رۆژانی شکست و هەڵسانەوە
9/21/2023 11:57:00 AM
عیماد ئهحمهد
بەشی هەشتەم لە بیرەوەریەكانم
لەپێناو ھەرەسپێهێنانی شۆرشی کوردستان و لە چوارچێوەی رێکەوتننامەی جەزائیردا ،(صدام حسين) نيوەی (شط العرب)و بەشێک لە خاکی عێراقی پێشکەش بە شای ئێران کرد، لە ئەنجامی ئەم پیلانگێڕیەشدا گەلی کوردستان جارێکی دیکە توشی دەردەسەری و نەهامەتی هات و شۆڕشی ئەیلولیش توشی شکست ھات.
وەک بڵێی قەدەری کورد وابێت، بەشێک لە یاد و یادەوەریە خۆش و ناخۆشیەکانی لە مانگی ئازاردا کۆدەبێتەوە (نەورۆز، بەیانی ئازار، هەرەسی شۆرشی ئەیلول، کیمیابارانی هەڵەبجە، راپەرین ،کۆڕەو ... ) ئەم ڕوداوانە بەتێکڕا لە ئازاردان.
یەکێک لە ناخۆشیەکانی ژیانی سیاسیم ،ئازاری ساڵی (1975)بوو ،عەقڵ و بیری ئەوسام توانای پەیکردن بەم شکستەی نەبوو،
ئاخ چەند جەرگبڕ بوو ،کاتێک (عەبدڵە) شێتیش وازی لە هاوارکردنی بژی پێشمەرگەی هێنا!
دوای هاتنەوەی مەلا بەختیار لە پێنجوێن و وەرگرتنی بڕیاری گەرانەوە و تەسلیمبوەوە بە عێراق. کاک سەلام عەبدولرەزاق و مامۆستا جەعفەر رۆشتن بۆ دێی (چوارکڵاو )بۆ لای ئەو هەڤاڵانە کە بەتەمابون لەگەڵ هەرێمی باوەڕدا بەرەنگاری ھەڵبژێرن و لەناوچەکەدا بەردەوامی بە شۆرش بدەن بۆئەوەی ئەو بڕیاڕە دوا بخرێت بۆ کاتێکی گونجاوتر. هەروەها کاک سیروان تاڵەبانی و مەلابەختیار و عەلی شامار و بەندە هەڵساین بە شاردنەوەی هەندێ چەک و تەقەمەنی لە قەڵوەزە لە دەرەوەی دێی مەحمود قەجەر بۆ کاتی هەڵگیرسانەوەی شۆرشی نوێ،
لە کۆتایی مانگی ئازاردا ،بارەگای لقی یەکێتی لاوانی خانەقینمان هەڵوەشاندەوە و
کەرەستەی ناو بارەگاکەشمان بەسەر خەڵکی گوندەکەدا دابەشکرد.
بە خەمێکی قوڵەوە بارەگای لاوانمان جێهێشت و بەرەو ئۆردوگای ئەنزەڵ رۆشتین، چەند رۆژێک لە ئەنزەڵ ماینەوە و دواجار بڕیارەکەی کۆمەڵەمان جێبەجێکرد کە تەسلیمبونەوە بوو. ئێمە بەبێ گوێدانە چارەنوسی نادیار و ترسناک، بە جیاواز لەیەکتری و لەگەڵ خەڵکەکە تەسلیم بوینەوە ،سەرەتا عەلی شامار ئینجا مامۆستا جەعفەر و دوای ئەوانیش بەندە ئینجا مەلا بەختیار و کاک سەلام عەبدولرەزاق تەسلیمبونەوە.
ئێرانیەکان ئێمەیان لە ئەنزەڵەوە بەرەو قەسری شیرین و خاڵی سەر سنور برد، ئینجا بە پیادە سنورمان تێپەراند و گەیشتینە خاڵی (مونزریە) دوای پڕکردنەوەی زانیاری بۆ لیژنەی پێشوازیکردن لە (عائدون) بە پاس بەڕێیان کردین بۆ (بەهرۆز) نزیک (بەعقوبە). بە تێپەربونمان بەناو خانەقیندا ،خەڵکێکی زۆر لەم بەر و ئەوبەری جادەکە راوەستابون بۆ پێشوازی لە لەشکرە شکاوەکەیان ،ئەوان خەمبار و ئێمەش لەئەوان خەمبارتر، لەو چرکە ساتەدا، ئاشنابوم بە گریانی بێ فرمێسک و هاواری بێ دەنگ!
لە بەهرۆز لەو دەشتەدا، دەسەڵات بە دار و حەسیر کەپریان دروستکردبوو، کارەبایان بۆ هێنابوو ،چەند تەنکی گەورەی ئاویش دانرا بۆ خوادنەوە ،شوێنەکە جمەی دەهات لە (عائدون). شەو درەنگ گەیشتین، چاوم بە مامۆستا جەعفەر و کاک عەلی شامار کەوت، هەندێ قسەو باسمان پێکەوەکرد دوای وەرگردنی زانیاری لە لایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە، لە بەر ئەوەی ئێمە خوێندکار بوین بەرەبەیانی رۆژی دوایی ئێمەیان هێنایەوە خانەقین، لە قایمەقامیەت نوسراویان بۆ کردین بۆ وەرگرتنمان لە قوتابخانە و ئیزنیان داین و هەر یەکەو رۆشت بۆ ماڵی خۆی بەبێ سوکایەتی و ئەزیەت و نارەحەتی بەڵام ئێمە لە ناخەوە شکست خواردوو و غەمباربوین.
بە تێپەربونی تەنیا ساڵێک، دونیا و ژیانمان چەند گۆڕا، جاران بە ئۆمێدی سەرکەوتن و خەبات لە پێناوی مافی میللەت، ئێستاش گەڕانەوە و ڕازیبوون بەشکست و ئەمری واقع!
دوای راهاتن و گونجان لەگەڵ بارودۆخی تازەی دوای هەرەس، کەوتینە چالاکی و کاری رێکخستن بۆ کۆمەڵە.رۆژێک پێش نیوەڕۆ لە سەر کاری بیناسازی بوم لە (حی العمال) ،مەلا بەختیار بە سواری پاسکیلێکەوە هات بۆ لام و وتی: هاوڕێیانی سەرکردایەتی کۆمەڵە گیراون و مەترسی لەسەرم هەیە و ئەبێ خۆم بشارمەوە و بڕۆم بۆ سلێمانی، ئێوە ترستان لە سەر نیە، بە هێمنی کار و چالاکی خۆتان بکەن لە نزیکترین فرسەتدا پەیوەندیتان پێوە دەکەم، باوەشمان بە یەکدا کرد بە چاوی پڕ فرمێسکەوە خواحافیزیمان لەیەکتری کرد.
ڕۆژگاری نائومێدی زۆری نەخایەند چونکە بە سەرکردایەتی کاک ئارام و بە ھیمەتی هاوڕێیان (کاک ئازاد هەورامی و کاک سالار و مەلا بەختیار )کۆمیتەی هەرێمەکان درووست بوو. لەناو کۆمیتەی ھەرێمەکاندا، هەرێمی پێشڕەو یەکێک لە چالاکترین هەرێمەکانی ئەو سەردەمە بوو ،ئەندامانی هەرێمەکەش پێکهاتبوو لە (صادق شەریف و مامۆستا موحسین و مامۆستا جەعفەر و دڵشاد مەولود و بەندە).
دوای لە کیس چونی دوو ساڵی خوێندن لە ساڵی (1976) شەشی ئامادەییم تەواوکرد بە نمرەیەک کە بە دڵی خۆم نەبوو، بەو ھۆیەوە بۆ ماوەیەک بێزار و بێتاقەت بوم، تائێستاش جاروبار خەوی ناخۆش بە تاقیکردنەوەی شەشی زانستی ئەبینم. دوای دەرچونم لە شەشی ئامادەیی لە پەیمانگای تەکنەلۆجی بەغداد وەرگیرام، ھەرچەندە دەرئەنجامەکەم بە دڵ نەبوو بەڵام بە ناچاری چوم بۆ بەغداد بۆ تەواوکردنی خوێندن . لە بەغداد شان بەشانی چالاکی سیاسی و رێکخستن بۆ کۆمەڵە و یەکێتی لەخوێندنیشدا سەرکەوتوو بوم.
لەوسەردەمەدا بۆ کاروباری یەکێتی و کۆمەڵە چەند جارێک لە بەغداد چاوم بە مەلا بەختیار کەوت ،لەو ماوەیەدا ڕێکخراوی هەڵۆی سور دامەزرا بە هەماهەنگی لەگەڵ کاک ئارام، پەیوەندی نێوان هەرێمی پێشڕەو و رێکخراوی هەڵۆی سور لە ئەستۆی مندا بوو لە رێگای مولازم جوامیر و کاک سەلمان داودەوە، لە دوایشدا کاک صادق شەریف بەم ئەرکە هەڵسا.
هەڵۆی سور رێکخراوێکی تایبەت بوو بە چالاکی سەربازی لە ناو بەغداد، ئەندامەکانی پێکهاتبوو لە چەند هاورێیەکی کۆمەڵە و ئەندامانی رێکخراوی خوێنی شەهیدان کە لە ناو برا فەیلیەکانمان لە بەغداد دروست ببوو، کاک مولازم جوامێر بە ناوی نهێنی مولازم هیوا سەرپەرشتی دەکردن.
بەڕاستی ئەندامانی ڕێکخراوی هەڵۆی سور چاونەترس و ئازا و قارەمان بون لە جێبەجێکردنی ئەرک و چالاکیەکانیان لە ناو بەغداد، دوای گرتنیشیان لە زیندانی ئەمنی عامەی بەعس دوپاتیان کردەوە ئەم قارەمانانە چەند بە ورەو خۆڕاگربون ،چەند ھەڵۆی بە جەرگ و بەرزەفربون!
من ھەر لەوسەروبەندەدا هاورێ وەسفیە بەنی وەیسم ناسی، نامەگۆڕینەوەی نێوان سەرکردایەتی کۆمیتەی هەرێمەکان و هەرێمی پێشرەو لە رێگەی ئەم شێرەژنەوە بوو، وەسفیە بەنی وەیس، تەنیا وەکو ژنێک کاری نەدەکرد، بگرە لەوە فراوانتر بیری دەکردەوەو ڕەفتاری دەکرد، بە زۆر ئەرک و کاری جیاوازیش ڕادەگەیشت، ھەربۆیەش لە سەرجەم قۆناغە جیاوازەکانی خەباتدا ئەرکی جیاواز و ھەستیاری پێسپێردرا، کەدیارتریانیان گەیاندنی نامەی مام جەلال بوو بە ئیمام خومەینی لەنەجەف، جگە لەگەیاندنی چەک بۆ رێکخراوی ھەڵۆی سور لەناوجەرگەی شاری بەغدا، کەئەوکات ئەنجامدانی کارێکی لەوجۆرە زۆر دژوار و پڕ مەترسی بوو، سەرەڕای ئەوەش وەسفیەخان یەکێک بوو لەوانەی ھەمیشە لە زیندانی ئەبوغرێب سەردانی هاورێیانی دەکرد.
ئێمە لەو ڕۆژگارە سەختانەدا بە عەشقەوە کار و چالاکی کۆمەڵە و یەکێتیمان ئەنجامدەدا زۆرجاریش سەرکێشیمان بە ژیان و گیانمانەوە دەکرد، بۆیە هەندێ جار مامۆستا موحسینی خاڵم ئەیوت: عیماد ئاگات لە خۆت بێت، بەرگەی لە دەسدانی تۆ ناگرم!
دوای کۆچی دوایی ئەو ئینجا بۆم دەرکەوت خاڵم بەچ ھەست و نەست و دڵێکەوە وای پێگوتوم، دیارە قەدەر وابو من مەرگ و لەدەسدانی خاڵم بینی، کۆچی ناوادەشی بۆ ھەمیشە کەسەرێکی نەبڕاوەی خستە دڵمەوە کاتێک لە گردی سەلیم بەگ لە ژێر نمەی باران و لێزمەی فرمێسکەکانی ناخمدا گڵپۆشی ئەلحەدە پیرۆزەکەیمان کرد !