275وتار

کوردستان لەبەردەم دەرفەت و مەترسیدا

2/19/2022 8:56:00 AM
عیماد ئه‌حمه‌د


 هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عیراق ده‌کرێ وه‌کو سه‌ره‌تای قۆناغێکی تازه‌ سه‌یر بکرێ، به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ کوردستان روداو و پێشهاتی نوێی به‌دوای خۆیدا هێنا که‌ مایه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستانن.

بڕوامان وایە هێزە سەرەکییه‌کان ئەبێ به‌ وریایه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخی نوێدا بکه‌ن و گۆڕانکاری و چاکسازی دەسبەجێ لەئاستی ناوخۆیان و ئینجا لە  هەرێم ده‌ستپێبکه‌ن و سیستەمی حوکمرانی بگۆرن  و  خۆیان ئامادەبکەن بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ به‌تایبه‌ت به‌ ئاراسته‌ی ئاشتکردنەوەی خەڵک و جەماوەر، چونکه‌ که‌می به‌شداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی پێش وەختی پەرلەمانی عیراق نیشانه‌ی نیگه‌رانی و دوودڵی و نەمانی متمانەی خه‌ڵکه‌ به‌‌ سیستمی حوکمڕانی.

لەڕاستیدا لێکه‌وته‌کانی هه‌ڵبژادن و ئاراسته‌ی دانوستان و دەستێوەردانی زیاتری دەرەکی و غیابی حکمەتی مامجەلال و هاوپه‌یمانێتییه‌کانیش ده‌رکه‌وتێکی ترن که‌ مایه‌ی نیگه‌رانی و ره‌نگە ئاماژەی مه‌ترسیداریش  بن، بۆیە لێکەوتەکانی ئەم قۆناغە پێش ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنیش پێویستە مایەی ھەڵوەستە و ڕاچەنین و ڕاچڵەکین و بە خۆداچونەوەیەکی تایبەتی و دەستەجەمعی جدی بن ،بە جۆرێک  وەڵامدەرەوەی پێشھات و ئه‌رکه‌کانی  ئەم ماوە مێژووییە جیاواز و دژوارە بن.

 لە تازەترین ڕوداویشدا بڕیاری دادگای باڵای ئیتحادی دەربارەی یاسای نەوت و گازی هەرێم کە ڕایگەیاند "یاساکەی ھەرێم گونجاو نییە لە گەڵ دەستووری عیراق"، لە بەرژەوەندی هەرێم نییە  یه‌کێکی تره‌ له‌ ته‌حه‌دییه‌کان و  گۆمەکەی به‌ پێچه‌وانه‌ی ویستی هه‌رێم شڵەقاند، به‌ڵام پێویستە دەسەڵاتی هەرێم بە هێمنی و بە وریایه‌کی زۆره‌وه‌ مامەڵەی لە گەڵدا بکات، نه‌ک کاردانه‌وه‌ی سه‌رپێی بنوێنێت. بۆیه‌ وا پێویست ده‌کات هەوڵی جدی و فراوان بدرێت بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز لە عێراق بە پێی دەستوور بەشێوەیەک کە ماف وئەرکی هەرێم به‌ ڕوونی دیاری بکات و گه‌ره‌نتی مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بێت و به‌روونی پێگه‌ی هه‌رێمی وه‌کو قه‌واره‌یه‌کی ده‌ستوری تێدا پارێزراو بێ. چونکه‌ بۆ ئێمە روونه‌ چارەسەری کێشەکان بە کەمکردنەوەی دەسەڵاته‌کانی ھەرێم  یان به‌ دەستێوەردانی حکومەتی ئیتحادی ناکرێت لە کاروباری هەرێم، به‌ڵکو پێویست به‌ دیالۆگێکی فراوانی گشتگیر هه‌یه‌، چونکه‌ نادیده‌گرتنی پێگه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم گه‌وره‌ترین سه‌رپێچیه‌ له‌سه‌ر ده‌ستور.

