51وتار

کوپری گەورە پردی بیرەوەری

5/11/2024 3:37:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

خانەقی شارێکی دێرینی کوردستانە و پێش ئیسلامیش هەبووە ، طبري  لە کتێبە بەناوبانگەکەی (تأريخ الطبري) دا باسی شاری خانەقی دەکات.
ئەڵوەن ،خانەقی دەکات بە دوو بەشەوە بەڵام کوپری گەورە ئەم دوو بەشە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
پردەکە کۆنە و لە سەردەمی قاجارییەکان بە وەستاو کرێکار و کەرەستەی خۆیان ، بۆ ئاسانکاری هاتوچۆی رێگای کەربەلا و نەجەف دروستیان کردووە.
ریچ لە سەردانەکەی ساڵی (١٨٢٠) یدا بۆ شاری خانەقی باسی  پردە بە ناوبانگەکەی خانەقی دەکات.
رای جۆراوجۆر دەربارەی مێژووی ئەم پردە هەیە.
لە خانەقی پێیدەوترێت کوپری گەورە ، ئەمەش ئەوە دەگەینێ کوپرییەکی تر هەبووە بەڵام ئەم گەورەتر بووە ، کوپریش بە زمانی تورکی بەواتای پرد دێت.
کوپری گەورە جوانیەکی تایبەتی بە شاری خانەقی داوە ، یەکێکە لە شوێنەوارە دیارەکانی خانەقی کە دەگمەنە لە عیراق لە شێوازی کەرەستەو بیناسازیدا، بەڵام بەداخەوە دەوڵەتی عیراق وەکو پێوست بایەخی پێنادات و صيانەی ناکات.
سەرێکی ئەم کوپریە دەکەوێتە نێوان مزگەوتی حەسەن ئەفەندی و ماڵی سەعدوڵا ئەفەندییەوە. سەرەکەیتریش لای دەستی راستی مزگەوتی نەقشبەندی و بەرامبەر ماڵی قایمەقام بوو.
پردەکە لە (١١) تاق پێکهاتووە ،بەرزترینیان دەکەوێتە
ناوراستەوە ، (٦) گەز بەرز و (١٢) گەز پانە.
نانەواخانەی خاڵو ئەحمەد موستەفا لە تەنشت ماڵی سەعدوڵا ئەفەندی و نزیک کوپری گەورە بوو.لە بەری ئاغا و خەلیفە و جەلەوەدا لەمبەر و ئەوبەری جادەکەدا (٣) چایخانە و ژمارەیەک دوکانی جوراوجۆر هەبوون، لە دەستی راست و لە تەنیشت چایخانەی ئەبو شوکور ماڵی سەیفوڵا کاکەیی بوو.
خاڵو سەیفوڵا پیاوێکی قسە خۆش و قنج و قیت و کارمەندی قایمقامیەتی خانەقی بوو ، سپی بێست و لوت قنج و برۆ ئەستور و چاو کاڵ ، دان سپی وەکو مرواری دەموچاو خڕ وەکو هەنار و سمێڵ ئەستور و چەناگە پان ، دەست و مەچک خرپن ، مەستیلەیەکی یاقوتی رەش لە پەنجەی برای تولەی دەستی چەپیدا هەبوو  ، چاکەتی رەش و کراسی سپی و شرواڵی رەشی لە بەر دەکرد ، کڵاشی هەرسینی لە پێی دەکرد لە سەر شێوەی پیاوانی کرماشان ، سەیفوڵا ناسراو بوو بە جادوگەر.
بەیانیان زوو دەهات بۆ نانەواخانەکەی خاڵو ئەحمەد چەند نانێکی دەکڕی و بەشێکی لە سەر کوپری گەورە دەکردە خواردنی نەورەسەکانی ئەڵوەن . ئالەو کاتەدا دەنگی نەورەس و هاژەی ئەڵوەن و تیشکی خور و سەمای ماسیەکانی سەر تافایی جوانینیان دەبارەندە سەر کوپری گەورە.
جارێک خاڵو ئەحمەدی نانەوا پرسیاری لێکرد بۆ ئەم نانانە دەکات بە قوڕگی نەورەسەکاندا ..!؟ ئەم پرسیارە لای منیش گرێ کوێرەیەک بوو بەڵام بە حوکمی تەمەنم نەمتوانی ئەم پرسیارە لە خاڵو سەیفوڵا بکەم .وەڵامەکەی تا دوای زیاتر لەپەنجا ساڵ لە بیرم ماوەتەوە بە دەنگێکی نەرم و شاعیر ئاسا دەیوت : کوپری گەورە جوانە ، نەورەسەکان جوانتری دەکەن ،  ئاسمانی ئەڵوەن قەشەنگە سەمای نەورەسەکان قەشەنگتری دەکەن .
سەد حەیف دوای کۆچی دوایی خاڵو سەیفوڵا نەورەسەکانیش بۆ ماوەیەکی زۆر کۆچیانکرد بۆ بەهەشتیکی تری خۆیان ، ئێستاش جارو بار نەورەسەکان دەگەرێنەوە بۆ ئەڵوەن ، جوانی دەبەخشن بە خانەقی.
خاڵو سەیفوڵا کوڕێکی هەبوو بە ناوی سەعدوڵا ، گەنجێکی  پر کێشە بوو ، بەردەوام شەڕی بە خەڵک دەفرۆشت بە پەنجە بۆکس خەڵکی بریندار دەکرد ناوی بە شەقاوە دەرکردبوو ، بەند دەکرا باوکیشی بە واسیتە لە پۆلیس ئازادی دەکرد.
لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودە لە گەڵ دوو گەنجی خانەقی بە ناوی مەحمود زوبەیدە و سەعەد عیسمەتە شل لە باخیکی نزیک باوەگەزی لە سەر سفرەی مەی خواردنەوە دەبێت بە شەڕیان ، هەر لەوێدا بە چەقۆ دەیکوژن و لاشکەی دەکەنە گوێنییەکەوە لە باوەگەزی دەیخەنە ئاوی ئەڵوەنەوە و سەرنوگومی دەکەن ، کەس بەو رووداوە نازانێت بێجگە لە قاتڵەکان .
بەردەوام خاڵو سەیفوڵاو لە قەراخی ئەڵوەن ئەگەرا و سوراخی لاشەی کوڕەکەی دەکرد، هاواری دەکرد و دەیوت : بە رەمڵ و دیدی ئەهلی حەق لاشەی کوڕەکەم لە ناو ئاوی ئەڵوەندایە.
دوای چەند ساڵێک بکوژی سەعدوڵا کاکەیی مەحمود زوبەیدە لە دادگای خانەقی دانی بەتاوانەکەیدانا و بە حەوت سال زیندانی حوکمدرا 
ئیستا و ئەوساش لاشەی سەعدوڵا نەدۆزراوەتەوە و لافاوی ئەڵوەن لەگەڵ خۆیدا بۆ شوێنێکی  نادیاری برد .
ئەوسا ئێمە لە خانووەکەی خاڵو موسا کرێچی بووین، خانوکەش پشتی بە پشتی خانوکەی کەریمە کولانەوە بوو کە ماڵی خاڵو ئەگوەر  تیایدا کرێچی بوون ، خاڵو ئەگوەر  پیاوێکی زەحمەتکێش بوو لە بەر کوردایەتی دوای نسکۆی ساڵی (١٩٧٥)  لە ساڵی (١٩٨١) رژێمی بەعس لە جەلەوە خاڵو ئەگوەر و حەسەن ئەفەندی و میم بانو هاوسەری خاڵو مراخان راکێشی زیندانیان دەکات لەبەر ئەوەی کوڕەکانیان پێشمەرگە بوون ، دوای شکست نەگەڕانەوە بۆ عیراق وەکوو (العائدون الى الصف الوطنى ) ماوەیەک  لە بەندینخانەی (فضيلية) مانەوە بەداخەوە حەسەن ئەفندی لە بەندینخانەکە کۆچی دوایی دەکات و مزگەوتەکەشی خاپور دەبێت ، ئێمە لە کابینەی حەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەر لەنوێ و لەسەر تیڕازە کۆنەکەی خۆی مزگەوتەکەمان لە شوێنی خۆی بە ناوی مزگەوتی حەسەن ئەفەندییەوە دروستکردەوە .
میم فاتمە هاوسەری دووهەمی خاڵو ئەگوەر بوو دوو کوڕ و سێ کچیان هەبوو ، بێستانێکی سەوزەیان لە چەمی خوارەوەی جەلەوە و گوێدرێژکیان هەبوو لە حەوشەکەدا بە پەت و میخسکە دەیانبەستەوە ،
بەیانیان زوو دایکم منی خەبەر دەکردەوە بۆ ئەوەی بڕۆم بۆ نانەواخانەی خاڵو ئەحمەد(١٠) نان بە پەنجا فلس بکڕم  بە هەزار حاڵ خەبەرم دەبۆوە و زۆر جار گێچەڵم دەکرد و دەمووت : ئەبێ هەمووتان بە خەبەربن ئینجا دەچم بۆ نان کڕین چونکە زۆر حەزم لە خەوی بەیانیان بوو .
نازانم ئەمە کێشەی دایکم بوو لە گەڵ مندا یان کێشە من بوو لەگەڵ دایکمدا..!!؟؟
جاران لە کاتی عەسران دوای ئاوڕشێن و گسکدانی بەردەم دەرگای حەوشەکان ، ژنان کۆدەبوونەوە ، شەن و کەوی قسەو باسی ئەو رۆژەیاندەکرد  ، بێجگە لەمە لە سەر بانیش کە خانووکان بە تەنشت یەکەوە بوون، ژنانی دراوسێ بە پێوە قسەیان بەیەکەوە دەکرد و داخی دڵیان دەرشت .
ئێوارانێک لەگەل دایکم لە سەر بان بووین ، من بۆ بینینی ئاسمانی پاک و بۆنی باخ و هاژەی ئەڵوەن رۆشتبووم و دایکیشم بۆ هەڵڕشتنی داخی ماجەرای رۆژگاری سەخت بۆ میم فاتمەی دراسێمان هاتبوو،
گوێم لە دایکم بوو گلەیی لە بەختی خۆی و باسی ئەم گێچەڵەی منی بۆ میم فاتمە دەکرد ، ئەویش دەیووت : گەوهەر ، عیماد باشە بەڵام حەمیدی کوڕم کە خەبەری دەکەمەوە بۆ نان کڕین بە دار دەکەوێتە سەر و گوێلاکی کەرەکەمان و دەڵێت : بۆ سەیرم دەکات و خەندەپیم واتە پێم پێ دەکەنێت...!!؟؟
حەمید هاوڕێیەکی دڵسوز و چاونەترس بوو ،لە دواییدا لە رێکخستنەکانی کۆمەڵە خۆی بینیەوە و بوو بە ئەندامی هەڵۆی سوور لە بەغدا بەردەوام بەیەکەوە بووین لە خۆشی ناخۆشییەکاندا.
یەک روح بووین لە دوو جەستەدا تا ئێستاش ،مەرگیش نەیتوانیوە ئەو لە من جیابکاتەوە ..!!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن