39وتار

دوای دەنگدان

10/21/2024 12:22:00 PM
ئارام قادر سابیر

(1)
لە ٢٠٠٩ بە دواوە هەموو هەڵبژاردنێك،  جوڵە و گۆڕانكارییە تەنها لەو پانتایی و ٢٥ كورسیەدا ڕودەدات، كە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا خستیە پەرلەمانەوە.ئەگەرنا (50+10)ی دەسەڵات مسۆگەری پێشوەختە و پاشوەختەیە و  (10-15) ی ئیسلامی ئەوانیدیش گۆڕانكاریەكی كەمی هەبووە.

(2)
زیادبوونی لە ناكاوی ڕێژەی دەنگدەر و چوونی زیاد لە ٤٠٠ هەزار دەنگدەر بۆ حزبەكانی دەسەڵات، دوای شەش ساڵی شكست و ناڕەزایەتت، جێگەی تێڕامانە و ئەم مەتەڵە بە دەنگدەر و كەسانی ناڕازی و بە هەڵوێست هەڵنایەت، هەموو جارێك دۆخێكی هاوشێوە ڕودەدات، بەڵكو دەبێ عاقڵانە و سیاسیانە چارەسەر بكرێت. چونكە زیرەكی دەستكرد لەو كابانە دەچێت، كە گۆزە دەشكێنێت بێ ئەوەی تەقەی لێوە بێت.

(3)
باشتروایە لێگەڕێن، یەكێتی و پارتی حكومەت پێك بێنن! ئەوانی تر لە بەرەیەكی پەرلەمانی بەرهەڵستكاردا بمێننەوە، تا دەنگی شەقام و ناڕازی بە تەواوی ڕادەستی دەسەڵات نەكەن لە داهاتوو. هەروەها كاریگەر و چاودێر و بەدیل بن بۆ داهاتوی دورتر.

(4)
دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، لە دەنگی ڕاستەقینەیانەوە نزیكە. ئاڵوگۆڕی ڕای دەنگدەر بە ڕای دەنگدەر و كار و گوتاری كەس و  حزبەكانیانە.

(5) 
وەك پێشبینی دەكرا، گۆڕان قوربانی یەكەمی هەڵبژاردنەكە بوو، براوەی یەكەمیش وەك هەمیشە دەسەڵاتە كە بەردەوام لە گەمەی هەڵبژاردن و دەسەڵاتدا هەمان سیناریۆ و ئەنجام دوبارە دەبێتەوە.

(6)
  شێوازی لیست و بانگەشە و كاندید بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق بگۆڕن، عاقڵانە نەك دەمارگیرانە بیر بكەنەوە.

(7)
براوەی كەسی لەو هەڵبژاردنەدا، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بوون، بە تایبەت لە ڕۆڵی سەنتەریانەی حزبەكانی خۆیاندا، كە ئەمەش ئامانج و تێگەیشتنی هاوبەشی هەردوكیان بوو لە پێش هەڵبژاردنەوە.

(8
چاوەڕێی هەڵوێستی لایەن و لیستەكان دەكەین، سەبارەت بە دەرەنجام و مامەڵە لەگەڵ دەرەنجام و پڕۆژەی سیاسیان لە ئایندە، هەندێكیشیان دەبێ چارەسەری بنەڕەتی بۆ خۆیان بدۆزنەوە بەر لە ئەنجامی دەنگدان، جا بە هەڵوەشانەوە یان یەكگرتن یان بەرەو هاوپەیمانێ بێت.

(9)
سزاكانی پێشتر بۆ سەر دەنگدەر و هەڵسوڕاوانی گۆڕان، هەروەها خواستی پارتی بۆ بەرهەڵستكاری یەكێتی، پاڵنەر دەبن بۆ بەشداری بەرەی گەل لە حكومەت، بەڵام ئایا یەكێتی چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكات ڕوون نییە. تەنها كورسیەكەی گۆڕان، بە یەكلابونەوەی كاندید و باڵەكە ڕوندەبێتەوە كە بەشدار دەبن یان نا؟ یان ئەوەتا لەگەڵ لیستی هەڵوێست ئاوێزان دەبن؟

(10)
لیستی هەڵوێست ڕوبركێی سەرۆكی لیستەكە و بەشێك لە بەربژێرەكانی بوو،بە بێ میدیا و مەسرەفی زۆر و كاری ڕێكخراو و جەماوەریی و بارەگا، بەڵام بۆ ئایندە دەتوانێت ئاوا بەردەوام بێت یان لەگەڵ لایەنی تر دەكەوێتە دانوستان بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكەی؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن