح یوسفی)
بۆ خانەقی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە, قسەی بۆ کردین، هەر لەوێ لەگەڵ کاک (سەلام
عبدالرزاق ) کە لەگەل براکانی هاتبوونە دەرەوە ئاشنایەتیم پەیدا کرد ، کاک سەلام گەنجێکی
ئازا و رەوشت بەرز و لەسەرخۆ و زیرەک بوو و ئەندامی ناوچەی یەکێتی لاوانی خانەقی
بوو، زوو سەرنجی منی بۆ لای خۆی راکێشا و بووین بە هاورێی و پەیوەندیەکانمان بەردەوام
بوو تا رۆژی لە سێدارەدانی لە (ئەبو غريب) لەگەڵ هاورێیانی هەڵۆی سوور لە بەغداد.
ئەو ئەندامی کۆمەڵەی مارکسی لینینی بوو لە ژێر
چەتری لقی یەکێتی لاوانی کوردستان لە خانەقی چالاکی دەکرد.
خەڵکەکە زیاتر
لە دوو هەفته بەردەوام بون لە (عصياني مدني) بەڵام هیچ ناوچەیەکی تری کوردستان پشتیوانیەکی
ئەوتۆ لە (عصياني) مەدەنیەکەی خانەقی نەکرد، لەبەرئەوەی ئەم شێوە ناڕەزایەتیە شارەکانی
دیکەی نەگرتەوە، دەسەڵاتیش بە پیر داخوازیەکانی خەڵکی خانەقی نەهاتن و هیچ ئامادەبوونێکیان
نیشان نەدا بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران و چارەسەرکردنی هۆکاری روداوەکە، بۆیەناچار
دوای (16)رۆژ بە بێ ئومێدی و بێ هیچ دەسکەوتێک
بە فەرمانی ناوچەی پارتی گەڕاینەوە بۆ شار. ئەمە یەکەم شکستی کەمەرشکێن بوو بۆ خەڵکی
خانەقی بەرانبەر بە رژێم
ئیتر بەعس زاڵ و هار و سورتر بوو لە جێبەجێکردنی
سیاسەتی شۆڤێنی خۆیان دەرحەق بە خەڵکی بێ تاوانی شارەکە.
لەوسەروبەندە لەرێگای مامۆستا (ناظم سيد
جاسم) بوم بە ئەندامی یەکێتی لاوانی کوردستان لەو ماوەیەدا بەشداریم کرد لە خولی رۆشببیری
کە کاک (نەريمان مەحمود) سەرپەرشتی دەکرد و لەلایەکی تریشەوە لە ئەڵقەی رۆشنبیری کۆمەڵە
لای کاک سەلام عبدولرەزاlبوم ،لە بەر چالاکی و
وریایی و ئاستی رۆشنبیری بوم بە ئەندامی لقی یەکێتی لاوانی خانەقی.جێی خۆیەتی لێرە
رۆڵی کاک نەریمان مەحمود بەرز بنرخێنین لە پەروەردەکردنی رۆشنبیری و بیری چەپ بە
تایبەتی بیروباوەر و ئەندێشەی (ماو )لە خانەقی کە بوو بە بنچینەی گەشەکردنی کۆمەڵە
لەو دەڤەرەدا.
تائێستاش قسەیەکی بە نرخی ئە پیاوەم لە بیرە
دەیوت:( ئێمە هەوڵ دەدەین فەقیر ببێ بە دەوڵەمەند
نەک دەوڵەمەند بکەین بە فەقیر....! )
سەرەتای پایزی ساڵی(1973) لە رێگای کاک حیکمەت
محمد کریم (مەلا بەختیار) دوای مشتومرێکی
زۆر بە دەم پیاسەی ئێوارانی سەر جادە دڵفرینەکانی خانەقی ، قەناعەتم هێنا و بوم بە
ئەندامی کۆمەڵە بە ناوی نهێنی (هەژار )،
ئەو ئەندامانەی کۆمەڵە کە رۆڵی باشیان هەبوو لە ناو
لقی یەکێتی لاوانی خانەقی بریتی بوون لە ( نەریمان محمود و حیکمەت محەمەد کەریم و
فاضل كريم و محسن علی ئەكبر و سەلام عبدالرزاق و علی شامار و صلاح حسنی و بەندە )
هەندێ جاریش کاک مجید غاندی و کاک جبار فرمان سەردانی لقی لاوانیان دەکرد.
