ئەمریکا ئیشی چییە لەسوریا؟!
12/23/2024 11:18:00 AM
لوقمان غهفوور
کاتێک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرۆکەکانی جیهان لە پاریس دانیشتبوو، ئەو هەموو سەرسامی خۆی لای کاتدراڵی نۆتردام بوو کە نۆژەنکرابۆوە، بەڵام لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامییەکانی سوریا بەڕێگاوەبوون بەرەو دیمەشق بۆ کۆتاییهێنان بەڕژێمەکەی ئەسەد.
ترەمپ هێشتا لە وەرچەرخانە لەناکاوەکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دەڕوانی، کەچی هەمانڕۆژ له تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە (Truth) بڵاویکردەوه "سوریا فەوزایە و دۆستی ئێمەش نییه".
نووسیشی"ئەمریکا نابێت هیچ پەیوەندییەکی هەبێت"، وتیشی؛ "ئەمە شەڕی ئێمە نییە. با گەمەی خۆیان بکەن. بەشدار مەبن!"
بەڵام رێک بە پێچەوانەی ئەم قسانەی ترەمپ-ەوە، پێنتاگۆن رۆژی ١٩ی دیسێمبەری٢٠٢٤، بڵاویکردەوە کە ژمارەی سەربازەکانی بەرزکردۆتەوە بۆ ٢ هەزار سەرباز.
بەپێی نەخشەی دابەشبوونی سوپاکەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی سوریادان، ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکانی سوریادایە.
بەپێی راپۆرتێکی وۆل ستریت جۆرنال کاتێک ترەمپ داوای بینینی بەرپرسانی پێنتاگۆنی کردووەو پێی وتوون ؛ "زیادکردنی ژمارەی سەرباز بە پێویست ئەزانن؟" ئەوانیش پێیانوتووە لەم قۆناغەدا پێویستە و دەشێت لەئایندەدا بکرێتە دوو هێندەش.
رۆژنامەکە هۆکاری زیادکردنی ١٢٠٠ سەربازی روننەکردۆتەوە، بەڵام لەزۆری لێدوانی بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا بۆ ئەوەی دەگێڕنەوە کە هێشتا [داعش] لەناوچەکە بوونی هەیە، هەروەک جەنەرال پات رێدەر سکرتێری رۆژنامەوانی پێنتاگۆن دووپاتیکردەوە لەژێر رۆشنایی دۆخی سوریا و بەرژەوەندی بەرچاوی ناوچەکە بە باشمانزانی ئەو ژمارەیە زیادبکەین.
بەڵام کەناڵی سی ئێن ئێن پێیوایە ئەو پۆستەی ترەمپ دەربارەی سوریا کە داوادەکات ئەمریکا هیچ پەیوەندی نییە بەسوریاوە و چەند لێدوانێکی تری رۆژانی دواتریش ئەوە بەبیر ئەنجومەنی پیران و ئەندامانی نوێنەراندا دەهێنێتەوە کە ئەو نایەوێت لەم تێرمەی سەرۆکایەتیدا دەستوەردان بکات لە سیاسەتی دەرەوە.
ىەپێی راپۆرتێکی واشنگتۆن پۆست، ترەمپ ئەوەی بە کەسە نزیکەکانی وتووە کە بەنیازە تا بۆی بکرێت دەستوەرنەداتە کاروباری دەرەوەو بۆ خەڵکانێکی شارەزای جێهێڵێت.
گرێگ مایر ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکییە و پەیامنێری ئاسایشی نیشتمانی NPR ە و گرنگی بەهەواڵگری دەدات. پێش ئەوەی پەیوەندی بە NPR بکات، بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ پەیامنێری دەرەوە بووە لە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس و نیویۆرک تایمز، ئەو لەمیانی نووسینێکدا دەڵێت؛ "تەنیا کەمێک پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەیە کە ڕەنگە ڕۆڵی سەرەکی لە سوریای نوێدا بگێڕن، بە پلەی یەکەم کوردەکانن، چەندین ساڵە ئەمریکا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوریا پچڕاندووە، بۆیە لەو کاتەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا داخراوە. ئەو سەربازانەشی کە لە سوریان لە ناوچە کوردنشینەکانن و دوورن لە پایتەختەوە". وتیشی؛ “لەگەڵ دەیڤید مەکلۆسکی، بەرپرسێکی پێشووی سی ئای ئەی قسەم کرد، کە ساڵانێکی زۆر لەسەر سوریا کاریکردووە، باسی هەوڵی دانانی نەخشەیەک دەکات کە چی بەسەر داهاتووی ئەو وڵاتەکەدا دێت”.
بەپێی قسەکانی مایر، پرۆژەکەی مەکلۆسکی، لە ١٠ رۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت و دەیگەیەنێتە کۆشکی سپی و سەرۆک.
بە پێچەوانەی هەموو ئەم رایانە، جەنەراڵی خانەنشینکراو (ولیام جەی کینگ) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی میلیتەری تایمزی چاپی ئێوارەی ٢٠ی دیسێمبەر، دەڵێت؛ “ئەمریکا هیچ مەهامێکی نییە لە سوریا، جگە لە پاراستن و چەکپێدان بەکوردەکان نەبێت”.
ئەو بە رۆژنامەکەی وتووە؛” ئێستا ئەوانەی کە شۆڕشیان کردووە لە سوریا دەتوانن لە هەموو هێزە بیانییەکان بپرسن! چ ئەرکێکیان هەیە لە سوریا بۆنمونە ئێران، روسیا، تورکیا ، بەتایبەتی روسیا و ئێران ، چونکە کاتێک ئەم هێزە ئۆپۆزسيۆنانە دژی بەشار ئەسەد ئەجەنگین، فرۆکەی روسیا بۆردومانی ئەکردن، جەنەراڵەکانی ئێران پلانیان بۆ رژێمی ئەسەد دادەنا، کە چۆن ئەم هێزە شۆڕشگێرانە قەتلوعام بکەن.”
ئەو جەنەراڵە خانەنشینە پێیوایە لەدوای ئەوەی کوردەکان جێگە و پێگەی خۆیان لە سوریا جێگیرکردو ئارامی بەسەر ناوچەکەیان زاڵ بوو، پێویستە سوپای ئەمریکا بکشێتەوە لە سوریا، چونکە بیرمان نەچێت، سوریا وەک عیراق یان کوەیت نییە کە ئەمریکا ئەو مافە نێودەوڵەتییەی بۆ تێدا دابینکرابێت