54وتار

دە خاڵ لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە

10/21/2024 12:20:00 PM
عەزیز ڕەئوف

یەکەم: تا سیاسەت سادەبێتەوە باوە باوەڕپێکردنی ئاسانترە. لە کوردستانی عیراق سیاسەت تا ڕادەی گالتەجاڕی سادەبۆتەوە.  تا سیاسەت نەبەسترێتەوە بە مەعریفەو هوشیارییەوە، ئەم دۆخە هەر بەردەوام دەبێت.

دووەم: خەباتی پارلەمانی و ئۆپۆزسیۆنی پارلەمانی لەژێر پرسیاردایە. جێهێشتنی سیاسەت بۆ خەڵکانێک دەیانەوێت بچنە پارلەمان و تەنها چوار ساڵ جارێک دەنگهەڵبڕن و بۆ هیچ خەباتێکی مەدەنی و خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئامادە نەبن، ئیشکالی هەرە گەورەی بەرەی بەناو ناڕەزاییە لە هەرێمی کوردستان.

سێیەم: پۆپۆلیزم و گوتاری هێزە دینییەکان زۆر لەوە کرچ و کاڵتر بوو بتوانێت قەناعەت بە خەڵک بکرێت دنیای ئێمە باشتربێت. کە هەموو دەیانوت ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە ڕێک دەیانویست خۆیان لە هەر شێوازێکی تری خەباتی ئۆپۆزسیۆنی بدزنەوە. 

چوارەم: دەرکەوت یارییەکانی دەسەڵات زۆر لە هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات سەرکەوتووتر بوو، دروستکردنی هێزی ساختە و سەندنەوەی گوتاری ئۆپۆزسیۆن و گوتاری دینی لە هێزەکانی تر، سیمای هەرە دیاری ئەم هەڵبژاردنە بوو.

پێنجەم: ئەو گوتارەی کە پێی وابوو بەشداری زیاتری خەڵک لە دەنگدان لە بەرژەوەندی خەڵکە و ڕێگرییە لە تەزویر، گوتارێکی تەواو کرچ و کاڵ بوو.

شەشەم: دەرکەوت پارە و هێز حوکم دەکات. دەنگی پارتی لە ناوچەی خۆی و دەنگی یەکێتی لە زۆنی سەوز سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە.

حەوتەم: بەشێک لە هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات تاقیکرابوونەوە، جا لە ناو دەسەڵات بووبن یان لە دەرەوەی دەسەڵات نەدەتوانرا لە جیاوازییەکانیان لە دەسەڵات بدۆزرێتەوە. بەشێکیان زۆر لە دەسەڵات توندڕەوتر و بەتاڵتر بوون کە بتوانن نوێنەرایەتی ئێمە بکەن.

هەشتەم:  سیاسەت دەبێت لە دروشمەوە بگۆڕێت بۆ کردەی سیاسی. لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە وتم: من ترسم لەوە هەیە جیاوازی لە نێوان هێزەکاندا نەدۆزینەوە.

نۆیەم: ئەم چوار ساڵەش قەیرانەکان هەر بەردەوام دەبن و قیژەقیژی هەندێک پارلەمانتار لەناو پارلەمان هیچ لە دنیای ئێمە دەسکاری ناکات.

دەیەم: ئەگەر لە من دەپرسن چی بکرێت ئەوا دەڵێم: تا سیاسەت نەبەسترێتەوە بە هوشیارییەوە، تا خاوەنی دیدگا و مێنتاڵیتی جیاواز نەبینین، تا چاوەکانمان نەشۆرین و بە شیوەیەکی تر دنیا نەبینین، ئەوا درۆی ئۆپۆزسیۆنی پارلەمانی و قەڵەوکردنی کۆمەڵێک بەشەری تر لە پارلەمان یەک تۆزقاڵ دنیای ئێمە ناگۆڕێت

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن