یادتان بە خێر ئازیزەکانم
5/21/2024 8:02:00 PM
عیماد ئهحمهد
شەو لە خەوما نەنکم هاجەر بە زمانێکی شیرین و رستەی پڕ لە پرسیارەوە، باسی ئەو ساتە وەختەی بۆ کردم کە چۆن هانەی کچم لە دنیای تایبەتی خۆیەوە هاتە نێو ئەم دنیایەی ئێمەوە .
لە نێوان حەقیقەت و خەیاڵدا ، بەستنی رابووردو بە ئێستاوە ، بە تێکەڵاوبوونی وێنە و دەنگەکانەوە
نەنکم هاجەر وتی: عیماد کوڕە هار و هاجەکەم ...
لەبیرتە لە دێی سێوسێنانی قەراغ لە خانوەکەی حاجی محەمەدی موجەوەر و دراوسێی ماڵی دادە رەعنا نشتەجێ بوون؟
لە بیرتە ئەو شەوەی درەنگ وەختانێک لە ژوورێکی درێژی تاریک و بەدیار فانۆسێکی ڕەساسی و تەشتێکی مس و کترییەکی رەش هەڵگەڕاو و سەر قوپاو ، تارا ژان گرتی و دادە جەیران بوو بە مامانی و هانا بە حەوت مانگی لە دایکبوو ؟
لەبیرتە جلی تازەی ئامادەکراوی نەبوو بە خاولیەکی سپی پێچاندیانەوە ؟
بەیانی زوو کافەخانی هاوسەری بەکری حاجی سەفەری دڵ ناسک و پیاوە بە وەفاکەی یەکێتی و شۆرش ، هات و وەزعەکەی بینی و وتی : ئێمە جلی کوڕە کۆرپەکەمان ماوە کە لەم مانگەدا عەمری خوای کرد ، پێتان قبوڵە بۆتان بێنم و لەبەری کچەکەتانی بکەن؟ تاراش وتی: فرە ممنونتان دەبین تا دەڕۆم بۆ شار و جلی بۆ دەدەم بەکرد .
لە بیرتە ئەو رۆژە موحسینی خاڵت و عەلی شامار میوانتان بوون تا درەنگانی شەو مەناقەشەتان بوو لە سەر کۆمەڵە و یەکێتی و شۆرش؟
لە دواییدا بە سەدای دەنگی بەخەبەر هاتم کە دەیوت : ئای لە زەمانە ،چۆن هانەی ئازیز تاریکی ئەو رۆژگارەی ئەوسای رووناککردەوە و بوو بە فریشتەی ماڵەکەتان...!!
هاجەری نەنکم ژنێکی بە ویقار و خاوەن بریار و بێمنەت و بەئەزمون و باوەر بەخۆبوو و دەمڕاست و (مارغريت تاتشر)ی بنەماڵەکەمان بوو .
ژنێکی ئەسمەر و گەنم رەنگ ، چاو هەنگوینی و تیژ و خڕ ، دەموچاو پان ، دەم بە خەندە ،باڵا مامناوەندی ، پەنجە شمشاڵی ، ددان ورد و سپی و رێک ، لێو ئاڵ بەڵام قرچاو بە ئاگری مەینەتییەکانی رۆژگاری تاڵ و دەردەسەری .
بە گەنجی هاوسەرەکەی عەلی ئەکبەر ،کۆچی دوایی دەکات و ئەرکی بەخێوکردنی مناڵەکانی (٣) کچ و (٣) کوڕ دەکەوێتە ئەستۆی ، ئەمیش بە نانەوایی و بە سەربەرزی بەخێویان دەکات .
لە جەلەوە وا باو بوو کە نەنکم هاجەر فریشتەی ژوورەکەیان کەراماتی داوەتێ بە جۆرێک دەتوانێت برینی تامێسکی سەر لێو بە تفی خۆی سارێژبکات.
هەندێ بەیانیان خەڵک بۆ ئەو مەبەستە دەهاتن بۆ لای نەنکم بۆ تفرێژکرنی برینی سەر لێویان ، جارێکیان لەگەڵ ماڵی دراوسێیەکمان عاجز ببوو ، هاتبوۆن بۆ چارەسەری تامێسکی سەر لێوی منداڵێکیان،نەنکیشم نەیهێنان ونەیبردن ، وتی: بڕۆن ..نایکەم و تفم نەماوە.
دایکم لێیپاڕایەوە و وتی :دایکە بیکە بە خاتری حەزرەتی عەباس، تفێک بکە سەر تامێسکی سەر لێوی مناڵەکەیان خێرت دەگات ، ئەویش یەکسەر وتی : گەوهەر خۆت بۆ ئەو تفە ناکەیتە سەر لێوی؟
دایکم وتی : فریشتەکە ئەو کەراماتەی بە تۆ داوە نەک بە من
دواجار نەنکم وتی: لە بەر ئەوەی مناڵەکەیان بێ تاوانە و ئەوان تاوانبارن ،باشە تفێک دەکەمە سەر تامێسکەکە، ئەمیش بەقووربانی ئەوانەی تر بێت.
نازانم کەلەڕەقی و رق و کینەی کومەڵایەتی ئەوسای نەنکم و کەلەڕەقی و رق و کینەی سیاسی ئێستای کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان جیاوازییان هەیە..؟! یان زادەی یەک سەرچاوەن...؟!
لەمەش سەیرتر لە جەلەوە دوو پیاو بە ناوی حەمەکە و فایقە هەبوون، دانویان بەیەکەوە نەدەکوڵا و سەریان لە ناو مەنجەڵێک جێگەی نەدەبۆوە ...!! بەردەوام لە ناکۆکیدا بوون .
حەمەکە پیاوێکی دوکانداری قسە خۆش و سەخی تەبیعەت و خۆش مەشرەب و رەفا تەڵەب بوو بە قسەی خۆش ماری لە کون دەردەکرد و بە لۆکەش سەری زەلامی دەبڕی ...!!
فایقەش بەپێچەوانەوە پیاوێکی قسە رەق و رەزیل ، بەگومان و فێڵباز بوو ، قەد کەس لە خۆی بە موستەحەق و راست و بە تواناتر نەدەزانی .
ئێوارانێک ... وەکو هەمیشە لە بەردەم دوکانەکەی سولەیمان لە بان ئەڵوەن کۆببوینەوە ، چلەی زستان و ئاو و هەواش زۆر سارد بوو
حەمەکە بۆ ئەوەی فایقە تووش بکات وتی: هەر کەسێک ئێستا بتوانێت قومتەیەک لە ناو ئاوی ئەڵوەن بدات روبعە دینارێکی دەدەمێ، ئەمەش (٢)دینار بۆ هەفتەیەک بەردەوام بێت...
فایقەش کە گوێی لە دوو دینارەکە بوو دەستبەجێ وتی : من دەتوانم و هەر ئێستا قومتەیەک لە ئەڵوەن دەدەم و هەفتەیەکیش بەردواوم دەبم.
حەمەکەش دوو دینارەکەی دا بە سولەیمان و وتی :کەی جێبەجێیکرد دوو دینارەکەی بدەرێ ، فایقە قومتەیەکی لە ئەڵوەن دا و گەڕایەوە .
سولەیمان بە خشکەیی وتی : باوکی فاتمە بۆ وادەکەیت و پارە بەفیرۆ دەدەی . حەمەکەش وڵامی دایەوە و وتی: ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئەم ئبلیسە بکەم ...لێیبدەم ، شکات دەکات و زیندانی دەکرێم و ئەگەریش لێمبدات هەر زەرەرمەندم بەڵام ئێستا بە دوو دینار نەخۆشی دەخەم و ئەزیەتی دەدەم و لەوانەشە بمرێت و رزگارم ببێت لەدەستی.
دوای سێ رۆژ لە قومتەدانی فایقە لە ئاوی ئەڵوەن... شێخ رەشید بەم گرەوەی زانی و هاتە مەجلیسەکە و وتی : ئەمە حەرامە لە روی شەرعەوە بۆ هەر دوولا نەگونجاوە و گرەوەکەی هەڵوەشاندەوە .
نازانم ئێستا و لەم زەمەنەدا ، شێخ رەشیدێک هەیە بتوانێت گرەوی ترسناک و کوشندەی سیاسی ناو ماڵی هەرێمی کوردستانەکەمان هەڵوەشێنێتەوە...؟!!
بەیانی زوو کە خەبەرم بووەوە ، بیرهێنانەوەکانی نەنکم بوو بەئلهامبەخش و ئەم چەند دێرەم
بۆ یادی لەدایکبوونی هانەی کچم نووسی و لەگەڵ چەپکێکی گوڵ ناردم بۆی :
ئەستێرە دوور و نزیکەکەم ...
چاوە راست و چەپەکەم...
هەناسەی ژیانم ...هانە گیان
پڕ بە دڵ و پڕ بە حەوت تەبەقەی ئاسمان ، هاوار دەکەم : هەموو ساڵێک بە خۆشی و سەربەرزی ....
ئەمڕۆ بە فوو (٣٩) مۆمت کوژاندەوە ..بەڵام لای من بە دڵ زیاتر لە (٣٩) مۆمت داگیرسانەوە. .
هەر بمێنی بۆمان
کچە نازدارەکەمان ....
پەپولەی ژیانمان
هانە گیان .....