101وتار

لە دەرەوەی سندووقەکەوە؛ بیرکردنەوە لە هەڵبژاردنەکە

10/22/2024 9:08:00 PM
هەردی مەهدی میکە

1. یەکەمین و تاقانە ناڕازی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کە باوەڕی وابوو هەڵبژاردن دیزاینکراوە و ساختەکاریی لە بەرژەوەندی لایەنێک تێدا دەکرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بەڵام ئێستا بێدەنگترین و ڕازییترینە بە ئەنجامەکان و تەنانەت سوپاسی فەرمی ئەو کۆمسیۆنە عێراقییەشی کرد.
2. پاکی ئەو لایەنانەی ئێستا ناڕازیین لە ئەنجامەکانی پرۆسەکە و بە «گومان»ی تەزویر و ساختەکارییەوە ڕەتیدەکەنەوە، ئەو لایەنانەن کە قیبلەیان دادگا و کۆمسیۆن و حکومەتی بەغدا بووە و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستیان هەبوو لەو شەپۆلەدا کە کۆمسیۆنی هەرێم پرۆسەکە ئەنجام نەدات و بدرێتە دەست کۆمسیۆنی بەغدا! هاوکات مکوڕترین هێزیش کە باوەڕیان بەوە بوو ساختەکاریی ناکرێت و هانی خەڵکیان دەدا بەوەی «ئەم هەڵبژاردنە وەک ئەوانی دی نابێ»، هەر ئەم ناڕازییانەی هەنووکە بوون!
3. یەکگرتوو لە دەڤەری بادینان قوربانیدەر، دەسپێشخەری ناڕازی و ڕاستگۆترین ئۆپۆزسیۆنی خولی پێشوو بوو، وازی لە زیاتر لە بیست پۆستی بەڕێوەبەری گشتی دهۆک هێنا، بەڵام دەنگەکانی کەمی کرد. بەڵام هیچ هێزێکی دیکەی ئۆپۆزسیۆن لە یەک پۆستیشدا دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش نەکرد و دەشیانوت ئۆپۆزسیۆنین! هەر هەمان یەکگرتوو لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی نەکشایەوە و دەنگی زیادیکرد. 
4. سەرەڕای باوەڕی باوی یەکگرتووەکان بەوەی گەر بچنە حکومەت شکستدەهێنن، کەچی شانازییان، تاقانە پۆستەکەی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە (ئەندازیار کاوە عەلی) بوو کە بەشداری حکومەت بوو. کەواتە گەر کەسایەتیەکانی نێو حکومەتت سەنگینو خزمەتگوزار بن و هەر پۆستێک وەربگرن دەتوانی گرەوی باشیان لەسەر بکەیت و ڕووت سپی بکەنەوە.
5. سەرەڕای ئەوەی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان سەداسەد لە حکومەتدا بوو و هەر مایەوە، دەنگەکانیشی زیادیکرد و لە جیاتی ئۆپۆزسیۆنیش گوتاری ناڕەزایەتی و کۆتاییهێنان و ڕووخاندنی حکومەتی بەرزکردەوە و پشتی کردە میراتە فراوانە ٣٣ساڵەکەی خۆی، لەکاتێکدا دامەزرێنەر و هاوبەشی ڕاستەقینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بەڵام بوویە ئۆپۆزسیۆنی سەرجەم ئەو میراتە و کراسی ئۆپۆزسیۆنێکی بێوێنەی دژی حکومەت و بەتایبەت سەرۆکەکەی بۆ مانگێک پۆشی، بەڵام یەکەمین کەسێک کە پەیامی «چاککردن»ی نەک «کۆتاییپێهێنان»ی بە کەناڵەکەی سەرۆکی حکومەتدا بۆ پارتی نارد سەرۆکی هەمان حزب (بافڵ تاڵەبانی) بوو.
6. دوا سەرنج: بنووسی ئەم دێڕانە لەبارەی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە خۆی دەنگی نەدا!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن