پیرۆزە لە هەڵەبجە و هەموو خەڵکی کوردستان
4/14/2025 8:49:00 PM
عیماد ئهحمهد
ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە لە خەباتی دوورو درێژی نەتەوەکەمان کە تیایدا یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند کرا و ئەو شارە ئازیزەمان بووە (19) هەمین پارێزگای عێراق.
هەڵەبجە هێما و ناسنامەی نەتەوەیی کوردە، بەرجەستەی زوڵم و ستەمێکی بێ وێنەیە کە پێنج هەزار رۆحی پاکی خەڵکی بێ تاوان و ستەم لێکراوی شارەکە بووە قوربانی و ڕژێمی فاشیستی گۆڕ بە گۆڕ بە دڕندەترین شێوە و بەچەکی کیمیاوی شارکەی بۆمب باران کرد و کارەساتێکی وای نایەوە کە هەتا ئێستاش خەڵکی شارەکە بەدەستییەوە دەناڵێنن، بەڵام هەڵەبجە بەم برینەی خۆیەوە بووە ناسنامەی کوردستان و ناساندنی دۆزی رەوای گەلەکەمان بە دنیا، زوڵمی جینۆسایدکردنی هەڵەبجە دنیای لەخەوی فەرامۆشکردنی کورد خەبەر کردەوە.
لەدوای ئەو بڕیارە گرنگە، کاتی ئاوەدان کردنەوە و بەرەو پێشبردنی زیاتری شارەکە و سارێژکردنی برینی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانە ، پێویستە لەسەر حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم بەشە بودجەی پارێزگا و بگرە زیاتریشی بۆ تەرخان بکەن بۆ بەرەوپێشبردنی بواری پەروەردە و فێرکردن چونکە پێشتریش خەڵکی هەڵەبجە خەڵکێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر و سیاسی بوون و دەیان سەرکردە و شاعیر و کەڵەپیاوی ئاینی لە شارەکەدا هەڵکەوتوون و خزمەتێکی بێ وێنەی گەلەکەیان کردووە
بریاری پەسەندکردنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی ئازیز دڵخۆشی کردین ، دووبارە پیرۆزبایی لە تەواوی خەڵکی هەڵەبجە و شارەزوور و کوردستان دەکەم و دەستی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەگوشین کە هەوڵ و هیمەتی بێ وچانیان کرد تا بەم ڕۆژە مێژووییە بگەین بەتایبەتی فراکسیۆنی یەکێنی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە شەو ڕۆژیان خستە سەر یەک تا بەم ئامانجە گەیشتین.
ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی هەوڵ و کۆششی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەک هەڵوێستی فراکسوینە کوردستانیەکان لە پەرلەمانی بەغدا و هەماهەنگی و پشتیوانی فراکسیۆنەکانی دیکەی عیراقی فیدرالە.
و ئەمە سەرکەوتنێکی دیکەی گەلی کوردستانە لەروی نشتیمانی و نەتەوایەتیەوە.
14/4/2025