بەرگری لە مافی خۆت نەكەی لە میللەتیشت پێناكرێ
10/24/2024 8:33:00 PM
د.محەمەد کیانی
ئەو لایەنانەی دەڵێن لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی هەرێمی كوردستان ساختەكاری كراوە دەبێ لە دۆخی بۆڵەبۆڵ و قژ ڕنینەوە بێنەدەر وەك هەموو جار لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم و عێراق ڕوودەدات و دووبارە دەبێتەوە. ئەو لایەنانەی دەزانن ساختەكاری كراوە دەبێ چاڵاكانە و بێ دواكەوتن هەڵوێستی ئازایانە وەربگرن و كرداری ڕاستەوخۆ دەستپێبكەن بۆ بەرگری كردن لە مافی خۆیان و مافی دەنگدەران و هاوڵاتیانی چاوەڕوانی گۆڕانكارین لە ڕێی سندوقی دەنگدانەوە. چارەسەری ساختەكاری بە دورستكردنی لێژنەكانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژرادنەكانی عێراق چارەسەر ناكرێت، كە خۆی سەرچاوەی هەر ساختەكاریەكە ئەگەر كرابێ. دەوترێ لایەن هەیە كە دەڵێ ساختەكاری لە تێژەی دەنگدەری كراوە، پێش وەخت پرسی پێكراوە لەبارەی ساختەكاری و بێدەنگی لێكردووە، ئێستا خەریكی قژ ڕنینەوەیە. ئەگەر ساختەكاری نەكرابێ ئەو لایەنانە خەریكی داپۆشینی فەشەلی خۆیانە بە چەواشەكردنی جەماوەر و نابێ جەماوەر لێیان خۆشبێت. فەرمانبەر هەیە لەناو ئۆفیسی كۆمسیۆن پشتڕاستی ساختەكاری بەربڵاو دەكەنەوە بۆ سێ لایەن.
پرسی ساختەكاری و گزی و فزی لە هەڵبژاردن بە بۆلەبۆڵ و نووزانەوە چارەسەر ناكرێت. دەبێ ئەو ڕاستیەش بزانن سەرۆكی ئەو حیزبانەی دەستكاری ئەنجامەكانی هەڵبزاردنیان بۆ كراوە هیچ ئیعتیبارێكیان بۆ دەستەواژە و چەمكەكانی ڕێزگرتن لە ڕا و ویست و ئیرادە و مافی دەنگدەر، عەدالەت و هەڵی یەكسان بۆ لایەنە سیاسیەكانی تر، ڕێزگرتن لە ئازادی و دیموكڕاسی و یەكڕیزی نەتەوەیی و نیشتمانی نییە. سەرانی ئەو حیزبە دەسەڵاتدارانە، بە گەورە و بچوكیانەوە، بێ شەرم و حەیا و ئەخلاقن و هیچ بەها و قیەمێكیان نییە. ئەوانە دەیان ساڵە لە سەرۆك باندی مافیایی زیاتر نین، بەناوی نەتەوە و كوردایەتی و مافی گەلی كوردەوە گەڵی كوردیان كردوەتە كۆیلە و ئامرازی بەدیهێنانی دەسەڵاتداری و بەرژەوەندیە نامەشروعەكانیان. ئەوەی هەیانە و دەزانن چۆن لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، ئەو دەسەڵاتەی هەیانە چۆن لە بەرژەوەندی بنەماڵەكەیان بەكاری بهێنن و سامان نیشتمان بدزن و میللەت سەركوت بكەن بە گوێرەی ئەو عەقڵیەتە دەرەبەگە (فیودالیە) شێخایەتیە كۆنەی هەیانە. هەموو كات لە پیلانگێڕی ئەوە دان چۆن وڵات و نەتەوە لە دۆخی دواكەوتوویی عەقڵی و كۆمەڵایەتی پەروەردە و زانست و بەڕێوەبردندا بمێننەوە بۆ بەردەوامی دەسەڵاتداری تاغوتییان.
كارمەند هەیە لەناو ئۆفیسەكانی كۆمیسیۆن ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە ساختەكاری و تەزویر لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كراوە. وە لایەن هەیە لەوانەی گزییان. لێكراوە پێش هەڵبژاردن. قسەیامن لەگەڵ كراوە لە بارەی ساختەكاری كەچی بێدەنگی لێكردوە و ئێستا قژ دەڕنێتەوە.
پێویست و فەڕزە لەسەر ئەو لایەنانەی درك دەكەن و ئاگادارن لە ساختەكاری ئەم هەڵبژاردنەی پەڕلەمان ئامادەبن دەست بە پڕۆتێستی مەدەنی بكەن بۆ گێڕاوەی ماف بۆ مافخوراوانی حیزبەكانی خۆیان و جەماوەری دەنگدەر بە گشتی. دەبێ بڕژێنە سەر شەقامەكان و دەست بە خۆپیشاندانی مەدەنی بكەن بێ پسانەوە تا دەگاتە ڕاپەڕینی مەدەنی. نابێ بە كەمتر لە ئیلاغكردنەوەی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ڕازی ببن.
لەمە كەمتر بكەن، ئەو لایەنانەی بۆڵەبۆڵ دەكەن لە پیسخۆری حیزبە دەسەڵاتدارەكان زیاتر نین و نابێ چیتر جەماوەر گرنگی بە قسە و دورشمەكانیان، كە پوچەڵ و بێ مانادەمێننەوە، بدەن و پێیان هەڵبخەڵەتێن.