ماوەیەک کێبرکێ
کەوتە نێوان لقی لاوان و لقی قوتابیان لە خانەقی ،کاک (جەمال وەفیق) ئەندامی کۆمەڵە
بوو بە پێکەنینەوە دەیوت: با هاڤپەیڤینێک لەگەڵیان سازبکەین، کاک حیکمەت بکەین بە گژیاندا ،بە بیلا بە پرۆلیتاریا و میتافیزیق و دیالکتیک ئەیانبەزێنێ
و چاویان کوێر دەکات! کاک جمال سەرەڕای ئەوەی مەلەوانێکی باش بوو بەڵام بەداخەوە لە
ئاوی ئەڵوەن خنکا.
لەو ماوەیەدا توانیم ژمارەیەکی باش لە گەنجانی
خانەقی بۆ یەکێتی لاوان رێکبخەم له دوایشدا
بەشێکیان لە ئەڵقەی رۆشنبیری لای خۆم بوون و زۆربەیان بوون بە ئەندام و کادری پێشکەوتووی
کۆمەڵە، هاورێ(حەميد ئەكبەر)ش بوو بە ئەندامی هەڵوی سوور .حەمید ئەکبر گەنجێکی
ئازا، چاونەترس بوو لەهەمانکاتدا بەرەوشت و بەوەفاش بوو، ئێمە روحێک بووین لە دوو
جەستەدا زۆربەی کات لە خۆشی ناخۆشیەکاندا بە یەکەوە و پشت و پەنای یەک بووین و گیرفانمان
یەک بوو ، ئەوەندە نزیک بوین دەتوانم بڵێم دوای لە دەسدانی ئەو، هیچ کەسێک لە ژیانمدا
جێی ئەوی پرنەکردۆتەوە.
لەو سەروبەندەدا
بێجگە لە خوێندن و کار وچالاکی سیاسی خەریکی وەرزش بوم بە تایبەتی تۆپی پێ کە لە
خانەقی پێمان دەگوت تۆپتۆپان، ئەم یارییەلە خانەقیدا یارییەکی سەرەکی بوو، ئێمەش وەکوو بنەماڵە سەرەتا خاڵم سەعدوڵا و ئینجا
خاڵم موحسین و لە دواییدا بەندە لەبەرئەوەی یاریزانی باش بووین لە تیپەکەی جەلەوە
وەکوو کاپتن هەڵسوکەوتمان دەکرد، کاک ئیبراهیم میرعەلی برادەرمان بە توانجەوە دەیوت:
ئەمانە بوونەتە( ئال بۆربۆن )ی جەلەوە.
لەهاوینی ساڵی(1973) بە (6) ئەڵقە کاک فاضل
کریم(مامۆستا جەعفەر) دراسەیەکی نایابی بە ناونیشانی (خانقين خلال ربع قرن
-1900--1925) بە زمانی عەرەبی لە رۆژنامەی (التأخي) بڵاوکردەوە ،لە سەر رۆڵی خەڵکی
خانەقی لە شۆرشی ساڵی (1920) .ئەم نووسینە بوو بە یەکێک لە سەرچاوەکانی ئەو شۆرشە و ئەو راستیەشی سەلماند کە خانەقی
شارێکی کوردستانیە ئەمەش بووە مایەی شانازی و دڵخۆشی خەڵکی شارەکە.
من لێرەوە دوپاتی دەکەمەوە چەند قەرزاری دایک
و باوکمم بەوەی منیان هێناوەتە دونیا و لەژیاندا
بەشەرەف و مەردایەتی بەخێویان کردین، ئەوا دەتوانم بڵێم بە تەنیشت پەروەردەی ئەوانەوە قەرزاری کۆمەڵە و یەکێتیم، ئەو ڕێکخراو و هێزەی
منیان بە بیری چەپ و کوردایەتی گۆش کرد و فێریان کردم کە چۆن بە ئیمان و ئیرادەوە
لە کۆڕی خەباتێکی بێوچاندا بم لە پێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.