بۆ هه‌موو لایه‌ک ئاشکرایه‌  گەندەڵی و ناعه‌دالەتی و نه‌بوونی ئه‌من و ئاسایش  لە ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی  حکومەتی ئیتحادیش زۆرە‌، دۆخی  ژیان و خزمەتگوزاری و ئاوەدانی لە شارەکانی خوارو و ناوه‌ڕاستی عیراق له‌ ئاستێکی شایستەدا نیە ، ئەوە سەرەڕای دەوڵەمەندی شارستانی و فەرهەنگی و  ئیداری و ئابووری عیراق بەڵام دیسان دۆخی ئەوێش ئەوەنیە ئاھی بۆ بخوازرێت، لەم ڕوەوە په‌نابردن بۆ‌ به‌غدا لەدژی دەسەڵاتدارانی ھەرێم هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌یه‌ چونکە (ئەگه‌ر کەچه‌ڵ تیمارکەر بوایه‌ تیماری سەری خۆی دەکرد)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە ڕای گشتی کوردستان بەھۆی توڕەییان لە ھێزە دەسەڵاتدارەکان و بەھۆی ئەو نا عەدالەتی و جیاکارییە حزبییەی ھەستی پێ دەکەن دۆخەکە بەو شێوە سه‌یر نه‌که‌ن ، بەتایبەت گەنجان و لاوان و توێژی کەمدەرامەت و فەرمانبەران و موچەخۆران کە ئەمەش ئاماژەی مەترسییەکی ھەرە ڕاستەقینەیە و گۆڕانێکی تەواو دراماتیکە لەتێڕوانینی گشتی بۆ چەمکی کوردایەتی کە ڕوبارێک خوێن و چەند سەدەیەک ڕاپەڕین و شۆڕشی لەپێناودا خوڵقاوە.

له‌سایه‌ی ئه‌م دۆخه‌ تازه‌یه‌ی ‌کوردستاندا پێویسته‌  گۆڕانکاری بنەڕەتی و سه‌رانسه‌ری ئەنجام بدرێ  به‌تایبه‌ت لە بواری دارایی و ئیداری و ئەمنیدا که‌ ببێته‌ مایه‌ی گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌. له‌م پێناوه‌دا ئاماده‌کاری بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو و زه‌مینه‌ خۆشکردن له‌ به‌رده‌م پرۆسه‌یه‌کی پاک و بێگه‌رد و دانانی یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن لە لایەن په‌رلەمانی کوردستانەوە  که‌ جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی ده‌نگده‌ران بێت کاری هه‌ره‌ له‌ پێشه‌ به‌ جۆرێک پاراستنی هه‌رێم و ده‌سکه‌وته‌کانی و ئاشته‌وایی کۆمه‌ڵایەتی زامن بکات .

ھەر لەم نێوەندەدا ڕەنگە یه‌کێکی تر له‌ هه‌نگاوه‌ پێویسته‌کان ئه‌وه‌ بێ له‌ پێکھاتەی کابینەی داهاتوو گۆڕانکاری ڕیشەیی و نەوعی بێتەدی بەتایبەتی بەڕێوەبردنی  دۆسیەی وزە و سامانە سروشتییه‌کان کە گرنگە بەشێوەیەکی ڕاستەقینە بەدامەزراوەیی و بە نیشتیمانی بکرێت و بخرێتە چوارچێوەیەکی کۆک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ھەرێم و تەبا لەگەڵ دەستوری عێراقدا.

دواجار دەتوانم بڵێم کوردستان بەشێوەیەکی ڕەھا لەنێوان ھات و نەھات دایە، لەنێوان دەروی دەسکەوت و بونی مەترسی ڕاستەقینەیە دایە، بۆیە تۆکمه‌کردنی ئه‌زموونی هه‌رێم له‌ ناوه‌وه‌، پاڵپشت به‌ ره‌زامه‌ندی خه‌ڵک و بەدەستھێنانەوەی دوبارە پشتیوانییان هه‌نگاوێکی ئێجگار گرنگه‌، جگه‌ له‌م شاڕێیه‌، هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێکی ترمان له‌به‌رده‌مدا نییه‌، چونکه‌ بێ پشتیوانی خه‌ڵک و به‌هێزکردنی ئه‌زموونه‌که‌مان له‌ رێگه‌ی چاکسازییه‌کی راسته‌قینه‌ و دیالۆگێکی ئەقڵانی و دواجار ڕێکەوتنێکی ھاوسەنگ و جێگیر لەگەڵ بەغداد ناتوانین قه‌یرانه‌کان تێبپه‌ڕێنین و پێگه‌مان به‌هێز بێ له کوردستان و‌ عیراق و ناوچەکە و جیھاندا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن